ماڵئاوا کاک نەوشیروان ی هاوڕێ

ساماڵ مانیی

لە ناخی دڵەوە زۆر دڵگران و پڕ خەمم بە کۆچی دوایی هاوڕێی دێرینم بەڕێز کاک نەوشیروان موستەفا جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان و سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.
هاوڕێیەک لە سەرەتای هەشتاکاندا پاش نیوەڕوان تا تاریک دائەهات بە دەم پیاسەی دوو بە دووی سەربانی مقەڕەوە موناقەشەی سیاسی لەگەڵ ئەکردم.هاوڕێیەک لە لەندەن لە دوا کۆتایی هەشتاکاندا زوو زوو هەردووکمان بە دەم خوێندنەوەی رۆژنامەی گاردیانەوە لە قاوەخانەیەک قاوەیەکمان پێکەوە ئەخواردەوە و باسی سیاسەت و داهاتوی کوردستانمان ئەکرد.
هاوڕێیەک لە ٢٠٠٣دا  کە گەڕامەوە کوردستان ناردی بە دوامدا و یەک رۆژی تەواو هیچیتری نەکرد جگە لە ئاشنا کردنەوەی من بە شاری سلەیمانی ولە ماڵەکەیدا پرۆژەی چۆنیەتی بەڕێوەبردن و سەرنج و رەخنە و کەموکوڕیەکانی بۆ باس کردم.
لەهەموو بیرەوەریەک لە پێشتر ئەو هاوڕێیەک بوو کە هەر لە هەشتاکانەوە هەمیشە  حەزی ئەکرد گوێ لە رەخنە و بۆچونە جیاوازەکانم بگرێ، هەر بەو کارەشی بەردەوام پشتگیری لێ ئەکردم. 
من وازم لە سیاسەت هێناو لە دەوروبەری کاتی جیابوونەوەی ئەو لە یەکیەتی لەیەک دابڕاین، کە گۆڕان ی دروستکرد نەمبینیەوە. هەمیشە وەک داخ لام ئەمێنێتەوە لەبەرئیشکردنم لە بواری ئەکادیمیدا و مانەوەی زۆرم لە ووڵاتە ئەورۆپیەکانیتر، ئەمساڵ کە لە لەندەن بوو پێی ڕانەگەیشتم سەردانی بکەم. بریا بەلای کەمەوە لە بەخاک سپاردنەکەیدا لەوێ بومایە.
 دوا گفتوگۆی نێوانمان بەوە کۆتایی هات، ئەو بە زەردەخەنەیەکی پڕ میهرەبانیەوە ووتی: " بە تەواوی وازت لەسیاسەت هێنا؟ ئەتەوێت ببیت بە فەیلەسوف؟" من بە زەردەخەنەیەکی دۆستانەوە ماڵئاواییم لە ئەو کرد.

ئارامی و سەبوری ئەخوازم بۆ خێزان و کەس وکاری بەڕێزیان و بۆ هەموو ئەوانەمان کە وەک هاوڕێیەک بەشەخسی ولە نزیکەوە کاک نەوشیروان ئەناسین.

د. ساماڵ مانیی (هاوڕێ ڕابی، نازناوی پێشمەرگایەتی سەرەتای هەشتاکان)
لیکۆڵەرەوە- ئاستی پۆست دکتۆرا- لە بواری فەلسەفەدا

21/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر