پێناسەکردنی چەمکی ناوەند

زاهیر عەبەرەش

لە خوێندنگاکانی ئێستای ئەوروپادا تارادەیەکی زۆر هەموویان بە چەمک کار دەکەن، لە درێژی باسەکەشماندا تیشک دەخەینە سەر چەند چەمکێک و کە باسی دەکەین و پێناسەیان دەکەین. 
ناکۆکی conflict کۆنفلیکت 
ووشەی کۆنفلیکت لە ووشەی conflictusی لاتینیەوە هاتووە کە لە بنەچەدا بە مانای ململانێ، بەیەکدادان و دووبەرەکی دێت. کۆنفلیکت چەمکێکە زۆر لە لێکۆکەرەوان هەوڵدەدەن پێناسەیەکی تایبەت بە خۆی بکەن، دەشێت ئەم ووشەیە بۆ چەندەها دیاردەی جیاواز بە کاربهێنرێت، بە کارهێنانی بەهەر جۆرێک بێت لەسیستمی کۆمەڵایەتیدا بۆ نێوان کەسەکان دەگەرێتەوە،هەڵبەت خوێندنگاش وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت.
بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کێشەو ناکۆکیەکاندا بکەین، دەبێت سەرەتا خاڵێکی هاوبەش دروست بکەین، ئەوەش پێویستی بە کرانەوەو خۆ لێپێچینەوە هەیە، کارین کارڵسۆن لە ژێر بابەتێکدا بەناوی ( فێربە لەگەڵیدا بژی) بۆ بەرەو پێشەوە چوون بەو شێوەیە باس لە کۆنفلیکت دەکات: ئەوە بێ توانایی ئێمەیە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرێنیەکانی کۆنفلیکت بکەین کەوا هەستێکی نێگەتیڤی لە دەووروبەری ئەو کۆنفلیکتەدا بخوڵقێنێت. 
بۆ ئەوەی تێبگەین لە ژیانی قوتابخانەدا مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا چۆنە، گرنگە کە بزانین لە مێژوودا چۆن مەمەڵە لەگەل کێشەکاندا کراوە، سەردەمانی پێشتر لە پۆلدا پیداگۆگەکان زۆر میتۆدی جیاوازیان بۆ مامەڵەکردن و جارەسەرکردنی کۆنفلیکتەکان بەکار هێناوە، لەودەمەدا لێدانی خوێندکار بەکار دەهێنرا بۆ پەروەردەکردن، ئەو کات مامۆستا ئەو ئاکامەخراپەی نەدەبینی کە ئازاری جەستەی مرۆڤ دەدات، بەلای مامۆستایانی سەدەکانی رابردوو ئەوکات، ئێستاش لە کوردستان جارەسەری کێشە بە هێزی دەسەڵات و تووندو تیژی مامۆستا چارەسەر کراوە. سیمپاتی، هاوسۆزی و رێزی کەسایەتی خوێندکار تەواو بێ بەش بووە لە ستراتیژیەتی چارەسەری کێشەو ناکۆکیەکان. 
مالتین MaLten دەڵێت کۆنفلیکت و کێشەکان لەسەر چەند ئاستێکدا هەن، ئەو دابەشکردنە بۆ ئەوەیە، کە ئەو پێچیدەو ناڕوونیە ڕۆشنبکەینەوە، دابەشکردنەکەش بۆ سێ ئاستە: ئاستی تاکەس، ئاستی گرووپ و ئاستی ڕێکخراوەیی
ــ لەسەر ئاست تاکەکەس، کۆنفلیکتەکە دەگەڕێتەوە بۆ نایەکانگریەک لەناو خودی کەسەکەدا، ناکۆکیەکە وا دەبینرێت کە زۆرانبازیەک و خەباتی چەند ئیرادەو وویستێکی جیاوازە لە هەمان کەسایەتیدا.
ــ ناکۆکی لەسەر ئاستی گرووپ، ئەم ئاستی ناکۆکیە لە نێوان مرۆڤەکاندا ڕوودەدات، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە نێوان ڕۆلە جیاوازەکاندا خاڵی یەک بوون نییە، بۆ نموونە لە نێوان خوێندکار و مامۆستا، ناکۆکی لەسەر ئاستی گرووپ باس لە پرسی ناسنامەی دۆخەکان دەکات، لە کاتێکدا کە جێ متمانەبوون و سۆڵیدارێتی دژبەیەکدەوەستنەوە.
ــ ناکۆکی لەسەر ئاستی ڕێکخراوەیی، ئەم جۆری ناکۆکیە ئەنجامی فیکر و ئامانجی کۆمەڵە ڕێکخراوەکانە کە لەگەڵ واقیع و ژیاندا پێکنایەتەوە، دژبەیەک بوونێک لەگەڵ فیکرو واقعیدا دروست دەبێت، ڕەنگە بەڕوونی ئەم جۆرە کێشەیە لە خوێندگاکاندا یان لای هەندێک پەروەردەناس ببینین، ڕەنگە هەندێک قوتابخانە بۆ پرۆسەی خوێندن، بۆ جێبەجێکردن پلانی خۆی هەبێت، تێروانینی خۆی هەبێت، بەلام لەسەر ئاستی دەوڵەت پێویستیەکانی پرۆسەی خوێندنی بۆ دابین ناکرێت، یان مامۆستاو فەرمانبەرەکانی خوێندنگاکە کەم دەکرێتەوە، ئەم جۆرە کێشانەش دەبێتە هۆی ناکۆکی.
بەڵام ماڵتن باوەڕی وایە، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە پیاو لەگەڵ کەش و هاوای گروپی پۆلەکەدا کاربکات بەڕووی کرانەوەدا، هەروەها کرانەوەی ئەو هەست و بینینەی خوێندکاران کە هەیانە لەبارەی هاوکاری پێکەوە هەڵکردن.
دراما Drama 
ووشەی دراما لە ووشەیەکی گرێکیەوە هاتووە بە مانای ڕووداودێت، دراما دەتوانرێت نمایشێکی شانۆیی بێت، نمایشەکەش بەرئەنجامی تێکستێکی نووسراو، کە چەند ڕۆڵێک بەرجەستەی دەکەن، بە ستروکتورێکی تایبەت بەخۆی بنیات نراوە، کەسەکەن ڕاستەوخۆ دیالۆگەکان بەرامبەر یەک دەدڵێن.
ــ زۆر جار دراما لە ژیانی ڕۆژانەماندا بۆ دەڕبڕینێکی زیادەڕەوی هەست و سۆزەکانمان بەکاردەهێنیین، کولتوری کورد لەبەرئەوەی بە ووشەی دراما زۆر ئاشنا نەبووە، ڕەنگە زۆر جار ووشەی تەمسیل یان نواندن ئەو دەڕبڕینە زیادەڕەوییە بەکار بهێنیت.
ــ دراما لە زانستی پەروەردەو فێکردندا (pedagogik) لەم حاڵەتەشدا بەو مانایە دەیبینین وەک میتۆدێک بۆ پەروەردە فێرکردن، هەروەها زیاتر جەخت لە بەشی سێەم دەکەینەوە.
دراما پیداگۆگ ـ وانە ووتنەوەی دراما.
بەگوێرەی هەردوو لێکۆلەرەوەر ئێربرت و راسمۆنسۆن دراما پیداگۆگ واتە چالاکیەکانی خوێندکار بخەیەنە سەنتەرەوە، ئەم داهێنان و چالاکیە کرداریە کۆنکرێترین هەڵوێستە کەوا بەیانکردنە لەتەواوی کەسایەتی خوێندکار، ئەمەش کرۆک و جەوهەرە لە دراما پیداگۆگیدا.
نووسەرو مامۆستای دراما Dorothy Heathcote بەوشێوەیە دراما دەبینێت کە بوارێک بێت بۆ فێربوون، ئەویس بەهۆی ژیانکردن لەدۆخەکانی کۆنفلیکت و ناکۆکیەکان، واتە تۆ خۆت لە دۆخەکەدا دابنێیت، بەوشیوەیە خوێندکار دەتوانێت گەشە بە ژیری و تێگەیشتنی خۆی بدات و لە مەعریفەدا قوڵبێتەوە. هێگلوند و فرێدین دوو پیداگۆگن، ڕووناکی دەخەنە سەر ڕۆڵی پیداگۆگەکان، مەبەستیشیان ئەوەیە کە زۆر گرنگە مامۆستا واز لە دەسەڵاتداری دیکتاتۆریانیەی وئۆتۆریتەری خۆی بهێنت، بواری ئارەزووی گەمەکردن پێشبخات، ئەم دوو نووسەرە وای دەبینن کە پەیوەندیەکی تەواو لە نێوان دراماو یاریکردندا هەیە.
بەلای زۆربەی لێکۆلەرەوان و پسپۆرانی بواری پەروەردە، باشترین میتۆد بۆ مامۆستا ئەوەیە، کە کنەو هەڵکۆڵین لە کۆنفلیکت و بەڕێوەبردنی کێشەکاندا بکات، شانۆی سەکۆ و گەمەی سەکۆ و ڕۆڵ بینینە. ئێمەش لەخوارەوە زیتر ئەو سێ جۆر لە گەمەیە رووندەکەینەوە، چٶنێتی کارکردن و گاریگەریان، بە هەمان شێوە بە دیدگای پرۆفیسۆر ئاڕنا ماڵتین، ئەو میتۆدانەی کە زۆر بەکاردێت لە دراما پیداگۆگیدا باشترینیان بێت، ئەو سێ میتۆدی ئیشکردنەی کەباکار دێت بۆ ئیدارەکردنی کێشەکان، ( ڕۆڵ بینین Rolspel ـ گەمەی سەکۆ forumspel ـ شانۆی سەکۆ ـ forum teater) ە.
رۆڵ بینین Rolspel
رۆڵ بینین مەبەست تێدا ئەوەیە کە دیمەنێک لە ناو ژیان و واقیع دا بە ئیمپرۆڤیزەشون (ێ‌رتجال) دروست دەکرێت، (ڕۆڵ بینین) ێکی سەرکەوتوو، وا لەبەشداران دەکات، سەرنج لەو واقیعیەتە کۆمەڵایەتیە بدەن کە تێیکەوتوون. لە درێژەی نووسینەکەماندا بە دووروو درێژی باسیان دەکەین.
شانۆی سەکۆ
بەدرێژی لە لە چەند شوێنێکی تردا باسمان کرد، ئەویش جۆرێکە لە جۆری ڕۆڵ بینین، کە بەشداران بەدوای چەند چارەسەرێکی گونجاو بۆ یەک گرفت دەگەڕێت. کە خوێندکاران لە نمایشێکێکدا ئامادەی دەکەن.
گەمەی سەکۆ
بەشداران دیمەنێک بۆ دۆخێک نمایش ئامادە دەکەن کە مەبەستیانە، زۆر نزیک بێت لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان، ئەویش هەروەک شانۆی سەکۆ دیمەنەکە بەناکۆکیەک کۆتایی دێت پاشان داوا لە خوێندکاران دەکرێت کە موداخەلەبکەن بەوەی کە نمایشەکە بووەستێین .
ڕوونکردنەوەی بەهاکان
بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕوونکردنەوەی ڕوونکردنەوەی بەهاکان وەک میتۆدێک زۆر ئاسانە، پیداگۆگەکان پێویستیان بە زانیاریەکی زۆر و زەوەند نییە، بۆ ئەوەی مەشقی بەهاکان بەڕێوە بەرن، مەشقی بەهاکان زۆر بەسود و کەڵکدارە، ئەو زانیاریەمان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بزانیین تاکەکان/ خوێندکارەکان لەکوێی پرسەکاندا وەستاون، بیرو بۆچوونیان بەرامبەر پرس و کێشەکان و ڕووداوەکان چۆنە، ئامانجی مەشقەکەش ئەوەیە کە بەشداربوان/ خوێندکاران هەڵوێستی خۆیان دەربڕن، بۆ پرسەکانی وەک موڕاڵ، ڕەوشت، شێوەی ژیان و هتد...
مەبەست و هەڵوێست 
دەبێت بەڕێوەبەرایەتی پرۆسەی خوێندن و، بەتایبەتی چالاکی قوتابخانەکان دەبێت هەمیشە ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن
* چی بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناکۆکی لە قۆناخی سەرەتایی و ناوەندیەکان؟.
* چۆن ئەتوانین ئاستی ڕۆشنبیریان بەرز بکەینەوە؟.
* چ میتۆدێک بەکەڵکە بەگشتی بۆ مامەڵکردن لەگەڵ ناکۆکیەکاندا، بۆ ئەوەی مامۆستا بەکاری بهێنێت؟.
* بە چ شێوەیەک مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکی و کێشەکاندا بەشێکە لە ئەرکی پیداگۆگەکان؟.
پێشنیازی ئانی و خێراش ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتی پرۆسەی پەروەردەو چالاکی قوتابخانەکان،لە خوێندگاکاندا فۆکس بخاتە سەر دیدی (کولتوری کۆمەڵایەتی)سۆسیۆکلتوری لە کارکردنیاندا، و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان خوێندکاران، کەش وهەوای کۆمەڵایەتی پەیوەندیەکی توند و تۆڵی بەتیۆریەکەی لێڤ ڤیگۆتسکی هەیە، لەڕوانگەی سۆسیۆکولتوری کە مەبەست تێدا مرۆڤ هەمیشە فێر دەبێت، لە هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا لە فێربووندایە. جەختکردنەوەی ئەوەی پیاو لەڕاستیدا چی فێر دەبێت، ئەو تێۆری کلتوری کۆمەڵایەتیە وایدەبینێت کە فێربوون لەڕیگەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە ڕوودەدات. لەووڵاتی ئێمە لە قوتابخانەکاندا، کە بەتایبەتی تر کە خوێندنگا خۆی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیە، کەسەکان/خوێندکران لەچەند خێزان، کولتور، چین و دین و سیاسەتی جیاوازەوە هاتوون، بە بارگراوندی جیاوازەوە خوێندکاران کورسیەکانی پۆلی قوتابخانەی کۆیکردوونەتەوە، زۆربەیان بە باوەڕ و بیری جیاوازەوە لەوێن، ئەو جیاوازیانەش زۆر ئاسانە بێتە هۆی ناکۆکی و تێنەگەیشتن. کۆنفلیکت، ناکۆکی و کێشە بەشیکی سروشتی ئەو پێکەوە کارکردن و بەریەککەوتنە کۆمەلایەتیەیە. مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەوشی ناکۆکیەکان بۆ خۆی پێویستی بە دیالۆگ، کۆمۆنیکەیشن، و هەماهەنگی و هاوکاری هەیە لەنێوان ئەوانەی پەیوەستن بەکێشەو ناکۆکیەکانەوە. 
ــ تیۆریەکەی جان پیاژێ لەبارەی گەشەسەندنی زهنی/مەعریفی منداڵ لە قۆناغە جیوازەکاندا ، کە دابەشی دەکات بەسەر چوار قۆناغەوە، زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە لە چ قۆناغێکدا هەست بە هاوهەستی دەکات و بەکاری هێنانیدا، پیشانی دەدات کە چۆن کاریگەری لەسەر تواناکانی هاوهەستی منداڵ هەیە، ڕوانینی پیاژێ ئەوەیە کە مەعریفەی هەستەکانی منداڵ لە هەموو قۆناگەکانی تەمەنیدا گەشەدەسێنێت، هەر ئەوەشە کە منداڵ چۆن پەرچەکردار و کاردانەوەی هەیە و ڕەفتار دەکات لە دۆخە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکاندا، بۆ نمونەش ناکۆکی. پیاژێ قۆناغەکانی بەم شێوەیە دابەشکردووە قۆناغەکانی گەسەسەندنی دابەشکردووە.
قۆناغی یەکەم: هەست و جولە (0 ـ 2) ساڵان
قۆناغی دووەم:پێش ئۆپەراسیۆن )2 ــ 6/7) سالان
قۆناغی سێیەم/ ئۆپەراسیۆنی کۆنکریتی 6/7) ــ 11/12 ) ساڵان
قۆناغی چوارەم/ ئۆپەراسیۆنی ئەبستراکت (12 ـ 15) ساڵان
ئەرکی قوتابخانەیە کە بناغەی پرۆگرامێکی لەبار دابمەزرێنێت، بۆ بنەبڕکردن و بەگژداچونەوەی هەراسانکردن، لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا هەندێک لە خوێندنگاکان لەسەر پرۆگرامێکی تایبەت بەخۆیان دەڕۆن، هەندێکی تریان خۆیان میتۆدێکی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن. پرسیار جا ئایا هیچ پرۆگرامێکی لەو جۆرە لە قوتابخانەکانی کوردستان هەیە؟ یان بە بیری وەزیر و وەزارەتدا دێت، بیر لە پلانێکی وابکەنەوە؟ کارێکی زۆر گرنگ و ئانیە کە وەزارەت بە پرسوڕا لەگەڵ کەسانی پیداگۆگ، دەروناس، و فەلسەفە ناس، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ڕۆژئاوادا، شارەزیان لەو بابەتەدا هەیە، بیر بکەنەوە چۆن ئەو جۆرە پلانانە بخەنە چوارچێوەی کاکردنی قوتابخانەوە، پێش هەموو شتێک، سەربەخۆی تەواو بدرێت بە خوێندنگاکان خۆیان. 
بەها بنچینەییەکانی خوێندنگا کەوا پێویستە لەگەڵیدا بژین ئەوەیە کە دەبێت، داوای لێبکرێت کە قوتابخانە کار لەگەڵ ئەوەدا بکات، کە ژینگەو کەش و هەوایەکی دڵنیایی بۆ خوێندکاران فەراهەم بکات، هەموو خوێندکاران بەبێ جیاوازی و بەبێ مەرج دەبێت وەک یەک ببینرێن، هەستیان پێبکرێت و پێویستیەکانیان بۆ پڕبکرێتەوە، بۆ ئەوەی خوێندکاران ڕازی ببن و دڵنیا بن. 
قوتابخانە ئەو ئەرکەشی لەسەرە کە زانیاریەکانی بگەیەنێتە هەموو تاکێکی خوێندکار، و ئەو هەل و مەرجەشیان بۆ دابین بکات بۆ گەیشتنی زانیاریەکان، دەرس خوێندن دەبێت بۆ هەمووان وەک یەک گوونجاو بێت، قوتابخانە ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێت، کە چالاکانە لەگەڵ نۆرم و بەهاکاند کاربکات.
ئەرکێکی تری قوتابخانە ئەوەیە کە کاربکاتە سەر خوێندکارەکان، کە خۆیان بە بەشیک لەوکۆمەڵگایە دابنێن کە تێدا دەژین. قوتابخانە دەبێت زانیاری بەخش بێت، ئەو بەها گشتی و هاوبەشانە بەرجەستەبکات و ڕوونبکاتەوە کە کۆمەڵگایەکی دیموکراسی لەسەر بنیات دەنرێت. هەر ئەرکی قوتابخانەیە کە پاڵنەرێکی سەرەکی بێت، کە خوێندکاران جالاک بن و بەشداری کاریگەریان هەبێت، مەنهەج و پرۆگرام چەند ئامانجێکی جۆراو جۆری هەیە، کە دەبێت ئاراستەکان فۆرمەلە بکات و دەریان ببڕێت. زۆر لەو ئامانجانەی کە باس دەکرێت، باسی ئەو ڕۆڵە پەروەردەیەیە کە قوتابخانە دەبێت هەیبێت، خوێندنگا دەبێت ئەو هەوڵە بدات کە هەموو تاک تاکی خوێندکارەکان توانای گەشەکردنیان بەرەو پێشەوە ببات، کە وا بکات خوێندکاران بەشێوەیەکی هوشیارانە گوزارشت لە هەڵوێستە ئەخڵاقیەکان کە لەسەر ئەزموونی تاکەکان بنیات نراوە دیاری بکات. 
جا بۆ ئەوەی وقوتابخانە لەگەڵ ئەو داواکاریانەدا بژی و داخوازیان پڕبکاتەوە کە لێی داوادەکرێت، پێویستی بە تەقەلا و کاکردنێکی زۆرە، ئەو شێوە دەڕبرێنانەش مەبەست بۆی ئەوەیە، کە قوتابخانە ژینگەیەک و کەش وهەوایەکی کۆمەڵایەتی لەبار دروستبکات، کە خوێندکارهەست بکات پەیوەستە پێوەیی و ئەو بەشیکە لە قوتابخانە.
ئەوەی کە لەسەرەوە باسمان کرد لێکدانەوەیە بۆ ئەوەی کە قوتابخانە دەبێت بەگژ ئەو حیساب بۆنەکردن و چاوپۆشینەدا بچێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوی خوێندکاران فێربکات کە خۆیان لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکیەکان چارەسەرکردنی کێشە ڕابهێنن. قوتابخانە دەبێت کۆششێکی زۆر بکات تا خوێنکاران خۆیان بەدوور بگرن لەوەی مرۆڤ بخاتە نارەحەتیەوە، جەوساندنەوە، هەراسانکرن یان مامەڵەیەکی بێ حورمەتانەی لەگەل بکرێت، سەرەرای ئەم خۆ بەدوورگرتنە دەبێت بەدیوێکی تردا فێری هاوکاری و یارمەتیدانی ئەوانی تر بکرێت. دەبێت جیاوازکاری، رەگەزی، جێندەر، چین و هەر بەکەم زانینێکی خوێندکار لە قوتابخانەدا بەپێی یاسا قەدەغە بکرێت. لە قوتابخانە ڕۆژئاوایەکاندا ئەرکی مامۆستاو بەڕیوبەریشە کە پیشانی بدات، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و جیاوازی نەکردنی خوێندکاران و چارەسەری کێشەی خوێندکارە نەتەوە جیاوازەکان دەدات. ئەرکی بەڕێوەبەرە زانیاری تەواوی لەسەر هەموو جوولانەوەکانی ناو قوتابخانە هەبێت، زانیاری هەبێت کە چ خوێندکارێک لەلایەن خوێندکارانی هاوڕێی و دەوروبەریەوە دووجاری گرفتی شکاندنەوە دەبێت، زۆریس گرنگە ئاماژەوە بەوە بکەین، هەموو شتێک لەتێروانینی ئەوەی خویندکار سوبجەکت ببینین، هەموو شتێک لەوەوە سەرچاوە بگرن، کە خوێندکار خۆی بکەر (سوبجەکت) بێت.
هەروەها بەڕێوەبەرانی پرۆسەی خوێندنیش لێپرسراون بەوەی ئەو مەسافە و ئامرازە دەستەبەر بکەن، بۆ بەگژاچوونەوەی ناکۆکی، ئازاردان، سوکایەتی پێکردن و هەراسانکردن و هەروەها چارەسەری ئەو کێشانە. ئەوەیش بە مانای ئەوەی قوتابخانە پێویستی بە لێوەشاوەیی و ئامرازێک هەیە کار لەم بابەتە بکات. ئەی دەبێت ئامرازەکە چی بێت؟ لێوەشاوەی تواناییەکە چی بێت و کێ بێت؟. جائەگەر ئێمە بەسەر ئەوەدا چووینەوە، کە ئەرکەکانی قوتابخانە چییە و جۆن کاردەکات؟. ئەوکات دەگەینە ئەو باوەرەی لە ڕاستیدا زۆری قوتابخانە کارکردنە لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتیەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا من دەزانم گومانم لەوە نییە کە هیچ مەنهەج و میتۆدێک لەوەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابخانەکان نییە، یاخود هیچ میتۆدێکی حازر و لەبەدەستدا نییە بۆ کارکردن، بەلام دەشێت چالاکی قوتابخانەکان بە حوکمی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکی هونەریە و پەیوەندیەکەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مامۆستایانی هونەردا هەیە، بە لایەنی کەمەوە دەتوانێت پێشنیاز بۆ قوتابخانەکان بکات، هەرهیچ نەبێت بۆ مامۆستایانی هونەر، بۆ هەلبژاردنی میتۆدێک کە دەست و پەنجە لەگەڵ کێشەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی قوتابخانەکان نەرم بکات. نەک هەرئەوەندە ڕێنمایشیان هەبێت، هەروەک چۆن لە خوێندنگاکانی ڕۆژئاوادا هەیە،، قوتابخانە دەبێت کار لەگەڵ گوزارشتە ئیستاتیکیەکانی تر بکات وەک دراما، دانس، موسیک، وێنە و نووسینی تێکست، کە ئەمەش بەشێکی تری ئەرکی قوتابخانەیە، پیداگۆگی ڕیفۆرمخواز جۆن دێوی کەباس لە قوتابخانە دەکات، دەڵێت، قوتابخانە وویلایەتێکی دیموکراتی شەعبیە. دێوی مەبەستی ئەوەیە کە دەبێت قوتابخانە و خوێندن لەلایەن کەرتی دەروونزانەکان و کۆمەڵناسەکانەوە باڵبکێشرێت بەسەریدا، بۆ ئەوەی گەشە بەتوانی دیموکراتی تاکەکان بدەین. قوتابخانە پرۆسێسێکی بەردەوام بەخۆماڵی کردنە.
تێڕوانینی کولتوری کۆمەڵایەتی sociokulturella 
هەماهەنگ، هاوکاری و پەیوەندیەکان، ئەمانەن کە هەمیشە بڕیاردەرێکی گرنگن، بۆ باش بوونی کەش و هەوای کۆمەڵایەتی رۆڵێکی گەورە دەگێڕن، مرۆڤەکان لە بارگراوند و پاشخانی جیاوازەوە هاتوون، کولتوریان جیاوازە، بیرکردنەوەو حەز و ئارەزویان جیاوازە، ئەو جیاوازیەشە دەبێتە کۆنفلیکت و کێشە، ئەوەش بەهۆی هەڵە تێگەیشتنەوە و لێکدنەوەی هەڵە کە زۆر جار لە دوونیای قوتابخانەدا ڕوودەدات، بەلام ناکۆکی هەر بەتەنها بەهۆی جیاوازی کولتوریەوە دروست نابیت، لەبەر ئەوەی منداڵ زۆر جار تا ڕادەی پێویست ئەو زانیاریەی نییە، وە یا گەشەی زهنی/ مەعریفی نەگەیشتۆتە ئەوەی کە پێویست بێت بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی خوڵقاودا بکات، لەبەر ئەوە دیدگای کولتوری کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە کە بەرێوەبەرانی پرۆسەی خوێندن ئاگاداری بن، هەروەها بۆ کەسێکیس کە توێژینەوە لە ناکۆکی و چارەسەری کێشەکاندا بکات، هەموو بیر و ئایدیایەک کە ئێمە هەمانبێت لە هاوکاری کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوانی تردا سەرجاوە دەگرێت و دەستپێدەکات. لە ئەزموون و ئەزانیاریانەی کە بەدەستمان هێناوە ڕا مامەڵە لەگەڵ دۆخە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان دەکەین، لەگەڵیشیدا مرۆڤ خۆی ڕادەهێنێت و خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو خەڵکانەی دەوروبەر کەچۆن بیردەکەنەوە و چ بیرو باوەڕێکیان بەرمبەر بەو کولتورو یاسایانە ی لەکۆمەڵگادا ڕێگەپێدراون هەیە، ئەوەش بەمانی هەموو ئەو شتانەی کە ئەنجامی دەدەین، و هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدات کار لەیەکتری دەکەن، هەروەک و چۆن گۆڕینی ژیان، مرۆڤەکانیش دەگۆڕێت، زانیاری یەکێکە لەو شتانەی کە ئێمە وەک مرۆڤ دەگۆڕیت، ئەو گۆڕینە دەگوازێتەوە بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی، واتە ئێمە شت لەیەکەوە فێر دەبین. ئێمە لەگەڵ دنیادا دەژین، نەک لەناو دیاندا.
گەشەی مەعریفی /زهنی شتێک نییە تەنها لەخۆڕا ڕووبدات، بە بێ ئەوەی کاریگەری ژینگەی دەورەبەری بەسەرەوە نەبێت، جا چ کاریگەریە مۆرڤایەتیەکان و چ واقعی ڕۆشنبیری هەنووکەیی یاخود خوێندن، لەخوێندگادا هەماهەنگی و هاوکاری کۆمەلایەتی زۆر گرنگە لە نێوان خوێندکار و مامۆستادا، هەروەها لەنێوان خوێندکاران خۆشیاندا، چونکە ئەو وابەستە کۆمڵایەتییە پشتیوانیەکی پەروەردەییە، بۆ ئەوەی منداڵ لەناوەوە ڕا گەشەبکات. نزیک بوونە لە خوێندکار بابەتێکی میحوەرییە لە قوتابخانەدا، کورترین ڕێگاش سەرنجدانی حەزی خوێندکارانە، لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانیین دڵی خوێندکار ڕابکێشین.خاڵێکی دەستپێکی گرنگی سۆسیۆکولتورە کە کەسێکی فێربوو لە تێڕامان و پرسیارو گومانەوە پێشکەش بکەین. مرۆڤ بەهۆی ئەمزموونی کولتوریەوە ستراتیژیەتی پێش دەخات، بۆ ئەوەی کە لە بیر هاتنەوە تێبگات، بتوانێت بەڵگە بهێنیتەوە، بیخوێنێتە، لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆکێشەکان، ڕەوشەکان هەڵسەنگێنێت و ئەرگومێنتیان هەبێت و جۆرەها کەرەسەی چارەسەر بەکار بهێنێت.
کۆمونیکەیشن ــ پەیوەندی 
ووشەی کۆمونیکەیشن لە ووشەی communicare لاتییەوە هاتووە کە بەمانای ئەوە دێت، کە شتێکی هاوبەشتان هەبێت، یان شتێک لەگەڵ یەکێکی تردا دابەس بکەیت. کۆمونیکەیشن ـ پەیوەندی ڕۆڵێکی گرنگ لە نێوان مرۆڤەکاندا دەبینێت و بناغەیەکی سەرەکیە بۆ گواستنەوەی زانیاریەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا، هەر بەهۆی پەیوەندیەکانەوەیە کە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکان، هەڵوێستەکان و نیازەکانی ئەوانی تر دادەنێیت، جا بۆ ئەوەی لە ڕووی، فیزیکی، جەسەدی و کۆمەڵایەتییەوە زیندووبین و خوێن بە شادەمارەکانی ژیانماندا بگوزەرێت ئەوا لەنێوان مرۆڤەکاندا پێویستمان بە کۆمونیکەیشن دەبێت، هەر بەهۆی کۆمونیکەشنەوەیە ئێمە لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە دەبینرێین، هەستمان پێدەکرێت و نرخمان بۆ دادەنرێت، کۆمونیکەیشن بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی لە یەکتر نزیکبینەوە، هێشتنەوەو باشکردن وزیادکردنی هاوسۆزیمان بەرامبەر بەیەک. لە کۆمونیکەیشندا دوو جۆە کۆنتێکستمان هەیە.
A ــ کۆنتێکستی فیزیکی
B ــ کۆنتێکستی هەست و سۆزی کۆمەڵایەتی
هەربەهۆی جەستەوە ئێمە چەندەها جۆر پەیوەندی دەگرین، بەگوێرەی ئارنا مالتن Arne Malten، مرۆڤ تەنها لە سەدا حەوتی زانیاریەکانی لەڕێگەی ووشەوە دەگوازێتەوە، لە سەدا 38 ی زانیاریەکان بەڕیگەی چۆن ( زانیاریەکان بگەیەنین ) واتە گەیەندنی زانیاریەکان لە ڕێگەی ئاستەکان، تۆنی دەنگ، داننان بە وشەکاندا لە ڕستەدا، پێداگرتن لەسەر ووشەکان، تیمپۆ، موسیکی دەنگ ڕوودەدات. هەروەها زمانی جەستە لە سەدا 55 ی پەیامەکان دەگەیەنێت. لەروانگەی سۆسیۆکولتورەوە دەبێت کۆمونیکەیشن، ڕایەڵێک و ئەڵقەیەک بێت لە نێوان بیرکردنەوە، ئەندێشەی ناوەوە لەگەڵ تەفاعولی دەرەوەدا، هەروەها کۆمونیکەیشن پێکهاتووە لە سۆسیالیزەسیۆن. Socialisation ، ڕامان، ئەندێشەو پێکەوە هەڵکردن.



23/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر