بارزانی چۆن بە بەرنامە سلێمانی تاساندووە؟

سەرکەوت شەمسەدین
ئەوەی بارزانی بە سلێمانی کردووە و ئەکات مەگەر بەس سەدام هێندە رق ئەستور بوبێت بەرامبەر ئەم شارە!

ماوەیەکە میدیای پارتی بە عەڕابی کۆمەڵێ میدیاکاری سلێمانی و هەنێ نوسەری هەڵهاتوی سلێمانی بە بەرنامە خەریکی لێدانە لەم شارە، دروستکردنی ترس و دێواندنی سلێمانی و شوبهاندنی بە مەنبەعی سیاسەتی ئێرانی و ترساندنی دبلۆماتکارانی بیانی بەوەی سلێمانی وەک شارێکی بێ ساحێب و فەوزا وەسف ئەکات گەمەیەکی سیاسی نیە بەتەنیا دژی ئۆپۆزسیۆن و دژی یەکێتی، بەڵکو پلانە بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان لە رێگەی سرینەوەی سلێمانی و نەهێشتنی کاریگەری سیاسی و ئابوری سلێمانی، چونکە پارتی دڵنیایە تا سلێمانی بەهێز بێت ئەو ناتوانێت لە حوکمی نیوەی کوردستان زیاتر بکات.

کاتێک سلێمانی و هێزەکانی ئەم سنورە لاواز ئەبن و تەسلیمی پارتی ئەبن، ئیدی پارتی هەموو سەرنجەکان لەسەر سلێمانی لا دەبات و دەیکاتە قەزایەکی پەراوێزخراو کە شارەکە لەبەردەم وەزیری دارایی و ئەمین عامی ئەنجومەنی وەزیران زەلیل بکات بۆ ۱٠٠ هەزار دۆلار.

پارتی پاش تەسلیمبونی یەکێتی و گۆڕان توانی کارێک بکات هەموان بۆ تەواوکردنی پرۆژەی (۱٠٠) مەتری سلێمانی بخاتە سەرچۆک.

پارتی لە ناو هێزە سونەکان و لای ئەمریکی و ئەوروپییەکان بەردەوام سلێمانی وەک شارێکی ترسناک و ژێر کۆنترۆڵی ئێران وێنا دەکات، بەجۆرێک هەر بابەتێکی نارەزایی سلێمانی یان پرسی لامەرکەزی لای ئەو هێزانە وەک پلانی ئێرانی ئەژمار دەکات، لە کاتێکدا هەولێر و دهۆک بەتەواوی بەشێکن لە موستەعمەرەی تورکی، بەڵام هێندە بێ شەرمە گا لە چاوی خۆی نابینێ و مێش لە چاوی ئەوانی تر دەکات بە گایەک.

یەکێتی و گۆڕان نەک توانای روبەروبونەوەی ئەم حەملەیەی پارتییان نیە دژی سلێمانی، بەڵکو رێخۆشکەرن بۆپلانەکانی پارتی لەرێگەی کۆمەڵێ ئیغرایی مادی و پۆستی سیاسی.

ئەو شانۆگەرییەی پارتی لەرێگەی کەناڵەکانی و بە پێشاندانی کۆمەڵێ ژمارەی فریودەر ولەرێگەی هەنێ نەخوێندەواری ناو پەرلەمان وێنەیەکیان دروستکردووە کە گوایە پارەیەکەی زۆر لە سلێمانی هەیە و بەڵکو پارەی دهۆک و هەولێریش بۆ سلێمانی یەت ئیرهابێکی ترسناکە بۆ دروستکردنی رق و کینە لە نێوان هاوڵاتیانی سلێمانی و دهۆک و هەولێر.

جارێ ئەوە چ گەمژەیی و بێ روییەکە منەت بەسەر سلێمانی دا بکەیت بڵێی ۹٠٪ نەوت لە هەولێر و دهۆک بەرهەم دەهێنرێت لە کاتێکدا لە ۲٠٠۷ ەوە پارتی پارەی پشکی هەموو هەرێمی بەکارهێناوە لەگەڵ دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زۆرترین وەبەرهێنان تەنیا لە ژێرخانی نەوتی دهۆک هەولێر  بکات و سلێمانی بەتەواوی و بەمەبەست پەراوێز خراوە بەڵام پارتی بێ یەکیتی و گۆڕان هەرگیز ناتوانێ سلێمانی پەڕاوێز بخات.

سلێمانی زۆرترین قوربانی داوە لە جوڵانەوە کوردیەکان و زۆرترین زیانی پێگەشتووە، سلێمانی زۆرترین باجی مانەوە و کۆڵنەدانی داوە لەبەرامبەر ستەمکاری بەعسی و بارزانی، بۆیە ئیتر کاتی کۆتایهاتنی ئەو ستەمەیە و، کەسیش بایەخ بە چیرۆ درۆینانەی پارتی و بارزانی نادات دژی سلێمانی، گۆڕان و یەکێتیش ئەگەر ئاوا بەردەوام بن لەم ملشۆرییە دەکەونە بەر غەزەبی ئەم شارە و وەک پارتی لەم شارە دەبنە هێزی قێزەون و دۆڕاو.

23/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر