حکومەتی ھەرێم لە نێوان رووخان و چاکسازیدا!

ئارێز عەبدولآ
(یەکەم-  ھێزە چەکدارەکان)

رۆڵی حزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان لە ڕووبەڕووبونەوەی ستەمی داگیرکەران و وەدەستھێنانی مافەکانی گەل، مێژووییە و کەس ناتوانێ ئینکاری بکا، بەڵام ئەزموونی بەڕێوەبردن و بەبنبەست گەیشتنی ئەو شێوازە حوکمڕانییەی ئەوان بەردی بناغەیان دانا پێویستی بە ھەڵوەستەیەکی گەورە و بەخۆداچوونەوەیەکی سەرتاپایی ھەیە.

پێویستیی چاکسازی و رێکخستنەوەی سیستمی حوکمڕانی بابەتێکە لەبڕیار بە دەستە گەورەکان تا دەگات ھاوڵاتییە ئاساییەکان باسی دەکەن، کەواتە لە خۆڕایی نییە ئەو بابەتە بۆتە وێردی سەر زاران.

کاتێک ئاوڕ لە مێژوویی دوای راپەڕین دەدەینەوە بە فەرامۆشکردنی قۆناغی شەڕی ناوەخۆ دوو قۆناغی گرنگ دەبیندرێن:
یەکەم: قۆناغی مێژوویی ھەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی حکومەتی کوردستان.

دووەم: قۆناغی ئاشتەوایی و رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و یەکخستنەوەی ھەردوو ئیدارە.

لەو دوو قۆناغانەدا ھەنگاوی گرنگ نراون، بەڵام بە ھەموو پێوەرەکان دەبوایە ئێستا وڵات و سیسەمە حوکمڕانییەکەی گەشەی زۆر گەورە تری بکردایە، بەڵام مخابن لەو ساڵانەی دوایی نەک ھەر ھەنگاو بەرە و پشەوە نەنراوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتداران بەخۆیان و سیستەمە حوکمڕانییەکەیان ھەر بەرەو دواوە را دەکەن!.. واتە ھاوکێشەکە پێچەوانەی رەوتی مێژوویی بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات بۆتەوە.
حکومەت زۆر بەچڕی باسی چاکسازی دەکا و ھەندێ ھەنگاویشی لەو بوارەدا ناون، ھەرچەند ھەنگاوەکان لە چاو پێویستیی ھەنگاوە گەورەکان بچوکن، بەڵام ھەر جێگای دەستخۆشین.

ئایا بەڕاستی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێ چاکسازی بنەڕەتی بکەن؟ 
ئەگەر ئەوان دەیانەوێ پێویستە لەبەرامبەر مێژوودا بێنە مەیدان و بیر لە زیانی تایبەتی حزب و ھەندێ کەس نەکرێتەوە و ھەر وەکو چۆن لە پەیڕەوی ناوەخۆی ھەموو حزبەکانمان داھاتووە بەرژەوەندیی باڵای گەل لەسەروی ھەموو بەرژەوەندیەکانی ترە، شان بدەینە بەر و لەگەڵ ئەو پرانسیە راستگۆبین، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بەردی بناغەی قۆناغێکی زێرین دابنێین.

بەڕێوەبردنی چاک و سیستمی دیموکراسی لەسەر بنەمای جیاکردنەوە و سەربەخۆیی دامودەزگا نیشتیمانییەکان بنیات دەنرێن، بەڵام لای خۆمان سەرەڕای پڕوپاگەندەی گەورە لە کەس شاراوە نییە، کە دامەزراوە نیشتیمانییەکان ئازاد و سەربەخۆ نین. کەواتە ناشتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن کە ئەرکە لەسەر شانیان. بۆیە ئێستا دەسەڵات لە دووڕیانێکی دژواردایە: چاکسازییەکی بنەڕەتی یان روخان. رێگای سێیەم نابینم تەنانەت ئەگەر ئەم دۆخەش بەپینە و پەڕۆ رابگیرێ، تەنیا درێژکردنەوەی ماوەیە و ھیچی تر.

ئەگەر بەڕاستی دەسەڵاتداران مەبەستیانە حکومەتەکەمان نەڕوخێ و بەرەو پێشەوە ھەنگاوبنێین، پێویستە:
- بیر لە چاکسازی لە جومگە سەرەکیەکان بکرێتەوە:

یەکەم-  ھێزە چەکدارەکان 
بە ئەزموون دەرکەوتوە ئێمە نەماتوانی ھێزەکانی (پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس) یەکبخەین، رێکبخەین، بێلایەن بکەین، گەشەیان پێبدەین.... تەنانەت تێکەڵکردنەوەی ھەندێک لە ھێزەکانی پێشمەرگەش لەناو لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەداخەوە، تەنیا رووکەشییە و بە گەرما و سەرمایەکی سیاسی گەنم گرد و جۆ بڵاوی لێ دەکەنەوە.

ھەموومان شانازی بەناو و ئازایەتی و لەخۆبردویی پێشمەگە دەکەین، بەڵام ئایا بەڕاستی ئەو ھێزە بەپێوەری سوپای دەوڵەتان ھێزێکی نیزامییە؟!

ئایا ئەگەر لەگەڵ ئەو ھەموو ئازایەتی و قارەمانیەتیەی پێشمەرگە ھەیەتی لە چوارچێوەی سیستمێکی سەربازی مۆدێرن رێکخرابایە و پێویستیەکانی دابینکرابایە ئەو ھەرێمەمان چەند بەھێزترو سەنگین تر دەبوو؟

بۆچی ئەو کارە ناکرێ؟ بێگومان ھەموو کەسێک دەتوانێ بە ئاسانی وەڵامبداتەوە و بڵێ لەبەر ئەوەی دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەست لەسەر ئەو ھێزانە ھەڵناگرن. پێم وایە ئەگەر یەکێتی و پارتی بمانەوێ ئەو کارە بکەین پێویست بەوە ناکا ھێندە رێگا کۆنە بەبنبەست گەیشتوەکان تاقی بکەینەوە، بەڵکو دەبێ بژاردەیەکی گونجاو ھەڵبژێرین. بە نمونە پێشنیار دەکەم:

 ئەنجومەنێکی نیشتیمانی لە کەسانی شارەزا و بێلایەن پێکبھێندرێ و ئەرکی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس دوور لە دەست تێوەردانی ھێزە سیاسیەکان بگرنە ئەستۆ. تو بڵێی لەم کوردستانە شەش حەوت کەسێکی وامان دەست نەکەون، کە بۆ قۆناغێک ئەم ئەرکە مێژووییە بگرنە ئەستۆ؟

دەستبەردار بوون و دەست لەخۆنان لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان و سەلماندنی راستگۆیی و پابەندبوونمان بە پەیڕەو و پڕۆگرامەکانمان ئەوەمان لێ دەخوازێ و ئەو ھاوپەیمانانەیش کە بەردەوام مەشق بە ھێزی پێشمەرگە دەکەن و چەکی پێشکەوتویان بۆ دابین دەکەن ئەوەیان دەوێ. 
 

30/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر