نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا

شادمان مەلا حەسەن
بەشی چوارەم

ئەم خانەیە بەجێدێلین و لەسەری ناوەستین ,چونكە رۆیشت دیدو بۆچوونی تازە لە بارەی داهاتووە وە دەخەینە روو تاكو سوودی لێببینرێ‌ .
1_ یەكێتی دەبێ تەواوی جومگەكانی خۆی رێك بخاتەوە و بەرایەلەیەكی توند و تۆل و هاوچەرخ بەیەكەوە ببەستێتەوە .بۆ ئەوەی بریار و ئاراستەی یەكێتی بە ووردی و بە باشی بگات بە هەموو ئەندام و هەوادارێكی یەكێتی .سیاسەتی یەكێتی رەنگ بداتەوە لەسەر كۆمەلگای كوردی تەواوی ئەندام و لایەنگرانی و كۆمەلگای كوردستان .
2_ ئۆرگانەكان بەشێوەیەك پڕبكرێنەوە كەوا خەلكی بەتواناو لێهاتوو و گونجاو لەگەل پێشكەوتنی ئەم سەردەمە بهێنرێتە پێشەوە و بەرپرسیارەتی پێ بسپێردرێ‌ و رێزیش لەوانی تر بگیرێ‌ .كەسانێك بەرپرسیارەتیان پێ بسپێردێ‌ كەوا توانای هەلگرتنی پەیام و بەرنامەی یەكێتیان هەبێت وەكو لیدەرێك جولە بكات لەناو كۆمەلگا.
3_ كادیر و ئەندامانی یەكێتی پەروەردەیەكی سەردەمیانە بكرێن بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاست گەیاندنی دروشمەكانی یەكێتی بن لە ناو كۆمەلگا, چونكە گەر كادیر و ئەندامانی حزب وابەستەی ئامانج و دروشمەكانی حزب نەبن كەواتە ناتەواویەك لە سیستەم و پێكهاتەی ئەم حزبەدا هەیە و پێویستی بە چارەسەرێكی تەندروست و سروشتی هەیە.
4_ پرسی دیمۆكراسی و پراكتیزەكردنی لەناو ئۆرگانەكانی حزب كارێكی لە پێشینەی یەكێتی بێت بۆ ئەوەی ئەندامان و لایەنگرانی حزب سوودی لێببینن وەك پرۆسەیەكی رێژەیی لە ناو كۆمەلگای كوردی .چونكە هەرچەندی پرۆسەی دیمۆكراسی بەرەو پێش بچێت و گەشە بكات لە قازانجی یەكێتی و كۆمەلگای كوردیە .هەركاتێكیش یەكێتی پاشەكشە بكات ئەوە بەدلنیایەوە كۆمەلگای كوردی كەوتۆتە بەرشەقری نەهامەتی و لێكترازانی خراپ ,ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو ئەمەی سەلماندووە.
5_ ئەندام و كادیرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت لەسەر چەند دیسپلینێكی حزبی سەردەمیانە پەروەردە بكرێن و وابەستە بكرێن  بەبەرنامە و ئاراستە فكریەكانی یەكێتی,بەمەرجێك دیسپیلینەكان ناكۆك نەبێت لەگەل مافی رادەربڕین و ئازادی و پرسە دیمۆكراتیەكان .
6_ یەكێتی ببێتەوە حزبێكی تەواو مەدەنی و پێشكەوتنخوازی كۆمەلگای كوردستان وەك چۆن لەسەرەتادا خەسلەت و ئاراستەی سیاسەتەكەی بوو .بۆ ئەوەی جیاوازیەكانی بە شێوەیەكی هاوچەرخ و سەردەمیانە لەگەل ئەوانی تر دەركەوێ‌ .
7_ یەكێتی دەبێ‌ حزبێك بێـت باوەڕی بە خاوەنداریەتی تەواوی كۆمەلگای كوردستان هەبێت .حزبی سەرتاسەری بێت نەوەك حزبی ناوچەیەك و پێكهاتەیەك و شارێك بێت.تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكان لە رابردوودا بوونیان هەبووە لە ناو ریزەكانی  یەكێتی لە ئێستاشدا بوونیان هەیە ,بەلام دەبێت  زیاتربێت هەم لە ژمارە هەم لە بریار و بەرنامەی سیاسەتی یەكێتی بوون و كاریگەریان هەبێت.
8_ دونیا بینی یەكێتی بۆ مەسەلەی نەتەوەیی و مافی چارەنووسی گەلی كورد لە باشوری كوردستان و پارچەكانی تر لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی ئەو بەشە بێت كە بزووتنەوە سیاسیەكانی خۆیان هەلیان بژاردووە .ئەركی یەكێتی تەنها هاوكاری و رێنمایی ئاشتیانەی سەردەمی بێت ,لە ئاستی باشوریش هەولی جدی بدات ئەو قالبەی مافی چارەنووس پێش بخات و زیاتر گەشەی پێبدات بە خویندنەوەیەكی واقعی سەردەم .
9_ لە بواری كۆمەلی مەدەنی یەكێتی لە رابردوو رۆلی دیاری هەبووە .بەلام لە ئێستادا پێویستە هاوكار و هەماهەنگ بێت لەگەل رێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی بۆ ئەوەی كۆمەلگای كوردی زیاتر رووچێتە ناو سیستەمێكی مەدەنی و دیمۆكراسی تەندروست و هاوچەرخ.
10_ رۆشنبیران و نووسەران و میدیاكاران بڕ بڕەی پشتی دەستە بژێری كۆمەلگان ,پێویستە یەكێتی لەگەل ئەم توێژە بكەوێتە گفتوگۆ و وەك لایەنێكی گرنگی كۆمەلگا سەیریان بكات و سوود لە نووسین و سەرنج و پێشنیارەكانی ئەوان وەربگرێ‌ ,هەروەها دەكرێ‌  وەك لایەنێكی هاوتەریب بۆ ئامانجەكانی خۆی مامەلەیان لەگەلدا بكات .ئەم توێژە ئەوەندە ناكۆك نین لەگەل بەرنامە و سیاسەتی یەكێتی تاكو هەماهەنگیان لەگەل نەكرێ‌, لەرابردووش زۆرینەی رۆشنبیران و نووسەران لە خەباتی نەتەوەیی نزیكی فكر و ئاراستەی رێكخراوەكانی ناو نیمچە بەرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوون.
11- یەكێتی فكر و بیروباوەڕی یەكێتی فۆرمات بكرێتەوە لەگەل بارودۆخی سەردەم بگونجێ .راستە فكر و ئایادیا وەك جاران بە شێوە كلاسیكیەكەی نەماوە .بەلام هەرگیز مرۆڤ بێ‌ فكر و ئایدیا نابێت .لە ئێستادا بۆ حزبێكی وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێویستە ئەندامەكانی بە بیروباوەڕی یەكسانی خواز و مرۆڤ دۆستی و دادپەروەری كۆمەلایەتی و پاراستنی ئاشتی كۆمەلایەتی و پاراستنی ژینگە پەروەردە بكات كە هەموویان فكر و بیروباوەڕی ئایدیای سۆسیالیست دیمۆكراتی جیهانیە و كە یەكێتیش ئەندامە تێیدا . 
12_  شوناسی یەكێـتی شوناسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و سۆسیالیست و دیمۆكراتە .بۆیە جیاوازە لە شوناس و بەرنامەی حزبە ركابەرەكانی تری لە ئاستی باشوری كوردستان و بەشەكانی تری كوردستان .دەبێ‌ ئەندام و كادیرانی یەكێتی لە چواررچێوەی تیۆری ئەم شوناسەی حزبەكەی خۆیان تێكۆشان بكەن و باوەڕیان بەم بەرنامەیە هەبێت كە باشترین بەرنامەی سەردەمیانەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە وەدەست نەهاتووەكانی گەلی كوردستان و رێكخستنەوەی بەرنامەی ژیان و پەیوەندیە كۆمەلایەتی و سیاسیەكانی كۆمەلگای كوردستان  .

13/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر