بیرەوەریەكی پڕ بایەخی (نەوشیروان مستەفا)

شەماڵ عەبدلوەفا
ساڵ:١٩٩٥
شوێن : هەولێر
چالاكی: كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی
لە ساڵی (١٩٩٥) دا نەوشیروان مستەفا خەمی خەڵكی بوو ئەو كاتەی كەس بیری لێ نەدەكردەوە ، لەو كاتەدا هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار هەموو خەڵكیان بە قەرزار باری خۆیان دەزانی ، بەڵام ئەو خۆی بە قەرزاری خەڵك دەزانی ! بۆیە بیری لە چاكەی گشتی(فەزیلە) دەكردەوە.
وردببنەوە لە نوسینەوەی ئەم بیرەوەرییە ٢٠/١٢/١٩٩٥ كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ڕۆژانی ٢٠-٢٣ /١٢/ ١٩٩٥ .
رووماڵێكی گشتی .... نەوشیروان مستەفا
١-مام جەلال راپۆرتێكی درێژی خوێندەوە ، هەرچەندە باسی چاكسازی كرد, بەڵام ئیشارەتی بۆ كەم و كورتی و گیرو گرفتە بنەڕەتییەكان نەكردبوو ، بە زۆری ستایشی لایەنە پرشنگدارەكانی یەكێتی كردبوو.
٢-هەموو دامەزراوەكانی یەكێتی راپۆرتی چاپ كراوی خۆیان هێنابوو ، هەموو ڕاپۆرتەكانیش ئاماژەی بە زیادبوونی ئەندام و لایەنگر دەكرد,كێشەی سەرەكیان كەمی نەسریە و كەمی سەیارە و مووچە خۆرەكانیان بوو ، كەسیان توخنی گیر و گرفتەكانی خەڵكی و گلەیی و گازەندەكانیان نەكەوتبوون.
٣-مام جەلال بە بیانووی ئەوەی كە خۆی بە موتەفائیل دا ئەنێ حەزدەكا هەمیشە باسی گەشە كردن و زۆر بوونی ئەندام و پێشمەرگەكانی یەكێتی بۆ بكەن ، تەنانەت ئەگەر واش نەبێت حەز ناكا گوێی لەو هەواڵ و دەنگ و باس و راپۆرتانە بێت كە باسی كەم و كورتی و گلەیی و لاوازبوون دەكات .
٤-هەموو بە دڵی مام جەلال شانامەیان ئەهۆنیەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دەیان خوێندەوە .
٥- بەراستی بە لامەوە سەیر بوو كەس لە خەیاڵی باسكردنی كەم و كورتییەكانی ناو یەكێتی و خراپی هەلو مەرجی ژیانی خەڵكدا نەبوو .
من هەڵمدایە و رووم كردە بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن وتم دەبوو وەكو باسی كورتی بودجە و بەش نەكردنی نەسریە و كەمی سەیارەت كردووە دەبووایە باسی گلەیی و گازندەی خەڵكیشت بكردایە .
جاران حیزبە شۆڕشگێڕەكان خۆشەویستی ناو خەلًك بوون بە فریشتە سەیریان دەكردن ، بەڵام ێستا لە لای خەڵك وا نەماوە و گاڵتەیان پێ دەكەن .
٦-ژیانی لێپرسراو و كادرەكانی یەكێتی جۆرێكە و هی خەڵكیش جۆرێكی تر ، یەكێ بیەوێ دابمەزرێ دەبێ ئیستیمارەی حیزبی بهێنێت ، ئێستاش خەڵك دەگیرێت و بێ محاكمە ئەكوژرێ ، واسیتە و واسیتە كاری كار دەكات نەك لێهاتوویی و شارەزاییی ، ئەندام كەرت پیلان لە بەرپرسی كەرت دەكات هەتا ئۆرگانەكانی سەری سەرەوە ، نەك لەبەر ئەوەی ئەم باشترە یا ڕێبازی سیاسیان جیایە, بەڵكو تەنیا لەبەر ئەوەی معاش و ئیمتیازاتیان زۆرترە .
بە دوای من دا هەندێ لە ئەندامانی سەركردایەتی قسەیان كرد .
٧-كۆسرەت رەسول:
لە نێوان ئێمە و خەڵك دا دەلاقەیەكی گەورە دروست بووە ، ئێمە لە خەڵك دابڕاوین چونكە ئێمە بە جۆرێك دەژین و ئەوان بە جۆرێكی تر.
٨-عومەری سەید عەلی :
ئێمە بووین بە (گبقە جدیدە)
(گبقە جدیدە) ناوی كتێبێكی بەناوبانگی یەكێ لە سەركردەكانی حیزبی شیوعی یۆگوسلافییە ،ئەندامانی حیزبی شیوعی بە چینێكی تازە دائەنێ و پێشبینی رووخانیان ئەكات .
٩-مام جەلال هاتە قسە باسی كەم و كورتییەكانی یەكێتی و نارەزایی خەڵكی كرد و ناوی هەندێ بەرپرسیشی لە حیزب و حكومەت بە خراپ برد .
١٠-نەوشیروان مستەفا : رووم كردە مام جەلال و وتم لە ناو یەكێتی محاسبە نەماوە
جاران ئەو سەردەمەی لە شاخ بووین پێشمەرگەیەك یان كادرێ لە جەبەل حەمرین مخالەفەی بكردایە بانگمان دەكرد بۆ سەركردایەتی بۆ محاسبە.
كە دەگەیشتە ناو زەنگ بە ترس و لەرزەوە دەهاتە لای من بۆ ئەوەی شەفاعەتی بۆ بكەم لای تۆ ئینجا دەهاتە لای تۆ ،
تۆ مەسئولی یەكەمی یەكێتیت هەر مخالەفەیەك لە هەر شوێنێكی یەكێتی رووبدات تۆ مەسئولی لە بەردەم خەڵك لەبەر ئەوە پێویستە محاسبەیان بكەیت .
وردكردنەوە:
١-نەوشیروان مستەفا لە (١٩٩٥) شینەكەی شینی خەڵك بوو لە رێگای چاك كردن و باش كردنی یەكێتی و حكومەتەكەی تا زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن بەڵام بە قسەیان نەكرد ، تا یەكێتی بەم دەردە نەچێت (٢٣ ساڵ لەمەو بەر) .
٢-هەموو هەوڵیان دەدا مام جەلال رازی بكەن نەك خەڵك ، بۆیە دەستی خۆیان و ئەویشیان كرد بە زاخا .
٣-(گبقە جدیدە) لەو كاتەوە بە هێمنی و لەسەرخۆ گەشەیەكی باشی كردووە تا بۆتە (مافیا) ، ئەو كات پارەیەكی كەم ئێستاش نەوتێكی زۆر .
ئێستا (گبقە جدیدە) لە كوردستان دا چەند توێژێكی هەیە لە سەرەوە بۆ ناوەراستی حیزب لە ناو هەردوو حیزبی دەسەڵات دا ، هەر ئەم چینانەش سەری یەكتری دەخۆن .
٤-گەر یەكێتی لەو بەروارەدا بە قسەی نەوشیروان مستەفای بكردایە ، نە پارتی وڵاتی بەم دەردە دەبرد ، نە یەكێتیش وای لێ دەهات ، نە خەڵك بەم دەردە دەچوو .
بە داوای لێبووردنەوە ئەم بیرەوەریە دەستكارییەكی كەمی كراوە....


20/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر