ئایا ئەردۆگان تێکەوت؟

سامانی وەستا بەکر
لە ئەفسانەشا باوەڕی پێناکرێت لە دنیادا مقاوەمەتێک لەم جۆرە ماوە کە کۆمەڵێک کچ و کوڕ بەرەنگاری یەکێک لەزلهێزترین و پڕ چەکترینی هێزی شەڕخوازی دنیا ببنەوە! ئەم جۆرە لە بەرخودان و بەرگری کردنە لەدوای شەڕی ڤێتنامەوە بوونی نەما ،کەچی لە ئێستایا و لەم سەردەمی شەڕی تەکنۆلۆجیادا ئەبینین بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵێ کچ و کوڕی جوامێر و دلێر و قارەمان خەونی سوڵتانی یەکێک لە دیکتاتۆرە توندڕەوە جیهادی و ئیخوانییە پڕ چەک و خاوەن سوپایەکی ملیۆنی ئامادەکراو بە چەکی قورس و نوێترین تەکنۆلۆجیای سەردەم و تانک و تۆپی قورس و فرۆکەی ئێف 16 تێک و پێک ئەشکێنن. خەونی ئەردۆگان داگیرکاری و  سوڵتانییە خەونی شەڕڤانیش سەربەخۆی ئازادییە هەربۆیە هیچ شتێک ئەم دوو خەونە لێک نزیک ناکاتەوە چونکە نە شەڕڤان دەست لە ئازادی و خۆ خاوەندارێتی هەڵەگرن نە ئەردۆگانیش ئەتوانێ دەستبەرداری ئیمبراتۆریەتەکی خەونی چۆلەکەی خۆیبێت.

ئەو هێزەی حوکمی عەفرین و ڕۆژئاوای کوردستان ئەکەن هەمان ئەو هێزەن یان لایەنی کەم هەڵگری هەمان ئایدیا و دیدی سیاسین کە لە باکوری کوردستان بەرخودان دژی ڕژێمی نەتەوەپەرست و فاشی تورکیا ئەکەن. خەونی شەڕڤانان هەرگیز ئەو خەونە نیە کە ئەردۆگان ئەیبینێ، خەونی شەڕڤان خودموختاری و ئازادی و ڕزگارکردنی خاکی کوردستانە لە ژێر دەستی داگیرکەرانی بەڵام خەونی ئەردۆگان دروست کردنی ئیمبراتۆریەتێکی فراوان و بوونی ئەردۆگانە بە سوڵتان.

لە ڕۆژئاوا کۆمەڵگەیەک بوونی هەیە کە دەست و پەنجەی لەگەڵ هەڕەشە و هێرشی داگیرکاریدا نەرم کردوەو  باش خۆیان بۆ ڕووبەڕوونەوە ئامادەکردووە، ئاخر ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکی بەرخودە نەک بەرخۆر کە مەخابن لەهەندێ ناوچەی تری کوردستانا ئەمە نابینرێ. گرنگ نیە دوژمن چۆن نەخشە ئەکێشی چونکە مەرج نیە وەک خۆی جێبەجێ بکرێ بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نەخشەی کورد بۆ بەرگریکردن چیە؟  ئەمەوێ بڵێم ئەو ئەو نەخشەیەی تورکیا بە پشتیوانی تانک و زریپۆش و فڕۆکە و  چەتەو تیرۆریستان کێشابووی کە لەماویەکی کەما عەفرین داگیربکا و دواتر ڕوو لە مەنبج بکا بە نەخشەی شەڕڤانان و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هێزە زەبەلاحە لایەنی کەم تا ئێستا شکستیان بۆ دوژمن و سەرکەوتنیان بۆ کورد پێ بەدەستهێناوە هەربۆیە چەندایەتی چۆنایەتی لە جەنگدا گرنگ بەڵکو ئەوەی گرنگە بیروباوەڕو باوەڕ بەخۆ بوون پشت بەستن بەهێزو ئیرادەی گەلە نەک بێگانە! چونکە کاتێک پشت بە بێگانەو هێزی دەرەکی ئەبەستی هەمیشە هێزێکی بێ ئیرادەو  بودەڵ و گوێرایەڵی بێگانە بوونی ئەبێ و ئەو هێزانەش هەمیشە بەپێی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان دۆست و دوژمن هەڵەبژێرن لە هەر چرکە ساتێکا کە بەرژەوەندیەکانیان بەرەو کۆتای چوو یان پارویەکی چەورتریان دەست کەوت بێ دووڵی پشت تێئەکەن و تەنیاو زەلیل بەجێ و دێڵن وەک ئەوەی لەدوای ڕاپرسییەکی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆی دینیمان بەڵام پشت بەستن بە گەل هەرگیز بێ هیواو ناکا چونکوم میلەت خۆی خاون ماڵەو  هیچ کاتێ پشت لەبوونی خۆی ناکا کە ئەکرێ عەفرین بە باشترین نمونەی سەردەم وەرگرین.

ئەوەی کورد هەیەتی هێزی سەربازی نیە چونکە ئێمە کەمینەین  لە چەند وڵاتێکی ناوچەکەیا بەڵام ئەوەی ئێمە هەمانە مقاوەمەو بەرخودان بە پشتبەستن بە یەکگرتووی خۆمان، ئاخر کورد خاوەنی سنورێکی پارێزراوی خۆی نیە بۆیە زلهێزەکان و دەوڵەتە هەرێمییەکان هیچ هاوپەیمانیەکی ستراتیژی ڕاستەقینە لەگەڵ کورد نابەستن بەڵام ئەوەی باوە ئەوەیە کە ئەوترێ ئەوەی شکست بە گەورەترین سۆپای چەکدار دێنێ هێزی گەلە کە ئەوەش لە ئێستایا لە عەفرین بوونی هەیە.

ئەردۆگان و کەمالیزمەکانی تورکیا ئەوەی هەرەسی پێهێناون تەنها "بــوونــی کورد نیە لە بــوونــدا" بەڵکو تورکەکان لە دوای دروست بوونی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە ٢٧ی سەرماوەرزی ساڵی  ١٩٧٨ کە وەک پارتێکی لینینی مارکسی دامەزرا و لە سەرەتاوە بە کاری سیاسی دەستی پێ کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ بە ناچاری بووە ڕێکخراوێکی چەکداری کە ئەمەش لەبەر ئەو ھەموو ئێش و ئازار و چەوساندنەوەیەی دەوڵەتی تورکیا دەرحەق بە گەلی کوردستانی لە باکووری کوردستان ئەنجامییاوە لە ماوەی ٩٠ ساڵی ڕابردوودا. ئایدۆلۆجیای پەکەکە لەسەر بنەما شۆڕشگێڕییەکانی مارکسیزم - لینینیزم و نەتەوەخوازیی کوردی دامەزرێنرا، ئامانجی پەکەکە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی سۆسیالیستی بوو لە کوردستان و بەدیاری کراوی لەو ناوچەیەی کەوتۆتە باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا باکووری ڕۆژھەڵاتی عێراق، باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە خاکی کوردستانەو کورد خاوەنێتی، خۆ ئەگەرچی ئێستا ئەم داوایە کورت کراوەتەوە بۆ داوای مافی کلتوری و سیاسی کوردەکانی باکوری کوردستان بەڵام  لەو کاتەوە نەتەوەخواز و فاشیزمەکانی تورکیا کێچ کەوتۆتە کەوڵیان و هەر ڕۆژەو لەژێر ناوێک و بەجۆرێک خوێنی کورد بۆ گورگە برسیییە ڕەگەزپەرستەکان حەڵاڵ ئەکەن.

بەندە پێم وایە حیزب بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کادێرێکی سەربەخۆ پەروەردە ناکا بەڵکو کۆت و زنجیر لە مێشک و بیری ئەبەستێ و هەموو ڕووناکیەکی بۆ بیرکردنەوەی دەرەوەی حیزبەکی خۆی لێئەگرێ تاکە تروسکای کە بۆی هەیە بیبنێ حیزب و ئامانجەکانێتی چونکوم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تا ئێستاش ناتوان حیزبی لینینی و ستالینی نەبن و هەر کە ڕەخنەیان لێگیرا تەنانەت ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خۆشیانبێ تا مریشکە ڕەشە ئەرۆن  لەسەری! وێڕای ئەو خاڵە هاوبەشەی کە لە نێوان حیزبەکانا بوونی هەیە بەڵام هەندێکیان لەناو حیزبەکانیشیانا خێڵێک، خێزانێک یان تاکە کەسێک پیرۆزەکەن و ئامانج مانەوەی ئەوان ئەبێ لە لوتکەی دەسەڵاتا بۆ ئەوەش خاک و میلەت و کۆی کادێرانی خودی حیزبەکەو هەموو دەسکەوتێکیش ئەکەن بەقوربانی بۆ مانەوەیان کە ئەمە خراپترین جۆری حیزبانەیەتییە. جۆرێکی تریشمان هەیە کە سەرکردە پیرۆز ئەکەن و هەموو شتەکان بە حیزبەوە ئەبەستنەوە بەڵام پەروەردەیەکی نیشتمانی و خاک پارێزی و هاوبەشی جەندەری ومقاوەمەت و بەرخودان لەناو کادێرو لەو ڕێیەشەوەو لەناو میلەتا ئەچێنن کە ئەم جۆرە بۆ ئێستەی کورد بەسودە.
لە سیاسەتی ئێستای سەردەم حزب ئامرازێكە بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی لە وڵاتانی پێشەنگ و پێشکەوتووا هەروەک چۆن ئامرازێکیشە بۆ پەروەردە کردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، حیزب لە وڵاتانی ژیر دەست و نەتەوە بن دەستەکانا بە قۆناغی خەباتی نیشتمانی دەست پێئەکەن و بە پلەکانی شۆڕشگێڕیدا بەروە سەربەخۆی و دەسەڵات هەنگاوئەنێن و جا ئەم حزبی بوونە زۆرجار لە قۆناغی خەباتی رزگاری نیشتمانیە و دواتر سیفەی شۆڕشگێڕ وەردەگرێت، بەلام لە حالەتی ئاساییا حزبی بوون بۆ گرتنە دەستی دەسەلات و خزمەتی وڵاتە. مەخابن لە باشوری كوردستان حزبایەتی بۆتە جۆرێك لە مۆدێلی كۆیلە بوون یاخود تابعی تەریقەت و مسكێن و نۆبەداری بەردەم مالی ئاغا، زۆربەی ئەوانەی بارگاوی بوون بە حیزبایەتی بە چاك  و خراپ پشتیوانی لە حزبەكانیان دەكەن! كەسانی حزبی كوێرانە پەیدا بوون كەواهیچ بوونێك لە كەسایەتی و بیركردنەوەی ئەودا نەماوە ,ئەوەی هەیە تەنها مێگەل بوونە بۆ سەركردەكانی حزب هۆكاری سەرەكیش بوونی پلە وپۆست و ماددەیە هیچی فكر و بەرنامە و مەبدئی لەگەلدا نیە، بۆیە بە ئاسایی ببینن كاتێ كۆیلەیەك ئەو هەموو شكستەی كوردستان بە سەركەوتن و حیكمەتی قیادەكەی بزانێ. حزبی بوون عەیب نیە ئەوەی عەیبە كۆیلە بوون و لە دەست دانی كەسایەتییە.
پەروەردەی حیزب بۆ گەلەکەی هەمیشە ئەبێ ڕێنیشاندەرو چرای دەستی شۆڕشگێڕانبێ تا بەرچاوی ئازادی خوازان و گەلی پێ ڕوون بکەنەوە بۆ گەیشتن بە سەربەستی، ئاخر کێ دیویەتی و لە کوێی دنیایا بوونی هەبووە لە یەک ماڵ و لە یەک خیزان و لەبەرەی یەک دایک دوو جۆر لە حیزبایەتی لەدایک بێ، یەکێکیان ئامادەبێ تەوای وڵات ببەخشی بۆ مانەوەی کەسێک لەسەر کورسی و خێرو بێری ولات بۆ چەند کەسێکبێ و میلەتیش برسی و زەلیلی بەردەستی نامەردی زەمانە بکەن و تاکێکی تێک شکاو  بێ ئیرادە گۆش بکەن و نیوەی خاکی نیشتمان لە چەند کاتژمێرێکا ڕادەستی دوژمن بکەن، کەچی لە گۆشەیەکی تری وڵاتا حیزبایەتیەک بوونی هەبێ پڕ لە ئیرادە و بەرخودان، لێواو لێو لە شۆڕش، ئاودامان لە مقاوەمەت و بەرگری، جۆرە حیزبێک کە بە ئاوازی لەیلایەی دایک و بەنەرمی نمەی باران کورد بوون و خۆڕاگری لەناو  گەلێکی بەژموردەدا بچێنێ، تاکێک پەروەردە بکات کە باوەڕی بەخود بوون و خۆ بوون هەبێ، باوەڕی بە بەرخودان بۆ بەردەوامی ژیان هەبێ، تاکێک هەرگیز گۆمڕا نەبێ لە بوونی دەست کەوت و دەسەڵات و هەرگیز بـێ ئیرادەی و تەسلیم بوون نەناســێ لە بەرامبەر سامان و هێزی دوژمن.
ئەوەتا بەبەرچاوی دنیاوە سوڵتانێک لە سەر سنوری عەفرین بە چەفتەو کەواو مێزەر و عەباوە بەدەستێکی قورئان و بەدەستەکەی تری بە چڵێ ژاڵەی تاڵەوە، بەهاوکاری بەهێزترین تەکنیک و تەکنۆلۆجیای سەردەم و سوپا و چەتە و تیرۆریستان لە ١٢ ڕۆژا لە وەحشیتـرین و دڕەندەترین جەنگا بێ گوێدانە یاساکانی جەنگ و بە  نابەرابەرەترین جۆری چەک و جبەخانە هێرش ئەکرێتە ڕووبەرێکی جوگرافیای بچوکی داخراوی بازنە دراو بە دوژمن بەڵام بە ئیرادەی قارەمانانی خانەخوێ، کچان و کوڕانی عەفرین دوژمن نەیتوانیوە کەمترین سەرکەوتن بەدەستبهێنـێ کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە دروستەی کە حیزب میلەتی لە شەش ساڵی ڕابردوا پێ گۆش کردوە لە دوای ئازاد کردنی زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵ ٢٠١١ لەدەستی ڕژێمی سوریا و گرووپە چەکدارە ئیسلامی و شۆڤێنیەکان.
حیزب یان ڕاستر بڵێین پەیەدە خۆی بەدوور گرت لە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیسـتـی و ژیانی پێکەوی و ڕێز گرتن هاوڵاتی بوونی هەڵبژارد دوور لە ئیتنیک و ئاین و نەژاد پەرستـی، حیزب لایەنی جەندەری بە هەند وەرگرت و کوڕان و کچانی وەک یەک لە بەرخودان و بەڕێوەبردنی وڵاتا هاوتاکرد و نمونەی بەڕیوەبەری مۆدێرن و دیموکراتی و هاوسەنگی پشانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا بەجۆرێک توانیان متمانە لەنێو  کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیا بەدەستبهێنن و  بەتایبەتی لە دوای بەرخودان و مقاوەمەتی کۆبانیەوە، ئیتر لەوەو دوا  ئەردۆگان هەستی بەمەترسی ئەم هێزە کرد بە تایبەتی کە باش ئەزانێ ئەم هێزوەو کوردانی باکور ئەگەر هەڵگری یەک ئایدیاش نەبن ئەوا هێندە نزیکن ئەگەر ڕۆژئاوا  ئازاری بگا ئەوا باکور ئەزریکێنـێ.
لەکۆتاییا ئەبێ بڵێم عەفرین ناکەوێ چونکە ئیرادەی خۆ بوون لە ناخی هەر تاکێکی ئەو بەشە جوگرافیایەدا چێنراوە، ئێستا چەن شەڕڤانێک سوڵتانێکیان تووشی هستیریایەک کردووە کە دوورنیە کۆتاییەکەی نەمانی سوڵتانبێ چونکوم ناکرێ مرۆڤایەتی تا سەر لە جینۆسایت و کۆمەڵ کوژی بێدەنگبن. ئاخر ئەمە جەنگی نێوان جنێڤ و ئاستانەیە و هەرلایەو بەدوای سەرکەوتن و دەسکەوتا ئەگەڕێن لە دەروەی خاکی خۆیان بەڵام مقاوەمەتی شەڕڤانان شوناسی کورد بوونی عەفرین بۆ کۆی جیهان ئەسەلمێنێ چونکوم مقاوەمەت خاوەندارێتی ئەسەلمێنێ و پاشان دۆست بۆ زۆر ئەکا، ماوەتەوە بڵێم ئەبوو ئەردۆگان ٩٥٠ کم نەوروژێنێ و میلەتێک لەخەو ڕانەچڵەکێنێ!


01/02/2018