دوڕاستی زۆر سادەو پرسیارێک سەبارەت بەیاسای سەرۆکایەتی ھەرێم

د. محەمەد عەلی

یەکەم: بۆئەوەی لەچەند ھەفتەی داھاتودا، مەسرور بارزانی ببێت بەسەرۆکی حکومەت و بۆ پاراستنی ھاوسەنگی ھێز لەناو بنەماڵەدا، دەبێت نێچیرڤان بارزانی ببێت بەسەرۆکی ھەرێم. پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمیش لە دەرەوەی پەرلەماندا و لەناو خەڵکدا، بەم پەلە پەلە ناتوانرێت ئەنجامبدێت و مومکین نیە و عەمەلیش نیە. بۆ دەربازبون لەم گرفتە، پارتی ڕازیبوە و ناچاریشە بۆ ئەم خولە سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەماندا ھەڵبژێردرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم پلانەش بە سەخاوەتێکی زۆرەوە کۆمەڵێک وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی بە گۆڕان بەخشیوە.(بۆیە چەواشەکارییەکی گەورەیە باس لەوە بکرێت کە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەم خولەی پەرلەماندا، پرۆژەی گۆڕان و پیادەکردنی دونیابینی ئەم ھێزەیە. ئەم ھاتنەی پارتی بۆ ناو پەرلەمان، نە پیادەکردنی پرۆژەکەی گۆڕانە نە کارێکە بکرێت ھیچ ئومێدێکی لەسەر بینابکرێت. ھەر قسەیەکی تر لە دەرەوەی ئەم ڕاستیە سادەیەدا، خەڵەتاندنی خەڵک و چەواشەکاریەکی گەورەیە). 

دوەم: لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی پرۆژەی بەپەرلەمانیکردنی سیستم بوە بەسەرۆکایەتی ھەرێمیشەوە. ئەم پرۆژەیەش تەواو جیاوازە لەم شانۆگەرییەی ئێستا لە پەرلەماندا ڕووئەدات. پارتی لە لەناوەڕاستی ٢٠١٨دا،  پلانەکانی خۆی داڕشت و بەھاوکاری گۆڕان دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ ماوەی چوارساڵ ھەڵپەسارد. ئێستا لە دۆخێکی تردا ئەم دامەزراوەیە چالاک دەکاتەوە و سەرۆکێک بۆ ھەرێم بە ھەمان دەسەڵاتەکانی جارانییەوە بۆ تەنھا یەکجار لەناو پەرلەمانەوە و بە ھاریکاری گۆڕان دەسەپێنێت. بۆیە ئەم پرۆژەی سەرۆکایەتییە کە ئێستە لەپەرلەمانە، لەئەلفەوە بۆ یای پرۆژەی پارتیەو ھیچ پەیوەندیەکی بە گۆڕانەوە نیە. ئەوانەشی دەڵێن وانیە، فەرمون زەحمەت بکێشن دێڕێک یان بڕگەیەکی ئەم پرۆژەیەمان پێبڵێن کەھی فراکسیۆنی گۆڕانە لەپەرلەمانی کوردستان؟!
پرسیار: بەھەمو پێوەرە نێودەوڵەتێەکان و مافەکانی مرۆڤ، دەنگدان مافەو نھێنیشە. ئەرێ بەڕاست بۆچی لەم پرۆژەیاسایەدا، دەنگدان بەسەرۆکی ھەرێم لەناوپەرلەماندا، دەنگدانی ئاشکرایە؟! (تەنانەت پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەنگدانی نھێنیە!). چ بێشەرمیەکی سیاسیە پارتی فەرزی بکات بەسەر بزوتنەوەیەکدا کەنابێت کەسێک ھەبێت دەنگ بە جێگری سەرۆکی پارتی نەدات بۆسەرۆکی ھەرێم! ھەڤاڵینە سەرکەوتوبن لە پاراستنی پەیامەکانی گۆڕان !!

31/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر