هەڵبژاردنەوەی شارەوانی ئیستانبۆل و كێشەی كورد

ئارێز عەبدولآ
لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا دەرسێكی باش بە ئەردۆگان درا، بە دۆڕاندنی لە شارە گەورەكانی وەك ئیستانبۆل، ئەنكارا، ئەزمیر و دیاربكر خەونە گەورەكەی ئەردۆگان هاتۆتە سەرلێواری پوچەڵبونەوە، بۆیە هەموو توانای خۆی خستە گەڕ تاكو هەڵبژاردنەوە لە ئیستانبۆل دووبارە بكرێتەوە. دیارە ئەردۆگان بەبێ‌ پشتیوانی و پشتگیری شاری ئیستانبۆل لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووش رووبەڕووی شكستێكی گەورەتر دەبێتەوە، بۆیە هەرچی توانای خۆی هەیە دەیخاتەگەڕ تا ئەمجارە بیباتەوە و شكستەكەشی بشارێتەوە.
 ئەردۆگان جێدەستی زەبری كوردی بینی و دەزانێ‌ ئەگەر كورد نەبوایە جەهەپە نەی دەتوانی لە ئەنكارا و ئیستانبۆل بباتەوە. ئێستا ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە ئەردۆگان لەبارەی كێشەی كورد بەخۆیدادەچێتەوە، بەڵام ئایا دەتوانێ‌ متمانەی هەدەپە وەدەست بێنێ‌ یان نا؟ 
زمانی ئەردۆگان و حكومەتەكەی نەرمترە و رێگەدانی پارێزەران بەسەردانیكردنی ئۆجەلان نیشانەی سەرەتایەكی نوێن لە توركیا، بەڵام ئایا لە پێناوی سەرخستنی پڕۆژەكەی چ پڕۆژەیەك دەخاتە بەردەم كورد؟  جارێ‌ زووە بۆ ئەو وەڵامە، بەڵام واپێدەچێ‌ دیالۆگێكی نوێ‌ دەست پێدەكاتەوە و لەبەرامبەریشدا رەنگە جەهەپەش بۆ چارەسەری كێشەی كورد وتارەكەی باشتر بكا. 
ئێستا هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەوپەڕی پێویستیان بە هەدەپە هەیە و هەدەپەش لە رابردوودا یارییەكی سەركەوتووی كرد و چاوەڕوانی سەركەوتنی تریشی لێ دەكرێ‌.


11/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر