فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیغی

زاهیر عەبەرەش
هونەرو کولتور چەندێک پرۆسەی بینین،  بیستن، هەستپێکردن ومەعریفەیە هێندەش  پرۆسەیەکی بەیەکگەیشتنی تاکەکانە ودروستکردنی دیبەیت وخوڵقاندنی کەشێکی کۆمەڵایەتیە. کورترین رێگایە بۆ ئاوێتەبوون و تێکەڵاوبوون، دروستبوونی دیالۆگە  بەتایبەتی سەر وەختێک کە فێستیڤاڵێکی هونەری دەبینیت.

پەیمانگای رۆشبیری ئەمازیغی لە وەزارەتی کلتوری ووڵاتی مەغریب و ئاسمانی تافۆکات بۆ داهێنان، چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیقی لە شاری کازابلانکا لە ڕۆژانی  6 ی سێبتەمبەری 2018 لە رۆژینی 6 ی سێپتەمبەر تا 10 ی سێپتەمبەر لە ووڵاتی مەگریب لە بەڕێوە برد، کە تێدا  چەند بەرهەمێکی شانۆیی پێشکەش کراو،  لەگەڵیشیدا هەندێک وارکشۆپ و کۆڕو و سیمینار هەبوو. بڕیاروابوو کە کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد بەشداری ئەم فێستڤاڵەبن بەڵام بەداخەوە، کە نەیانتوانی بوو لەبەر بێ سپۆنسەری و هیچ دامودەزگایەکی کوردستان هاوکاری مادی نەکردوون لەم وەرزی قاتوقڕیەدا. بۆ ئەوەی حزوریان هەبێت و بەرهەمەکەیان نمایش بکەن. 

  گەلی ئەمزیقی ئاڵایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە بریتیە لە رەنگی شین و سەوز زەرد، کە هێمایە بۆ رەنگاکانی باشوری ئەفریقا. رەنگی ئاسمان و دەریاـ رەنگی شاخ و دارستان ـ رەنگی بیابان.  پیتی Z  بەرەنگی سور بەزمانی ئەمازیغی لەناوەراستی ئاڵاکەیاندایە ، لە ووشەی ئەزورانەوە هەتووە بەمانای رەگ IZURAN دێت. ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا لە مەحفەلە هەرەوەزیە هونەریەدا، ئەوەبوو. کێشەی گەلی ئەمازیغی تەواو وەک کێشەی گەلی کوردستان بوو بەتایبەتی کوردستانی باکور. هەتا ئێستا بەدوای شوناسی خۆیانەوەن. ئایا ئەوان گەلێکی سەربەخۆن یان بەشێکن لە ووڵاتی عەرەب.؟ 

ــ لە فێستیڤاڵەدا نەک تەنها شانۆکاران، بەڵکو موفەکیرو رۆشنبیرانی گەلی ئەمازیقی هاوکارێکی ڕژدی ئەم فێستیڤاڵە بوون، بە گێرانی سیمینارو کۆڕ لەبارەی شوناس و گەلی ئەمازیقی، کە ئەوەش نیشانەیەکی دڵخۆشکەرەرەیە، دەتوانرێت رۆشنبیرانی کوردستانیش لە فێستیڤاڵ و مەحفەلە هونەریەکاندا هاوکارێکی جدی هونەرمەندان بن، یەکێک لەو ڕۆسنبیرانە ئەحمەد عصید بوو کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. باسەکانی بەناوی ئیشکالیەتی زمان و شوناس بوو. کە هەتا ئێستاش گەلی کورد هەمان ئیشکالیەتی هەیە. بەدیدی ئەو شوناس و تێگەیشتن دوو دیوی یەک دراون و زمان تەفاعولیان لەگەڵ دەکات. 

کێشەی هەندێک لە شانۆکارانی کوردیش ئەوەیە کە بە باس لە شانۆی کوردی دەکەن بەو مانایەی کە دەبێت جلی کوردی یان بە زمانی کوردی بدوێن، بۆ ئەوەی خەسڵەتەکانی شانۆی کوردی دیاری بکەن، کە هەمان ئیشکالیاتی هەندێک لە شانۆکارانی ئەمازیغ بوو. بەڵام زۆر جار زمان تەنها گوزارشت کردنە. لەهەمووی گرنگتر تێگەیشتنە بە دید و تێروانینی کوردی یان ئەمازیغیەوە بۆ پرسەکان زمان تەنها تەفاعولیان لەگەڵ دەکات، لەشانۆدا تەنها یەک زمان نابینرێت بەڵکو چەند زمانێکمان هەیە، هەر بەشەو بە تەنها زمانی خۆی هەیە، وەک زمانی جەستە، زمانی موسیک، زمانی تێکست، زمانی ئاماژە، زمانی رووناکی و هتد. بەڵام لە باس و کۆڕو سیمینارەکاندا لە لایان رۆشنبیرانو موفەکیرانی ئەمازیغی راستکردنەوەیەکی تەواوی ئەو تێگەیشتنە هەبوو.

 لە مێژووی ئەمازیغیدا کچ و کوڕ بەرامبەر یەک ڕاوەستاون و شیعریان بەرامبەر بەیەکتری ووتووە ، شیعریان بەسەر یەکتردا هەڵداوە، زۆر جارانیش ژنان سەرکەوتوو تربوون پیاوانیان لەکۆڕی شیعریدا بەزاندووە. کاتێکیش فتوحاتی ئیسلام ئەو ناوچانە دەگرێتەوە و بەزەبری شمشێر ئەمزیغیەکان موسوڵمان دەبن، ئەو کلتوری کرانەوەیەی کە هەیان بووە بەرەو نەمان دەچێت. لەبەر ئەوە تێگەیشتننیان دەبێت لەو دیدگای کرانەوە و بە هەند وەرگرتنی مافەکانی مرۆڤ بێت، ئەوەش بەواتای تۆ دەبێت تێگەیشتنێکی خۆتت هەبێت بەرامبەر بە بابەتەکان، یەکەم وەک مرۆڤێک وەک تاکێک دووەم وەک ئەمازیغیەک یان وەک کوردێک.

کێشەی شانۆ و تەنانەت سینەمای کوردی ئەوەنیە بەزمانی کوردی و بە ئاخاوتنی کوردی بەرهەمەکانمان پێشکەش بکەین بەڵکو گواستنەوەیەتی لە لادێوە بۆ شار بۆ مەدەنیەت . لە سیمینارەکادا باس لەوە دەکرا کە عەرەبەکان بەگەلی ئەمازیقیان دەوت ئەوانە فۆلکلۆریان هەیە باسی فۆلکلۆری ئەمازیغیان دەکرد. لەبەر ئەوە هونەرمەندان و شانۆکارانی ئەمازیغ ئەرکێکی قورستریان کەوتۆتە سەرشان ئەویش بزوتنەوەیەکی هونەری شوناس خوازیە. لەو دیدە داگیرکاریە ڕزگاریان بێت کە کلتوری گەلێک وەک فۆلکۆر سەیر بکرێت. هەروەک چون وڵاتانی سەردەستی کوردستان، ماف و مێژووی گەلێکیان تەنها لە هەڵپەڕکێ، خواردن، جلوبەرگ و فۆلکلۆری کوردیدا قەتیس کردبوو. وە هەموو نەتەوەیەک کە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی رابووەستێت خوازیاری سەربەخۆیی ژیانی کلتوری خۆیانن، زۆر جار نەتەوە لە رۆحی گشتی خەڵکەوە دروست دەبێت نەک زمان و خاک، لەسەر هەردوو نەتەوەی کورد و ئەمازیغی پێویستە گەشە بەرۆحی گشتی بدەن،  راستە خاک و زمان پێویستی پێکهاتەی نەتەوەو دەوڵەتە. بەرێوەبردنی کاری بەکۆمەڵی هاوبەش لە ڕبردوودا خواستی درێژەپێدان پێی ئێستاکەش مەرجە سەرەکیاکانن بۆ بۆ دروستبوونی نەتەوە. نموونەشمان زۆرن لەو پێکهاتانە. 

ــ ئەو تێگەیشتنەی کە عەرەب بۆ شانۆی ئەمازیغی هەیبوو، هەندێک لە هونەرمەندانی کورد بۆ خۆی هەیبوو، بەو شێوەیە شانۆی کوردی ناوزەندو وێنا دەکرد.  وای دەبینی ئەگەر کارەکتەرەکانی لە لادێ بن، نەخوێندەواربن و بەزمانی کوردی بئاخفێن، ئەوا شانۆی ڕەسەنی کوردیە. نموونەیەک دەهێنمەوە کە فیلمی زەڕ کە لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ساڵی پار نمایشکرا، بەزمانی کوردی نمایش نەکرا.

ئەکتەرەکان جلو بەرگی لادێ و تەزبیحیان بەدەستەوە نەبوو لەگەڵ ئەوەشدا تا سەر ئێسقان بەدوای شوناسی کوردیدا دەگەڕا. شار بەمەبەستی ئەوەی ژن، گەل پاڵەوان بێت وەک سوبجەکت بێت. باس لە ئازدیەکانی تاکو مافی مرۆڤ بکەیت. پەڕینەوە لە دێوە بۆ شار بە مەبەستی ئەوەی جارێکی تر گەلی کورد یان ئەمازیغی وەک قوربانی سەیر نەکرێت، ژن لە تێکستەکانیاندا تەنها وەزیفەی گریان نەبێت. یان هەموو زەخت و پاڵەپەستۆکانی دەرەوەیان بەردەوام کاری تێبکات و تەواو پاسیڤ بن وخۆیان هیچ توانایەکی کردەییان نەبێت، وەک ئێستای گەلی کوردی باشور. ئەوە بە مانی ئەوە نیە کە ئێمە وەک کورد و ئەوان وەک ئەمازیغیەکان دەرگای رۆشنبیری بەسەر خۆماندا دابخەین و کەڵک لە هیچ ژیار وکلورێکی تر وەرنەگرین. یەکێکل لەو هەڵانەی ئەم دوونەتەوەیە کردیان دەرگا داخستن بوو بەڕوی دونیادا. صعید لەباسەکەیدا باسی ئەوەی کرد، گەلی ئەمازیق سەرەرای ئەو ژیارە مێژووییەی هەیبووە، یەکێک لە خاڵە نەرێنیەکان ئەوەبوو، بۆ کاردانەوەی دژی مییلەتی عەرەب پەنایان بردە بەر چیاکان و تەنانەت منداڵەکانیان نەدەبردە بەر خوێندن، وایان دەبینی ئەوە کلتوری ئیسلام و عەرەبە، هەروەک ئێمە چۆن نەماندەهێشت لە گوندەکاندا قوتابخانە بکرێتەوە. لە کۆمەڵگای وەرزێریدا کە کلتوری بەرز لە پاوانی گروپێکی تایبەتیدا بووە، دەرەبەگ و ئاغاکان خۆیان دەکرد بەخاوەنی کلتور، بەڵام لە کۆمەلگای پیشەسازیدا کلتور لەسەر بنەمای خوێندەواری و پەروەردەو فێرکردنە بەشێک لە ئیمتیازەکان بۆ گروپی کەمایەتی لەبەرچاو نەگیراوە و لە هەموو کۆمەڵگادا پەرەی پێدراوە.لەبەر ئەوە شانۆی کوردی و ئەمازیقی پێویستی بە پەڕینەوەهەیە.  

ــ یەکێکی تر  لەو خاڵانەی تر کە دەمەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم دوای دروستبوونی مێژووی ولاتانی عەرەب،  بە بەپێی یاسا نمایشکردن و شێعرنوسین بە زمانی ئەمازیغی  قەدەغەکرابوو. جارێکی تر شانۆ بەزمانی ئەمازیقی لە ساڵەکانی سەرەتای دووهەزارەکاندا لەدایکبووە، لەناو سەندیکاو کۆمەڵەرۆشینبیریەکاندا سەری هەڵدایەوە. جێی خۆشحالی بوو کە هەم گەلی ئەمازیغی و هەم رۆشبیرو هونەرمەندەکانیان تێگەیشتنێکی تەواویان بۆ پرسی گەلی کوردستان هەیە، ئەوان بەخۆیان دەڵێن کوردەکانی مەگریب و بە ئێمەش دەڵێن ئەمازیغیەکان. بۆ ساڵی ئایندە خولێ پێنجەمی فێستیڤاڵ وەک هاوکارێک و هاوبەشێکی خۆیان منیان وەک ئەندامی لیژنەی فێستڤاڵ دەستنیشان کرد. بە هیوام بتوانین ئێمەش هاوکاریان بین


15/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر