نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا.. بەشی دەیەم و كۆتایی

شادمان مەلا حەسەن

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئاستی كوردستانی و ناوچەكە مێژووێكی پڕشنگداری هەیە .بەلام لەماوەی چەند ساڵی رابردوو یەكێتی هەتا رادەیەكی زۆر ئەو شەوق و رەونەقەی جارانی نەماوە لە پەخشكردنی بوون و هەژموونی خۆی .واتە بەرهەمی ئەرك و ماندووبوونەكەی بەشێوەیەكی بەرهەمدار نەدوریتەوە ,ئەویش چەند هۆكارێك وایكردووە هەژموون و ناوبانگی یەكێتی لە پاشەكشە بدات یاخود كەمتر لە جاران بدرەوشێتەوە . كەوا لەم پەرەگرافەدا بە ووردی باسیان لێوە دەكەین . سەرەتا یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەدامەزرا جیاوازتر لە پێشینەی خۆی كە پارتی دیمۆكراتی كوردستان بوو .پارتی بە سەركردایەتی مەلا مستەفای بارزانی لە نێوان ساڵی 1961_1975 رابەرایەتی شۆڕشی ئەیلوڵی كرد ,ئەو ماوە زەمەنیە زۆرینەی كورد لە هەرچوار لای كوردستان دەوری ئەم جولانەوەیاندا بوو . بەلام زۆرترین رووداوی دلتەزێن لەم ماوەیەدا لەگەل كوردانی پارچەكانی تر روویدا ئەویش بە گرتن و كوشتنی سەركردە و كەسە شۆڕشگێڕەكانی پارچەكانی تر, هەرچی باسی لە جولانەوەیەك بكردایە بۆ پارچەكەی خۆی جیاواز لە بیروڕای بارزانی و پارتی ئەوە بە بڕیاری سەركردایەتی شۆڕش دەگیرا و زیندانی دەكرا و هەندێكیان دەكوژران و هەندێكیان تەسلیم بە دەوڵەتە داگیركەرەكان دەكرانەوە .واتە ئەوەی بیویستبا شۆڕش بكات دەبوایە بێت ئیجازە لە بارزانی وەربگرێ‌ و بەپێی ویستی ئەو بجولابایەوە,ئەویش دەیكردن بە گروپێكی دەستەمۆی بەسێبەری خۆی وەك كارتێكی دیجیتەڵی سوودی لێوەردەگرتن بەبێ ئێوەی رێگا بدات شوێن پێیەك لە بەشە كوردستانەكەی خۆیان قایم بكەن .بەلام كە یەكێتی دامەزرا ئەگەرچی خاوەن توانای ماددی و لۆجیستی گەورە نەبوو ,بەلام هەر لەسەرەتاوە ئەم تێڕوانینەی گۆڕی ئەویش دیدێكی تازەی هێنایە كایەوە كەوا پێویستە جولانەوەی سیاسی و چەكداری لە تەواوی پارچەكانی كوردستان وەگەڕبخرێتو هەست و شعوری كوردایەتی بۆ خۆناساندن و زیندووكردنەوەی ناسنامەی كوردبوون و پارێزگاریكردن لە شوناسی نیشتمانی و نەتەوەیی بكەونە جولانەوە .ئەوەبوو پاش ماوەیەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان راپەڕین دەستی پێكرد, یەكێتی بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پشتیوان و رێنیشاندەری جولانەوەی سیاسی و چەكداری كورد بوو لەوبەشەی كوردستان.دواتر بە هۆی هەمانگی لەگەل كوردستانی رۆژهەڵات ساڵی 1982 دیدی یەكێتی لە زنجیرە ووتارێك خرایە روو كەوا مەسەلەی كورد یەك مەسەلەیە و جیاوازی نیە .دواتر هەر یەكێـتی بوو جوڵانەوەی سیاسی و چەكداری لە باكور رێنمایی كرد. لەدواین جاریش پشت و پەنایەكی گەورەی راپەڕینی رۆژ ئاوا بوو .دیارە بۆ هەموو ئەم بۆچوونانەمان بەلگەی دیكۆمێنتاری نووسرا و تۆماركراوی بەردەست هەیە .بابەتەكەش زۆر زیاتری دەوێ وەك لە پەڕەگرافێكی  ئاوا جێگای هەمووی بكرێتەوە .واتە یەكێتی لە دیدێكی ستراتیجی نەتەوەیی و رزگاری نیشتمانی پالپشت و هاوكاری جولانەوەی سیاسی و رزگاری كوردستانی كرد ,نەوەك لە ستراتیج و دیدێكی وابەستەكردن و جلەوكردنی جولانەوەی سیاسی پارچەكانی تر بەخۆیەوە و پاشان خستنە واری سەوداو مامەلەی نابەجێ بۆ جێكردنەوەی شوێن پێیەكی كاتی و خۆ پەنادان لە دووژمنان .ئەمەش راستی و دروستی ئەركی نیشتمانی كوردستانیانەی یەكێتیە لەو رۆژەی كە دامەزراوە  .هەر ئەمەش وایكردووە یەكانگیر و یەكگرتوو بێت لەگەل ناوەكەی و ناسنامەكەی یەك بێتەوە كە یەكێتـی نیشتمانیی هی تەواوی كوردستانە .لەوانەیە ئەگەر واقعی جوگرافی و جیۆسیاسی سەردەم ئاوا نەبوایە و زەمەن لەسەدەی نۆزدەهەم بەرەو ژوور بوایە رێكخراوێكی وەك یەكێـتی نیشتمانی كوردستانی سەرەتای دەست پێكردنی شۆڕش و بەرەنگاری بەس بوو بۆ ئەوەی رابەرایەتی تەواوی جولانەوەی سیاسی و رزگاری نیشتمانی كوردستان بكات لە تەواوی پانتایی جوگرافیای كوردستانی گەورە . بەلام واقعی جوگرافی سەردەم ئەگەرچی بازنە و بەربەستی گەورەی هەیە .بەلام یەكێتی زۆرجار ئەم بەربەستانەشی بڕیوە و ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بەجێگەیاندووە بە ئاشكرابووبێ یان بەنەهێنی,لە كوردستان هیچ هێزێك نیە سوودمەندی سێبەر و سایەی یەكێـتی نەبووبێ‌ .بەپێچەوانەوە یەكێتی كەمترین سوود مەندی سێبەر و سایەی ئەوانی تر بووە .ئەوەی وایكردووە ئێستا یەكێتی هەژموونی لە كزی بدات و چراكەی وەك جاران گەش نەدرەوشێتەوە .چەند هۆكارێكە ,لەوانە:

 
یەكەم : یەكێتی لە رووی پەیوەندیە كۆمەلایەتیەكانی خراپ و سست بووە و ئەوەی دەیكات بۆ بەشەكانی تری كوردستان نازانێ‌ چۆن بەرهەمەكەی بخاتە روو یان چۆن ئاراستەی بكات و پەرچەكرداری ئەرێنی وەربگرێتەوە .ئەمەش زیاتر نەبوونی پەخشێكی كاریگەر و تەندروستی سەردەمیانەیە.

 
دووەم : نەبوونی میدیایەكی تەواو گشتگیر كەوا بتوانێ‌ مێژووی رابردووی یەكێتی بەخاتە بەر دیدی نەوەی نوێ‌ و هزریان جۆش بداتەوە كە ئەو مێژووە دەستكردەی ئەمان ئەمڕۆ پیی هەلدەخەلەتێنرێن ئەوە كۆپێكی تەزویرە و رەسەنایەتیەكە لە لای یەكێتی یە نەوەك لای هێز و لایەنی وابەستە كراو بە كۆمەلێك سەرچاوەی گوماناوی لە مێژوودا . 

 
سێیەم: یەكێتی زیاد لە پێویست لۆكالی بۆتەوە. لە ناوچەیەكی بەرتەسكی جوگرافی ئەمەش بەشێكی سوچی خۆیەتی بەشێكی وەك ترسی نەیاران وایكردووە لە پانتایەكی بچوك خۆی قەتیس بكات و نەتوانێ‌ بێتە دەرەوە . ئەگەرنا یەكێتی حزبی سەرەتا سەریی كوردستانە و هەلبژاردنەكانیش ئەمەیان سەلماندووە خەلكی كوردستان بەتایبەت ناوچە كێشە لەسەرەكان هەمیشە یەكێتی بە حزبی یەكەمی متمانە پێكراوی خۆیان دەزانن .سەرەتا لە بادینانەوە هاتۆتەوە كوردستانی باشور  و كوردانی هەرچوارپارچە بەشدار بوونە لە گەشەكردنی . بۆیە یەكێتی بەپێی ستراتیجی نوێ دەبێت بازنەی بوونی خۆی فراوان بكاتەوە .

 
چوارەم : یەكێـتی ئەوەی دەیكات لەگەل كوردانی بەشەكانی تر وەك لە هێزە سیاسیەكان ,بەلام بەرهەمی ئەو پەیوەندیانە بە شێوەیەكی باش بۆخۆی ناچنێتەوە .ئەگەرچی زۆربەیان لە زۆنی یەكێتین ,بەلام لە هەلوێستی سیاسی زۆرجار نەوەك هاوكاری یەكێتی نین ,بەلكو ئەزیەت دەری یەكێتین و بەووردبین بەدوای خالێكی نیگەتیڤ دا دەگەڕێن تاكو بیكەن بەهەلا بۆ ئەوەی نەیارەكانی یەكێتی پێ دلخۆش بكەن.

 
لە دیوێكی تریش نەیارەكانی یەكێتی لە رێگای چەند كەنالێكی ئەجینداداری مەبەستدار پالپشت كراو بە پارەی دزراوی ئەم وڵاتە هەمیشە لە بەلارێدا بردنی راستیە مێژوویەكانن. بۆیە ئەوە ئەركی یەكێتی خۆیەتی بەر بەم ئاراستە مەترسیدارە بگرێ‌ . ئەویش لە ریگای رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی لەسەر بنەمایەكی میتۆدی زانستی و نیشتمانی و نەتەوەیی و راست و رەوان . هەروەها دامەزراندنی میدیایەك تاكو بتوانێ‌ راستیەكان بگەێنتە قولایی كوردستان لە هەر چوارلاوە ,تاكو خەڵكی كوردستان لە خەباتی راستەقینەی یەكێتی و ئەو مۆدە چەواشەكاریانەی كەدەكرێتە سەری لەسەر حیسابی مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستان . ئایا كێ قولایی ستراتیجی نیشتمانی لامەبەستە و بە كردار هاوكار و پشتیوانی بووە . ئەگەرچی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەم بە ووردی ئەم بابەتەی خستۆتەوە روو بۆ كاری داهاتووی خۆی ,بەلام پێویستی بە بەرنامە و كاری وورد و زانستی هەیە ,ئەویش بەدانانی بەرنامەیەكی گشتگیر پالپشت بە بیری كەسانی شارەزاو و لیهاتوو , بەشێوەیەك كە لایەنی سۆسۆلۆژی كۆمەلی كوردەواری ئەم سەردەمە لە هەموو شوێنێكی ئەم كوردستانە بخرێتە بەر بەرنامەی ئاراستەكراوی میدیایەكی كاریگەر. لە هەمان كاتدا راستیەكی بەرجەستەكراو هەیە ئەویش ئەوەیە ژمارەیەكی یەكجار زۆری كورد بە هەموو كونج و كەلەبەرێكی جیهاندا بلاو بۆتەوە .ئەوە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی یەكێتیە وابكات ئەم كوردانە و نەوەكانیان لە زمان و ناسنامە و شوناسی كەلتوری كوردەواری دانەبڕێن .دیارە ئەوەش بەهۆی دروستكردنی كۆمەلە و رێكخراوی هەمە جۆر لە وڵاتەكانیان كە تێیدا نیشتەجێن و هەروەها ئامادەكردنی بەرنامە و ستۆری گرنگ لەسەر مێژوو و زمان و كەلتوری كوردی و گەیاندن پێیان بۆ ئەوەی دانەبڕێن لە رەسەنایەتی نەتەوەیی خۆیان . هەروەها سوودیان لێببینرێ‌ وەك لۆبیەكی كاریگەری ئابووری و سیاسی بۆ  بەرەو پێشبردنی مەسەلەی مافی چارەنووسی كورد بەگشتی .

 
هەر لە تەواو كردنی ئەم پەڕەگرافەدا پێویستە ئەوەش بخەینەوە روو كەوا دیبلۆماسیەتی یەكێـی دەبێ‌ ئەكتیڤ بكرێتەوە لەگەل وڵاتانی دەرەوە ,بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی كەوا ئێستا خەریكە دوو ئاراستە وەردەگرێ‌ .بەتایبەت ئاراستە بەهێزەكە كە زۆرینەیە و وڵاتی میسر و سعودیە و ئیمارات سەركردایەتی دەكەن .دیدی ستراتیجی ئەوان زیاتر یەكانگیرە لەگەل جولانەوەی نیشتمانی و رزگاری كوردستان ئەویش بەهۆی بوونی پەیوەندیەكی نەگونجا و دژبەر لەگەل وڵاتانی زال بەسەرخاكی كوردستان و نەتەوەی كورد . داهاتووی نزیك و دوور سەنگی مەحەكە بۆ سەركردایەتی نوێی یەكێتی تاكو بەرنامەی نوێبوونەوە هەنگاوبەهەنگاو جێبەجێبكات .

 

ئەم زنجیرە ووتارەش بەشێكە لە دیدی یەكێتی و بەشێكیشە لە پیشاندانی پێشنیار و ریگاچارەی گونجاو یاخود هاوكارێكە بۆ نەخشە رێگای نوێبوونەوەی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەم .



13/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر