فۆبیای ئەردۆگان !

ئارێز عەبدولآ
هەر كەسێك چاودێری كار و كۆنگرە رۆژنامە نوسیەكانی ئەردۆگان بكا بۆی دەردەكەوێ‌ كە سترایتیجەیەت و تاكتیكەكانی  تەنیا بۆ كوردە. بەشێوەیەكە كە ئەردۆگان و حكومەتەكەی هیچ ئەركێكی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەتیان لە ئەستۆ نییە، تەنیا رووبەڕووبونەوەی كورد نەبێ‌، بەتایبەتیش رۆژئاوا. بۆ هەموو لایەك پەلو پۆ داوێ‌، سازش دەكا، هەڕەشە دەكا، دەستبەردار دەبێ‌ و پەشیمان دەبێتەوە ! بەكوردی و بە كورتی سەری زمان و بنی زمانی، بیر خەون و خەیاڵی هەر كوردە، بۆیە بە ئاشكرا دیارە كە توشی فۆبیای كورد بووە. ئەو چی دەكا و چی لە دەست دێ‌ دەیكا، بەڵام گرنگ ئەوەیە پەل هاویشتن و فشارەكانی بۆ هەرێم نەبێتە هۆكاری تێوەگڵانی هەرێم چ وەكو حكومەت، چ وەكو حزبەكان. 

پێویستە لە جیاتی ئەوەی هەرێم ببێتە بەشێك لە پیلانەكانی ئەردۆگان دەبێ‌ هاوكاری رۆژئاوابێ‌ بۆ چارەسەر كردنی كێشەی نێوان لایەنەكان و رێگە گرتن لە پێكدادانی نێوان توركیا و رۆژئاوا. لەسەر لایەنەكانی رۆژئاواشە كە هەلومەرجە سیاسیەكانی ناوچەكە لەبەر چاو بگرن. نە هەندێ‌ لایەن بێ‌ باك و تاك رەوبن و گوێ‌ بە مەترسیەكانی دەوروبەر نەدەن و نە هەندێ‌ لایەنیش لەسەر پشتی تانكەكانی پیلانگێڕان یاخود لە ساییەی پیلانێكی توركی بیانەوێ‌ بگەڕێنەوە رۆژئاوا و وەكو خۆیان دەڵێن تۆڵەی خۆیان بكەنەوە.

 جموجۆلە دیبلۆماسی و مخابەراتیەكانی توركیا گەورەن و بەشێوازی جۆراوجۆر لە دەرگاكانی هەرێم دەدەن. ئەگەر حكومەتی هەرێم یان هەر حزبێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژئاوا بێ‌ لایەن رۆلی بگێرێ كارێكی باشە، بەڵام بە پێچەوانەوە هەر لایەنێك بچێتە ناو ئەو یاری و پیلانەی ئەردگان و دەوڵەتەكەی ئەوە دەبێ‌ باش بزانێ‌ نەك پروشك بەڵكو كڵپەی ئاگرێكی نەخوازراو ئەوانیش دەسوتێنێ‌. 


08/02/2019



وتارەکانی تری نوسەر