لێت دەگەڕێم بڕۆیت

زاهیر عەبەرەش


رۆژانی 22 تا 24 نۆڤەمبەری  ئەمساڵ لە شاری یۆتۆبۆری لە هەفتەی فیلمی کوردیدا یەکێک لەو کورتە فیلمانەی کە پێشکەش کرا، بەناوی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، لە ریژی سۆران سۆرانی، ئەم کورتە فیلمە باس لە خانمێکی هونەرمەند دەکات، کە لە ئەتەلێکەی شوێنی کارکردنی وێنەکێشانی، کە خەریکی بەرجەستەکرن و دروستکردنی پۆترێتێکە بۆ هاوژینەکەی، کە پاش ئەوەی هاوژینەکەی دەمرێت، بەڵام هەمیشە لەگەڵ یادگاریکانیدا دەژی، تا زەمەنێکی زۆر ناتوانێت باوەڕ بەوە بهێنێت کە هاوژینەکەی مردووە، هەموو ئەو کاسانەی دەورو بەی لێدەبێتە هاوژینەکەی،  لە دوا جاردا بە ئاگا دێتەوە کە ژیان بەردەوامە، خەم و یادگاریش نرخی ئەو زەمەنی خۆشەویستییە کە لەگەڵ هاوسەرەکیدا بەسەری بردووە و لەگەڵیدا ژیاوە. تا لە دواجاردا بە ناشتنی ئەو وەهمەو دانانی پۆترێتی هاوژینەکەی بە ئاگادێتەوە. 

 
پارادۆکساڵ لە فیلمدا، هەندێک جار ئێمە لەبەردەم لێڕوانینی فلیمێکداین یان بینینی نمایشێکی شانۆیین، بەڵام لەگەڵ  بەردەوام رۆیشتنی رووداوەکاندا، هێندە سیمپاتیمان بۆ پاڵەوانی فیلمەکە یان شانۆییە دەبێت، روداوەکانی کاریگەرێتی  بەسەرمانەوە دەبێت و کاتێک دەزانیت، هۆشمان تەسلیمی روداوەکانی فلیمەکە کردووە، لەگەڵ  ئازاری کارەکتەرەکەو  غەم و هەڵچونی ڕووداوەکان، ئێمەش هەڵسوو کەووت دەکەین لەگەڵ ئازاری دا غەم دەخۆین لەگەڵ مەرگیدا دەگرین، هەندێک جار دوای چەند کاتژمێرێک لە دوای لێروانینی فیلمەکە ، هۆشمان بە ئاگادێتەوەوە و پێمان دەڵێت: بەسە، ئەوەی تۆ بینیت فیلم بوو ئەوەتا ئەکتەرەکە بە زیندوێتی لەبەردەمتایە. 

 
لە فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت. لە هەفتەی فیلمی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری نمایش کرا، لە دەرهێنانی سۆران سۆرانی، پاڵەوانی فیلمەکەی کە خاتوو ژیان مۆبێرگ رۆڵەکەی وازی دەکرد، لەهەمان حاڵەتەتدیە کە ئەرستۆ ناوی دەنێت کاتاریس و، ئاوگۆستۆ بواڵ پیی دەڵێت سیمپاتی بۆ روودا و یان پاڵەوان. بەڵام لەلای ئەوگۆستۆ بواڵ دەڵێت بەئاگابە ئەوەی روویدا شانۆیە، ئەگەر تۆ بیت چی دەکەیت بۆ نەهێشتنی ئەو ئاریشەیە یان چەوساندنەوەیە. 

 
 لە کورتەفیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، هەرچەندە  باس لە ژیانی ژنێکی هومەرمەند دەکات بەڵام هیچ ناوێکی نیە، ئەوەش وە ئاماژەیە بۆ هەموو کەسێک کە لەو دۆخەدا بژی. ئەو ژنە کە هاوژینەکەی مردووە هێندە رۆ چۆتە روودای و مەرگی هەرگی هاوژینەکەی وئیسمپاتی بۆ مەرگەی خۆشەویستەکەی هێندە زۆرە، زەمەنی نائاگای هێندە درێژە، دوای زەمەنێکی درێژیش هێشتا ئەو لەو باوەڕەدا نیە کە هاوسەرەکەی لە ژیانی ئەودا نەماوە، هەرچەندە لەڕاستیدا بەجەستە هاوسەرەکەی نێژراوە، بەڵام تائێستا لای ئەم ئەم کچە هونەرمەندە لە هۆشی و بیریدا نەنێژراوە، هەروەک لە فیلمەکەدا دەیبینین، شوفێری لێدەبێتە هاوسەرەکەی کە دەرگای بۆ داکاتەوە، خەیاڵی لای ئەو کاتانەیە کە هاوسەرەکەی دەرگای ئۆتۆمۆبیلەکەی بۆ دەکردەوە، لەفەرمانگە لێپرسراوی لێدەبێت بە هاوسەرەکەی ئەو کاتانەی کە لێکتێنەگەیشتنێک روویدا بێت، لە پێشەنگاکەیدا هەموو بینیەران لە شوێوەی هاوسەرەکیدا دەبینێت. مەرگی خۆشەویستەکەی بەشێوەیەکی هەست پێکراو دەسەڵاتی بەسەر هۆشی  پاڵەوانی فیلمەکەدا هەیەو، هۆشی پاڵەوانیش جوڵەو هەڵسەکەوتی دیاری کردووە. مێشکی لەبەردەم هەڕەشەی مەترسیەکی گۆڕانکاریەکی  گەورەدایە. بەڵام لە چیرۆکی فیلمەکەدا دیمەنی ئەو هەڕەشەیە پیشان نادات، بەڵکو تۆ وەک لێڕوانێک کە سەیری فیلمەکە دەکەیت، تەنها و تەنها ئەندێشە و خەیاڵی ژنەکە دەبینیت نەک ئێستای، ئەو لە ئێستادا ناژی، بوونی ئێستای لە بەردەم هەرەشەدایە.   

 
پاڵەوان لە چرکەساتێکدا دەژی کە لە مێشکی خۆیدا، بەردەوام لە دروستکردنی چیرۆکدایەوە ئەو چیرۆکانەش هێندە زاڵە ئاستەمە خۆی جیابکەیتەوە لە کەسایەتی ژیانی ڕۆژانەی بەجۆرێک  ئاڕاستەی ژیانی گۆڕیوە.   

 
لەدوا ساتدا هۆشی توانای بڕیاردانی هەڵپەساردنی ئەو خەیاڵ و وەهم دروستکردنی ئەو چیرۆکانەی هەیە کە مێشکی خۆیدا تەنیوێتی. بەخۆی بڵێت توانای هەڵبژاردنی ئازادانەی هەیە لەبەردەم بوون ئەندێشەدا. بۆ ئەو هەڵبژردنەش دەبێت بە تونێلی بیرکردنەوەدا تێپەڕێت، تێپەڕینیش دژواری خۆی هەیە و مێشک، هۆش بیر دەخاتە بەردەم ریسکێکی گەورەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکات. پرسیار ئەوەیە چ کاتێک مرۆڤ مێشکی دەخاتە بەردەم ریسكێکی گەورەوە؟ 

 
مرۆڤ هەدێک جار دەبێت لەبەردەم هەڵبژاردندا نابێت بیر بکاتەوە، لەبەر ئەوەی لەبەردەم ئەگەرێکی ترسناکدایە. بۆنموونە ئەوەک ئەوەی تۆ بە رێدا دەڕۆیت خەریکە ئوتۆمۆبیلێک ڵیت دەدات، یان سەربانی بینایەک خەریکە دەڕمێت بەسەرتا، مرۆڤ لەو کاتەدا بیر لەوە ناکاتەوە کە بۆچی و چۆن  ئەم سەقفی خانووە دەروخێت؟ یان ئاڕاستەی ئەم ئۆتۆمۆبیلە لەکوێوە هاتووە؟ نا، بەڵکو ڕاستەخۆ خۆی لادەدات و بەلایکدا رێ دەکات کە خۆی بارێزێت. 

 
ئەو کاتەی بیرکردنەوەمان دەکەوێتە بەردەم ریسک و مەترسیەکی گەورە لەو کاتەدا هۆشی مرۆڤ لە ئەوپەڕی هۆشمەندی زیرەکیدایە. بۆیە پاڵەوانی فیلمەکەش کەوتۆتە بەردەم ئەو ڕیسکەوە، بەڵام زەمەنی بیرکدنەوەی ئەو درێژترە.

 
ئەم ژنە بونەوەرێکی هەواییە و پێی لەزەوی بڕاوە لە شێوەیەکی تایبەت چاوەروانیدایە، لەبەردەم ئەگەری بنیادنانەوەی ژیان و گەرانەوە بۆ دۆزەخدایە، بە ناشتنی پەیکەرەکەی ئیختیاری گەڕانەوە بۆ ژیان دەکات.  

 
لە شانۆ و فیلم و درامادا  گێرانەوە توخمێکی سەرەکیە، بەڵام کاتێک زمان هەبێت هەندێک لەو دژوایانەت کەم دەبێتەوە، فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، فیلمێکی بێدەنگە، لەم .فیلمە بێدەنگەدا رووبەروی پرسیارێک دەبینەوە ئایا چۆن دەتوانرێت ئەو بیرۆکەی گێرانەوەیە لای بینەر دروست بکات؟ چۆن دەتوانین گرێچنی رووداوەکان بکەین بەبێ ئەوەی ووشە بەکار بهێنین؟ چۆن دەتوانین چرۆکێک بگێرینەوە؟ چونکە خاڵی جەوهەری لەشانۆ و فیلم و درامادا دروستکردنی چیرۆکە؟ بە چ ئامرازێک چیرۆک دروست بکەین؟ راستە زمان و ووشە هاوکارمان دەبێت لە دروستکردنی چیرۆکدا، بەڵام ئەی ئەگەر نمایشەکە پشتی بە توخمی ووشە نەبەستبوو؟ لێرەدا روودا چ کاریگەیەکی دەبێت؟ ئایا گێرانەوەو بینینی رووداوەکانی ئەم فیلمە لە گۆشەنیگای کارەکتەرەکەوە بوو یان هەڵهێنجراوی زادەی سیناریست یان نووسەر؟ زۆر جار پلەبەندی و گرێچنی روودا و مووسیک دەورێکی باڵا دەینن، پاشان باسی موسیک دەکەین.

 
سۆران سۆرانی رێژیسۆری فیلمەکە دەیەوێت لە رێگای فیلمەکەوە ئەزموونی هۆشی کارەکتەرەکە بکات، کارەکتەریش بەدوای رێگایەکدا دەگەرێێت پێمان بڵێیت ئەوەی روودەدات ڕاستیە، ئەوەی لەمێشکی مندا روودەدات ئەزموونی تاکەکەسی منە بیرەوەیەکانی منە، لە Hippocampus  هەڵم گرتوون.

 
بە گوێرەی زانستی دەمار ، بیرەوەریەکان کاریگەرێتی و رەنگدنەوەی لەسەر کەسایەتیمان دەبێت، هاوکارمانە لەبارەی کەسایەتی و خەونەکانمان و تێگەیشتنی کات و پەیوەندیەکان، هەست و سۆزەکانمان بەگەڕ دەخات ، هەروەک شارەزایان دەڵێن هیپۆکامپوس کە گەنجینەی بیرەوەریەکانی مرۆڤە، کەوتۆتە بەشی چەپی مێشکەوە،(لەکۆتای ساڵی 1940 دا پزیشکی دەماری کەنەدی بەڕەسەن ژاپۆنی بەناوای جان وادا پەرەی بەداقی کردنەوەیەک دا سەبارەت بەوەی کام لای  مێشک جڵەوی مێشک قسەکردن دەکات، ئەمڕۆ ئەو تاقی کردنەوەیە لەلایەن نەشتەرگەری مێشکەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کام بەشی  لای مێشکی نەخۆش بەرپرسیارە لە ئەرکە سەرەکیەکانی هەست پێکردن، ئەنجامی پڕ بایەخ ئەوەبوو  بۆیان روونبووە کە نییوەی لای چەپی مێشک بەرپرسیار لە هێڵی بیرکدنەوە و زمان)١ 
هەر لەو دیدگایەوە رەنگە بەئاگاهی بێت یان نا، لەسەدا نەوەدی دیمەناکان وێنەگرتن لای چەپی کارەکتەرەکەوەبوو هەروەک ئەوەی سۆران پێمان بڵێیت ژیان ئەو جوڵەیەیە کە مێشک پێی هەڵدەسێت. ئەوەش پێویستی بەخوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ فیمەکە هەیە. 

 
باشترین چیرۆک ئەوەیە کە بەروونی نووسرابێت و ئاسان بێت بۆ بینین ئەویش بە هۆی دروستکرنی ڕوداو، چنینی گرێ، هەڵس و کەوتی کارەکتەر. لە شانۆ و دراما و فیلمدا، زەمەن، کارەکتەر، کامێرا هەڵس و کەوت و ڕەفتاری کارەکتەر هەندێک ڕاستیمان بۆ ئاشکرا دەکەن و لە هەمووشی گرنگتر پەیوەندی کارەکتەرەکانە بەیەکتریەوە  و شوناسیانە. 

 
لە فیلمدا، کامێرا هاوکارێکی تەواومان دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو پیوەندیەو شوناسی کارەکتەرەکە و تیشک خستنە سە ڕابوردو، ئێستا و داهاتوو. یەکێک دیمەنە سایکۆلۆجیە جوانەکان  لە فیلمەکەدا ئەوەبوو کە پاڵەوانی فیلمەکە هەموو کەساکانی لێدەبێتوە هاوسەرەکەی، بەڵام بەهۆی ئیشکالیەتی تەکنیکی و ئاریشە لە داڕشتنی چیرۆکەکەدا نەتوانرا ئەو پەیامە بەڕوونی بگاتە لای بینەر، ئەوەش بووە هۆی ئیشکالیەتی ناڕوونی، ئەو ناڕونیە ڕەنگە بوبێتەو هۆی ئەوەی زۆر بەی بینەران لێی حاڵی نەبن ، هەرچەندە ئەگەر چارەسەرێکی ئیستاتیکی و هونەریانەی بکرایە، دەبووە بە دیمەنێکی زۆر جوان و ناوازەو بەرجەستەکردنی دیوە سایکۆلۆژی و دژواریەکەی پاڵەوانی فیلمەکە،. ، بەڵام  ئەویش بە تەکنیکی  Cross dissolves کرۆس دیزۆلف دەتوانرا چارەسەر بکڕێت، وەک ئەوەی لە دوورەوە شوفێرەکە بێت بەڵام کە نزیک دەبێتەوە شوفێرکارەکتەر بگۆڕدرایە بە هاوەسەرەکەی، هتد.

 
موسیک: موسیک نەک تەنها بۆ گوێگرتن بەڵکو دەتوانرێت ببینرێ، تا ئەو حاڵەتی  بە بیستنی کاریگەریە دەنگیەکان و موسیک لە فیلمدا وێنەی حاڵەتەکە لای بینەر دەخوڵقێنێت، وەکو هەموو وێنەیەکی ناخ هەژێن ڕامان دەچڵەکێنێت. وەک ئاماژەمان پێدا فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت فیلمێکی بێدەنگە، بەڵام موسیک کاریگەریەکی باشی لە کۆی توخمەی بەرهەمێنانی فیلمەکەدا گێڕابوو، تا ئەندازەیەک لەبری ووشە بەکار دەهێنرا. موسیک لە فیلمدا پەیوەندیەکان گرم و گوڕ وتوندو تؤلتر دەکات، کە هەرگیز ئەو پەویوەندی کۆتایی پێناهێنێت و نایپچڕێنێت. ئاوازدانەرانی فیلمەکەش بەشێوەیەکی زانستی سایکۆلۆجیانە توانیبوویان بەرجەستەی رووداوەکان بکەن، کە هەندێک جار وەک بارگراووندی کارەکە  یان تەواوکردن و بەرزڕاگرتنی پەیامی فیلمەکە یان دەڕبڕینی ناخی هەست و سۆزی کارەکتەرەکە.

 
لەبەر ئەوە هەندێک جار موسیک لە فیلمدا دەبێت بە دەڕبڕی هەست و سۆزی کارەکتەر یان دەبێتە ناسینەوەی فیگوری فیلم، هەندێک موسیکی فیلم لە زهنی ئێمەدا ماوەتەوە، هەرکاتێکیش گوێمان لەو پارچە موسیکە یان کاریگەریە دەنگیە بووبێت، راستەو خۆ لە زهنماندا وێنەی شوێن، کات، رووداو و کارەکتەر دروست بووە، چونکە بەکارهێنانی کاریگەریەدەنگیەکان و موسیک لە فیلم دا بۆ  تێگەیشتنێکی زیاتر بوو بۆ دروستکردنی بنچینەی وێنەیەک بۆ دروستکردنی ناسنامە لە فلیمدا.کە پەویستە بە بابەتەوە.



سەرچاوە:

 
١ ـلێکۆڵینەوەی شانۆیی نووسینی گۆرن مایک وەڕگێڕانی فاروق هۆمەر
فیلمی: لێت دەگەڕێم بڕۆیت
دەرھێنەر و نوسەر: سۆران سۆرانی 
سینەماتۆگرافی: ھیوا ئەحمەد
بەڕێوەبەری بەرھەم: شایوان شا
دەرھێنەر و نوسەر: سۆران سۆرانی 
سینەماتۆگرافی: ھیوا ئەحمەد
ڕوناکی و یاریدەدەری کامێرا: شاکۆ حەسەن و ئاکام سەدیق
ئارت دیزاینەر و پەیکەر و تابلۆکان: بەفرین ڕەشید
مەیک ئاپ و کۆستوم دیزاینەر: ژیان مۆبێرگ 
بەرھەمھێنەر و ئەدیتەر: سۆران سۆرانی 
موزیک:
سیکادا
لێڤی مارک
مارتن سێرنی
دژیڤان گاسپاریان
دڵزار شەنگە
ڕەنگ: سۆران سۆرانی 
تایتڵ: ڕێبوار فەتاح
درۆن: نەوزاد فەرھاد

 

03/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر