سەرۆكایەتی هەرێم یان سیستەمی سەرۆكایەتی ؟

ئارێز عەبدولآ
لە دوای دەركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستور لەلایەن پەرلەمانەوە گفتوگۆیەكی بەردەوام و ناكۆكیەكی سیاسی گەورەش لەسەر سیستمی حوكمڕانی هەر هەبووە، هەر ئەو هۆكارەش بوو وایكرد كە پڕۆژەی دەستور نەخرێتە ریفراندۆمەوە. نزیكەی هەموو لایەنە كوردستانیەكان جگە لە پارتی لەگەڵ دەسكاریكردنی پڕۆژەی دەستور و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بوون. ئێستا لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت پارتی نەك هەر داوای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكا، بەڵكو كاندیدیشی بۆ دیاریكردووە. ئەوەی دیارە گۆڕان لەسەر ئەو پێشنیارەی پارتی رێككەوتوە و تەنانەت كە سێكیشی بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم دەستنیشان كردووە. لەوەش زیاتر گوێمان لە قسەی ئەوە دەبێ‌ كە گۆڕان داوای دەسەڵاتی زیاتری بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم كردووە. بێگومان ئەگەر بەلای گۆڕان دەسەڵاتەكانی جێگر گرنگ بن ئەوا لەلای پارتیش دەسەڵاتەكانی سەرۆك گرنگترن.واتا بێ ئومێد بونێكی گەورە لە دامەزراندنی سیستمێكی تەندروست هەیە. لێرەدا چەند پرسیارێك خۆیان زەق دەكەنەوە:
- ئایا گۆڕان هەر سور دەبێ‌ لەسەر گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی بۆ پەرلەمانی یان لە پێناوی دەسەڵاتەكانی كاندیدەكەی چاوپۆشی دەكا؟
- ئایا یەكێتی هەر سور دەبێ‌ لەسەر گۆڕینی سیستەم بۆ پەرلەمانی یان ئەویش لە پێناوی هەندێ‌ دەسكەوتی تر چاوپۆشی دەكا. 
- ئایا حزبەكانی تر بێدەنگ دەبن یان هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە رادەگەیەنن.
دەبێ‌ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە و سەرۆكیش لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێ‌، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمان واتای سیستەمی پەرلەمانی ناگەیێنێ‌ و لە هەمان كاتیشدا ئاڵۆزی نێوان هەردوو دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم و كابینەی حكومەتیش چارەسەر ناكا.
- ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە بابەتی سیستمی حوكمڕانی بكرێتە مانشێتی سەرەكی و لایەنەكان رۆڵی خۆیان لە بارەیەوە بگێڕن؟ دەنا دەبێ‌ چاوەڕوانی ئەوە بین بەخشكەیی سترایتیجیەتی لایەنێك لە لایەنەكان دەسەپێندرێ‌. 


23/02/2019



وتارەکانی تری نوسەر