کۆنفرانسی قامیشلۆو بازگەو سنوری شەرم

د. محەمەد عەلی

 ڕۆژی ٢٠١٩/٧/٥، سەعات دەی بەیانی، دەکەس، بەدو سەیارە لەسلێمانیەوە بۆ فیشخاپور. سەڕەڕای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە، ھەمومان ڕەفزممان بۆ ھاتبویەوە کەناتوانین لەسنور بپەڕینەوە بۆ قامیشلۆ، بەڵام ھەربەڕێکەوتین و وتمان دەچین بزانین بۆ قبوڵیان نەکردوەو بالەوێ بمانگێڕنەوە. 

لەڕێگا ھەستێکی تێکەڵ لە ڕارایی و گەشبینی ھەبوو، ھاوکات بێزاری و نائومێدیش: دەکەس بەڕێدەکەوین بۆ بەشێکی تری نیشتمان، ڕۆژئاوا، چ شارێکیش، قامیشلۆ، بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی چۆنیەتی ڕوبەروبونەوەی ئەفکارەکانی داعش، بەڵام دەسەڵاتێکی (کوردی ) ڕێگرە ئەم سەردانە ڕوبدات! بە ڕارایی و گومان ئەو ڕێگادرێژەمان بڕی. 

سەڕەڕای ئەوەی ھیچ تاوانێکمان نەکردبو، بەڵام ھەستمان دەکرد تاوانبارین و دەچین بۆ بەردەم دادوەر. ھەمو تاوانەکە ئەمەبو: نزیکی پانزەڕۆژبو پاسپۆرتمان ناردبو بۆ ئەوەی قبوڵمان بۆ بێتەوەو بچین بۆ کۆنفرانسی قامیشلۆ. بەڵام دورۆژ پێش کۆنفراسەکە، لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە ئاگادارکراینەوە، ھەمومان (دەکەس)، داواکەمان بۆ پەرینەوە قبوڵنەکراوە. زۆربەمان یەکەمجارمانبو سەفەربکەین بۆ ئەم بەشەی نیشتمان و تامەزرۆی بینینی ئەزمونی ڕۆژئاڤا بوین. بەڵام ترسی ئەوەی نەیەڵن بپەڕینەوەو نەتوانین ئەو بەشە جوان و ئازایەی دونیا دژ بەبەربەریەتی داعش بینین، مایەی نیگەرانی بو. 

سەعات شەشی ئێوارە گەیشتینە خاڵی پشکنینی فیشخاپور. -ئەفسەری خاڵەکە: بۆ کوێ دەچن؟ +دەچین بۆ قامیشلۆ _بۆچی دەچن و ئێوە کێن؟ +مامۆستای زانکۆو نوسەرو پارێزەرو چالاکوانین، بانگێشتکراوین و دەچین بۆ کۆنفرانسی چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی داعش. _ئێوە کوردن؟ +بەڵێ کوردین، حەوتمان کوردی باشورین و سیانمان کوردی ڕۆژھەڵاتن. -ببورن پێمان وتراوە جگە لەبێگانە، نابێ ڕێگەبدەن کورد بچێتەئەوبەرەوە. +بەڕێز کەسی تر لەم چەند ڕۆژەدا چوەتەئەوبەرەوە بۆ کۆنفرانسی ناوبراو؟ -بەڵێ زۆر: ئەمریکی، میسری، بەڵام فەرمانمان پێکراوە نابێت کورد بڕوات. (دواتر لەھۆڵی کۆنفرانسەکەدا، ھاوڵاتی وڵاتانی ئیسپانیا، کەنەدا، فەرەنسا، نەمسا، تورکیا، ئەرمینیا، ھۆڵەندا و سعودیەشمان بینی). +بەرێز سیانمان کوردی ڕۆژھەڵاتن، بەڵام پەساپۆرتی ئێرانیان ھەیە، ئەوانیش ناتوانن بپەڕنەوە؟ -سەیدا نابێ نا چونکە کوردن نابێ. تێگەھەیشتن! +(لەدڵی خۆمدا، نەوەلا تێنەگەیشتم!) پاش چاوەڕێکردن بۆماوەی دوسەعات و ھەوڵی واستەی بچوک و گەورە بەتەلەفۆن و پەیوەندی کردن بە ھەڤاڵانی ڕۆژئاڤاوە: _پسمام وەرن بڕۆن!

(
دواتر زانیمان فشارەکانی برادەرانی ڕۆژئاڤا کاریگەری ھەبوە نەک واستە بچوک و گەورەکانی ئێمە بۆ پەرینەوە لە بەشێکی نیشتمان بۆ بەشەکەی تر). سەڕەڕای بانگھێشتی فەرمی چەندین بەرپرسی حکومی و حیزبی باشوری کوردستان، بەبیانوی (سەرقاڵیەوە)، کەسیان ئامادەنەبون لەم کۆنفراسە گرنگەدا ! پاش بەشداری کۆنفرانسەکەو مانەوەمان لەڕۆژئاڤا بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، گەڕاینەوە بۆلای خاڵی پشکنینی سەیداو لەوێشەوە بۆ سلێمانی. مەعلومە کە ئێوە ھاوپەیمانی تورکیاو پاشکۆی سیاسەتی ئەردۆگانن، بەڵام ئایا ناتوانن ببن بە دراوسێیەکی باشی ڕۆژئاڤا؟ ڕۆژئاڤای خاوەن زیاد لەیازدە ھەزار شەھیدو بیست و یەک ھەزا بریندارو ئەزمونێکی ئیداری سەرکەوتو.


12/07/2019



وتارەکانی تری نوسەر