خۆشەویستی‌و خەشمی سلێمانی ئاشەگوواوی‌و چوارباخ بەنموونە

کاوە شێخ عەبدولآ
سلێمانی یەکێک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی ئەوەیە ناوی گەڕەک و کۆڵانەکانی زۆر ناسک و خۆشن بۆ نموونە کە دەڵێی سەرچنار، خێرا دیمەنێکی جوان و فێنکایی دێتە بەرچاوت. ئەوە تووی مەلیک و باخی بەختیاری و بۆخۆی نەشئەبەخشن.

دڵنیام تۆش وەکو من نەتزانیوە کە ناوی (گەڕەکی چوارباخ) حەفتا ساڵێک لەمەوبەر ناوچەیەک بووە ناوی (ئاشە گوواوی) بووە! بەڵام لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێ دەیانەوێ مزگەوت و خانەقایەکی تیا بکەنەوە، ئێ خۆ ناکرێ مزگەوت ناوی مزگەوتی ئاشەگوواوی بێ. مەلای مزگەوت دەچێتە کن مەئموورانی شارەوانی و داوا دەکات ناوەکەی بگۆڕن بە شتێ کە بۆ مزگەوت و خواپەرستی بگونجێ. ئیتر لە ساڵی 1945ـەوە چوارباخ جێی ئاشە گوواوی دەگرێتەوە و هەرگیز ئەو ناوە نەبیسترایەوە.

جا خەسڵەت و سیفەتی دانیشتووانی شارەکە خۆی، زۆر ئەوەی تێدا زاڵە هەر کەسایەتییەک یان گروپێکی سیاسی یان هونەریی کە دڵخوازی خۆیانبێ زۆر بەرزی دەکەنەوە تا ئاستێکی باڵا، بەڵام کە هەستیانکرد پێچەوانەی حەزو ویستیان دەجووڵێتەوە لێی ڕەنجان و دڵیان لێی شکا، ئیتر هەرگیز ناچێتەوە جێگەی جارانی، بە کورتی بیانەوێ گوواو دەکەن بە باخ ، دڵیان لە باخ بڕەنجێ، بۆ هەمیشە دەیکەنەوە بە ئاشە گوواوی!


11/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر