هاتنی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان روداوێکی گەورەنیە

د. بەکر سدیق

كێشە هەلواسراوەكانی نیوان هەولێرو بەغدا تارادەیەكی زۆر بەودەسەلاتەی سەرەك وەزیران لە عیراقدا هەیەتی، بەردەوام لەژێر رەحمەتی دەسەلاتی سەرەك وەزیرانی عیراقی ئیتیحادیدا توشی چەقبەستن و هەلواسران هاتون . چونكە سەرەك وەزیر لە عیراقدا لە سەر ئاستی حكومەتی ئیتیحادی خاوەنی دەسەلاتی بریاری سیاسی و دارایی و كارگێریە. ئەوكێشە هەلواسراوانەش چ ئەوەی پەیوەستە بە مادەی 140 و چە ئەوەی پەیوەستە بە شەراكەتی سیاسی و چە ئەوەی پەیوەندی بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە ، بەهۆی عینادی سەرەك وەزیرە یەك لە دوای یەكەكانەوە كە دوای پەسندی دەستوری 2005 هاتونە سەر كورسی دەسەلات ، بەردەوام قەوارەی هەرێمی كوردستانیان لەرێگەی خۆدزینەوە لە و پابەندیە دەستوریانە لە قالبی شۆڤینی خۆیان داوە ، كە خودی دەستوری 2005 دەرهەق بە مافە سیاسی و ئەرزی و داراییەكانی هەریمی كوردستان بەسەر سەرەك وەزیرانیدا دەسەپێنێت.

 

هەمیشەش كورد یان سونە كۆششی سیاسی و پەرلەمانی ئەوە دەكەن كە سەرەك وەزیران لەو كەسانەبێت كە پابەندیەدەستوریەكانی ئەو دوپێكهاتەیە وەك خۆی جێبەجێبكات . لە ئێستادا كە كازمی هاتوەتە سەر تەختی شانۆی سیاسی عیراق ، كە یەكێكە لەو پیاوە سیاسیانەی زۆرترین تێگەیشتنی بۆ كێشەی كورد هەیە و پتر گوێلەمستی ئەمریكایە تا ئیران و توركیا ، لە ناو سیاسیە كانی هەموو پێكهاتەكانی عیراقیشدا بەتین ترین پەیوەندی لەگەل سەرەك كۆمار هەیەو وەك راگەیاندنەكان باس دەكەن بە نەخشەی سەرۆك كۆمار بوەتە سەرەك وەزیر . كەوابێ زۆرترین بوار بۆ ئەو سەرەك وەزیرە رەخساوە تا بەرامبەر هەریم پابەندێتیە دەستوریەكان جێبەجێبكات.

 

هاتنی كازمی بۆ هەرێم دەبوو بۆ راگەیاندنی مژدەی دەركردن یان كاركردن بێت بۆ كرانەوەی عیراقی سایەیكازمی -وەك بژاردە سیاسیەكەی سەرەك كۆمار – دەرهەق بە كێشەو پرسە هەڵواسراوە دەستوریەكانی نیوان هەولێرو بەغدا . بەلام كازمی هیچ هەنگاوێكی كردەیی یان ئیمزایەكی لەكوردستان و لە مێرگەپانەكەی سەرەك كۆمار فرێنەدا.

 

كەواتە حەقمانە  هاتنی كازمی وەك كاراكتەری نەخشەی ئەو سیاسیانە لێكبدەینەوە كە بیانەوێ لەدەروازەی كازمی و گەندەلیەسیاسی و دارایی و كارگێریەكانی سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە ، بازارێكی سیاسی بۆخۆیان گەرمبكەنەوەو خۆیان وەك مەرجەعی هەموو سەركردەی حیزبەكانی سلێمانی لەبەردەم كازمی و رای گشتی عیراق و كوردستاندا نمایش بكەن . پێدەچێت بەدیقەتەوە نەخشەو پلانی ئەو سەفەرەی كازمی دارێژرابێت ، هەربۆیە پێدەچێت پێی وترابێت لە پێشەوە برۆهەولیرو سێ مەرجەعەكەی هەولێر ببینە بۆ پیشاندانی دۆستایەتی لەگەلیاندا و ئنجا بچۆرە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تا بۆ رای گشتی عەرەبی شیعە و جەماوەرو سەركردایەتی یەكێتیش بلێی تەلیسمی رەمزو سەرچاوەی داهاتی زۆنەكەی پارتی لەمەودوا لەژێر رەحمەتی بەغدادایەو پارتی لەبەر چاوی ئەوانە بەبچوكی پیشان بدات.

 

لەملاشەوە ویستراوە پیشانی كازمی و رای گشتی عیراق بدرێ كە تەنها مێرگەپان ناوەندی بریاری زۆنی سەوزە.

 

لەولاشەوە ویستراوە بە پارتی بوترێ كە مێرگەپان دان دەنێ بەمەرجەعیەتی سەری رەشدا ، بەلام زۆنی سەوز لەمەودوا میرگەپانە ، نەقەلاچوالان و دەباشان، ئەگەر ئەوە نیازو مەرامی سیاسی هێنانی كازمی نەبێت ، ئایا نەدەكرا ئەو لیدوانانەی كازمی لە كۆشكی كومار و لە ناوچەی سەوز درابان ؟! لەكاتێكدا هیچ كام لە وتەو هەلوێستەكانی كازمی لە هیچكام لە بریاری سیاسی و ئیداری و داراییدا بەرجەستە نەبون ! بۆیە بەرای ئێمە تاكە سودمەنی بنەرەتی لە هاتنی كازمی بۆ هەرێم تەنها بەقازانجی مێرگەپانە بۆ ئەوەی دەروازەیەكی جەماوەری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراقدا بدۆزیتەوە تالە ناو كۆشكی كوماردا جارێكی تر چانسی مانەوەی بۆ بمێنێتەوە لەسەر حیسابی كازمی و دەستەوستانی حكومەتی هەرێم لەئاستی قەیرانە داراییە جەرگبرەكەدا و هیچیتر. 


13/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر