پێکھێنانی کابینەی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم

ئارێز عەبدولآ

پێکنەھێنانی کابینەی نوێی حکومەت ماوەی ئاسایی و یاسایی خۆی تێپەراندوە و  لە رووکەشدا ھۆکاری پێکنەھێنانی کابینە بۆ رێکنەکەوتنی  نیوان پارتی و لایەنەکانی تر دەگەڕێـتەوە، بەڵام ئەگەر ھۆکارەکەشی ئەوەبێ ئەی ھۆکارەکانی رێکنەکەوتن چین؟ لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەرڵبژاردن پارتی بەدەرفەتی زانی کار لەسەر سترایتیجیەتە تایبەتیەکەی خۆی بکا، بۆ ئەو مەبەستەش کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی پێویست بوو، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەشێوازێک لەگەڵ یەکێتی جولایەوە کە رێککەوتنی ھەردوولای زەحمەتکرد. ئەگەر کەمێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە دەبینین سەرۆک و سەرۆکایەتی ھەرێم لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣وە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ  ھەمیشە جێگەی مشتومڕ و ململانێی لایەنەکان بووە، واتا ئەو دامەزراوەیە لە جیاتی ئەوەی ماییەی سەقامگیری و دڵنیایی بێ بەپێچەوانەوە ماییەی نیگەرانی و ململانێکان بووە. دوای ئەوەی دەرفەتی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و مانەوە بەو شێوەیە نەما پارتیش ھاتەسەر ئەو بڕوایەی کە بابەتەکە پێویستی بەچارەسەرە. لە ئاکام لەجیاتی ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی بەشێوەیەک کەلەگەڵ سیستمی پەرلەمانی بگونجێ و سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵبژێردرێ بە یاسای ژمارە (٢)ی  ٢٠١٧ دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بەسەر دامەزروە دەستورییەکان دابەشکران و دواتریش بە یاسای ژمارە (١٠)ی ٢٠١٨ دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان - عێراق  بە ھێشتنەوەی دیوانی سەرۆکایەتی  ھەڵپەسێردرا. من پێم وایە ھەڵەی دووەم لە قەیارنی سەرۆکایەتی ھەرێم  ئەو ھەڵپەساردنە بوو، چونکە دەبوو لە جیاتی ھەڵپەساردن یاساکە لە بنەڕەتەوە ھەموارکرابایەوە، نەک لەگەڵ ھەڵپەساردن قەیرانەکەش بە ھەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە.
ئەو کاتەی یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش جگە لە پارتی داوای ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمیان دەکرد پارتی بە پاساوی رەھەندی نیشتمانیی یاساکە بەتوندی وەڵامی دانەوە و ئەو ھەڵوێستەش بوە ھۆکاری ئەوەی دوای ١٩ حوزیرانی ٢٠١٦ پەرلەمان ھەڵپەسێردرێ، وەزیرەکانی گۆڕان شاربەدەر بکرێن و قەیرانەکە ھێندەی تر گەورەبێ.  ئێستا ھیچ لە مەسەلەی رەھەندی نیشتمانی نەگۆڕاوە، کەچی پارتی بەھۆی زۆر بوونی ژمارەی کورسیەکانی و راکێشانی گۆڕان دەیەوێ یاساکە ھەموار و کارابکاتەوە. ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی و ھەڵبژاردنی کاندیدی پارتی پڕۆژەی پارتیە و مافی خۆشیەتی کە بەپێی دنیابینی و بەرژەوەندییەکانی خۆی پڕۆژەی ھەبێ، بەڵام  دەپرسین ئەی رەھەندی نیشتمانی لە  کوێیە و چ شتیێکیش لە مەسەلەکە گۆڕاوە تا گۆڕان بەو گەرم و گوڕیەوە بەرەو ئەکتیڤکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەنگاوبنێت؟ 
پارتی ھەر زوو  کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم دەستنیشانکرد، لەوەش زیاتر بەبیانوی رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان پێکھێنانی کابینەی دواخستوە تا ئەو کاتەی سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێ، واتا پێکھێنانی کابینەی بە ھەڵبژاردنی سەرۆکەوە بەستۆتەوە، لە کاتێکدا دەکرا بابەتی سەرۆکی ھەرێم بۆ دوای پێکھێنانی حکومەت ھەڵپەسێردرابایە. 
ئەوانەی ئێستا پشتیوانی لە پڕۆژە یاسای پارتی و گۆڕان دەکەن پاساوەکەیان ئەوەیە کە سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێ و ئەوەش خواستی ھەموو لایەنەکان بووە، جگە لەپارتی. ئەوە راستە، بەڵام ئەوە خاڵێکە لە چەندین خاڵی تری پەیوەندار بەھەمان بابەت. ئەگەر لەگەڵ ئەو خاڵە ناوەڕۆکی یاساکەش ھەمواربکرێتەوە و دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی سەرۆک و سەرۆکایەتی بەپێی سیستمی پەرلەمانی - دیموکراسی رێکبخرێنەوە ئەوا ھەنگاوێکی مێژووییە، بەڵام ئەوەی گۆڕان و پارتی لەسەری رێککەوتون تەنیا یەک خاڵە و بابەتی سیستەم بەشێوەی قەیرانێکی شارەوە وەکو خۆی ماوەتەوە. ھەندێ کەس ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان وەکو دەستکەوتی جێبەجێ بوونی داخوازیەکانیان بەشەقام دەفرۆشنەوە. من دەپرسم ئایا ئەگەر سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵنەبژێردرێ ئێستا لەکوێ ھەڵدەبژێردرێ؟ سەیرکەن :
١. پارتی داوای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکا.
٢. ھەر لە دوای ھەڵبژاردنیش کاندیدی بۆ دەستنیشان کردووە.
٣. ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی بۆ دەستەبەر کردووە.
٤. پێکھێنانی کابینەی خستۆتە دوای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی و ھەڵبژاردنی سەرۆک.
٥. پارتی ئامادەنییە دەستکاری دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بکرێ.
کەواتە  ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان کام دەسکەوتە و دەسکەوتی کام لایەنەیە؟ لە ھەمووی سەیرتر دەگوترێ ھێشتنەوەی یاسای سەرۆکایەتی بەم شێوەیە تا پەسەندکردنی دەستور..! دەپرسم ئایا کەی دەستور پەسەند دەکرێ.. ئایا گەرەنتی وەرگیراوە کە پڕۆژەی دەستور ھەمواربکرێتەوە و سیستمی حوکمڕانی بکرێتە پەرلەمانی؟ خۆ ئەگەر ماوەی پەسەندکردنی دەستور دیاربێ و پارتیش گەرەنتی سەلماندنی سیستمی پەرلەمانی بدا ھەنگاوێکی گەورەیە، بەڵام تا ئێستا لەو بارەیەوە جگەلە ھەڵپەساردنەوەی قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم ھیچ شتێکی تر نییە. 
یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم پەیوەندی راستەوخۆی بەسیستمی حوکمڕانیەوە ھەیە و یەکێتی و پارتیش لەو بارەیەوە بۆچوون و ھەڵوێستیان جیاوازە. کەچی لە دامودەزگاکانی راگەیاندن زۆرترین قسە و باس لەسەر رێکنەکەوتن و ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێ لە کاتێکدا ئەگەر ناکۆکی لەسەر شێوە و ئاستی بەشداریکردنی یەکێتی لە کابینەی نوێش ھەبن ئەوا لەچاو ناکۆکیە سەرەکیەکەی ھەردوولا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و سیستەم لاوەکین. 
پارتی بەسود وەرگرتن لە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەتوانێ پلانەکانی خۆی دەربارەی کارکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و پێکھێنانی کابینە و ھێشتنەوە بابەتی دەستوریش وەکو خۆی تا ئەو کاتەی خوا دەستیدەدا و دەیخاتە ریفرادۆم جێبەجێ بکا، بەڵام لە بنەڕەتەوە دواکەوتنی پێکھێنانی کابینە ئەوەندەی پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان یەکێتی پارتیەوە ھەیە، ھەر ھێندە و بگرە زیاتریش پەیوەندی بەسەرۆکایەتی ھەرێمەوە ھەیە.

31/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر