نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا.. بەشی نۆیەم

شادمان مەلا حەسەن


یەكێتی نیشتمانی كوردستان خاوەن دروشمی دیمۆكراسی بۆ عێراق و مافی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان بوو .لە خەباتی چەكداری و سیاسی خۆی بەردەوام بوو تاكو ئەو رۆژەی رژێمی بەعس رووخێنرا .كورد و یەكێـتی و سكرتێرەكەی مام جلال یادی بەخێر رۆلی سەرەكی و دیاریان هەبوو لە پڕۆسەی ئازادی عێراق و دووبارە بنیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق.ئەگەرچی یەكێتی دروشمی مافی چارەنووسی هەلگرتبوو ,ئەم دروشمە زۆرجار لێكدانەوەی هەلەی بۆ دەكرێ‌ وادەزانرێ‌ هەركاتێك ئەم دروشمە بەرزكرایەوە ئەو بەمانای سەربەخۆیی دێت .بەلام ئەمە هەلەیە .چونكە مافی چارەنووس لە میساقی ناوخۆی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیارەكانی راست و رەوان لەسەر مۆدێلێك لە ماف نەوەستاوە ,واتە تەنها سەرەبەخۆیی یان فیدڕاڵی یان ئۆتۆنۆمی یان هەرجۆرە مۆدێلێكی تری ماف بێت .بەلكو مافی چارەنووس لە مافی رۆشنبیریەوە دەیگرێتەوە تاكو سەربەخۆیی . یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروشمی مافی چارەنووسی رۆژی 4/9/1992 لە پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینە دەنگ جێگیركردبوو ,كەوا داهاتووی هەرێمی كوردستان لە دەوڵەتی تازەی عێراق فیدڕاڵی دەبێت .جێگیركردنی فیدڕالیەتیش بە خوێندنەوەیەكی قولی رێبەرە گەورەكەی یەكێـتی بوو .چونكە هەلكەوتەی جوگرافی هەرێم وایە لەوەندە زیاتر هەلینەدەگرت .چونكە هێز و توانای سەربازی و ئابووری و مرۆیی و هەلكەوتەی جوگرافی وڵاتانی دەوروبەری هەرێم زۆر گەورەیە و هەرێم توانای بەراوورد كردنی نیە لەگەلیان ,هەروەها ئەم وڵاتانە بەسروشت دژی كێشەی كوردن ,چونكە هەریەكەیان ژمارەیەكی یەكجار زۆری گەلی كورد و خاكەكەی بەزۆر خراوەتە چوارچێوەی سنوری وڵاتەكانیان.ئەوانیش زۆر بێ‌ ویژدانانە مافی كورد پێشێل دەكەن و دژی دەستەبەركردنی مافەكانی كوردن لە وڵاتەكانی خۆیان و بەشەكانی تر.بۆیە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 كورد بە گشتی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتایبەت رۆلی دیاریان هەبوو لە بنیادنانەوەی عێراقی تازە .مام جەلال رۆلی دیاری هەبوو لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق, هەروەها كورد هۆكاری سەرەكی جێگیركردنی ئەم دەستوورە بوون .چونكە ئەگەر دەنگی كورد نەبوایە پارێزگای نەینەوا ئەویش دوو لەسەر سێ دەنگیان بە نەخێر دەدا بۆ رەتكردنەوەی دەستوورەكە وەك هەردوو پارێزگای ئەنبار و صەلاحەددین. دەستووری هەمیشەیی عێراق باشترین بەلگەی جیهانیە بۆ یەكەم جار كە مافی كوردی تێدا جێگیركرابێ‌ .بەشێوەیەك زۆرجار دەلێن ئەم دەستوورە هی كوردە . دەستووری عێراقی لە (144) ماددە و پێشەكیەكی كورت پێك هاتووە .لە ماددەی دووەمدا زمانی كوردی لەپال زمانی عەرەبی بە زمانی سەرەكی وڵات دادەنێ‌ .لە ماددەی (102) زۆر مافی دارایی هەرێمی دیاری كردووە.لە ماددەی  (117)هەرێمی كوردستان  بەتەواوی دام و دەزگاكانی دەناسێنێ‌ و شەرعیەتی دەستووری و قانوونی پێدەدات. لە ماددەی (141) هەموو ئەو بڕیارانەی كە لە ساڵی 1992 پەرلەمان و حكومەتی هەرێم دەریكردوون بە قانوونی دەیان ناسێنێ‌. لە چەندین ماددەی تر مافی هەرێمی دیاری كردووە .لە چواردەورەی سەرۆك كۆماری عێراق هەمووجار سەرۆك كۆمار پشكی كورد بووە ,تاكو ئێستا سێ كەسایەتی كورد پۆستی سەرۆك كۆماریان بینیووە ,هەرسێكیان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوونە .یەكەم سەرۆك كۆماری كورد مام جەلال بوو .ئەو وەك سەركردەیەكی خوێندەوار و بەئەزموون لە ستراتیجی قولایی عێراق باش تێدەگەیشت لە رووی ئابووری و سیاسی و سەروەری دەڵەتیەوە .هەرێمی كوردستان لەم ماوە زەمەنیە گەشەیەكی یەكجار گەورەی لە رووی ئابووری و ئاوەدانی و دیبلۆماسی و خۆشگوزەرانیەوە بەخۆیەوە بینی .

ئەو قولایی عێراقی وەك پێگەیەكی گرنگ بۆ مەسەلەی  ستراتیجی نەتەوەیی بەكار دەهێنا ,لەو سەروبەندە بوو كە پڕۆسەی ئاشتی لە باكوریش دەستی پێكرد. حكومەتەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان دادەمەزران ,مام جەلال بوو بوو بەكەسی هەرە قبولكراوی تەواوی پێكهاتەكان وئەو رۆژەی ئەو نەخۆش كەوت و لە گۆڕەپانی سیاسی دەوری نەما ,هەرێمی كوردستان كەوتە بەردەم چەندین قەیرانی قولی لە بن نەهاتوو ,ماوەی حەوت ساڵە رۆژ بە رۆژ قەیرانەكان ئالۆزتر دەبن و سوكتر نابن .(بەداخەوە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی قەدری مام جەلالیان نەزانی و بوونی ئەویان لەبەغدا بە فورسەت زانی كەوتنە پاشقول گرتن  و یەكێتیان كەرت كرد لە پێناو هەندێ‌ بەرژەوەندی تەسكی خۆیان ,ئەوەی ئەوان كردیان گەورەترین زیانی گەورە بوو لە بالانسی هێزدرا لە كوردستان ) هەروەها دەبێ‌ ئەو راستیەش بخەینە روو كەس بەقەد مام جەلال نەتەوەیی و سەركێش نەبووە لە ژیاندا ,ئەگەر مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان وا ئاسان بوایە بەرلەهەموو كەس ئەو خۆی لێدەدا .بەلام ئەو پێی وابوو ئەم مەسەلەیە هی موزایدە و مجازەفەكردن نیە بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی و حزبی و كەسی بەكار بهێنرێت  .

ئابووری سەربەخۆ و ریفراندۆمی ساڵی 2017 گەورەترین هەلەی كورد بوو ,لەوەش هەلەتر ئەوە بوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە پاڵپشت و هاوسەنگ بۆ هەردوو پڕۆسەكە ,بەتایبەت ریفراندۆم كە هیچ بنەمایەكی سیاسی و قانوونی و رێسای نێودەوڵەتی نەبوو .ئەنجامەكەی گەلی  كورد زیانی گەورەی بەركەوت ,یەكێتیش زەرەرمەندی گەورەی كوردستان بوو ,چونكە ناوچەكانی كەركوك و خانەقین كە پێگە و هەژموونی ئەوی تێدا بە هێز بوو لەدەست چوون یان كورد دەسەلاتی ئەوتۆی نەما .

 

بۆیە لە دوای كۆنگرەی چوار ئەم هەلانە خراونەتە بەرچاو و داهاتووی هەرێم تاكو قۆناغێكی دوور لەگەل عێراقە . هەروەها دەستووری عێراق دەستوورێكی نەرم و پڕ ماددەی روون و ئاشكرایە كە پشتیوانی لە بوون و دۆسیەكانی مافی گەلی كورد دەكات , بۆیە یەكێتی لە كۆنگرەوە بریاری دا بە نەفەسێكی سەردەمیانە مامەلە لەگەل عێراق بكاتەوە .بەشێوەیەك سوود لە ئەزموونی مام جەلال وەربگیرێ‌. دەبێ لەمەولا یەكێتی نیشتمانی كوردستان كار لەسەر ماددەكانی دەستووری عێراق بكات ,بۆ ئەوەی عێراق بە شێوەیەكی سەردەمیانە و ئاشتیانە مامەلەی لەگەل بكرێ‌ .كورد فیدڕالیەتی لەسەر خواستی خۆی لەم دەستوورە جێگیركردووە .كەواتە دەبی هەولبدات ماددەكانی دەستوور كە تایبەتن بە مافی كورد و هەرێم لە پێشینەی خەباتی سیاسی و مەدەنی خۆی دابنێ‌ و كاریان لەسەر بكات بۆ جێبەجێكردنیان .ناكرێ‌ ئێمە لە كاتێكدا عێراقی بین بۆ بودجە و پۆست ,بەلام بۆ ئینتیما و سەروەری وڵات عێراقی نەبین . قازانجی كورد لەوەدایە بە ئاشتی و ئارامی لەگەل دەڵەتی عێراق هەلبكات .

هەمیشە پەنا بۆ دادگا و پەرلەمان ببات بۆ چارەسەری كێشەكان .نەوەك بۆ كاری نەخوازراو كە هەرێم بچوك دەكاتەوە .واقعی جوگرافی هەرێم وایە دەبێ‌ سوود لە بوون و هەژموون و پێگەی عێراق وەربگرین بۆ مەسەلە ستراتیجیەكانی نەوەك بەشێوەی گەرم و توند بجولێتەوە و كارەسات بخولقێنێ‌ .چونكە جولانەوەی رەق هەمیشە پەرچەكرداری توندی بەدواوەیە .



08/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر