سواربونی شەپۆلەکان و کۆتایی میدیای ئەهلی

ڕەوا بورهان
"لەسەر شەپۆلەکان دەفڕم، هەستێک نییە بتوانم گوزارشتی لێبکەم، بەڵام کاتێک شەپۆلەکان بۆ چەند چرکەیەک ژێر خۆیت دەخات و ناتوانیت هەناسەبەیت، مردن بە چاوت دەبینیت"
 سێرفێر یاریزانێکی سواربوونی شەپۆلەکانە، ئەو چەندجارێک لە مردن گەڕاوەتەوە و دەزانێت چەند مەترسیدارە، بەڵام چەند پڕچێژە، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان چەندین کەس و لایەن چاویان لەوەیە کە سواری ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییە بن کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، ئەوەی ئەوان دەیبین چێژی یاریکردنەکەیە و بێ باکن، بەبێ ئەوەی مەترسییەکەی ببینن.
ڕەنگە هیچ ساتێک لە مێژووی ئەم دوو دەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان هێندەی ئێستا لە بەردەم مەترسی گەورەدا نەبووبێت، بەڵام هیچ ساتێکیش هێندەی ئەم ساتە لە کوردستان ئەوانە زۆر نەبوون کە خۆیان بە "پاڵەوان" و "ڕزگارکەر" زانیوە، ئەو پاڵەوانانەی کە دەیانەوێت بە سواربوونی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی هەیە بەر لە ئێمە خۆیان بگەیەننە کەناری ئارامی.
ئەمڕۆ لەگەڵ زیادبوونی باسی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان کەوتووینەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە، مەترسییەک، دەیانەوێت، دەوڵەتمان بۆ دروست بکەن، ئازادیمان لێ بسەندنەوە، دەیانەوێت دەوڵەتمان بدەنێ، نانمان لێ ببڕن، دەیانەوێت خەون بە دەوڵەتەوە ببینن و لە خەونی دیموکراسی هەڵمانسێنن، ئەوان هەموو ئەو تروسکەی هیوایەیان دەوێت کە لە ناو ئینسانی ئێمەدا دەجوڵێت.
بەڵام ئەوانەشی دژی ئەم ڕیفراندۆمەن، بە هەمانشێوە گەمەیەکی مەترسیدار دەکەن کە هیچی کەمتر نییە لەوانەی دەڵێن بەڵێ، ئەوان دەیانەوێت هەموو ئەو دەنگە بێلایەنانەی کە لەم کۆمەڵگایەدا ماون، کۆنتڕۆڵی بکەن، دەیانەوێت ئەو میدیا ئەهلییەی کەماوە بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، ئەوان دەزانن کاریگەری میدیا چییە، بەڵام دەیانەوێت کاریگەرییەک بێت بە خەونی ئەوان، ئەوان ئێستا میدیایەکیان دەوێت کە پێیەکی لە ستایشدا بێت و پێیەکی لە جنێودا، ئەوان ئێستا کە دەڵێن نا لەگەڵیدا گەمەیەکی ناشرینی تەخوین و تەشهیریان دەستپێکردووە.
لە ئێستادا ئەرکی سەخت لەسەر میدیایە، بە دیاریکراویش میدیای ئەهلی، میدیایەک کە هێندە پێمان نەڵێت کە وەفدە سیاسییەکانی ڕیفراندۆم شکستیان هێناوە، پێمان بڵێت ڕیفراندۆمەکە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان چی دەبێت، بی بی سی لە کاتی بانگەشەی جیابوونەوەی سکۆتلەندا پێی نەدەوتین ڕیفراندۆم خراپە، بەڵام پێی دەوتین کە هاوڵاتیانی سکۆتلەندا چەند سەنت بە جیابوونەوە زەرەر دەکەن، پێی نادەوتن دەنگ بە نەخێر بدەن، بەڵام پێی دەوتن کە جیابوونەوە دەبێتە هۆی لاوازی دۆخی ئابووری هەردوولا، پێی دەوتن کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو جیابوونەوەیە بۆ سەر کلتور چی دەبێت.
دەبێت ئەوانەی کە دەڵێن نا، دەست بەو میدیایەوە بگرن کە دەکرێت شوێنی قسەی ئەوان و هەموو ئەوانی تریش بێت، گرنگە دەرفەت بدەن بە میدیا کە ئەرکە پیشەییەکانی خۆی بەکاربهێنێت و هێندە چاودێری نەناسراوی تێدا نەبێت.
گرنگە بۆ میدیاش لەم ئەرکە سەختەیدا هاوڵاتیان هۆشیار بکاتەوە، لە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکە و بنەما ئیتیکییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسیش لە یاد نەکات، بۆ میدیای ئەهلی گرنگە کە لەم ساتە ئابووریی و سیاسییە خراپەدا خۆی ڕادەستی هیچ لایەنێک نەکات، چونکە ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر بۆنی کۆتایی میدیای ئەهلی دێت، بە تایبەت کە سەرجەم میدیاکان، بە میدیا ئەهلییەکانیشەوە ئەمڕۆ هێڵی سوریان هەیە کە دەکەوێتە بەرژەوەندی لایەنێک یان چەند لایەنێکەوە.
دەبێت ئەمڕۆ پێداگری بکەین کە هێڵە سورەکان کاڵبکەینەوە، چونکە زۆرێک لەوانەی کە ئەمڕۆ بانگەشەی ئازادی دەکەن، یەکێکن لە ئەندازیارەکانی کێشانی هێڵی سوور و لەگەڵ هەموو دەربڕینێکی ئازادیدا، هێڵێکی سوری دیکەمان بۆ دەکێشن.
ئەوەی هەم لای من جوانە ئەو بێباکییەیە کە لەو کەسانەدا هەیە کە بەدەنگی بەرز دەڵێن نا بۆ ڕیفراندۆم، بەڵام نابێت ئەو بێباکییە ببێتە هۆی ئەوە جارێکی دیکە یەکێک لە کایە گرنگەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێ خەفەبکرێت بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، گرنگە ئەو شەپۆلە ناڕەزاییەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، نەبێتە شەپۆلی هیچ کەس، بەڵکو شەپۆلی هەموومان بێت، کێشەی گەورەی ئەمڕۆ ئەوەی هەموان دەیانەوێت بە ئاوازی ئەوان بخوێنین و بنوسین و لەیادی بکەین کە پێویستە خۆمان بیربکەینەوە.
ئەوەشی پێی وایە تەنها بە گۆڕانکاری سیاسی دەکرێت دنیای ئێمە جوان بکرێت، ئەوە لەیادی چووە ئەگەرچی سواربوونی شەپۆلەکان پڕچێژە، بەڵام دەکرێت ئەو شەپۆلانە لە ساتێکیشدا هەناسەت بۆ ئەبەد نەهێڵێت، ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر ئێمە پێویستیمان بەوەیە نەوەیەک دروستبکەین کە نەوەیەک بێت لە دۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵێت نا، ئەوەی نەتوانێت بەو دۆخە شپرزەیەی کۆمەڵگاکەی بڵێت نا، ئەوە دەنگی نای بەرامبەر سیاسەتمەدارە شکستخواردووەکانی نیشتیمانیش نوساو دەبێت.


30/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر