چۆن کۆمەڵگا لە دۆخی نەزانی و گەمژەیدا دەمێنێتەوە ؟

پەیڕەو سابیر

لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا دەسەڵات هەمیشە جەختدەکاتەوە لەسەر چۆنێتی کۆنتڕۆڵکردنی هزرو بیری جەماوەر لە کۆمەڵگادا ، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵات زیاتر لە ڕێگەی دوو هۆکارەوە دەتوانێت بە ئامانج بگات ، ئەوانیش مێدیاو سیستەمی پەروەردەیە ، ئامرازێکن بەکاردەهێنرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە لە پێناو مانەوەو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییەکانیان .

ــ جا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەسەڵات و حوکمڕانی کوردی لە کوردستانی باشور ، لە ماوەی دەسەڵاتیدا کە دەکاتە زیاتر لە چارەکە سەدەیەک ، مێدیاو سیستەمی پەروەردە ڕۆڵێکی نەرێنی هەبووە لە پەروەردەکردن و گۆشکردنی تاکدا تا ئەوەی کۆمەڵگایەکی ساغلەم بەرهەمبێنێت ، گەر دیقەتبدەین دەسەڵات بەردەوام کاری بۆ ئەوە کردووە کۆمەڵگا لە دۆخی نەزانیدا بمێنێتەوە ، ئەوەش لە ڕێگەی پەروەردەکردنی تاکێکی لاوازو بێ ئیرادەوە نەک تاکێکی بەرنگار ، تاکێک کە توانای تێگەیشتنی نەبێت ، دووربێت لە مەعریفەو گەشەکردنی ئەقڵی وفکری ، تاکو بگات بەوەی چۆن بیەوێت وابەکاری بێنێت و ئاڕاستەی بکات ، بیکات بە مەسخەرەی خۆی .

گەر سەرەتا باسێکی کەرتی پەروەردە بکەین ،
هەمووان دەبینین پەروەردە لە چی پاشاگەردانیەکدایە ، پەروەردەو فێرکردنی چینەکانی خوارەوە لە خوێندنگا حکومی و گشتییەکاندا لە دواکەوتووترین و هەژارترین ئاستی پەروەردەدایە ، بە پێچەوانەوەش منداڵی بەرپرس و دەسەڵاتداران کە دەکاتە چینی سەرەوە لە باشترین خوێندنگاو زانکۆکان گۆشدەکرێن ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی جۆرێک لە دابڕینی مەعریفی بێتە ئاراوە لە نێوان چینی خوارەوەو سەرەوەدا ، تاکو ئەستەم بێت چینەکانی خوارەوە توانای تێگەیشتنیان هەبێت لە بارەی نهێنێەکانی پێشکەوتن و چۆنێتێ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا کە لە دەست چینی سەرەوەدایە .

ڕەوشی پەروەردە بەردەوام لە پاشەکشەدایە بە جۆرێک لە لێواری شکست و هەرەسدایە ، هۆکاری ئەم پاشەکشەیەش بوونی حیزب و ئایدۆلۆژیای حیزبیی لە کۆی سیستەمەکەدا ، کە گەورەترین بەربەستە لە بەردەم پێشڤەچوونی دۆخی پەروەردەدا ، حیزب دەستی خستۆتە هەناوی پەروەردەوە ، بە ڕادەیەک وەرگرتنی هەر پلەو پۆستێک دەبێت بە فلتەری حیزبدا تێپەڕێت ، لە بەڕێوبەری خوێندنگایەکی بنەڕەتییەوە تا دەگاتە سەرۆکی بەش و ڕاگری کۆلێژ لە زانکۆکاندا یاخود هەر پۆستێکی ئیداری تر ، 
کەواتە ئینتیماو وەلائی حیزبی سەنگی مەحەکەو بە بنەما گیراوە ، نەک توانستی زانستی ، ئەزمونی تاکە کەسی و شیاوێتی ، کەوا بێت پرۆسەی پروەردە لە ژێر دەستی کەسانێکی بە کۆیلەکراو دەستەمۆی حیزب چۆن دەتوانێت بە ئامانج بگات ، تاکو تاکێکی هۆشیارو سەربەخۆ بەرهەمبهێنێت ، تاکێک بتوانێت داب و نەریتە باوەکان تێپەڕێنێت ، ڕێز لە بنەما دیموکراسییەکان بگرێت ، دادی کۆمەڵایەتی بچەسپێنێت ، لە دەرئەنجامدا کۆمەڵگایەکی زیندوو دروست ببێت .
وەلێ بە پێچەوانەوە پرۆسەی پەروەردە بە بوونی حیزب و دەسەڵاتی خۆسەپێن هۆکارێک بووە بۆ بەرهەمهێنانی تاکێکی لاوازو موخاتەبەکراوی دۆگما ، کە بڕوای بە تواناکانی خۆی نەبێت ، بەڵکو چاوی لە دەستی کەسانی ترەوەیە تاکو مافەکانی بستێنێت ، کەسانێکی حیزبی فشۆڵی بێ مەعریفەی فوتێکراو ، ئەوەی لێرەدا دەبێتە قوربانی تاکەو دواترش کۆمەڵگا .

سەرەڕای بوونی دەستی حیزب لە پرۆسەی پەروەردەدا ، هیشتا پرۆسەکە بەدەرنییە لە گرفتە پەروەردەیەکان ، لەوانە نەبوونی کەرستەی پێویستی خوێندن ، نزمی ئاستی زانستی ، خوێندنگەکان هێندەی لە شێوەی زیندان و سەربازگەدان نیو هێندە مۆرکی خوێندنگەیان پێوە نییە ، ئەمانە هۆکارێک بوون بۆ دروست بوونی هەستی بێزاری و کەمکردنەوەی هەستی بەرپرسیاری لای فێرخوازو مامۆستا تاکو نەچنە ژێر باری ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیانە ، نەبوونی زەمینەیەکی لەبارو ژینگیەکی تەندروست مرۆڤ دەکاتە دۆخی هەڵهاتنەوە نەک پابەندبوون ، جگەلە بوونی توندو تیژی جەستەیی و دەرونی کە تاکو ئەم ساتەش بوونی هەیە و چەندین نمونەی زیندوو ئەوە پشت ڕاستدەکاتەوە ، کە هۆکارێک بووە بۆ شێواندنی کەسایەتی تاکی ئێمەو دروست بوونی تاکێکی لەرزۆک ، 
لە هەموو دنیادا پرۆسەی پەروەردە بۆ دروستکردن و بنیاتنان و گەشەپێدانی تاکە ، کەچی لێرە پرۆسەکە ئاوەژو بۆتەوە ، لە جیهانی دەرەوەدا زانکۆو توێژی گەنج مۆتەکەی دەسەڵات و داینەمۆی شۆرشە ، لە زانکۆکانی ئەم هەرێمە هەرچی روحیەتی بەرەنگارییە بوونی نییە ، زانکۆ بۆتە شوێنی نمایشی جلوبەرگ و هەڵبژاردنی شاجوان و کۆمەڵێک شتی لاوەکی و بێ بنەما کە هیچ سەنگێکیان نییە ، ئەگەر لە ڕابردوودا پرۆسەی خوێندن هۆکارێک بووبێت تاکو تاک لە سایەیدا ژیانێکی شەرەفمەندانە بژیت و خزمەت بە خۆی و کۆمەڵگاکەی بکات ، ئەوا لە ئێستادا ئەو سیفەتەشی‌ لە دەستداوە ، 
هەتاکو پرۆسەی پەروەردە بەم شێوەیە بەردەوامبێت ئەوا تەنها بەفیڕۆدانی کات و وزەو سامانی گشتییە .
لە کۆتایشدا دەبێ ئەوە بزانین کە پەروەردەیە سروشت و شێوەو پێکهاتەی کۆمەڵگا دروست دەکات ، واتا چۆنێتی هەر کۆمەڵگایەک پەیوەست دەبێت بە پەروەردەکەیەوە ،
کەواتە گەر بمانەوێت لە بارودۆخی کۆمەڵگای کوردی بگەیەن ئەوا بە تێڕامانمان لە ڕەوشی پەروەردە دەتوانین بە ئاسانی لە کێشەو گرفتەکانی کۆمەڵگا بگەین ، بێگومان بەردەوام بوونی پەروەردە بەم هەموو گرفت و ئیشکالیەتەوە خواست و ویستی دەسەڵاتەو لە بەرژەوەندی ئەو دایە ، تاکو کۆمەڵگا بە ئیفلیجی بمێنێتەوە .

هەڵبەت دەزگاکانی ڕاگەیاندن و مێدیاش لێرەدا ڕۆڵێکی نێگەتیڤیان هەیە ، کە بریتییە لە فێڵکردن و چەواشەکاری و شاردنەوەی ڕاستیەکان بە ئامانجی ئەوەی بینەر بەلاڕێداببات ، ڕایگشتی بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا بەرێت تا دووربن لە حەقیقەتی کێشە کۆمەڵایەتی و قەیرانە سیاسییەکان ، کەواتە مێدیا جەماوەر بە بابەت گەلێکی بێ بایەخەوە سەرقاڵ دەکات کە هیچ کاریگەریەکی ڕاستەقینەیان نەبێت ، بەشێوەیەک کە هیچ کاتیان نەبێت بیربکەنەوەو نەزانن سەرچاوەی کێشەکان لە کوێوە ئاڕاستە دەکرێت ، 
دەسەڵات لە مێدیاکانی و ئەوانەشی کە نزیکن و سێبەری ئەون هەمیشە باس لە سپەینێیەکی باشتر دەکات کە لە بنەڕەتدا ئەو سپەینێیە بوونی نییەو وەهمە ، بۆ نمونە دێت باسی دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی دەکات لە داهاتوودا ، گفتی سەربەستی نەتەوەیی دەدات ، قودسیەت دەدات بە دەوڵەت ئەمە لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتەی باسی دەکات شکۆو کەرامەتی تاک تیایدا پارێزراو نییە ، کەواتە دەوڵەت چی بەهایەکی هەیە ئەگەر تاک تیایدا سەربەست نەبێت ، شکۆو مافەکانی پارێزراو نەبێت ، ئازادیەکانی پێشێل بکرێت هەر کات ویستی بەرەنگاری هەبێت ڕووبەڕووی تیرۆری کەسایەتی و جەستەیی دەبێتەوە ، 
ئەمە جگەلەوەی لە کۆمەڵگادا نە ئاسایشتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرقەراربێت ، زیادبوونی هەژاری و بێکاری بەردەوام ، لاوازی ژێرخان ، ئابووریەکی فشەڵ و ناهاوسەنگ ، سەرەڕای ئەم هەموو نادادیی و فەراغە یاساییە ، 
کە هۆکار گەلێکن بۆ دروست بوونی خەمۆکییەکی دەستە جەمعی کە بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووە ، تاک لە ژێر فشارێکی سایکۆلۆژی کوشندەدایە تا ڕادەیەکی مەترسیدار ، ئەوەی دڵنیایی بێت بوونی نییە ، هەموو ئەمانەش ئاماژەن بۆ تێکچوونی سەقامگیری کۆمەڵایەتی .

ئافرێنەری ئەم دۆخە ، خالقی ئەم جەنگەڵە سەرانی کوردایەتی وئەوانەن کە کەللەیان گەرمە بە حەماقەت و فەنتازیایی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی نەتەوەیی ، لە مەکینە ئیعلامی و مێدیا چەوەشەکاریەکانیانەوە بانگەشەو بەڵێنی داهاتوویەکی باشتر دەدەن ، بەرگی دەوڵەت بوون دەکەنە بەری ئەم جەنگەڵەوە ، کە لە ئەساسدا پوچ و بێ ناوەڕۆکەو لۆژیکی تێدا نییە .

کەواتە کاری مێدیا لێرەدا تەنها لە قاڵبدانی ئەقڵی تاکە و کۆمپانیایەکە بۆ گەورەکردن و پێگەیاندنی کەسانێکی فوتێکراوی فشۆڵی حیزبی ، گەیاندنیانە بە پلەو پۆستی قەبە ، 
جا بیرمەندی ئەمریکی ( نوام چۆمسکی ) کاتێک باسی ڕۆڵی مێدیا دەکات وەک ستراتیژی دەسەڵاتداران بۆ چۆنێتی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا دەڵێت " مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا ده‌گوترێت راست بێت، ناكرێت وه‌ك حه‌قیقه‌تێكی‌ ره‌هاش ته‌ماشای‌ زانیاریه‌كانیان بكرێت، چونكه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌هۆی‌ میدیاوه‌ به‌ئامرازی‌ ریكلام و بانگه‌شه‌ی‌ ناراست ئه‌جێنداو پلانه‌ راسته‌قینه‌كان خۆیان ده‌شارنه‌وه‌ و دیوێكی‌ دیكه‌ی‌ روداوه‌كان به‌ هاوڵاتیان پیشان ده‌ده‌ن” .

چۆمسكی‌ له‌م نوسینه‌دا پشتی‌ به‌ستوه‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1979، كه‌ دواتر له‌ ساڵی‌ 1986دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. به‌ ناونیشانی‌ (چه‌ككه‌ بێده‌نگه‌كان بۆ جه‌نگێكی‌ له‌سه‌ر خۆ -الاسلحه‌ الصامته‌ للحروب الهادئه‌). ناوه‌رۆكی‌ كتێبه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ چۆنییه‌تی‌ كۆنتڕۆڵكردن و رام كردنی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ تاك و گشتی‌ كۆمه‌ڵگا له‌ رێگای‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌.

یەکێکی تر لەو لایەنانەی کە دەسەڵات کاری لەسەر دەکات دۆزینەوەو ناسینی خاڵە لاوازەکانی تاکەکانە ، ئەو خاڵانەی یاخود ئەو لایەنانەی کە تایبەتن بە ژیانی تاکەوە ، کە خۆیان دەبێ لێی بەئاگابن ، لێ دەسەڵات بۆئەوەی تواناو هێزی کۆنتڕۆڵکردنی زیاتر بێت وەک لەو دەسەڵاتەی تاک بەسەر خۆیاندا هەیانە .

هۆکارێکی تر کەوا دەکات کۆمەڵگا لە دۆخی چەقبەستوی و پوکانەوەداببێت ، بوونی گرفتە غەریزییەکانە ( نەبوونی پێویستییەکانی مرۆڤ ) ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تیۆرەکەی دەروناسی ئەمریکی ئەبراهام ماسلۆ کە باس لە پێویستیەکانی مرۆڤ دەکات و لە گۆشەنیگایەکی دەرونناسییەوە لێیان وردەبێتەوە ، ئەوا باشتر دەتوانین درک بە گرفتە غەریزییەکان بکەین ، ماسلۆ دەڵێت هەموو مرۆڤێک پێنج پێداویستی بنەڕەتی هەیە ، ئەم پێویستیانە لە پێنج ئاستی جیاوازدا بەشێوەیەکی هەڕەمکار یاخود پەیژە ئاسا شیرازەیان بەستووەو پێی دەگوترێ پەیژەی پێویستی ماسلۆ " Maslow's Hierarchy of Needs " ، هەتا پێویستی ئاستی یەکەم تێرنەبێت مرۆڤ ڕوو لە پێویستی ئاستی دووەم نانێت ، بەبوونی کەم و کورتی لە هەر ئاست و قۆناغێک و تێرنەبوونی پێویستیەک و بازدان بۆ قۆناغێکی تر مرۆڤ توشی داڕمان دەکات ، واتا بەپێی ئەم تیۆرییە بەبوونی گرفتە غەریزیەکان مرۆڤ ناتوانێت بپەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستانەی سەروتری مرۆڤ بوون ( باڵا بوون ) .

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە دووان لەو پێویستییانە بکەم ، کە زیاتر لەگەڵ واقیعی کوردستان دەگونجێت ئەوانیش ( پیویستییە فیسیۆلۆجیەکان یاخود سەرەتایەکان لەگەڵ پێویستی ئاسودەیی و دڵنیایی ) ،
پێویستیە فسیۆلۆجیەکان لە پێویستیە هەرە بنەڕەتێکانی مرۆڤە ، کە بریتیە لە ژینگەیەکی تەندروست و خۆراک و سێکس ، لە پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیانن کە دەبێت فەراهەمبکرێت ، لە نەبوونی یاخود هەر کەم و کورتییەک مرۆڤ ورەو هەوڵی دادەبەزێت و ناتوانێت بەرەو سەروتر بڕوات و لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە ، توشی داڕمانێکی جەستەیی و دەرونی دەبێت ، ناتوانێت گەشە بە ژیان بدات و داهێنانی هەبێت ، ئیشی دەسەڵاتە کۆمەڵگا لەم گرفتە غەریزیانە قوتاربکات ،
گەر سەرنج بدەین دەبینین دەسەڵاتی ژیرو دڵسۆز چۆن پەرۆشی ژینگەو ئاسایشتی خۆراکە ، چۆن زەمێنە بۆ هاوژینی دەڕەخسێنێت ، بە پێچەوانەشەوە دەسەڵاتی نەیارو بێباکیش وەک ئەم دەسەڵاتەی لەمەڕ لای خۆمان چۆن ژینگە ژەهراوی دەکات و دەست بەسەر بازاڕی خۆراک و سێکسدا دەگرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میللەت .

پێویستی دڵنیایی "safety needs" دوای تێربوونی پێویستیە سەرەتایەکانی ژیان مرۆڤ پێویستی بە دڵنیایی و ئاسودەییە بۆ خۆی و کەسانی دەوروبەری ، بوونی ئاژاوەو پشێوی دەبێتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ ، مرۆڤ پێویستی بە ڕزگاربوونە لە ترس لە ئاژاوە ، پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و ئەمانە ، تا بتوانێت ڕوو لە پێویستی باڵاتر بنێت ، لە کاتی بوونی ئاژاوەو بارودۆخی نەخوازراو ، مرۆڤ تەنها خوازیاری ئارامییە ، هیچ کۆمەڵگایەک بەبوونی ترس و هەڕەشە پێشڤەچوونی نابێت ، ناتوانێت گەشە بکات لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگیەوە ، دەسەڵات هەمووکات ئاماژە بەبوونی مەترسی دەرەکی دەکات ، کە لە ئەساسدا بێناوەڕۆکەو بنەمایەکی نییە ، چونکە تەنها خۆی مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر کومەڵگا ، دەسەڵاتی خۆماڵی و دڵسۆز هەرگیز خۆی ناکاتە دێوەزمەی ترسناک و ستەمکار ، چونکە دەزانێت کۆمەڵگا لە ژینگەی نەخوازراو پڕ ئاژاوەدا دەپوکێتەوە ، بۆشاییەکی بۆ شۆڕش و دەربڕینی ناڕەزای بۆ نامێنێتەوە .


27/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر