٢٥٠ ملیۆن دۆلار (٢٥٠٠٠ ھەزار دەفتەر دۆلار!)

د. محەمەد عەلی



زیاد لە بیست و پێنج ڕۆژە سایتێکی موعتەبەری ئەمریکی (بلومبێرگ) نوسیویەتی: "بەمەبەستی وەبەرھێنانی نەوت لەھەرێمی کوردستان، کۆمپانیای ڕوسنەفت ٢٥٠ ملیۆن دۆلار (٢٥٠٠٠دەفتەر دۆلار !)ی بەخشیوە بە ڕاوێژکارێکی گوماناوی". یەک دەزگای ئیعلامی بینراو (بەیەکەمی بێ ڕکابەریشەوە)، باسی لەم فەزیحە گەورەیە نەکرد.
یەکەم: ئەندام پەرلەمانانی ھەرێم و بەغداد دەتوانن و ئەرکیشیانە بەدواداچون بکەن بۆ ئەم پارەیەو پێموایە دۆزینەوەشی لەم دۆخە خراپە داراییەدا، زۆرێک لەکێشە داراییەکانی ھەرێم چارەسەر دەکات.

 
دوەم: ھەفتەی پێشوتر لە شەڕی ھەشت بەیاننامەکەی سەرۆکی حکومەت و دژەتیرۆری یەکێتیداو لەیەکێک لە بەیاننامەکانیدا، مەسرور بارزانی داوای بەڵگەی کرد لەسەر ئەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە، جەنابی سەرۆک: فەرمو ئەوە بەڵگە!

 
سێیەم: سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکان ئەرکیانە داوای ڕونکردنەوە لەسەرۆکی حکومەت بکەن لەسەرئەوبابەتەو ئەگەر پێویستیش بکات بانگھێشتی پەرلەمانی بکەن (بەڵام نایکەن!).

 
چوارەم: جەنابی وەزیری دارایی: حەقوایە دەستکاری موچە دوایەمین بژاردەبێت کە دەستی بۆ ببردرێ نەوەکو یەکەمین بژاردە! ئایا جەنابتان باستان لەوە کردوە ئەو ھەمو دەزگا ئیعلامیە بێ کەڵکەی یەکێتی و پارتی بۆچی باشن؟ پرسیارتکردوە لەسەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی: بۆچی ھەردو دەزگای مام و خێرخوازی بارزانی کێشەی داراییان نیە؟ داھاتی نەوت لەکوێیە؟ بۆچی لەگەڵ بەغداد ڕێکناکەون و نەوت تەسلیم ناکەن؟ دۆزینەوەی ئەو ٢٥٠٠٠ ھەزار دەفتەر دۆلارە و ملیار دۆلارەکەی لوبنان بەشێکی زۆر لەکێشە داراییەکانت چارەسەر ناکات؟

 
تێبینی: تکایە مەڵێن (ملیار دۆلارەکەی لوبنان و ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ڕوسنەفت) پەیوەندی بە کابینەی پێشوەوە هەیە. بەڕاستی ئەوە قسەیەکی بێماناو بازدانێکی ڕوونەو ئەو گومانانەش تۆختر دەکاتەوە: هەندێک بەمەبەست بۆ ئارایشتکردنی سەرۆکی ئەم کابینەیە لەسەر حسابی ناشرینکردنی سەرۆکی کابینەی پێشوو، هەندێک دۆسیە دەجوڵێنن و لەهەندێکی تریش قوڕو قەپیان کردووە. خۆ ئەگەر واشبێت: سەرۆکی کابینەی پێشوو ئێستە سەرۆکی هەرێمە، چی ڕێگرە لەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن؟

 
https://www.bloomberg.com/…/rosneft-paid-mystery-consultant…


https://www.spglobal.com/…/032520-iraqs-krg-delays-oil-paym…


28/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر