بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ی.ن.ک قەیرانی یەکێتی!

ئارێز عەبدولآ

یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی نزیک بۆتەوە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە تەواوی کادیر و ئەندام و لایەنگر و سەرکردەکانی یەکێتی دەکەم. سەروەری و قوربانیەکانی یەکێتی لە پێناوی گەلی کوردستان هێندە گەورە و زۆرن هیچ هێزێکی تر ناتوانێ نازی بەسەردا بکا، ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە،  لێرەدا من مەبەستم نییە بچمە بنج و بناوانی ئەو بابەتە. ئەوەی من مەبەستمە قسە کردنە لەسەر ناسنامەی یەکێتی. دیارە هەلومەرجە گۆڕاوەکان و چەق بەستوویی ناوخۆیی ناسنامەی یەکێتیان بە جۆرێک شێواندووە کە بە ئاسانی پێناسە نەکرێ کە ئەوەش قەیرانە سەرەکیەکەیەتی. قوربانی دانی رۆژگارە سەختەکان، نیمچە بەرەیی و بەیەکەوە هەڵکردن، مافی چارەی خۆ نووسین، کوردستانی بوون، ئازادی دەربڕین، چەپێتی و پێشکەوتنخوازی هەمیشە بەشێک بوونە لە پێکهاتە و تایبەتمەندیەکانی یەکێتی، بەڵام ئێستا تایبەتمەندیەکان زۆر کەم بوونەتەوە.

لە پێناوی بەردەوامبوون و درێژەدان بە ڕیبازی یەکێتی دوو ئاراستەی زۆر جیاواز هەن، هەرچەندە ئاراستەکان ڕانەگەیاندراون و هەمووان لە ژێر درووشمی یەکێتی بوونەوە ئەسپی خۆمان تاودەدەین بەڵام ئاشکرایە ئەسپێک بە ئاراستەی نەهێشتن یاخوود کاڵکردنەوەی تایبەتمەندی و بەرژەوەندیە تایبەتیەکان هەنگاو دەنێ و ئەسپێکیش بە ئاراستەی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ڕاستەڕێکردنەوەی بە هەموو تایبەتمەندیەکانیەوە دەڕوا، هەرچەندە ئاراستەی دووەم زۆر گەورە و بنکە فراوانە، بەڵام نایشارمەوە کە تۆزی ئاراستەی یەکەم بەرچاوی ئاراستەی دووەمی لێل کردووە و لە پێشرەویدا دوای خستووە.

 بە بۆنەی یادی ساڵڕۆژی یەکێتی دەبێ یەکێتیەکان بە گوڕو تین بێنەوە مەیدان تاکو یەکێتی بکەینەوە شۆڕەسوارەکەی جاران، دەنا بێ باکی و خەمساردی لە کاروانی خەباتی سیاسی و مەدەنی دوامان دەخەن.


25/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر