سوڵتان بیر

سامانی وەستا بەکر
مرۆڤ تەنیا بە عەقڵ و دڵ ناژی بەڵکو ئە و فەزا فراوانەی خەێاڵیش تەواوکەری ڕۆژەکانی ژیانن بەکۆو پێکەوە بریتین لە ژیان.

ئایا ڕۆشنبیران توێژێکی گەورەی خەڵکی پێک ئەهێنن، یان دەستەبژێرێکین ئاستێکی بەرزیان هەیە و ژمارەشیان زۆر کەمە؟

لێرەیا دژایەتییەک لە جەوهەری دوو وەسفا هەیە کە لە سەدەی بیستا بۆ ڕۆشنبیر کراوە. "ئەنتۆنیۆ گرامشی"ی مارکسیستی ئیتاڵی کە خەباتگێڕو ڕۆژنامەنوس و فەیلەسووفێکی سیاسی بوو، مۆسۆلینی لە نێوان ساڵانی (١٩٢٦-١٩٣٧) زیندانی کردووە، گرامشی لە "پەڕاوەکانی بەندینخانە"یا ئەنوسێ (مرۆڤ ئەتوانێ بڵێ هەموو خەڵکی ڕۆشنبیرن، بەڵام هەموو خەڵکی وەزیفەی ڕۆشنبیریان نییە).

لە جەوهەرا ڕۆشنبیر پۆلین ئەکرێ بۆ دوو جۆر، جۆری یەکەم "ڕۆشنبیرە تەقلیدییەکان" ئەگرێتەوە وەک مامۆستایان و پیاوانی ئایین و فەرمانبەرە ئیدارییەکان کە ئەمانە ساڵ لەدوای ساڵ و وەچە لە دوای وەچە هەر هەمان کارو وەزیفە بە ئەنجام ئەگەیەنن. جۆەری دووەم "ڕۆشنبیرە ئۆرگانییەکان"ن کە ئەم جۆرە ئەکرێ هەمە چەشنبن لە چینێکی دیاری کراو ی ڕێکخراوەی، بازرگانی، سیاسی، ئابوری، پیشەسازی.......هتد پێکبێت، بۆ نمونە سەرمایەداری خاوەنکار لەگەڵ خۆیا تەکنیکاری پیشەسازی و کەسانی پسپۆر لە بورای ئابوریی ڕامیاری دروست ئەکات. بەکورتی ڕۆشنبیری ئۆرگانیی کەسێکە لە کۆمەڵگەی دیموراسیا هەوڵ ئەیا ڕەزامەندیی کەسانی دیکەی کۆمەڵگە بەلای خۆیا ڕابکێشێ.

ڕۆشنبیرە ئۆرگانییەکان بە چالاکی و ئەکتیڤیتێتی گەورەوە لە کۆمەڵگەیابەشداری ئەکەن واتە بەردەوام هەوڵ ئەیەن بیروباوەڕی نوێ بێننە ئاراوە و بۆچوونەکان بگۆڕن و بازاڕەکان فراوانتر بکەن، واتە ڕۆشنبیرە ئۆرگانییەکان بەردەام شوێن ئەگۆڕن و لە گروپێکا ڕوخسار "شکڵ" ئەگرن بە پێچەوانەی ڕۆشنبیرە تەقلیدییەکان (مامۆستایان، پیاوانی ئایین...هتد) کە هەمیشە لە شوێنی خۆیان ئەمێننەوەو ساڵ بەدوای ساڵ و سەدە بەدوای سەدەو وەچە بەدوای سەدە هەر هەمان کار ئەنجام ئەیەن.

"جولیا بیندا" ڕۆشنبیران بە کۆمەڵەیەکی بچوک ئەناسێنێ کە بەهرەیەکی جیاواز و ڕەوشتێکی بەرزیان هەیە و ویژدانی مرۆڤایەتی پێک ئەهێنن و کۆمەڵێ بونەوەری دەگمەنن و نمونەی " سوقرات، سپینۆزا، ڤۆڵتێر و ئێرنست رینان" ئەهێنێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی داکۆکیان لێکردووە و لێدەکەن و پاڵپشتی ئەکەن کۆمەڵێ پێوەری ئەزەلیی ماف و راستی و داد پەروەرین.

ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەوکاتەی لە کەشێکی دەروونی باشا ئەبن کە سۆزێکی میتافیزیکیانەو پرەنسیپی حەقیقەت و دادپەروەری بیانجوڵێنێ، ئەوسا فەسادو دیاردە ناشریینەکان ڕیسوائەکەن و داکۆکی لە کەسانی لاواز و بێ توانا ئەکەن و بەرەنگاریی دەسەڵاتی سەرکوتکەر ئەبنەوە، نمونەی ئەم ڕۆشنبیرە ڕاستەقینانەیە "نیتشە" کە چۆن دژی کارە ناڕەواکانی ئەڵمانیا بەرامبەر فەرەنسا ڕەفتاری ئەکرد.

جێی داخە لە ئەمڕۆیا گرفتی کۆمەڵێ لە ڕۆشنبیران ئەوەیە کە ئەوان دەسبەرداری دەسەڵاتی ئاکاریی خۆیان بوون لە بەرژەوەندی گیانێکی تایەفەگەری، شارچێتی، دەمارگیریی نەتەوەیی، بەرژەوەندی چیناییەتی، حیزبایەتی، تاک پەرستی......هتد. بەداخەوە ئەمڕۆ حکومەت و دەسەڵاتدارەکان ئەتوانن داوا لە ڕۆشنبیرەکان بکەن کە وتاری ڕەنگاو ڕەنگ و دەستەواژەی جوان بەکار بهێنن و سیستمێکی تەواو لە زمانی ئۆروێلیانە بخوڵقێنن بەجۆرێ بەناوی بەرژەوەندی و شەرەفی نەتەوەییەوە ڕاستی ڕووداوەکان بشارنەوە نمونەی ئەمەش لە ئێستایا ئەو ڕۆشنبیرانەی کە لەژێر چەتری سەربەخۆی، دەمارگیری ناسیۆنالستی کوردی، سەربەخۆیی ئابوری......هتد پەردەپۆشی کارێکی ناشەرعی و بێ بەرنامەی وەک ڕێفراندەم ئەکەن.

ڕۆشنبیران بە شێوەیەکی ڕۆتین پەرەناسێنن ئەمانە ئەبێ کەسانی ووردبین و خاوەن کەسایەتیی بەرز و بەهێزبن و قسەی هەق بڵێن و توڕەو یاخی و ئازا پێییان وابێ هیچ هێزێکی دنیایی گەورەو ترسناک نییە نەتوانێ ڕەخنەی لێبگرێ و بێ دوو دڵی لە دژی ستەمی سەربازی و تۆتالیتاری و خێڵ و حیزب بوەستنەوە یان وەک مەڕو بزن لەگەڵ مێگەڵا بڕۆن.

بەندە پێم وایە کە ڕۆشنبیر توانایەکی عەقڵیی پێ بەخشراوە بۆ گەیاندن و ڕوونکردنەوەی پەیامێک، بۆچوونێک، هەڵوێستێک، یان فەلسەفەیەک و ڕادەربڕینێک، یان بەرجەستەکردنی هەموو ئەو شتانە بۆ جەماوەرێکی فراوان و لە جیاتی ئەوان ئەو شتانە دەربخات. ئەم ڕۆڵە لایەنێکی گرنگی هەیە و ناشێ ئەنجام بیرێ بەبێ ئەوەی مرۆڤ هەست بەوە نەکات کە ئەرکی ئەو بریتییە لەوەی بەئاشکرا کۆمەڵێ پرسیاری چاوەڕوان نەکراو بۆ گفتوگۆ بخاتەڕو، هەروەها ڕووبەڕووی بیروباوەڕی تەقلیدی و دۆگمایی بووەستێ (نەک بەرهەمیان بێنێ)، ئەبێ کەسێک بێ حکومەت و کۆمپانیا و دامەزراوەکان نەتوانن بەئاسانی جڵەوی بگرن و کۆنترۆڵی بکەن.

"ڕوناکبیر" فیکر بەرهەم ئەهێنێ یان ژینگەی فیکری ئەخوڵقێنێ یان دەسەڵاتی فیکرو ڕەخنە بەکاردێنێ و بانگەشەی شتێک ئەکاو خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکە، واتە تیۆرستی عەقائیدی یان مورشیدی ڕۆحی یان ڕابەرێکی شۆڕشگێڕ کە سەرقاڵی کێشەی ماف و ئازادییەکانە و بەفیکرو گفتوگۆ یان بە نوسین و هەڵوێستەکانی داکۆکی لە سیاسەتی ڕاستی و بەها ڕۆشنبیرییە کۆمەڵایەتیی و گەردونییەکان ئەکات.

دەشێ ڕۆشنبیر کەسێکی یۆتۆپی یان ئۆرگانیست، شۆڕشگێڕ یان ڕێفۆرمیست، نەتەوەیی یان نێو نەتەوەیی، پسپۆڕ یان شموولی بێ، بەڵام نۆرمی ڕۆشنبیر و کایەی پسپۆڕی و بواری کارکردنەکەی هەرچییەک بێ، کەسێکە بایەخ بە ئاڕاستەکردنی کایەی گشتی ئەیا و داکۆکی لە وتنی ڕاستی و ئازادییە مەدەنییەکان و بەرژەەندی نەتەوەی و ئایندەی بەشەرییەت ئەکا. ئەمە سیفەت و ئەرکی ڕۆشنبیرە بگرە ئەمە ڕەوایی و بەرپرسیاریی ڕۆشنبیرە بەو واتایەی ڕۆشنبیر دیوێکی تری کەسی سیاسییە و پرۆژەیی ئەلتەرناتیڤی کەسی سیاسییە. ڕۆشنبیر بە سیفەتی ئەوەی دەسەڵاتی قسەکردن یان نوسین بەکارئەهێنێ لە کایەی بەرهەمهێنانی ڕەمزییا کارئەکات، ئەو کەرەستە ڕەمزییانەی بەرهەمی ئەهێنێ یان بەکاریان ئەهێنێ لە بیروباوەڕو دەق و گوتارەکان و بەرهەمە کلتورییەکانی ترا دەرئەکەون.

ڕۆشنبیر بەمانا گشت گیرییەکەی بریتییە لە دروست کردنی ژیان نەک پوکانەوەی، کارکردن لەسەر سروشت نەک تێکدانی، بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگە نەک چەواشەکردنیان، ڕەخنەگرتن لە سیاسیە لەهێڵ درەچووەکان نەک ڕەدوو کەوتنیان، ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات نەک پیاهەڵدانیان، ڕۆشنبیر شێوەیەکە لە شێوەکانی ئاڵوگۆڕ نەک چەق ق دۆڵ.

ڕۆشنبیر لە نێو قەیرانەکانا بایەخ بەمەسەلەی ڕاستی و ئازادی و دادپەروەری و بەها گشتییەکان ئەیات و کاری ڕسواکردن و ئاشکراکردنی لایەنە خراپەکانە و هەر بەوەش ئەگەشێتەوە، ڕۆشنبیر لەسەر ئەوە ئەژی کە قسە لەسەر خرا بەکارهێنانی ماف و ئازادییەکان بکات و ڕێڕەووی ڕووداوەکان بەئاڕاستەی ژیانێکی شایستە بۆ تاک بگۆڕێت.

"ڤۆلتێر" ئەیووت (من لەگەڵ ڕاوبۆچوونی تۆیانیم بەڵام لەپێناو ئازادیی ڕادەربڕینی تۆیا ئەجەنگـم)، ماوەتەوە بڵێیین کاکی ڕۆشنبیری کورد ئەی تۆ لە پێناوی چییا ئەجەنگێی؟ چارەکێ مووچەو مشتێ ئازادییتان باش!

(ئەگەر من وەک یەزدان دەسەڵاتم ئەبوو چەرخی گەردوونم زوو هەڵگرت بوو

سەر لەنوێڕەنگی ڕەنگم ئەڕێژا ئازاد بەکامی دڵبگەن هەموو )

عومەر خەیام


16/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر