مژدەی بەرهەم صالح لە چارەسەری قەیرانی دارایی دا

د. بەکر سدیق
بۆ چوارسال دەچێ ، لە سایەی ئەو سیاسەتە مالباتیە جوتخێزانیەی دەسەلاتی پاوانكاری هەریم لەگەل بەغدا پیادەی دەكات ، موچەخۆران وهاولاتیانی هەریم ، لە مەنگەنەی پەیوەندی نیوان هەریم وبەغدا دراون و هەژارییەكی كوشندەو داتەپینێكی ئابوری ، بەرۆكی هەرێمی گرتوە . دەسەلاتی حیزب و خزم لە هەرێمدا ، ئیرادەی بریاری حوكم و ئیدارەو دارایی هەریمیان پاوانكردوەو خۆشیان بونەتە بارمتەی سیاسەتی ئەو ولاتانەی ، نایانەوێ ، كورد خێر لە مافە دەستوریەكانی خۆی لەعیراقدا ببینێ . ئەمەش بواری بۆ دەسەلاتی ئیتیحادی لە بەغدا رەخساند ، تا لەرێی برینی موچەو سیاسەتی واز لە یەكتری هێنانی هەولێرو بەغدا ، كوردستان حەوالەی رۆژی مەبادا بكرێ . بەلام رۆژی مەبادا ، گۆرا بۆ رۆژی ریفەراندۆم و هەموو ، عینادیەكانی دەسەلاتی حیزب و خزم لە بەرامبەر بەغداو ولاتانی هەریمایەتیدا ،زەلیل و زەبونكران . سەرەراش ئەم دەسەلاتە زەلیلە ، وەك فیرعەونی سەردەم ، شەرمی لە بەدرۆ گەڕانی ئەو بەڵێنانە نەكرد ، كە لە جانتاكەی ئاشتی هەورامی یەوە ، دەیانكردە پاساوی برسیكردنی خەڵك و ، ئەم جارە دەستێكیان گرت بەپاونی بەردەوامی دەسەلات و دەستێكی كورتیشیان بۆ بەغدا بردو ، بەبێ تەداروك ، چونەوە بەردەم مالی عبادی ! بێئەوەی سیاسەتێكی مەدروسیان ، لانی كەم بۆ جوانكردنەوەی روی خۆیان پێبێ  ، تا ئیستاش نەیانتوانیوە  تەكانێك بە تێپەراندنی قەیرانی دارایی بدەن !
لە ئێستادا ، تاكە فریادێك ، بۆ تێپەراندنی قەیرانی دارایی هەرێم ، ئەو تێزەیە كە بەرهەم صالح لە گفتوگۆ تایبەتیەكەی خۆی ، لە كەنالی خەندان خستیەروو . تێزەكەشی ستراتیژێكی ئابوری و سیاسی  نزیك و دورمەودا لە خۆ دەگرێ . ئەو تێزەی بەرهەم صالح لە و راستیەوە سەرچاوە دەگرێ كە كورد دەبێ رو لە دەستوری عیراق بكاتەوە ، كە حمایەی پاراستنی مافە سیاسی و ئابوری و ئەرزی یەكانی ،لەدەقەكانی دا هەڵگرتوە . گەرانەوە بۆ دەستور ، ئابوری هەرێم بە ئابوری بەغداوە گرێدەدات ، لەكاتێكدا هەڵتریزاندن لە ئابوری بەغداو روكردنە دەولەتی تری غەیرە عیراقی بە بۆریە نەوتەكانی ئاشتی هەورامیەوە ، هەرێمی كوردستانی گەیاندە ئەم ئاستەی ئێستا لە زەلیل بون . بەلام ، وەختێك بەرهەم صالح ئیدارەی كابینەی بەدەستەوە بوو ، ئابوری كوردستانی بردە لوتكە . بۆیە ، بەستنەوەی ئابوری هەرێم بە عیراقەوە ، زەمەنێكی تر لە قۆناغی دوەمی كردار شەرتە دێنێتە كایەوە كە دەستەبەری بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم مسۆگەر دەكات و رێگەش خۆشدەكات ، جارێكی تر هەرێم  لەم پڵیشانەوە ئابوری و سیاسی و دبلۆماسیە هەستێتەوە . هەنگاو نان بۆ سەرخستنی ئەم تێزەی بەرهەم صالح پێویستی بەوەیە ، نوێنەرانی كورد لە بەغدا ، ئەوانە نەبن كە سەر بە دەسەلاتی حیزب و خزمان بن لە كوردستاندا ، بەلكو ئەم تێزە پێویستی بە وەیە زۆرینەی پەرلەمانتارانی كورد لە دەرەوەی بازنەی دوحیزبە حوكمرانەكانی ئیستای هەریم بن بۆ ئەوەی دیسان ، نوێنەرانی كورد لە بەغدا لە بن سیاسەتی حیزب و خزماندا ، نەبنەوە سوتەمەنی رۆلیان نادیدە نەگیرێ . 
لەراستیدا بەرهەم صالح لەم تێزەیدا ، پێویستی بە كتلەیەكی پەرلەمانی كارا هەیە كە ، بەشێك لە موهیمەی تەفاوزی كوردی و عیراقی لە ئەستۆ بگرێ و ، كۆی دەسەلاتی كوردیش  كەرەستەی پشتیوانی ئەو تێزەبێ .
هەنگاوی یەكەمیشی فرۆشتنی هەمو نەوتی هەرێمە لە رێگەی سۆمۆوە ، كە كورد دەتوانی لە ئیدارەدانی كۆمپانیای سۆمۆوە ، رۆلی راستەقینە بگێرێ و بە قەد داهاتەكەی پَیداویستیەكانی كوردستان وبانكەكانی هەرێم ، پردەكاتەوە لە پارەی عیراقی . نەك وەك كۆمپانیای كۆمۆی دەسەڵاتی پاوانكاری حیزب و خزمبێت و كەس نەزانێ ، ئەم هەموو قەرزەی كەوتۆتە سەر شانی هەریم و هاولاتی كوردی لە كوێوە دێ و بۆ كویمان دەبا؟!
هەنگاوە دور مەوداكەی تێزەكەی بەرهەم صالح ، ئەو هەنگاوەیە كە خۆی لە گفتۆكەدا باسی كرد ، ئەویش بریتیە لە ، لەدەرگەدانی سندوقی دراوی نێودەولەتی بۆ پێدانی قەرز بەعیراق ، كە بێشك  بەگوێرەی مادەی 105 و 106ی دەستور ، كورد پشكە بەشی خۆی لەو قەرزانە پێدەبرێت . ئەم دوو هەنگاوە بە خیرایی قەیرانی دارایی دەرەوێنێتەوە . بۆ داهاتوش هەرێمەكەمان لە خەمی قەیرانی تری لەم چەشنە دەرەخسێنێتەوە. ئامرازەكانی  سەرخستنی ئەم تێزەش سێ پایەی سەرەكین كە بریتین لە یەكەم :بونی دەسەلاتێكی گەل پەسند لە كوردستاندا و دوەم : نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان و دەسەلاتی ئیتیحادیدا دوربن لە هەژمون و ویستی جوت حیزبە دەسەلاتدارەكانی ئێستا . سێیەم : خودی دكتۆر بەرهەم ، خاوەن بریارو هەڵگری گوتاری كوردی بێت . چونكە لە ئێستادا ، زۆر زەحمەتە ، بكەرێكی تر لە دوای مام جلال و نەوشیروان مستەفا بۆ دوو دەیەی تر كە قورسایی و سەنگی عیراقی و دەولی هەبێ لە كوردستاندا وەچنگ بكەوێ ، بۆیە دەبێ هەمومان كاربكەین ، تا ئەو تێزەی بەرهەم صالح سەركەوێ . جگە لە بەرهەم صالح و تێزەكەی ، فریادو ئەلتەرناتیفێكی تر ، كاریگەری نابێ و داهاتوش پتر ئەم راستیە رون دەكاتەوە .


04/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر