سیگناڵەکانی خولێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ

سەلاح خدر

لەگەڵ زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستان بەگشتی و باشوور بەتایبەتی، هاوشانی هێرشی سەربازی، ئۆپەراسیۆنی سیاسی، ئیستغباراتی و میدیای تورکیا بۆ گوڕکردنی شەڕ و ڕەواییدان بەداگیرکاری بەشێوەیەکی چڕ دەستی پێکردووە، تا ئەو ئاستەی دەوڵەت جگە لە راگەیاندنە خۆجێیەکانی هەموو میدیا و میدیاکار و ڕۆژنامەنوسەکانی گرێدراوی خۆی لە دەرەوەی سنور خستوەتەگەڕ.
دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵی داوە بۆسەرخستی ئامانج و پیلانگێڕییەکانی لەبەرامبەر دۆزی نەتەوەیی - نشتیمانی کوردان و قڕکردنی نەتەوەی کورد و  بێ ستاتۆ هێشتنەوەی، هێزە وابەستەکانی خۆی بەکاربهێنێت و ئەوانی دیکەش ناچاری گوێڕایەڵی بکات.
وەک هەردەم تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات کوردان لە یەک داببڕێنێت و تا بەگژیەکداکردن بۆ ئامانجە سیاسیەکانی خۆی بەکاریابهێنێت، لەساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٩ چەند جارێک لەو هەوڵەدا سەرکەوتوو بووە بەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستانی پەلکێشی نێوو شەڕی ناوخۆیی پەکەکە کرد، بەتایبەت پارتی بەهۆی باگراوەندی مێژوویی لە قبوڵنەکردنی بەرامبەر و زاڵبوونی ئەقڵیەتی دەسەڵاتپەرسی بنەماڵەیی و دەرەبەگایەتی و وابەستەبوونی بەردەوامی بە هێزە دەرەکیەکان، بۆ دژایەتی کردنی شۆڕشی کوردان لە سێ بەشی کوردستان بەکاریهێنراوە.
لەئێستادا کە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین دادەڕێژرێتەوە، تورکیا لەچوارچێوەی (ستراتیژی قوڵ) دا هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی پلانی میساقی میللی دەدات، بەشێوەیەک کەلە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو هێڵی موسڵ تا کەرکوک و خانەقین بخاتەژێر دەستی خۆی، ئەردۆغان و تاقمەکەی ئەوەیان نەشاردوەتەوە و بەئاشکرا گوتویانە کە لەلۆزان ناهەقیان لێکراوە، لەملیۆنان کیلۆمەتری (دەوڵەتی عوسمانی)ەوە بۆ ئەم جوغرافیایەی ئێستا تەنگ کراونەتەوە، لە دواین ڕاپۆرتی وەقفی لێکۆڵینەوەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی - سەتا ((SETA بڕوانن کە دەزگایەکی سەر بەئاکەپەیە ئەو ڕاستیە بەئاشكرا دەبینن.
کێشە جدیەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە بۆ سەرخستنی ئەو پیلانە مەترسیدارەی تورکیا هێزگەلێکی کوردی لەهاوکاریی دان، ئەوەتا لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چنگ) دژی پەکەکە کە چەند مانگە دەستی تورکیا پێکردووە، ڕەغمی هەموو ئەو هێزە زەبەلاحەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەیەتی، ڕۆژانە هێزی دیکە سەربازی دەهێنێتە باشوور و پێگەی داگیرکاری خۆی بەهێزتر دەکات، لە ڕاپۆرتەکەی سەتادا هاتووە"بارەگا سەربازییەکان لە سەرویانەوە باشیک، ئەربیل، زاخۆ، دهۆک و زۆر شوێنی دیکە، دەرفەتێکی گرنگیان داوە بە هێزە ئاسایشیی و سیخوڕییەکان بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆن بکەن". لەم پەڕەگرافەتا دەردەکەوێت کە پیلانی شەڕ و جموجۆڵی داگیرکردنی باشوور لەو بارەگا سەربازیانەوە ئۆرگانیزە دەکرێت.
لە دواین قسەیدا ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی حزبەکەی لە ٢٥ی ئەم مانگەدا بەئاشکرا نیەتی خۆیانی ئاشكرا کرد و گوتی، ئامانجی ئەوان لە ئۆپەراسیۆنی چنگ تەنها کۆنتڕۆڵکردنی چیاکان نیە بەڵکو ئامانجیان دەشتەکانیشە، ڕاستی پیلانەکەش هەرئەوەیە کە مەسەلە تەنها قەندیل نیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق بۆسەرخستنی پیلانی تورکیا هەموو ئیمکانەکانی خۆی بۆ فەراهەم کردووە، لە ڕووی سەربازی، سیاسی، هەوڵگری، میدیایی و لۆجستیکی، بەشێوەیەک کە بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرات ڕۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشمەرگەكانی پارتی، گردی ستراتیژی كانی ماسی و چەند گوندێكیان لەسنوری پارێزگای دهۆك یان بۆ سوپای تورک چۆڵ کردووە و سەربازانی تورک چوونەتە جێگایان. 
بە پێی ئەو زانیارییانە، ڕۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشمەرگەكانی پارتی، گردی ستراتیژی كانی ماسی و چەند گوندێكیان لەسنوری پارێزگای دهۆك یان بۆ سوپای تورک چۆڵ کردووە و سەربازانی تورک چوونەتە جێگایان. 
لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ دا لەگەڵ هێرشەکانی سوپای تورک لەناوچەی برادۆست هێزەکانی پارتی لە شەودا بە کاروانێکی ١٥ ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیان بۆ هاوکاری سوپا گواستەوە بۆ سیدەکان.
تەنانەت بۆ ئاسانکاری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە پارتی سەرەتای تەموزی ئەمساڵ، داوای لە گوندنشین و کۆچەرییەکانی سنووری گوندەکانی، کەشان، زۆمی كانی ده‌لێ، گوندی شودنێ، گوندی رویسێ، زۆمی سیارا سته‌ورێ و چەند شوێنێکیتری زاخۆی کردووە کە سنوورەکەیان چۆڵبکەن. 
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز هەر هەشتی ئەم مانگە پارتی چەندین جۆر چەکی قورس و سوکی لە فەرماندەیی پێشمەرگەی دهۆک و چەند شوێنێکی ترەوە ڕەوانەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە کۆمەڵگەی سیرێی سەربە شاردەێی شیلادزێ کردووە. هەروەها کۆمەڵێک چەکی لە کۆگاکانی دەڤەری دۆلەمەری و بارزانەوە ناردووە بۆ هەمان بنکە.
دواین جار ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەش کاروانێکی گەورەی پێشمەرگە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆش و چەکی قورس، ڕەوانەی شارەدێی دەرکاری سەربە زاخۆ کراوە، تا ئێستاش ئەو جموجۆڵە هەیە.
لەڕووی پڕوپاگەندەی میدیایی و ئاژیتاسیۆنەوە شەڕی تایبەت و لە ڕووی دەرونشیەوە خۆشکردنی زەمینەی شەڕی ناوخۆ بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی تورکیا  و ڕەوایەتی دان بەداگیرکاری و ئاسایی کردن لەناو کۆمەڵگای باشووردا، لە میدیاکانی پارتی و ئەوانەشی سەربە دەوڵەتی تورکن لە هەرێم دەبینرێت.
بەشێوەیەکی سیستەماتیک و پیلان بۆداڕێژراو ڕۆژانە ڕاپۆرت و دۆسیەی تایبەت بۆ ڕەشکردنی خەباتی پەکەکە و کەسایەتی و پێشەنگانی ئەو ڕێکخستنە و لێدان لە کەسایەتی یان بڵاو دەکەنەوە، کار گەیشتووەتە ئەوەی پەرلەمانتار و نوسەر و ڕۆژنامەنوسەکانیشیان بۆ هەمان ئامانج خسووەتە کار. لەبەرامبەریشدا میدیا و ڕاگەیاندنی ئازاد سەرکوت و بێدەنگ و دەستگیر دەکەن.
هەموو ئەمانە لەو پێناوەدایە کە وەها نیشان بدرێت ئەوەی دەگوزەرێت داگیرکاری نیە و شەڕی ڕژێمی تورکیا و کورد نیە، بەڵکو شەڕی ڕژێم و پەکەکەیە، لەکاتێکدا خودی ڕاپۆرتەکەی سەتا ڕەخنە لە حکومەتی سەدام تا ئێستا دەگرێت و بەلاواز وەسفیان دەکات کە نەیانوانیووە هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن و بۆشایی دەسەڵاتی دروست کردووە، کە مەبەست پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و لە چەند شوێن جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەکەنەوە.
ئێستا پارتی هەموو هێزەکانی خۆی خستووەتە ئامادەباشیەوە بۆ شەڕی دژ بە پەکەکە و هاوکاری پیلانەکانی تورکیا، ئەم پیلانە کۆنە و چەندێکە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، ڕووداوە گوماناویەکەی هۆقەباز تەنها بەهانەیەکە بۆ ڕەوای دان بۆ بەو پیلانە.
ڕێزدار بەسی هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی فرات بەئاشكرا گوتی، تورکیا بە تێگەشتنی عوسمانی نوێ هەوڵ ده‌ده‌ن سوود لە هەلومه‌رجی شەڕی جیهانیی سێیەم وەرگرن و لەسەر لەناوبردنی کورد پیلانی میساقی میللی جێبه‌جێ بكه‌ن. پەکەکە لە به‌رانبه‌ر ئەم ئامانجەیان وەک به‌ربه‌ستێكی گەورە ده‌بینن. بۆیه‌ بە هەموو شێوەیەك هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌.
ناوبراو ڕەخنە لە سیاسەتی پارتی دەگرێت بەوەی، سیاسەتی هەنوکەیی پارتی خزمەت بەو ئەجەندا دوژمنکاریانەیەی تورکیا دەکات و زیان بە بەرژەوەندی کورد دەگەیەنێت دەبێت پارتی لەو ڕێ هەڵەیە بگەڕێتەوە.
هۆزات دەڵێت، تورکیا هەوڵێكی گەورە ده‌دات تا له‌نێوان پارتی و پەکەکە، له‌نێوان پێشمەرگە و گەریلادا شەڕ هه‌ڵگیرسێنێت، پێویستە پارتی نەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە، ئەو دەڵێت ئەگەر پارتی هەڵوێستی مامەڵەی خۆی بگۆڕێت بەشێوەیەکی نەتەوەی مامەڵە بکات ئەوا دەتوانێت خۆی لە پەکەکە نزیک بکاتەوە و ڕێکەوتنی یەکێتی نەتەوەیی واژۆ بکەن.
بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە کە پێدەچێت کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی شەڕ بێت، چوونکە هەموو ئامادەکارییەکان تا بێدەنگی پەرلەمان لەمەڕ داگیرکاریەکان ئەو سیگناڵە دەدەن، ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆ لە قازانج تورکیا و لەباربردنی دەستکەوتە نەتەوەیی - نشتیمانیەکانی گەلی کورد.


31/07/2019



وتارەکانی تری نوسەر