دۆستەكانی پەكەكە و سیخوڕەكانی میت !

ئارێز عەبدولآ

ئاشكرایە،پەكەكە نە لەسەر رەزامەندی حكومەتی هەرێم و نە بەخواستی هێزە سیاسیە سەرەكیەكانی كوردستانیش لە چیا و دۆڵەكانی باشورە، بەڵام بەحوكمی كورد بوونی ئەو هێزە و ڕەوایی كێشەكەیان لە باكور بمانەوێ و نەمانەوێ‌ بەشی ئەوەندە هاوسۆز و كاریگەریان دەبێ‌ كە لە ناوچە سەختەكان بمێننەوە. توركیاش بەبیانوی بوونی پەكەكە هێزێكی گەورەی هێناوەتە باشور و تەنانەت لە هەندێك شوێن كە هەرگیز پەكەكەشی لێ نەبووە سەربازگەی دروستكردوە! بێگومان، هێزی توركیا رزگاركەر نییە، بەڵكو داگیركەرێكی رەزا قوڕسە. 

دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانی و زەمینیەكان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە خەست بوونەتەوە رۆژانە هەواڵمان پێ‌ دەگات كە لە ناوچەكانی بادینان، سیدەكان و چۆمان هەندێ‌ كەس بەبیانوی هاوكاری كردنی پەكەكە دەستگیر دەكرێن یاخود فشاریان دەخرێتە سەر. دیارە لێپرسینەوە لەهەر كەسێك كە كارێكی نایاسایی بكا ئەركە، بەڵام شێوازی لێپرسینەوە و جۆری سزاش پێویستە بە ئەندازەی كارەكە بێ‌، نەك هاوكاری ودۆستایەتی پەكەكە پاساوێك بێ‌ بۆ ترساندن و تۆڵەكردنەوە لە كادیر و لایەنگری حزبەكانی تر. ئەوە لەكاتێكدایە كە بەرۆژی رووناك سیخوڕەكانی میتی توركیا ئەوەندە زۆر بوونە كە لە گەیاندنی هەواڵەكانیان كێبڕكێی یەكتری دەكەن، زۆر جاریش ئەوانە بۆ مەبەستی تایبەت هەواڵی نادروست دەدەن و لە ئەنجامیش تا ئێستا خەڵكێكی زۆری مەدەنی و بێ‌ گوناهی باشور بونەتە قوربانی. لێرەدا هەڵوەستەیەك پێویستە، ئایا بۆچی دەبێ‌ سیخوڕەكانی میت و وڵاتانی تریش تەڕاتێنی بكەن و كەس لە گوڵ گرانتریان پێ‌ نەڵێ‌، كەچی بەبیانوی هاوكاری كردنی پەكەكە رۆژانە خەڵك بگیرێ‌؟ 

 

04/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر