شکستی نوخبە

ئاراس فەتاح
ساڵانێکە ماراسۆنی شکستی نوخبەی کوردیی بەردەوامە. ئەم نوخبەیە لەمڕۆدا لە بەدترین دۆخی مێژوویی خۆیدایە. ھەموو نوخبەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە داوەشانێکی گەورەی سیاسیی و پەروەردەیی و ئابووریی و پیشەیی و ئەخلاقییدایە. نوخبەی ھونەرییش بووە بە بەشێکی دانەبڕاو و درێژەدەر و بەردەوامیدەر لەم پرۆسەی داوەشانە ئەخلاقیی و ئێستێتیکییە.

بەبۆچوونی من شاری سلێمانی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بووە بە یەکێک لە ناشیرینترین شارەکانی دونیا لە ڕووی ھونەرییەوە، بۆنموونە ھونەری تەلارسازیی، ھونەری پەیکەرسازیی، ھونەری تەشکیلی و موزیک و ھتد. یەکێکیش لەو دیاردانەی کە ماوەیەکی زۆرە ئەم شارەی ناشیرین کردووە، ڕشانەوەی پەیکەری بێڕۆحە بەسەر شەقامەکانیدا و قسەنەکردنی جیدییە لەسەر ئەم دیاردە ناشیرینەی ناو سیاسەتی ھونەریی. من قسە لەسەر لایەنی تەکنیکی و ھونەری جێبەجێکردنیانەوە ناکەم، چونکە دەزانم کەسانی پسپۆڕ ھەن کە زۆر لەمن باشتر دەتوانن شیکاریی ئەم لایەنە بکەن، بەڵام ئەوەندەی لە ھونەر شارەزابم ئەوەندە دەزانم کە ئەم پەیکەرانە نە لە ڕووی بەھای جوانناسییەوە قووڵایی و مانا و قورساییەکیان ھەیە، نە لەڕووی ماتریاڵ و مێژووییەوە توانای مانەوە و شانازیی نیشتیمانییان ھەیە و نە لەڕووی ئەخلاقیی پیشەییشەوە ھاوسەنگن و نە شتێکیش لە پشتیانەوەیە کە ناوی سیاسەتی رۆشنبیریی بێت. کە باس لە سیاسەتی رۆشنبیریی دەکەم، مەبەستم لە پلانی ستراتیژییە کە لە پشت ھونەری شارسازییەوە کاردەکات.

من تەنھا سەیرم لەو ھەموو پەیکەرە بێئاست و بێقوڵاییە نایەت کە پەیکەرسازەکان بۆ پارەیەکی کەم ئامادەن شارەکانمان ناشیرین بکەن و چۆن (نا)بەرپرسیارانی ناوشیاریش بە کایەی ھونەر و سیاسەتی رۆشنبیریی، رووبەری تایبەتیان بۆ تەرخاندەکەن. بەڵکو سەیرم لەو ھەموو ھونەرمەندانەش دێت کە بێدەنگ و سەلار دانیشتوون قسەیەک یان چالاکییەک دژ بەم شەپۆلە مەترسییدارە ناکەن. لەھەمووی سەیرتریش بۆ من ڕازییبووونی ئەو کەسایەتییانەیە کە ھێشتا لە ژیاندا ماون و ئامادەن ئەو بێڕێزییە گەورەیەیان بەرامبەر بکرێت و بەو فۆرمی ڕێزلێنانە ناچیزە دڵخۆشبن کە پەیکەرێکی مردوویان لە ڕووی ھونەرییەوە بۆ دروستبکرێت و لەڕێگایەوە بچنە ناو رووبەری گشتییەوە. جێگای تێڕامانە نووسەر و ھونەرمەند بیت و بەرھەمەکانت پڕبن لە باسی خۆشەویستیی و جوانیی و بەرپرسیارێتیی و ئەخلاق، کەچی ڕازیی بێت رووبەری گشتیی شارەکەت بە پەیکەرێکی لاتت وێرانبکرێت و چاو و عەقڵی ئینسانی ئێمەی پێ ئازار بدەیت. دیارە ئەم دیاردەی پەیکەردانانە بۆ نووسەرانێک یان ھونەرمەندانێک یان کەسایەتییەک کە ھێشتا لەژیاندان و نەمردوون لە ھیچ کۆمەڵگایەکی تەندروست و سیاسەتێکی رۆشنبیریی بەرپرس و عەقڵێکی شارسازیی و ھونەریی و مێژووییدا بوونی نییە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە کۆکتێلێک لە بزنس و نێرجسییەتێکی کوشندە. ھەروەک چۆن سەرمایەدارەکان ھەرجارەی بەرھەمێک پاواندەکەن و دەیخەنە ناو بازاڕاوە، بەھەمان شێوە لە ھونەری موزیک و تەشکیلی و مۆنۆمێنتسازییشدا ماوەیەک باوی ھەڵەبجە بوو پاشان بوو بە ئەنفال و ئێستاش ساڵانێکە مۆدێلەکە بووە بە پەیکەردانان بەناوی رێزلێنان لە نووسەر و ھونەرمەندان و کەسایەتییەکان. گەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات شارەکانی کوردستان لەماوەیەکی کەمدا دەبن بە گۆڕستانی پەیکەر و وێرانەیەک بۆ چێژ و جوانبینیی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی من تاوەکو ئەم چرکەساتە یەک مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە یان ئەنفال یاخود پەیکەرێکم بۆ کەسایەتییەک نەبینیوە کە قوڵاییەکی فیکریی و ھونەریی باڵای ھەبێت و ببێتە جێگای تێڕامان و بیرکردنەوە و شانازیی نیشتیمانیی. بەپێچەوانەوە، ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا بەرھەمھاتووە جگە لە تێرمی ھونەری کیچ Kitsch ناتوانرێت ناوی شتێکی تری لێبنرێت.

لەڕاستیدا من لەگەڵ ئەوەدام کە نەک تەنھا پاکسازیی ڕیشەیی لە سیاسەت و ئابووری و پەروەردەدا پێداویستییەکی مێژوویی کۆمەڵگای ئێمەیە، بەڵکو لەمڕۆدا بە پێداویستییەکی ئەخلاقیی گەورەی دەبینم شارەکانمان لەوە زیاتر ناشریننەکرێن. من لە چەند وتارێکدا باسم لە پرۆسەی لووسبوونی کۆمەڵگای خۆمان کردووە، بۆنموونە لووسبوونی سیاسەت، لووسبوونی زمان، لووسبوونی ھونەر و ئەخلاقی پیشەیی. ئەم ھونەرە لووسە ھیچ قوڵاییەکی تێدا نییە و بۆ چرکەساتێکیش مرۆڤ ناوەستێنێت بۆ تێڕامان لە جوانیی و کردەی بیرکردنەوە.

بۆیە من وایدەبینم کە لەدۆخێکی شەرمئاوەر و ڕشانەوەداین لەگەڵ ئەم عەقڵییەتە پووت و لووسەی ناو ھونەر و سیاسەتی ھونەریی. بۆئەوەی شارەکانمان لەوە زیاتر ناشیرینتر و شەرمەزارتر نەبن کە خۆیان لەژێر رەحمەتی سیاسەتی بەددا دەژین، پێویستە یان ئەم ھەموو بەناو پەیکەرانە لە کۆگایەکی تایبەتدا بۆ „ھونەری ناھونەر" کۆبکرێنەوە نماییشبکرێن بۆئەوەی چیدی ئازاری چاومان نەدەن و خەم لە وێرانبوونی چێژ و ناشیرینبوونی شارەکانمان نەخۆین. یان لانی کەم بە چالاکییەک پەردەپۆشی ھەموو ئەو پەیکەرانە بکرێت کە بەناوی رێزلێنان لە نووسەر و ھونەرمەند و بیرمەندانی کوردەوە لە شەقام و فلکە و دەزگاکاندا دانراون، بۆئەوەی ناشرینییەکانیان دابپۆشرێت. لەڕاستیدا بە داپۆشینی پەیکەرەکان دەشێت مانایەک بە ھونەری پەیکەرسازیی لە شارەکانمان بدرێت نەک بە نماییشکردنیان بەم سیاسەتی ھونەریی و فۆرمەی کە باوە، چونکە جگە لەمانا ئەخلاقیی و ئێستێتیکییەکەی ئەو کردەی داپۆشینە، مرۆڤ یان بینەر لانیکەم بیردەکاتەوە لەوەی کە ئەم شتە چییە داپۆشراوە، خولیایەکی دەبێت بۆ کەشفکردنی نھێنیی ئەم داپۆشینە و ھتد.

گەر ئەمانەش نەکرا، ئایدیایەکی تر ئەوەیە، بۆئەوەی رۆڵی وێرانکردنی چێژی ھونەریی و بەدکاریی ئێستێتیکیی ئەم بەرپرس و زاتانە لە مێژوو و یادەوەریی ئینسانی ئێمەدا بھێڵینەوە کە چ کارەساتێکیان لە چێژ و جوانناسیی لەوڵاتی ئێمەدا بەرھەمھێناوە، پێشنیاردەکەم وەکو رێزلێنانێک بۆ ڕۆڵیان لە ناشیرینکردنی ڕووبەری گشتیی شارەکانمان، پەیکەر بۆ ھەموو ئەو بەڕێوەبەر و سەرمایەدار و پەیکەرسازانە دروستبکرێت بۆئەوەی جارێکی تر جورئەتی ئەوەنەکەن بیر لە پلان و تەمویل و جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نوێی ناھونەریی تر بکەنەوە.

17/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر