دەستگیرکردنی دوو ئەندامی میت و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان

سەلاح خدر
لەدەستپێکی سەرهەڵدانی شۆڕشی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە هەتا ئەمڕۆ بەردەوام ڕژێمەکانی تورکیا هەوڵی تیرۆکردنی ڕێبەر و سەرکردەکانی ئەو پارتەیان داوە، لەسەرەتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بێوچان لەو هەوڵانەدا بوون، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئۆپەراسیۆنەکانیان سەرکەوتوو نەبووە، تەنها لە تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و هەڤاڵانیدا لە نۆی جەنیوەری ٢٠١٣ دا لەپاریس بەشێک لە ئەنجامەکانیان بەدەستخست.
جاری یەکەم لەساڵی ١٩٨٢ و لە گەرمەی شەڕی عەرب - ئیسرائیل ئەوکاتە جەمیل بایک لە بەیروتی پاتیەختی لوبنان دەبێت، هەوڵی ڕفاندن و تیرۆرکردنی دەدرێت، گروپێکی دەمامکدار بەچەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ئەو ماڵەی بایکی لێ دەبێت و دەیڕفێنن، لەوکاتەدا تەنها هەڤاڵیکی ژن بەناوی زەلال دێرسمی چاوی لێ دەبێت و هەر زوو هەڤاڵانی ئاگادار دەکاتەوە، هەڤاڵان چاودێری گروپەکە دەکەن و پاشان ئۆپەراسیۆنێکی دەکەنە سەر ئەو ماڵەی بایک یان تێدا حەشارداوە و ناوبراو ڕزگار دەکەن، لەناو ئەو گروپەی بایک یان ڕفاندبوو کارمەندی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە بەیروت و کەسێکی کوردیش هەبوون، ئەوە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی پەکەکە بوو کە پیلانی میتی پوچەڵ کردەوە.
لەو کاتەوە هەتا ماوەیەک بەرلەئێستا کە هەوڵێکی تیرۆری دیکەی سەرکردەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بەدەستگیرکردنی دوو ئەندامی میت پوچەڵ کرایەوە ڕژێمی تورکیا بەردەوامە لەو ڕێبازە.
(دەستگیرکردنی دوو میت لە سلێمانی)
هەفتەی ڕابردوو پاش داخستنی نوێنەرایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە ئەنقەرە و ناردنەوەی بەهرۆزی گەڵاڵی بۆ سلێمانی، دەستگیرکردنی دوو ئەندامی میتی تورک لەلایەن پەکەکەوە لە ناوچەیەکی نزیک سلێمانی ئاشکرا بوو.
هەر زوو سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی دانی بەوەدانا کە تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دژ بە پەکەکە فەشەلی هێناوە و یەکێتی باجی ئەوە نادات، ئەوە دانپێدانانێکی پیرە پیرە بوو بە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە لەجوغرافیای ئەواندا دراوە.
بەپێی ئەو لێدوانانەی لەو بارەیەوە دراون و ئەو زانیاریانەی بەدەستخراون پێشتر یەکێتی هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو هەوڵە تیرۆرییە بەپەکەکە نەداوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە قسەکانی ٢٨ی ئەم مانگەی دیار غەریب ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و چەند زانیارییەکی بەدەستخراو، دەردەکەوێت یەکێتی نەک وەک حزب و هێڵە گشتیەکەی بەڵام کەسانێکی ناو یەکێتی کە زۆرترین بانگەشەی دیموکراتی و سیکۆلار دەکەن ئاگاداری پیلانەکە بوون.
پیلانی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە بەفەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی هاکان فیدان ڕاوێژکاری دەزگای میتی تورکیا سەرپەرشتی کراوە، فیدان ماوەیەک بەرلەئێستا هاتووەتە باشووری کوردستان و لە هەولێر و سلێمانی بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان لەئاستی باڵادا لەگەڵ پارتی کۆبووەتەوە و لەگەڵ چەند کەسێکی یەکێتیش گفتوگۆی کردووە، بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکەشیان هەشت گروپیان پەروردە و ئامادەکردووە کەلە نێوان (سلێمانی – ڕانیە – قەندیل) بۆ ئەو مەبەستە بەجێ بکرێن، چونکە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکەیان (رانیە، قەڵادزێ و سەنگەسەر) بووە، بەڵام هەواڵگری پەکەکە زووتر بەپیلانەکە دەزانێت و لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەدەوروبەری شارۆچکە دووکان دوو کەس کە سەرپەرشتیارانی سەرەکی ئەو پیلانە و ئەندامانی باڵایی دەزگایی میتی تورک بوون دەستگیر دەکات، بەدەستگیرکردنی ئەو دوو کەسەش تەواوی پیلانە پوچەڵ دەبێتەوە.
وەک دەرکەوت هەر دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، تورکیا یەكێتی بە هۆکاری فەشەلهێنانی پیلانەکەیان تۆمەتبارکرد و پێی گوتن هەرچیەکیان کردبێت دەبێت ئەو دوو کەسەیان بەزوترین کات بۆ ئازاد بکەن، لە دیداری ٢٣ی ئەم مانگەی ئوتێل دیوانی هەولێر لە نێوان مەولود چاوش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە و قوباد تاڵەبانی، چاوش ئۆغڵوو بەزمانێکی هەڕەشەئامێز قسەی لەگەڵ کردوون و چەند کاتژمێرێک بۆ یەکێتی دادەنێت کە ئەو دوو کەسەیان بۆ ئازاد بکەن، هەربۆیە دوای دیدارەکەیان بیرۆری یەکێتی یان لە ئەنقەرە داخست، یەکێتی داخوازییەکەی تورکیا دەگەیەنێتە قەندیل بەڵام پەکەکە ڕەدی دەکاتەوە وا بەئاسانی ئەو دوو ئەندامەی میت ئازاد بکات، چونکە یەک لەو دوو کەسە بەرپرسی دۆسیەیی پەکەکەیە لە دەزگایی میت و ئەوی دیکەشیان بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری هەمان دەزگایە، لە بەرامبەردا یەکێتی وەک کاردانەوەیەک داوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکەی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا کرد بوو.
دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کەبەرلە دەستگیرکردنی ئەو دوو سیخوڕە لەلایەن پەکەکەوە لە حەوتی ئەم مانگەدا لە ڕێگایی نێوان زاخۆ – باتوفە، بەهێرشێکی بۆمبایی یەکینەیەکی میت لەناوبران کەلە چوارچێوەی هەمان ئۆپەراسیۆندا ئەرکردار بوون.
هەرچی پارتی دیموکراتە کە تائێستا ڕۆڵی ئەسپی تەروادەی بۆ تورکیا بینیووە لەترسی ئەوەی ئەو دوو ئەندامەی میت نهێنیی و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و تورکیا ئاشکرا نەکەن زۆترین گوشاریان خستووەتە سەر یەکێتی کە ئازادیان بکەن.
ئەم هەوڵە لەکاتێکدایە ساڵانێکە لە باشووری کوردستان لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆ و کەرکوک زیاتر لە ١٨ بیرۆری دەزگایی میتی تورک بەئاگاداری پارتی و یەکێتی بوونیان هەیە و کاری سیخوڕی دەکەن، ناوەندی کۆردیناسیۆنی ئۆپەراسیۆنەکانیشیان دەزگایەکی میتە لەناو شاری دیانای دەڤەری بادینان، جگە لەوە چەندین گروپی سیخوڕیشیان لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی درووست کردووە.
(تۆڕی بڕۆکسل – بەرلین – سلێمانی)
حکومەتەکەی ئاکەپە دوای شکستەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و شکستی سەربازی و سیاسی لە بەرامبەر پەکەکە و قوڵبوونەوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی، هەوڵی دا بە چەند چالاکیەکی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا، هاوسەنگی هێز بۆ خۆیان بگەڕێننەوە و ورەو و مۆراڵێک بدەنەوە دەوروبەرانیان، تا دوای ئەوە بچنە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانەوە، چونکە ئەردۆغان لە چەندین بۆنەدا ڕایگەیاندبوو کە تا مانگی نیسانی ئەمساڵ پەکەکە تەواو دەکەن، بۆئەوەش دوای ڕەشبگیری سیاسەتمەدارانی کورد لە باکووری کوردستان، پیلانی سێ کوچەکەی ئەوروپا – ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان یان خستە پراکتیکەوە، ئامانجی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان تیرۆرکردنی چەند سیاسەتمەدارێکی کورد بوو بەهاوکاری (ئەنەکەسە) هەربۆیە لەمانگی تەمووزی ساڵی 2016 لە ڕۆژئاوای کوردستان و لەسەر ڕیگەی قامیشلۆ بەبۆمی چێنراو هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامی کۆنسەی سەربازی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە باهۆز ئەرداڵ درا، لەو هەوڵەدا ئەرداڵ بەسوکی بریندار بوو بەڵام شەرڤانێک شەهید بوو، وەلێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی بەهێزی ئاسایش لەوەندە زیاتر هیچی دیکەیان بۆ نەکرا.
تورکیا لیستێکی دیکەی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکەی ئەوروپای دانابوو، هێلی پاریس – بڕۆکسل یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو، بۆئەوەش گروپێکی نهێنیان لە پاریس درووست کرد، بەڵام ڕۆژی هەشتی کانونی یەکەمی ٢٠١٦، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە زوبێر ئایدار لە ١٣ هەمین کۆنفرانسی کورد لە پارلەمانی ئەوروپادا ڕایگەیاند کە ئاکەپە لیستێکی لە سیاسەتمەدارانی کورد لە ئەوروپا و بەلجیکا بەتایبەتیی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی تیرۆریان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەند سیخورێکیان ناردۆتە ئەوروپا.
پاش ئەو بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە لەلایەن سیاسەتمەدارانی کورد نوسینگەی داواکاری فیدڕاڵی ئەڵمانیا ڕۆژی 15ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ تورکێک یان بەتۆمەتی ئەوەی کاری سیخوڕی بۆ دەزگای میتی تورکی کردووە و زانیاری دەربارەی شوێنی مانەوەی هاوڵاتیانی کورد و پەیوەندیی و چالاکیە سیاسیەکانیانی داوە بە دەزگای میت دەستگیرکرد.
هەر لەئەڵمانیا کوردان شوێنپێی سیخوڕەکانیان هەڵگرتوو و دوو سیخوڕی تورکیان بەناوەکانی محەمەد فاتیح ساین و مستەفا قەرەتاش تەسلیمی پۆلیسی ئەڵمانیا کرد، بۆیە حکومەتی بەلجیکاش ناچار بوو هێزی تایبەتی پاراستن بۆ دەزگا کوردییەکان لەوڵاتەکەیدا دابنێت.
لە ١٠ی تەمووزی ئەمساڵدا ڕۆژنامەی تەلەگرافی هۆڵەندی ئاشکرای کرد کە دەزگایی هەوڵگری تورکیا ناسراو بە میت لیستی مردنی بۆ کوردانی ئەوروپا ئامادە کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە میت شانەی نهێنی لەشاری لاهای هۆڵەندا درووست کردووە و لەوێوە چالاکییەکان ئۆرگانیزە دەکرێت.
بە دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی میت و ئاشکرا بوونی شانەکانیان هەوڵەکانی تورکیا بۆ تیرۆرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد لە ئەوروپا پوچەڵ کرایەوە.
بەو شێوەیە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە خاڵی سلێمانی دا دواین نەفەسی مەرگی خۆیدا.
(ئامانجەکانی تورکیا)
لێرەدا دەتوانین ئامانجەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکە شکستخواردووەکەی سلێمانی بەم شێوەیە ڕاڤە بکەین:
- زەبرێکی گران لە پەکەکە بدەن.
- بەو ئۆپەراسیۆنەیان یەکێتی و پەکەکە بەکژ یەکتردا بدەن و شەڕی ناوخۆی کوردان بەرپا بکەن.
- یەکێتی لاواز بکەن و دەوروبەرانی پارتی بەهێز بکەن.
- پەکەکە لە باشوور و ڕۆژئاوا بخەنە تەنگاوییەوە.
- هەوڵەکانی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان فەشەل پێبهێنن.
- لەڕێی ئەو شەڕەوە پرسی ڕیفراندۆم دوا بخەن.
لەگەڵ ئامانجگەلێکی دیکە....
لێرەدا تەنها شتێک کە پێویستە بوترێت ئەوەیە کە دەبێت هێزەکانی باشووری کوردستان نەکەونە بۆسەی ڕژێمی تورکیاوە، چوونە ناو پیلانی تورکیا گەورەترین زەبر لە ئەزموونی باشووری کوردستان و بەتایبەتی خودی یەکێتی و پارتی دەدات و گەلی کوردیش لەم قەیرانە کەڵەکەبووانەدا بەرگری دۆخێکی وەها ناگرێت.

11/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر