بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێكی چارەنوسسازدایە

شۆرش حاجی
ئەڵقەی دوەم: ئۆرگانە سەركردایەتییەكانی گۆڕان

بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی سەرهەڵدانیەوە شێوازێكی جیاوازی لە كاری حیزبی‌‌و پەیكەری رێكخراوەیی پەیڕەو كردوە. كاك نەوشیروان‌و دامەزرێنەرانی گۆڕان لە سەرەتاوە هەوڵیاندا گۆڕان وەك حیزبەكانی تری كوردستانی عیراق كار نەكات. بۆ نمونە، بزوتنەوەی گۆڕان حیزبی هەڵبژاردن بێ، نەك حیزبی دەوامكردن لە بارەگا. هەروەها شێوازی ئاسۆییمان بۆ نوێنەرایەتی‌ لە سەركردایەتی گۆڕان دانا، نەك شێوازی ستونی هاوشێوەی حیزبە سێنتڕاڵ‌و شێوە ستالینیەكان، كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و كوردستان باوە. ئەمەش لە ئەنجامی دیراسەكردنی ئەزمون‌و پەیكەری رێكخراوەیی زۆر حیزب‌و رێكخراوی سیاسی لە ئاسیاو ئەوروپاو ئەفریقا. بەمەش گۆڕان داهێنانێكی تری خستە سەر خەرمانی نوێخوازی لە كاری سیاسی، حیزبی‌‌و جەماوەریدا.

سەركردایەتی گۆڕان لە چەند ئۆرگانێك پێكهاتوە. جڤاتی نیشتیمانی باڵاترین ئۆرگانی سەركردایەتی‌و بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان‌و لە نوێنەری گۆڕانخوازانی هەمو شارو دەڤەرەكانی كوردستان‌، فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌، ئەنجومەنی پارێزگا، تیمە حكومییەكان‌و ژورەكانی گۆڕان‌ پێكهاتوە. هەر یەك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ئەركێكی دیاریكراوی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو هەیەو هەر كاتێك ئەو كارو ئەركەیان نەما لە سەركردایەتی گۆڕان نامێنن.

خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێكارە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتیمانی لە بوارە جیاكانی كاری گۆڕان‌. جڤاتی گشتی شانبەشانی جڤاتی نیشتیمانی وەك ئۆرگانێكی راوێژكاری چاودێری كارو چالاكییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكاو، پێشنیارو راوێژ پێشكەش بە جڤاتی نیشتیمانی دەكات. میكانیزمی هەڵبژاردنی هەر یەك لەو دەزگایانەو ماوەو ئەركەكانیان لە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان باسكراوە. خاڵی هەرە جەوهەری لە دەستوری ناوخۆو پەیكەری رێكخراوەیی گۆڕان‌ ئەوەیە كە ئەندامانی هیچكام لەو ئۆرگانە سەركردایەتییانە لە كۆنفرەنسی نیشتیمانی هەڵنابژێردرێن، بەڵكو رێكارو میكانیزمی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆیان هەیە. هەر بۆیە هەڵبژاردن‌و گۆڕینی ئەندامانی دەزگا سەركردایەتییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی خۆیدا كارێكی ئاسان‌و كەم سەرئێشەیە.  بەڵام وەك هەمو شتێكی نوێ‌و لەبەر كۆمەڵێك هۆكار نەتوانراوە هەمو ئەو نەخشەو پلانەی كاك نەوشیروان‌و دامەزرێنەرانی گۆڕان بۆ جومگەكانی ئەم حیزبە دامانناوە تا ئێستا جێبەجێ بكرێ.

جێبەجێ نەكردنی هەمو پرەنسیپە رێكخراوەییەكان‌و، هەندێ جاریش، بایەخ نەدان بە جۆرایەتی لە ئاستی سەركردایەتی گۆڕان، تا كاك نەوشیروان مابو كێشەیەكی ئەوتۆ نەبو. چونكە وجودی ئەو زاتە بەشێكی زۆری كەموكوڕییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی داپۆشیبوو خۆی ئەو كەلێنانەی پڕكردبۆوە. بەڵام كۆچی دوایی كاك نەوشیروان هەلومەجێكی نوێی هێنایە پێش، كە دەبێ هەڵوەستەیەكی جیدی لەسەر بكرێ.

جێگای سەرنجە كە تا ئێستاش هەندێ لە گۆڕانخوازان، لە هەمو ئاستە رێكخراوەییەكان، لە گرنگی‌و بایەخی ئەو پەیكەرە رێكخراوەییەی گۆڕان تێنەگەیشتون؛ بەشێكی تریان، كە لەسەر شێوازی كاركردن لە حیزبی تر راهاتون، ئاسان نیە بتوانن لەگەڵ ئەم مۆدێلە نوێیەی كاری حیزبایەتی رابێن. هەروەها ئاستی هوشیاری‌و توانای شەخسی لە هەندێ جومگەی گرنگی گۆڕاندا بونەتە قوربانیی ئەو شێوازەی ئێستا لە دانان یان هەڵبژاردنی ئەو كەسانە لە جومگە سەركردایەتییەكانی گۆڕان. ئەمەش وایكردوە هەندێ جار توانای بڕیاردان لە كاتی خۆیداو هەڵوێستی گۆڕانخوازانە سەبارەت بە روداوەكان‌ لەلایەن ئۆرگانە سەركردایەتییەكانی گۆڕانەوە لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هەلومەرجی ئێستای كوردستان نەبێ. بەمەش متمانەی رێژەیەكی هاوڵاتیان بە بزوتنەوەی گۆڕان‌ لاواز بوە. هەمو ئەمانە كاریگەری خراپیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دروست كردوە.
بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكی خۆنەویست‌و بوێر بوەو لەسەر پرسە نەتەوەیی‌و چارەنوسسازەكان هێزێكی خاوەن هەڵوێستی نیشتیمانیە‌و هەرگیز سڵی لە هیچ بڕیارو هەڵوێستێك نەكردۆتەوە، كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بوبێ. هەروەها سەرسەختانە بەرگری لە داواكارییەكانی هاوڵاتیان كردوە‌. هەر ئەمانە وایانكردوە بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە جێگای ئومێدی زۆربەی خەڵكی كوردستان‌. بەڵام كاتێك هاونیشتیمانیان لە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەران دەبن‌و ناچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، تەرازوی هێز لە هەرێم دەگۆڕێ. ئەمەش وادەكا هاوڵاتیان لە دوبارەبونەوەی ئەزمونە تاڵەكانی رابردو بترسن. هەر بۆیە لەمڕۆداو لەسەروبەندی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی‌و بڕیاری بەستنی كۆنفرەنسی نیشتیمانی، كۆی پەیامی گۆڕان‌و ئامانجەكانی ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە لەبەردەم دوڕیانێكی چارەنوسسازدایە. لێرەدا جڤاتی نیشتیمانی ئەركێكی مێژویی قورسی لە ئەستۆدایە، چونكە بڕیاری یەكلاكەرەوەی ئەم دو بابەتە هەستیارو گرنگە لای ئەوانە.

گۆڕانخوازان چاوەڕێی ئەوە لە جڤاتی نیشتیمانی دەكەن كە لە ئاست ئەو ئەرك‌و بەرپرسیارێتییەدا بن كە پێیان سپێردراوە.

ئەركی جڤاتی نیشتیمانی لە ئێستادا بریتیە لە یەكەم: خۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنفرەنسی نیشتیمانی، كە لەلای زۆربەی حیزبەكانی كوردستان بە كۆنگرە ناو دەبرێ. لە كۆنفرەنسی نیشتیمانیدا پێداچونەوە بە دەستوری ناوخۆو بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێ‌و، ئەدای ئۆرگان‌و فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌ بە وردی هەڵدەسەنگێنرێن‌و نەخشە بۆ چوار ساڵی خەباتی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان دادەڕێژرێ.

دوەم:  هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن، كە وا بڕیارە پێش بەستنی كۆنفرەنسی نیشتیمانی ئەنجام بدرێ.

خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێكاری بزوتنەوەی گۆڕانە. لە دوای هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندنەوە لە ٢٥/٧/٢٠١٧، زۆرترین رەخنە روبەڕوی ئەم ئۆرگانە بۆتەوەو لەزۆر بۆنەدا بە هۆكاری سەرەكی كەمكردنی دەنگەكانی گۆڕان‌ یاخود لاوازبونی گۆڕان تاوانبار كراون. ئەگەرچی دەسەڵاتی رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستوری ناوخۆ تەنیا جێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتیمانیە، بەڵام خەڵك بەچاوێكی تر تەماشای رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن دەكەن‌و چاوەڕوانی رۆڵی زیاترو گرنگتریان لێدەكەن. بۆیە دەبێ ئەو ئۆرگانە وەك تیمێكی چالاك‌و تۆكمەو بەهێز كار بكاو رێكخەرو كۆكەرەوەی هەمو گۆڕانخوازان بن. هەروەها پێویستە نوێنەرایەتی هەمو گۆڕانخوازان بكەن‌ – لە تێكۆشەری دێرین‌و بەئەزمون لەگەڵ گەنج‌و نەوەی نوێی بەتوانا. ئەگەر بە وردی كار لەسەر هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن نەكرێ ئەوا لە ئایندەدا گۆڕان توشی كێشەو شكستی گەورەتر دەبێ. هەر بۆیە زۆر گرنگە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێرەكان لەسەر بنەمای تواناو لێهاتویی‌و سەركەوتویی لە كاری رابردوی ئەو تێكۆشەرانە بێ، نەك بە عەقڵیەتی دەستەگەری‌، كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی پاشەكشەی جەماوەری‌ هەر حیزب‌و رێكخراوێكی سیاسی.

كاك نەوشیروان زۆر جار كە باسی كەموكوڕییەكانی كاری حیزبایەتی لە كوردستانی عیراق دەكردو رەخنەی لە ئەدای هەندێ هەڵسوڕاوی گۆڕان دەگرت حیكایەتێكی دەگێڕایەوە. یادی بەخێر دەیگوت: دەڵێن سەردەمێك لە گوندێك نەخۆشی سیل بڵاوبۆتەوەو زۆر لە خەڵكی گوندەكە بەهۆی ئەو دەردەوە مردون. دواجار خەڵكی گوندەكە كۆدەبنەوەو دەڵێن ئەگەر لێرە بمێنینەوە بەردەوام خەڵكمان لێ دەمرێ تا هەمومان لەناو دەچین. بۆیە وا چاكە بڵاوەی لێبكەین‌و هەر چەند خێزانێكمان بچینە یەكێك لە گوندەكانی ئەم دەوروبەرە. خەڵكەكە لە بری ئەوەی لە گوندەكەی خۆیان چارەسەری نەخۆشەكانیان بكەن‌و ئەو نەخۆشیە بنبڕ بكەن، بەسەر گوندەكانی ناوچەكە بڵاو دەبنەوە. بەمەش دەردەكەیان لەگەڵ خۆیان بردوە بۆ ئەو گوندانەی بۆی چون‌و خەڵكی ئەو گوندانەشیان، وەك خۆیان، توشی هەمان دەرد كردوە.


20/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر