نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا

شادمان مەلا حەسەن

بەشی شەشەم

نوێكردنەوە و چاكسازیكردن هەر لە بەدەن و بیروباوەڕی یەكێتی بەس نیە بۆ ئەوەی خەڵك ئاماژە بە نوێبوونەوەی یەكێتی بدات .لەوانەیە نوێبوونەوە و چاكسازی كردن لە پەیكەری رێكخراوەیی و ستراتیجی بەرنامەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كارێك بێت باش و رێزلێگیراو بێت وەك بەشێك لە چاكسازی و نوێبوونەوەی سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان . لەوانەیە چاكسازیكردن لە یەكێتی زیاتر سوودی بۆ بنكەی  جەماوەری و كادیر و ئەندامانی ناوەندی یەكێتی هەبێت و لێی سوودمەند ببن ,بەلام ئەوەی زیاتر بەلای خەڵكی كوردستانەوە گرنگە نوێبوونەوەی بەرنامە و دروشم و كرداری یەكێتیە لە حوكمڕانی كوردستان . بەپێی ئەوەی یەكێتی ستونێكی سەرەكی دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دام و دەزگا و دامەزراوەكانی بووە, زەروورە فەلسەفە و بەرنامەی چاكسازی یەكێتی لە كردەوەكانی حكومەتی هەرێم رەنگ بداتەوە .چونكە یەكێتی لە ئایدیا و بیروباوەڕ هەڵگری چەمكی سۆسیالیست دیمۆكراتە .ئەزموونی سۆسیالیست دیمۆكراتەكان لە ئەوروپا و زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە بەم رێبازە حوكمڕانیان كردووە و ئێستا لە حكومەتن , ئەزموونێكی سەركەوتووە تا ئاستێكی بەرز ,چونكە ئەزموونێكە لە نێوان دەسەلاتی كەپیتاڵیستی و سۆسیالیستی گشتگیر و یەك حزبی یاخود كەرتی گشتی .ئەزموونی سۆسیالیست دیمۆكرات تێكەلەیەكە لە نێوان هەردوولا , واتە باوەڕ بوون بە ململانێ‌ و كێبڕكێی كۆمپانیاكان و دەزگاكانی وەبەرهێنان لەگەل بوونی دادپەروەری كۆمەلایەتی و بیمەی بێكاری و  دەستەبەركردنی مافی كرێكاران .هەروەها چۆنیەتی كەمكردنەوەی ئاستی بژێوی لە نێوان چینەكانی كۆمەڵگا ,واتە دروستكردنی چینی مام ناوەند و پاراستنیان ,چونكە چینی ناوەڕاست ئەو چینەیە كە توانای جولە و پێشەنگایەتی هەیە بۆ بەرەو پێشبردنی كۆمەلگا و پراكتیزەكردنی زیاتری ئەزموونی دیمۆكراسی و بنیادنانی كۆمەلگای مەدەنی و خۆشگوزەران .تەنانەت سیما نەتەوەیی و نیشتمانیەكانیش هەر ئەم چینە رایدەگرێ‌ و بەرگری لێدەكات و بەرەو پێشی دەبات ,بۆیە دەبێ‌ یەكێتی لە حكومەتی هەرێم پێداگری لەسەر فەلسەفە و بەرنامەی سیاسی خۆی بكات لە هەموو بوارەكان .

 
1_ تاكو دەكرێ‌ هەموو سەرچاوەكانی داهات نەخرێتە دەستی كۆمپانیا مۆنەپۆلەكان و بە تایبەتكردنی تەواوی كەرتە گشتیەكان وەك پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری.

 
2_ یەكێتی هەول دەدات و دەبێ‌ هەول بدات داهاتی تاك لە كوردستان بەرزبكاتەوە و رێگربێت لەبەرزبوونەوەی داهاتی چینی سەرەوە بەشێوەی نەگونجا و ناشەرعی .كە كۆمەلگا خالی دەكاتەوە لە چینی ناوەڕاست ئەوكاتیش زیانی گەورە بەر بنەمای شارستانی و كەلتوری نەتەوەیی دەكەوێت.

 
3_ یەكێتی دەبێت پێشەنگ بێت لە پاراستنی كەرتی گشتی ,بەلام ئەو كەرتە فۆرمات بكاتەوە بە شێوەیەك چالاك و بەرهەمداربێت كەوا كاریگەری لەسەر تاكەكانی ناو كۆمەلگا هەبێت بۆ ئەوەی  بەرگری مانەوەی لێبكەن.

 
4_ یەكێتی باوەڕی بە نیشتمانی كردنی تەواوی هێزە چەكدارەكانە و دەبێ‌ هەولیش بدات و فشاری زیاتر بكات تاكو دامەزراوە گشتیەكانی وەكو پۆلیس و ئاسایش و هێزی پێشمەرگە بەشێوەیەك دابمەزرێتەوە  بەشێوەیەك تەواو خەسلەت و ناسنامەی نیشتمانیان هەبێت و دوور لە سیما و ناسنامەی حزبی و كەسی بێت.
5_ یەكێتی دەبێ‌ هەول بدات  تەواوی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم سەرتاسەری ئاوێتەی یەكتر ببێتەوە و تێك هەلكێشی یەكتر ببێتەوە,نەوەك یەكێتی لە دەڤەرێك دەسەلاتدار و لە دەڤەرێك ئۆپۆزیسۆن و بێ جولە كراو لە هەموو شتێك بێت.

 
6_ حكومەت دەبێ‌ لەبەرامبەر مافی هاولاتیان لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان وەك یەك بێت نەوەك جیاكاری بكات لەسەر بنەمای پابەند بوون بە حزب و عەشیرەت و كەس .

 
7_ یەكێتی باوەڕی تەواوی بە سەربەخۆیی دادوەری هەیە بۆیە دەبێ‌ هەولی رێكخستنەوە و تەواو سەربەخۆكردنی دادگا و پابەند بوونی هەموو كەسێك بە سیستەمی دادوەری لە هەر پلە و پۆست و ناونیشانێك بێت .چونكە دادگا راگری ستونی سیستەمی سیاسی و دادپەروەری كۆمەلگایە .

 
8_ رێكخستنەوەی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان لەسەر ئاستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی نەوەك لەسەر بنەمای حزبی و كەسی و ئاستی ناهاوسەنگ و دوور لە پڕنسیپی دیبلۆماسیەتی سەردەم .

 
9_ شەفاف بوون لە داهات و خەرجی حكومەت ,چونكە ئەگەر حكومەت لە داهات و خەرجی شەفاف و دەست پاك نەبوو هەرگیزاو هەرگیز حوكمڕانیەكی تەندروست و سەركەوتووی پێ ناكرێت . هەروەها ناتوانێ بەرنامە و پلانی خۆی بە شێوەیەكی تەندروست دابڕێژێ‌ .

 
10_ ئەنجام دانی سەرژمێریەكی گشتی و خستنە رووی ئاماری راستی هەموو كەرتەكانی هەرێمی كوردستان چ لە ژمارەی دانیشتوانەوە بیگرە تاكو سەرژمێری ئاژەل و پەلەوەر .چونكە ئامار بنەمای سەرەكی دەوڵەتداری هاوچەرخە .هەر دەوڵەتێك ئاماری نەبوو كەواتە پلانی ستراتیجی نیە .كە پلانی نەبوو كەواتە ئاسۆی كاركردنی روون نیە .كە ئاسۆی كاركردنی روون نەبوو بەدلنیاوە سەركەوتنی مسۆگەر نیە و شكست زیاتر چاوەڕوانیەتی.



23/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر