هەڵای پۆشاکی ژنان و گریانی تەنافەکەی سالم

زمناکۆ ئیسماعیل
پڕۆژەی (مێینە)ی کچە ھونەرکار (تارا عەبدوڵڵا)، کە لە رۆژی دووشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ لە شاڕێی سالم نمایشیکرد، نە پیسکاری ژینگە بوو، نە تەنافی جلی ژنان، نە بیرە نەوت و قاچاخی جگەرە و تلیاک و دەرمان بوو، ھەتا ئەو ھونەرکارە خۆی پێدەوڵەمەند بکات، نە خۆگەورەکردن و دروستکردنی کەیسە بەمەبەستی چون بۆ ئەوروپا، تەنانەت لەفۆڕمە ھونەرییەکەشدا ناچێتە نێو چوارچێوەی تابلۆ، وەک کۆمەڵێک میدیا و چەناڵ لەھەواڵەکانیاندا نوسیبویان، بەڵکو لەسادەترین پێناسەیدا پڕۆژەیە، (پڕۆژەی روتکردنەوەی بیرکردنەوەی تاکی کوردە).

پاش نمایشکردنی پڕۆژەی (مێینە)یی تارا عەبدوڵڵا، لەنێو سۆشیاڵ میدیا ھەڵایەکی کۆمەڵایەتی ناوەتەوە، ھەندێک ناویانناوە تەنافی پۆشاکی ژنان، ھەندێکی دیکە وەک سوکایەتی بۆ ژن ناوزەدیانکردوە، ھەندێکی دیکەش وەک پیسکاری ژینگە و تێکدانی سیمای شار، ھەندێکیش وەک پڕۆژەی خۆ دەرخەر و بازرگانیکردن ناویانھێناوە، بەڵام بینینی زۆرینەی ئەو کەسانە و تێگەیشتنیان بۆ ئەو پڕۆژەیە لاوازە، دەکرێت ئەوانیش لەو پێناسە بچوکە بھێنینەدەر و وردتر لەپڕۆژەکە بڕوانن.

تارا بە ٩٩ ھەزارو ٦٧٨ پارچە لەپۆشاکی ئەو مێینانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، ئەو پڕۆژەیەی دروستکردوە، کەسانێک پرسییویانە چۆن ئەو ھەموو کەسە توندوتیژی بەرامبەر کراوە؟، بێگومان نەخێر، بەلاتانەوە نەنگی نەبێت کە زۆرینەی قسەکاران لەسەر ئەو پڕۆژەیە، ھەتا ئێستا نەیانزانیوە کە توندوتیژی بەس کوشتن و لێدان نییە، بەڵکو لەچوارچێوەی سەرجەم رێکخراوەکانی کارکردن بۆ مێینە لەھەرێمی کوردستان، کەیسەکانی توندوتیژییان بەم جۆرانەی خوارەوە ئاماژە پێکردوە، (زۆرلێکردن بۆ بەشودان، ھاوسەرگیریی ژن بە ژن، بە شوودانی گەورە بەبچوک، بەشودان لە بری خوێن، تەڵاقدانی بەزۆر، بڕینی پەیوەندی مێینە لەبنەماڵەکەی، زۆرلێکردنی مێرد لەژنەکەی لەسەر لەشفرۆشی، خەتەنەکردنی مێینە، ناچارکردنی مێینە بەمەبەستی کارکردن بەبێ رەزامەندی خێزان، ناچارکردنی مێینە لەسەر کارکردن، دەرۆزە پێکردن بەمێینە، وازھێنانی مێینە لەخوێندن لەژێر فشار، خۆکوشتنی مێینە بەکاریگەریی توندوتیژی خێزان، لێدان لەمێینە لەلایەن تاکەکانی خێزان، لاقەکردنی مێینە، لاقەکردنی ھاوژین بەزۆر، کوشتن لەسەر ناموس، توندوتیژیی لەکاتی دەستگیرانبوندا، ھاوسەرگیریی زۆرەملێ، خواردن پێدانی زۆرەملێ، توندوتیژیی لەسەر جیاوازیی رەگەزیی منداڵ، تێزاب پیاداکردن، بەکارھێنانی پێگەی کارکردن بەمەبەستی دەستدرێژیی بۆ سەر مێینە، منداڵخستنەوەی بەزۆر، دەستدرێژیی لەکاتی ژووانی خۆشەویستی، توندوتیژیی دژ بەمێینە لەنێو فەرمانگە و دامودەزگاکان، توندوتیژیی دژ بەمێینە لەنێو کەرتی تایبەت، سنوردارکردنی ئازادی جوڵانەوەکان، توندوتیژیی بەدوادا کەوتن (سێکسی کۆم)، ھەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ بێوەژن، بەکارھێنانی مێینە لەبواری جادوگەریی، توندوتیژی لەلایەن دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان بەرامبەر بەمێینە، نەزۆککردنی زۆرەملێ و لەباربردنی منداڵ بەزۆر، سوتاندنی لاشەی مێینە، توندوتیژی دژی مێینەی کۆچبار و پەنابار، توندوتیژیی و دەستدرێژیی و تەحەڕوشکردن لەنێو تۆڕەکانی ئینتەرنێت).

ئێستا کەشێوازەکانی توندوتیژیمان ناسی، دەبێت لەخۆمان بپرسین، ئایا ئەو ھەموو توندوتیژییە بونی ھەیە؟، ئەگەر بە ویژدانەوە وەڵام بدەینەوە دەبێت بڵێین، بێگومان بەڵێ، کەواتە دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین و بزانین، کۆی گشتی ئەوانەی شۆکبونی خۆیان بۆ سەر ئەو ژمارە زۆرەی توندوتیژی پڕۆژەی (مێینە)ی، تارا عەبدوڵڵا دەربڕیوە، زانیارییان کەمە دەربارەی توندوتیژیی، لەو ڕوانگەش ناکرێت لەسەر بوارێک قسە بکەن کە زانیارییان لەسەری کەم بێت یاخود نەبێت، ناکرێت ھەڵایەکی کۆمەڵایەتی بنرێتەوە لەسەر گۆتارگەلێکی ناڕاڤەکراوی کۆمەڵایەتی، کە وەک ڤایرۆس لەنێوماندا دەژی و دەرونی ھەموانی پوچکردوە.

بەدیوێکی دیکەشدا، زۆرینەی ئەوکەسانەی لەبری رەخنەی دروست و ھاوسەنگ، بەتانەی جۆربەجۆر و بەنوسینی (تەشھیر و تەخوین)، ھەڵایەکی نارێک و پەشێویان لەسەر ئەو پڕۆژەیە ناوەتەوە، ناتوانن دەنگێکی دیکەی ئازاد ببیستن و رێگریش دەکەن لەدەربڕینی ئەو جۆرە دەنگانە، ئەمەش بۆ خۆی توندئاژۆییە بۆ سەر مێینەیەکی دیکەی ئەم کۆمەڵگایە، کوشتنی دەنگی ئەو مێینانەیە کە پۆشاکەکانیان ھەڵواسترابوو، ئەو مێینانەی کە گەرەکیانبوو، لەڕێگای فۆڕمێکی دیکە، داخوازییەکانیان بگات بەگوێی رەگەزی بەرامبەریان.

ئێستا دەبێت بپرسین، تۆ کە لەپەیامی ئەو پڕۆژەیە تێناگەیت، دەبێت لەکەسانی شارەزای بوارەکە ببرسیت و بڵێیت "واتای ئەو پەڕۆ و پۆشاکە ھەڵواسراوانە چییە؟"، رەنگە چاوی زۆرینە، لەڕوی شکڵ و شێوە و قەبارەی بینین، بەتەنھا پەڕۆ و پۆشاکەکان ببینیت، بەڵام قەبارە و بارستایی پەیامی پشت ئەو پەڕۆ و پۆشاکە، (روتکردنەوە و ڕوتپیشاندانی بیرکردنەوەی تاکی کوردە)، روتکردنەوە لەچوارچێوەی پوچ پیشاندانی بیرکردنەوەی زۆرینەی کوردە دەرھەق بە رەوشی مێینە لەنێو ئەم کۆمەڵگایە). لەمەش بەدواوە پڕۆژەی مێینە، دەرخەری ئەم چەند ئامانجە بوو.
یەکەم: زۆری توندوتیژییەکان بەرامبەر بە مێینە لەفۆڕمێکی جیاواز بەسەرکەوتویی نمایشکرا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مێینەی کورد لەبەردەم کەڵبەی گورگدا سەما بەژیانی دەکات.

دووەم: دروستکردنی ھەڵای سۆشیاڵ میدیا، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بەبێ ھەبونی زانیاری، لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بەو ھەڵایە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە تاکی ئێمە، فێری ئەوەیە لەسەر ھەموو شتێک دەپەیڤێت.

سێھەم: قەبوڵنەکردنی دەربڕینە جیاوازەکان و گوێنەگرتن بۆ ھەبونی دەنگی جیاواز، ئەمەش دەرخەری لاوازی ئاستی رۆشنبیری تاکی کوردە، دەرخەری ئەوەیە زۆرینەی تاکی کورد، بەتەنھا روکەشی دەرەوەیان سواغی ھاوچەرخ و مۆدێرنیتە دراوە، بەڵکو ناوە و بیرکردنەوەیان لەبەردەم مەترسی ھەڵچونی توندئاژۆبوندا گەمەی جۆربەجۆر دەکات.

چوارەم و کۆتا دەرخەر: تاکی کورد بوە بەتاکێکی ھەڵچوی بەرپەرچەکردار، لەڕوی دەرونی، مرۆڤی ھەڵچوی بەرپەرچە کردار، ئامادەی بیرکردنەوە نییە، بەڵکو ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بەرپەرچی ھەرشتێک، ھەرگوتارێک، ھەرھاوکێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی بداتەوە کە خودی خۆی بەدڵی نییە.

لەبیرمان نەچێت، پڕۆژەی مێینە ئامانجی پێکا، تەنافی پۆشاکەکان لەشەقامی سالم لابرا، بەڵام بۆ ھەمیشە لەمێشکی مرۆڤگەلێکی پوچگەرای کورددا دەمێنێتەوە، کە بەشێوەیەکی نەزانی و دوور لە زانیاریی، بەرپەرچی پڕۆژەکەیدایەوە.

28/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر