شانۆی چەوساوەکان لە سیاسەتدا

زاهیر عەبەرەش

ساڵی 1964 بەرازیل کودەتایەکی سەربازیی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەمریکا پاڵپشتی ئەو کودەتا سەربازییە بوو. تەواوی بەرازیل بەساربازگە دەکرێت و عەسکەر دەسەڵاتێکی تەواو وەردەگرێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی دید وبیروباوری ئاوگۆستۆ بواڵ بوو، کە ئەو کاتە وەک کەسێکی چالاکوانی کولتوری دەناسرا، لەساڵی 1971ئۆگستۆبواڵ لەلایەن دەسەڵاتی سەربازیەوە دەڕفێنرێت و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدرێت لەسەر بیرو باوەرە کۆمۆنسیتی و ئەکتیڤیستیەکەی، ئەویش بەناچاری هەڵدێت و ڕوو لەوڵاتی ئەرجەنتین و پاشان وڵاتی فەرەنسا دەکات.

لەساڵی 1984 دا کاتێک ئۆگستۆبواڵ دەگەڕێتەوە بۆ بەرازیل بە چەند میتۆدێکی جوراو جۆری شانۆیی کار دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرێک بۆ شانۆی چەوساوەکان دادەمەزرێنێت. بواڵ لەوە تێدەگات کە پێویستە گەشە بە کارەکەی بدات و بەدوای چەند فۆرمێکدا بگەرێت بۆ گوزارشتکردن لە شانۆی چەوساوەکان و. گەرەنتی بەردەوام بوونی ئەو شانۆیەی هەبێت.

بواڵ تارمای ئەو چەوساندنەوەیەی هەر بەسەرەوە مابوو کاتێک دەگەرێتەوە، ئەو دەیووت ئێستاش لە ناخی هەموو تاکێکماندا چەوساندنەوەیەک هەیە،کە هەموو نۆڕمەکان و پەتا خراپەکانی کۆمەڵگای تێدایە، چەوساندنەوە لە ناخماندا دەژی، جا بەهوشیاریەوە بێت یان ناهوشیاری. کۆیلەش لە ناخی خۆیدا حوکمرانی قبووڵکردووە، بۆیە دەبێت بە پێی یاسا ئەو چەوساندنەوەیە، لەکۆمەڵگاو لە ناخماندا بنەبڕ بکەین.

هەر لەبەر ئەوە، لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆ، شانۆی یاسادانان ( The legislative theatre) دادەمەزرێنێت، کە فۆرمێکی تری درامایە، کە جاری وا هەیە تیشک و ئاسۆکانی بۆ داهاتوو درێژدەبێتەوە، وەک بناغەیەک بۆ گۆڕینی واقیعیەتی کۆمەڵایەتی. کە پەیوەندیەکەی تەواوی شانۆ و سیاسەت دەخاتە بەرچاو، بیرکردنەوە لەم فۆڕمی کارکردنە، ئەوەیە کە بەشداران خۆیان کاریگەربن لە پرۆسەی شانۆو سیاسیدا.

ئێمە نەک تەنها پێویستمان بە گۆرینی خۆمان هەیە، بەڵکو پێویستیشمان بە گۆڕینی کۆمەڵگا هەیە، باشترین جۆریش بۆ ئەم گۆرانکاریانە، گۆرینی یاساکانە. ئەم میتۆدی شانۆی یاسادانانە سەرنج و حەزی خەڵکانێکی زۆری بۆ گوڕین و گەشەکردنی پرسە لۆکاڵیەکان راکێشا، بەتایبەتی لای تاکەکان وگروپە تایبەتیەکان، ئەوانەی بەشێوەیەکی ترادیسێۆنی و تەقلیدی کاریان دەکرد.

بواڵ لە ساڵی‌ (1992) بۆ ئەنجومەنی‌ شارەوانیی‌ شاری‌ (ڕیۆ دی‌ جانیرۆ) هەڵبژێردرا، ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە لە ئەنجومەنەکەدا هەیبوو، بەکاریهێنا بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی جیاواز کاربکات. بواڵ لەو ماوەیەدا لەگەڵ 19 جۆر گروپی دووچاربوو بە کێشەو نەهامەتی لەکۆمەڵگادا کاری کردبوو. ئەو هەوڵیدابوو لەگەڵ ئەو جۆرە لەخەڵک و گروپانەدا نمایش پێشکەش بکات، کە لەبارەی کەسەر و کێشەو پێداویستەیەکانی خۆیانەوە بدوێن. ( کە ئێمە دەڵێن کۆمەڵگای بچوک واتە وەک توێژی جوتیاران، کاسبکاران، پارێزاران، کرێکاران، کرێنشینان، شوفێران، مامۆستایان، نەخۆش و پەککەوتە یان ئەوەنەی دووچاری نەخۆشی ئایدز بوون، هتد.. هەموو ئەمانە ئەم توێژانە کۆمەڵگا گەورەکە پێک دەهێنن) لە نۆبەی خۆشیاندا، هەر کۆمەڵەیەک و گروپێک لە گفت و گۆدابوو لەگەڵ کۆمەڵە لۆکاڵیەکە و گروپەکەی خۆیدا. لەگەڵیشیدا لە لە دیالۆگدا بوون لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا. ئەم گروپانە لە ناوخۆیاندا فێستیڤاڵیان دروست دەکرد، لەناو ئەم ڤیستیڤاڵانەدا پێشنیارێکی زۆر دەهات و دروست دەبوون لەبارەی ڕێکخراو کۆمەڵگا بچوکەکەی خۆیان.

ئەکتەرێک و پارێزەرێک پێشنیازەکانیان کۆدەکردەوەو لە شێوەی یاسادا پێشنیازیان بۆ بواڵ دەکرد، ئەو پێشنیازانەش دەگۆرا بۆ یاساو لەسەر مێزەکەی بواڵ دادەنرا. ئەویش لەدەستەکەی خۆی لە ئەنجومەنی شارەوانی هەموو ئەو پێشنیارانەی پێشکەش بە هاوڕیکانی دەکرد، بۆ قسەلەسەرکردن لەسەری بۆ ئەوەی بگۆردرێت بۆ یاسا. هەموو پێشنیازەکانی بواڵ لە خەڵکەکەوە دەهاتن و بۆ ئەنجومەنەکە دەرۆیشتن. هیچ پێشنیازێک لە خودی بواڵەوە نەرۆیشتبوو، ئامرازی بەدەستهێنانی پێشنیارەکانیش تەنها ئەو جۆری میتۆدی کارکردنە بوو. هەروەها لە سەردەمی بواڵدا 13 لەو پێشنیارانەی خەڵک، لە ئەنجومەنەکەدا بوو بە یاسا. ئەو جۆرە میتۆدی کاکردنی شانۆیە لەدواجاردا دەبێتە دەنگ و فۆرمێکی هاوکار و هونەری و دەستپێشخەر بۆ گفتو گۆ. پاشان ئەم جۆری شانۆیە، شانۆی یاسادانان بەزۆربەی ووڵاتانی دونیادا بڵاودەبێتەوە. بەسەرکەوتنێکی گەورە ئەژمار دەکرێت لە کەنەدا و بەریتانیادا.

لەساڵی 2008 بواڵ کاندیدکرا بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتیدا، بەهۆی کارەکانی لە دژی چەوساندنەوە، ئامرازێکی هونەری و بەیارمەتی شانۆی چەوساوەکان، ئەوەش لەلایەن خەڵکەوە دانی پێدانراوە وەک گەورەترین ئامرازی زانیاری و کۆمەڵگا. ئەوکەسانەشی بواڵیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد لە ناویاندا ئەندامانی حوکمەت، براوەکانی خەلاتی نۆبڵ، ئەندمانی مەحکەمەی نێودەوڵەتی، پرۆفیسۆرەکانی زانستەسیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان بوون.
ئۆگستۆ بواڵ

لە 16/ 3/ 1931 لە بەرازیل لەدایکبووە
لە 2 / 5 / 2009 بۆ دواجار ماڵئاوایی دەکات.


14/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر