درێژکردنەوەی ماوەی خۆ کاندید کردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم لەبەرچی؟

سامانی وەستا بەکر
ئەوەی ئەمڕۆ خەڵکی سەرقاڵ کردووە پرسی ڕێفراندۆمە لەوەش تێپەڕێ ئەوەیە ئایا ڕێفراندۆم ئەکرێ یان نا کە ئەمەش ناشرینترین بێ ڕێزییە کە بە خەڵکی بکرێ چونکە ناکرێ ڕۆژێک پێش وادەی دەنگدان خەڵکی دوو دڵ بن و بەشێک بڵێ ئەکرێ بەشێکیش بڵێ ناکرێ.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بڕیارە کە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم لە مانگی ١١4-٢٠١٧دا بەڕێوەبچێ دواین وادەی تۆمارکردنی قەوارە سیاسیەکان و کاندید بۆ سەرۆکی ھەرێم ١٧-٩-٢٠١٧ بوو پاشان ئەم وادەیە درێژکرایەوە بۆ ٢٧-٩-٢٠١٧ بەھۆکاری ئەوەی ھیچ لایەنێک کاندیدی بۆ سەرۆکی ھەرێم پێشکەش نەکردووە بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە ئەمە جێگەی تێڕامان و ھەڵوێستەو شرۆڤەی زۆر ھەڵەگرێ.
تا نوسینی ئەم بابەتەش کە چەند کاتژمێرێکی ماوە بۆ ٢٥-٩-٢٠١٧ شەقامی کوردی لە دڵەڕاوکێیەکی زۆر ساتەکان بەڕێئەکا و ھیچ دڵنیاییەک نیە پرۆسەکە بەڕێوەئەچێ یان دوا ئەخرێ؟ ئەگەرێ بەڕێوەبچێ کاردانەوەکان چی ئەبن؟ ئایا پرۆسەکە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ھەرێم بەڕێوەئەچێ؟ لەکاتی بەڕێوەچوونی لەو ناوچانەدا چ ئامادکاریەک کراوە کە بۆ ھەتا ئەو ناوچانە لەدەست نەیەین و جارێکیتر ببنەوە بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی کوردستان؟ ئایا هیچ دڵنیایەک هەیە لەکاتی سەرکێشی کردنی حشدی شەعبی و هێزە عێواقیەکاندا ڕێگەیان لێبگیرێ و پێی گڵاویان نەخەنەوە ناو خاکی کوردستان؟ لەکاتی سەرکەتن و بردنەوەی بەرەی بەڵێ چۆن کار بە ئەنجامەکانی ئەکرێ؟
ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری گرنگتر بەجێ ئەھێڵین بۆ دوای ٢٥-٩-٢٠١٧ چونکە سەرکردایەتی سیاسی کورد خۆشیان وەڵامیان پێ نیە و دەستیان بردووە بۆ کارێکی گرنگ بەڵام بێ بەرنامەو ئامادەکاری پێویست.
ئەوەی لێرەیا بۆ ئەم کاتە گرنگە قسەی لەبارەوە بکرێ ئەوەیە ئایا کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ١٠ ڕۆژی لەبەردەم قەوارەکانا بە چ ھۆکارێک درێژ کردەوەو مەبەستی شاراوەی ئەم درێژ کردنەوەیە چی بوو کە من ھەوڵەیەم چەند سەرنجێکی لەسەر دەربڕم.
ئەو ھۆکارانەی کە لەپشت درێژکردنەوەی وادەی کاتی خۆکاندید کردن بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و قەوارە سیاسیەکانەوەیە بە بۆچوونی بەندە.
* پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم بەستراوەتەوە بە پرۆسەی ڕێفراندۆمەوە و بەگوێرەی ئەنجامەکەی لەکاتی کردن و نەکردنیدا و بردنەوەی دەنگی بەڵێ یان نەخێر بڕیاری کۆتای ئەدەن ئایا ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاری کراودا لە مانگی نۆڤەمبەردا بەڕێوە ئەچێ یان دوائەخرێ بۆ دوو ساڵیتر ھەڵبەتە ئەمەش بەڕەچاوکردنی بەرزبوونەوەی کێرڤی جەماوەری پارتی بە پلەی یەک و بەدواشیدا یەکێتی خۆ ئەگەر ھەستیان کرد دەنگی دڵخواست و پێویست بەدەست ئەھێنن ئەوا بێگومان ھەڵبژاردنەکان ئەکرێ بەپێچەوانەشەوە ئەوان ھیچ گوێ بەوە نادەن کە ھەرێم بکەوێتە بۆشای یاساییەوە چونکە ھەرکاتێ بیانەوەێ دوکانەکەی پەرلەمان ئەکەنەوەو یاسایەک بە دەنگی ٥٠+١ دەرەکەن و بەردەوام ئەبن لە بێ ڕێزی کردن بە یاسا و بەخواستی خەڵک لەژێر ھەر ناوێکابێ ھەڵبژاردن دوائەخەن و تەمەنی بەسەرچووی خۆیان درێژئەکەنەوە.
* لە ئێستادا پ.د.ک لەبەرژەوەندی نیە دەرگایەک بکاتەوە کە ڕەشەبای لێوەبێ و گومان لەسەر داھاتووی مەسعود بەرزانی لە دڵی دەنگدەرانی ھەرێما دروست بکا.
* پێشکەش کردنی کاندید بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم گومانی دڵی شەقام ئەڕەوێنێتەوە نیازی پشتی ڕێفراندۆم کەشف ئەبێ کە ئایا بۆ دروست کردنی دەوڵەتی کوردیە یان بۆ مانەوەی مەسعود بەرزانیە وەک سەرۆکی ھەرێم و درێژ کردنەوەی چەند ساڵێكی تری نایاساییە بۆ سەرۆکێکی کات بەسەرچوو عەرەب ووتەنی (سلفێ‌).
* خاڵی ھەرە گرنگ ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەش نەکردووە کە ئەسڵی مەسەلەکە ئەمەیەو کۆمسێۆن تەنھا لەبەر ئەم خاڵە کاتی خۆ کاندید کردنی درێژ کردەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی پێشکەش نەکردووە لەبەر ئەوەی کاندیدی ئەوان یان مەسعود بەرزانی ئەبێ یان مەسرور بەرزانی کە ئەمەش لە ئێستایاو پێش تەواو بوونی پرۆسەی ڕێفراندۆم لە ٢٥-٩-٢٠١٧ لە بەرژەوەندی ئەو حیزبە نیە و دەستیان کەشف ئەبێ بارزانی و خێزانەکەی نیازیان نیە دەست لە سەرۆکایەتی و کورسی دەسەڵات بەربدەن ڕێ بە کەسێک بدەن لەدەرەوەی خێزانی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات و سەرۆکی ھەرێم دانیشێ.
* پ.د.ک ڕاستەوخۆو دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕێفراندۆم و بردنەوەی دەنگی بەڵێ کاندیدی خۆی پێشکەس ئەکا و کە ئاماژەکانیش بۆ ئەوە ئەچن دیسانەوە مەسعود بەرزانی کاندیدی ئەو حیزبەبێ و لەژێر ناوی فریادڕەسی دروست کردنی دەوڵەتی کوردی.

ئەوەی پێویستە شەقام لێی بەئاگابێ  لە ئێستادا ئەوەیە کە ئێمە لەبەردەم دروست کردنی قارەمانێکی نەتەوەیداین و کە هێزو بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەرک وماندوونوونی شەقامی کوردی بێ بەش کراو لە مافە سەرەتاییەکانی و کۆی توانای هەندێک حیزب و کەسایەتی لە بەرژەوەندی کەسێکا ئیستسمار ئەکرێ و لە کۆتاییدا قارەمانێکی نەتەوەی لە ڕەحمی ڕێفراندۆم لە دایک ئەبێ  و ئەمەش هۆکاری ڕوون و شاراوەی پشتی ڕێفراندۆمە نەک سەربەخۆی.





24/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر