کڕینی ویژدان و خەساندنی نوخبە

فاروق غەفور

لەدەرەوەی حزب هەست ناکەیت ئەقڵێک  هەبێت بیربکاتەوە، بەدەر لە واعیزەکانیشیان، دەگمەن نەبێت نابیستیت دەنگێک نوزەی هەبێت.

ئەوەی دەیبینین پارتی ویژدانی زۆرێک لە رۆشنبیرو رۆژنامەوان و ئەوانەی پێیان دەوترێت نوخبە، یان کڕیونی، یا تۆقاندونی. ئەوی دیشیان لەملا یەکێتی زۆرینەیانی خەساندوە و بێ بەرهەمی کردون.

باسی مێژویەکی دورناکەین ، دوای سی و یەکی ئاب ئەو دەنگەی لەلولەی تفەنگ و تۆپ و شەستیرەکان بەرزتر بو ، بۆ ریسواکردنی  خیانەتەکەو دروستکردنی رای گشتی، نوخبەی دەرەوەی حزبەکان بوو.

ساڵی ۲۰۰۹ ئەوەی هاوشانی بزوتنەوەی گۆڕان و بگرە زیاتریش کاریگەر بو بۆ بەگژاچونەوەی ناعەدالەتی وگەندەڵیی و دروستکردنی هێزێکی جەماوەریی کاریگەر، هەر ئەو نوخبەیە بو کە لەڕێی وتارو کۆڕو گۆڤارو کەناڵە ئیعلامیە ئەهلی و رێکخراوە مەدەنیەکانیانەوە، پشتیوان و هاوکاربون بۆ بەهێزکردنی رەوتە ناڕازی و رەخنەکرەکەو  زیاتر هوشیارکردنەوەی تاک.

بەڵام ئێستا کەبەدۆخێکی تا ئەوپەڕیی بێ ئومێدی خەڵک و ملهوڕیی تاقمی دەسەڵاتدار گەیشتوین، لە دەسەڵاتداران زیاتر  ئەو نوخبەیە بەرپرسیارن کە بەهەر پاساو و بیانویەک بێت خۆیان لەبەرپرسیارێتی لاداوەو بێدەنگیان هەڵبژاردوە، لەنێو ئەو هەمو قەیران و نادادپەروەریی و سیناریۆیانەی دەسەڵات دروستیان دەکات بۆ شاردنەوەی ئابڕوچونەکانیان.

لەدۆخێکی مەترسیدارداین و ئەوەی حزوری جدی نیە، ئەو نوخبە ونەیە، کەناوی رۆشنبیرو رۆژانامەوان و چالاکوانی مەدەنیان لێنراوە، کەبێگومان ئەوەش ئەو بەرهەمە پڕ بەرەکەت و بەفەڕەیە دەیان ساڵە نوخبەی دژ،  کەدەسەڵاتدارانن کاری بۆ دەکەن.

19/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر