ئەو پێشمەرگەی ساختەكاری 12/5 گریاندی؟

د. بەکر سدیق
كەس لەبیری ئەوەدا نەبوو ، هۆكاری ئەو چاو قایمی و بێمنەتیەی دەسەلاتدارانی هەریم لەبەرامبەر برسیكردنی كۆمەلانی خەڵك و دۆرانە سیاسی و ئابوری و دبلۆماسیەكانیاندا ، لە كوێوە سەرچاوەی گرتوە ؟! ، كەسیش نەیدەزانی ، ئەم گروپە حوكمرانە پاوانكارە لە حیزب و خزم ، پشت بەكام ئامراز دەبەستن بۆ مانەوە لە دەسەلاتدا ، كاتێ بێ منەتانە ، خەلكی خۆپیشاندەرو مامۆستاو فەرمانبەری خۆپیشاندانەكانیان ، شەقباران و خەلتانی خوێن دەكرد! هەموو ئەو هێزو لایەنانەش كە لەدەرەوەی بازنەی گروپی دەسەلاتی سولتانی جوتخێزاندا ، تەمایان لەسەر پرۆسەی هەلبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12/5 ی بەغدا ، هەڵچنیبوو ، بیریان بۆ هیچ فاكتەرێك نەدەچوو ، كە ئەم دەسەلاتە جوتخێزانیە سولتانیە ، گرەوی مانەوەی خۆی لە دەسەلاتدا لەسەر هەڵچنێ! بەلام كە هەلمەتی هەڵبژاردنەكان كەوتە ناو گەرمەی چربونەوەی خۆیەوە ، تەنها ترسَیك كە جێی دودلی ئەو هێزانەو خەڵكبێ لە بەلارێدا بردنی پرسی هەڵبژاردنەكاندا ، ئەو گوشارانەبون كە دەكرایە سەر هێزە چەكدارەكان و فەرمانبەرانی بەدبەختكراوو هەژاركراوی حكومەت و لە بەرگی مەدەنیدا بە ترس و زۆرەملێ ، راپێچی هۆلە حیزبیەكانیان دەكردن بۆ ئەوەی ناچاری دەنگدانیان بكەن بۆ لیستەكانی ئەو دەسەلاتە جوت حیزبە خێزانیە . ئەمەش سەرەرای قەلەقی و تێكدانی ژینگەی هەڵبژاردن لە خەلكی دەنگدەر ، بەلام تا ئیوارەی  12/5 ، مەتەلی بێمنەتی ، ئەو گروپە خۆسەپێنە ، بۆ خەلك و لایەنەسیاسیەكان ، هەڵنەهێنرا ! لەو رۆژە بەدواوە هەموو شتێك ئاشكرابوو . چونكە ، راگەیاندنی ئاكامەكان ، خەلكی بە چەشنێ تاساند ، كە هیچ عەقل و لۆژیكێك ، نایبرێ ، ركابەران و بەرەی خەلك دەنگەكانیان دابەزێ و گروپی قەیران هێن و بەهەژاركردنی خەڵك ، متمانەی بەرز بێتەوە . تومەزم ئەو ئامرازەی شەرعیەتەكان هەڵدەگێرێتەوە و پرۆسەی دەنگدانی خەڵك بەرێوەدەبات ، كە كۆمسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكانە ، بە شیوەیەكی حیزبی و پۆلیسی دەستەمۆكراوەو ، لەو ناسەقامگیریەش كە لە بێمتمانەیی خەلك و لایەنەكان بەرامبەر بەو كۆمسیۆنە دروست بوە ، ئامرازێك نیە دەنگە دزراوەكان بۆ خەلك بگێرێتەوە .
ئەم ساختەكاریە  پر شەرمەزاریە ، هیوای هاولاتیانی بەچەشنێ ، نابوت كرد ، كە ، خەلكی بەئاشكرا بۆ دەنگی دزراوی خۆی ، خەم دایبگرێ ، ماتەم و نا ئومێدی سەراپای شارەكانمان پركات لە بیزاری و ، پێشمەرگەش لە پێش هەمواندا بۆ دزینی دەنگی خۆی بگری .
 لە دووەم رۆژی راگەیاندنی ئاكامە ساختەكاریەكەی 12/5ی هەلبژاردنەكان ،لەرێگەی رانیە بوم ، پێشمەرگەیەك كە لە سەرە واجبی تەواو ببوو ، دەستی لێم راگرت و بوە هاوەلم بۆ بیست دەقیقە ، بێ ئەوەی بمناسێ ، پرسیاری ئەو هەڵبژاردنانەو دۆخی پێشمەرگەم لێپرسی ، كەچی راستەو خۆ بەقورگ و چاوی پر گریانەوە ، وتی ، چوارسالە چاوەرێی ئەم رۆژەی دەنگدانمان دەكرد ، تا بەدەنگدان لەم تاقمە خۆسەپێنە رزگارمان بێت ، كەچی ئەو چانسەشیان بە ئێمە رەوا نەبینی و دەنگەكانمانیان دزی ، خوا بیانگرێ . ئەو ووتی ئەو زولم و درۆیەی تاقمی دەسەلاتدار لە پێشمەرگە كردیان ، بە هەرەشەی دەركردن و برینی موچەكانمان و بردنی پێشمەرگە بۆ ناو هۆلە داخراوە حیزبیەكان ، هێشتا ئێمەی ساردنەكردەوەو ، دەنگمان نەدایەوە بەو گروپە . بەلام ئەوان ، ئەو دەنگەیان بۆخۆیان بردو لە ئێمەیان ستاندەوە .
گروپێك بە هەراجی نەوت و بەهەدەردانی سامانی ولات و ستەمی موچە ، تێر نەخوات ، لەو رقەی بەرامبەر سەركردە هەلكەوتوەكانی دەرەوەی گروپی خزم و خوێن ، هەڵیگرتوە ! چاوی لە دزینی دەنگی دەنگدەرانی خەلك و پێشمەرگەبێت ، ئەوا دەبێ چاوەروانی بەلای خراپترو كارەساتی گەورەتری لێبكرێ ، كە بەسەر خەلك و ولاتەكەمانی دا بهێنێ . بەلام ئاخۆ ، ئەم ساختەكاریە ، پاداشتی  ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر نیە؟ ئاخۆ ، ئەم گروپە توانای ئەوەی هەیە بەرهەمی ساختەكاری هەڵبژاردنەكان بچنێتەوە ؟ئاخۆ ئەم گروپە بۆی دەلوێ  بۆ لەمەودوا  كۆمسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكان ، لەعیراق و كوردستاندا ، بە ئەسیرو  دەستەمۆی خۆی بهێلێتەوە؟! بێشك ،ئاماژەكانی دوای پێكەوەنانی كابینەی ئیتیحادی ئەو ئاماژانە دەخەنە روو ، كە ئەم گروپە ، چون دەچنەوە ناو زەلیل بونەوەیەكی تری سیاسی و گۆرانكاریە سیاسیەكانی عیراق و ناچەكەش پێناچی مژدەی چنینەوەی بەرهەمی ئەمە ساختەكاریەیان پێ ببەخشێ . پێشمان وایە هەڵبژاردنەكانی كوردستان لە مانگی 9ی ئەمسالدا ، قابیلی تەمبێكردنی ساختەكاران دەبێ ، ئەگەر حیزب و لایەنە دەنگ دزراوەكان ، لەبەرەیەكی یەكگرتودا سەنگەری خەلك بەڕوی ساختەكاریی ئەوانەدا ، تۆكمە بكەن .


22/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر