لوغزی دۆسیەی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسیارێک

فاروق غەفور

یه‌كه‌م : وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ دادگای فیدراڵیی داوایه‌كی دژی هه‌رێمی كوردستان تۆماركرد كه‌ هەرێم به‌شێوه‌یه‌كی ناده‌ستوریی و یه‌كلایه‌نه‌ نه‌وت ده‌فرۆشێت، له‌ مانگی نیسانی ساڵی ۲۰۱۹ دا دادگای فیدراڵیی له‌سه‌ر داوای هه‌رێمی كوردستان دانیشتنی دادگاكه‌ی بۆ مانگێک دواخست،  به‌ڵام ئه‌وه‌ ساڵێک تێدەپەڕێت و ئه‌و مه‌وزوعه‌ هه‌م له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵی و هه‌م له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بێده‌نگیی لێكراوه‌.

دوه‌م : حه‌یده‌ر عیبادی له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربونیدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیری عێراق لەگەڵ ئەو سکاڵایە، داوایه‌كی دی دژی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی  تۆماركرد، كه‌ نه‌وتی عێراق لەلایه‌ن هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌وە بەقاچ له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ دەبرێتە دەرەوەو ده‌فرۆشرێت. رێوشوێنه‌كانی دادگاكه‌ گه‌یشتبوه‌ قۆناغی كۆتایی كه‌  توركیای پابه‌ند ده‌كرد بڕی ٢٦ ملیار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بو بداته‌ ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌ڵام  هەر له‌مانگی نیساندا واته‌ ئه‌و مانگه‌ی كه‌ دادگای فیدراڵی دانیشتنەکەی دواخست بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی وەزاره‌تی نه‌وتی عێراق كه‌ دژی ناده‌ستوریی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم بوو،  مه‌سعود بارزانی له‌سه‌ر داوای ده‌وڵه‌تی توركیا رۆڵی ناوبژیوانیی له‌نێوان توركیاو عێراقدا گێڕاو توانی به‌غدا قایل بكات بڕیاری دادگای نێوده‌وڵه‌تی دژی تورکیا بۆ پێنج ساڵی دیکە دوابخرێت. واتە سەرانی دەسەڵاتداری هەرێم لەلای عێراق لەقاچاخچیەکی نەوتەوە بونە ناوبژیوانکەرێکی خاترگران.

دو دادگای گرنگ یه‌كێكیان نێوده‌وڵه‌تی كه‌ بڕیاره‌كانی ئیلزامین بۆ ده‌وڵه‌ته‌كان و ئه‌وی دی فیدراڵیی كه‌ بڕیاره‌كانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن له‌ ناكۆكیه‌ ده‌ستوریه‌كاندا،  بڕیاری هه‌ریه‌كێكیشیان لەبەرژەوەندیی عێراق، كۆتایی به‌ فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆو تاكلایه‌نه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنا، بەڵام بڕیاری هەردو دادگاکە لەسەر داوای بەرپرسانی هەرێم و بەدیاریکراویی لەلایەن ماڵی بارزانیەوەو بەرەزامەندیی بەرپرسان و حکومەتی عێراقیی  دواخران و بێده‌نگیان لێکرا.

ئایا ئەم جۆرە مامەڵە دوفاقیە لەگەڵ دۆسیەی نەوتی هەرێمدا بۆ؟ 

 

لێرەوە پرسیاری دی دێنە گۆڕێ ، ئەگەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەستوری نیە، ئەی بۆ حكومه‌تی عێراق  ئه‌و دو سكاڵایه‌ ناجوڵێنێته‌وه‌و بێدەنگیی لەبەرامبەریان هەڵبژاردوە؟ 

 

بۆچی حکومەتی عێراق له‌سه‌ر داوای مه‌سعود بارزانی ده‌ستبه‌رداری ٢٦ ملیار دۆلار قه‌ره‌بو له‌ توركیا دەبێت ؟ لەپای چی و لەبەرامبەر چیدا داوای دواخستنی بڕیاری دادگاکە پەسەند دەکرێت؟

 

حكومه‌تی عێراق كه‌ رێگای دادگاو قانونیی له‌به‌رده‌سته‌ بۆ پشتگوێیان ده‌خات و له‌بری سزادانی به‌رپرسانی هه‌رێم و نه‌وت دزه‌كان سزای خه‌ڵك و موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌دات ؟

 

ئایا گومانی ئەوە ناکرێت  مافیاو نەوت دزەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، تۆڕێکی بەرفراوان بن و دەزگا فەرمیەکانیشیان کۆنترۆڵکردبێت؟

 

ئایا نهێنێ و مامەڵە گوماناویەکان لەگەڵ ئەم دۆسیەیە، نایسەلمێنێت داواکاریی خۆپیشاندەرانی عێراق زۆر دروست و لەجێی خۆیەتی کە داوای گۆڕینی ریشەیی و لادانی تەواوی دەموچاوە سیاسیە بەشدارەکانی دەسەڵات دەکەن و متمانەیان بەهیچیان نەماوە؟

 

ئایا ئێمەی هاوڵاتیانیانی کوردستان وەڵامی رونمان بۆ ئەو پرسیارانەو لوغزی گوماناویی دۆسیەی نەوت و پەیوەندیە ژێربەژێرەکان لایە؟ ئەگەر نا، ئەی کاتی ئەوە نەهاتوە دەستبەرداری خەونە بەتاڵەکان و فریادڕەس ببین و بەئیرادەیەکی بەهێزەوە یەکگرتوانە، لانیکەم هاوشێوەی ناڕازییەکانی بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق، هەر شێوازێکی گونجاو و کاریگەر بگرینەبەر بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵات و سیناریۆکانی ئەو تاقمەی نزیکەی سێ دەیە ناشرینترین جۆری حوکم و شەش ساڵە فاشیلترین ئابوریی لەژێر ناوی سەربەخۆدا،  بەپەیوەندیی ژێربەژێری گوماناویی پیادە دەکات و، دوچاری دۆخێکی کردوین، کەهیچ ئومێدێک نیە بۆ چارەسەربونی،  بەمانەوەی ئەم چەتەو سیاسیە بازرگانانە ؟


20/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر