سپارتا

بەیار عومەر عەبدولآ


یۆنانی کۆن سیستەمێکی فیدرالی هەبووە؛ هەر ناوچەیەک حکومەتێکی تایبەت بەخۆی هەبووە، بەڵام هەمویان یەک پایتەختیان هەبووە کە بریتی بووە لە ئەسینا. یەکێک لەو حکومەتانە ناوی سپارتا بووە و کەوتۆتە باشوری یۆنانەوە. 


خەلکی سپارتا بە جەنگاوەری ئازا و چاونەترس ناسرابوون لەبەر ئەوەی حکومەتی سپارتا هەر لە سەرەتاوە ڕاهێنانی جەستەیی و مەشقی سەربازیان بە منداڵەکانیان دەکرد لەسەر چۆنێتی شەڕکردن و چاونەترسی. ئەمەش وایکردبوو کە خەلکی سپارتا، کە پێیان دەوترێت سپارتان بە ئازاترین و کاریگەرترین هێزی شەڕکەر لە ناو یۆنانی کۆندا بناسرێن. بەپێچەوانەی خەلکی ئەسینای پایتەختەوە کە زیاتر سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسین و فەلسەفە بوون و کەمتر شارەزای هونەری شەڕکردن بوون. 


لە ساڵی ٥٠٠ بۆ ساڵی ٤٥٠ پێش زاین، واتە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ فارسەکان و یۆنانیەکان لە شەڕدا بوون. ئەمەش بەوە دەستیپێکرد کە کۆرشی پاشای فارسەکان و دواتریش داریوش دەستیانکرد بە داگیرکردنی بەشێکی یۆنان. دواجار سپارتانەکان تاکە هێز بوون کە فریای یۆنان و ئەسینا کەوتن و توانیان سوپای فارسەکان تێکبشکێنن و لە یۆنان دەریانبکەن، ئەگەرنا فارسەکان خەریکبوو تەواوی یۆنان داگیربکەن.


دوای تەواوبونی جەنگ، سپارتانەکان کە خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانی و دەیانویست دەسەڵاتیان پێبدرێت، لەگەڵ حکومەتی ئەسینا کەوتنە شەڕەوە کە ٣٠ ساڵی خایاند. لە شەڕەکەدا سپارتانەکان بردیانەوە چونکە خەلکەکەی زیاتر شارەزای بواری سەربازی و جەنگ بوون. 


دواجار سەرکردەکانی ئەسینا کە زانیان بە شەڕ دەرەقەتی سپارتانەکان نایەن، ناچار پەنایان بردە بەر ئەوەی کە بە پارە و پۆست و هەندێک ئیغرائاتی تر فەرماندەکانی سپارتا لە خشتەبەرن و بیانکەن بە گوێڕایەڵی خۆیان. واتە ئەوەی بە شەڕ پێیان نەکرا، توانیان بە فریوی پارە و پۆست بەدەستی بهێنن و سپارتانەکانی پێلاوازبکەن.


ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە پارتی هاوشێوەی ئەسینای کۆن بەدرێژایی شەڕی نەگریسی ناوخۆ دەرەقەتی یەکێتی نەهات و نەیتوانی لەناویبەرێت، چونکە یەکێتی هاوشێوەی سپارتانەکان زیاتر شارەزای جەنگ بوون، پارتی ناچار پەنای بردە بەر ئەوەی بە فریوی پارە و پۆست و هەندێک ئیغرائاتی تر بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی یەکێتی لاواز و گوێڕایەڵ بکات. 


شۆڕشی نوێ و ڕاپەڕینی ١٩٩١ یش یەکێتی دەوری سەرەکی هەبوو تێیدا (کە ئێستا سەرکردەکانی دابەش بون بەسەر یەکێتی و گۆڕاندا)، بەڵام لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی و لاوازی بەرامبەر فریوی پارە و پۆست و غەریزە، پارتی بوو بە خاوەن ماڵ و باقیاتیش بوون بە میوان.


دواتریش بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی سنوری سەوز باوەڕیان وابوو کە بزوتنەوەی گۆڕان لەجیاتی یەکێتی دەتوانێت بەرامبەر پارتی بوەستێتەوە و خزمەتی ئەم سنورە بکات، بەڵام دواجار پارتی توانی لە ڕێی ئەوەی بیانخاتە حکومەتەوە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی فعلیان بداتێ بۆ خزمەتی ئەم سنورە، خەلک لە گۆڕانیش بێئومێد بکات. 


هەر هێزێک بیەوێت هەڵسێتەوە و ببێتەوە بە خاوەنی بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆ و بتوانێت خزمەتی ئەم سنورە بکات، دەبێت خۆی لەو کەسانە ڕزگاربکات کە وەک سپارتانەکان ئیرادەیان لاوازە بەرامبەر فریوی پارە و پۆست و غەریزەکانی تر. 

05/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر