کۆدێتاکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان

مەم بورهان قانع

ئەوەی ئەمڕۆ  (١٠/ ٣/ ٢٠١٩)، لە کۆبونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان دا لە پەرلەمانی کوردستان، بەزۆرینەی نارەوای سەرۆک فراکسیۆنەکان بڕیاری لێدراوە و تایبەتە بە دابەشکردنی ئەندامانی ١٤ لیژنەی پەرلەمان (وەک چۆن پێشتر لیژنەی یاسایی ھەڵبژێردرا)، سەپاندنی زۆرینەی ناڕەوا و سادەترین بنەمای "ئیستیحقاق"ی کورسیی پەرلەمانیی و ھەروەھا سادەترین بنەمای دیموکراسییە.


ئاخر لەکۆی ئەو  ١٤ لیژنە پەرلەمانییە، کە  بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ھەر لیژنەیەک ژمارەی ئەندامەکانی لە پێنج بۆ ١١ ئەندام دەبێت، ئەمە چ رێزگرتنێکە لە کاری پیشەیی و دیموکراسیی و مافی دەنگدەر و کاری پێکەوەیی لە پەرلەمان دا، کە لەکۆی سێ لیژنەی "سیادیی" وەکو "دارایی، ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە و ھەروەھا  لیژنەی سامانە سروشتییەکان"دا، کە پشکی شێری کارەساتی ئەم ھەرێمە، روبەروی ئەم سێ لیژنەیە دەبێتەوە بۆ شەڕکردن و چاودێریکردنی کابینە حکومەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان، کەچی یەک ئەندامی فراکسیۆنێکی وەکو "نەوەی نوێ"، کە خاوەنی ھەشت کورسییە و تێکڕای ژمارەی ئەندامانی ئەو سێ لیژنەیە دەگاتە (٣٣) ئەندام، کەچی پارتی و یەکێتیی بە پۆستەکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و  جێگرەکانیان و سەرۆکایەتیی ھەمو لیژنە "سیادیی"یەکانی پەرلەمان و وەزارەتە ھەستیارەکانی وەکو "سامانە سروشتییەکان" و "ناوخۆ" و "پێشمەرگە" و "دارایی" و "ئەنجومەنی ئاسایش" و "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە" و تاڵانکردنی سامانی نیشتمان و چی و چی "ئیکتیفا" نەکەن و رێگریی بکەن لە بونی ئەندامی فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" لەو سێ لیژنە ھەستیارەدا... ئەمە چ لێکدانەوەیەک ھەڵدەگرێت؟!

ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دا کراوە، "کۆدێتا"یەکە بەسەر دیموکراسیی و فرە دەنگیی و کاری پیشەیی دا لە پەرلەمانی کوردستان، کە ئەمەیش نییەتی ناشیرینی دوو پارتەکەی دەسەڵات نیشاندەدات، کە نایانەوێت پەرلەمان بە ئەرکی پیشەیی و چاودێریکردنی راستەقینەی خۆی ھەستێ و نوێنەری گەورەترین فراکسیۆنی راستەقینەی ئۆپۆزسیۆن لەو لیژنانەدا بونی ھەبێت.

سەرەڕای ئەوەی فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان، یاداشتی ناڕەزایی داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، کە دەبێت پێداچونەوە بەم ئەقڵییەتە نا دیموکراسییەدا بکرێت، کە چۆن فراکسیۆنێکی خاوەن ھەشت کورسیی، لەکۆی ٣٣ ئەندامی سێ لیژنەی "سیادیی"ی پەرلەمان، تەنھا ئەندامێکی نەبێت، لەکاتێکدا دەبێت لانیکەم لە ھەرسێ لیژنەکەدا، سێ ئەنداممان ھەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە "پارتی" لەنێو ھەریەکە لەو سێ لیژنە گرنگەدا، پێنج ئەندامی ھەیە و یەکێتی لە ھەر لیژنەیەک دا دوو ئەندام و تەنانەت لە لیژنەی "ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە"دا، سێ ئەندامی ھەیە، لەکاتێکدا یەکێتیی خاوەنی ٢١ کورسیی پەرلەمانییە و دەیشبێتە خاوەنی پۆستی سەرۆکی پارلەمان و سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، کەچی گەورەترین ھێزی ئۆپۆزسیۆن، ھیچ ئەندامێکی نەبێت، بۆیە ئەمە سەرەتایەکی دیکەی تاکڕەویی و خۆسەپێنیی دوو ھێزەکەی دەسەڵاتە لە سەرلەنوێ لێدان لە شکۆی پەرلەمان.

دووپاتیدەکەمەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دا کراوە، جۆرێکە لە "کۆدێتا" بەسەر فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" و دەنگی ناڕەزایی راستەقینەدا لە ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ھێزگەلێکی دیکە ھەن ژمارەی کورسییەکانیان لە فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" کەمترە، بەڵام لەنێو ھەرسێ لیژنەکەدا نوێنەرایەتییان ھەیە.

ئەوەی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دا کراوە، بێرێزییە بەرانبەر بە سادەترین بنەمای دیموکراسیی و ھەروەھا "ئیستیحقاق"ی ھەڵبژاردن، سەرەڕای ترس لە نوێنەرەکانی ئەم فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنە راستەقینەیە لە پەرلەمانی کوردستان. ئەمەیش بۆ ئەوەی فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" لە پەرلەمان، ئاگاداری کۆی ئەو "گەندەڵیی" و ناھەقییانە نەبێت، کە حکومەت لە بوارەکانی دارایی و کێشە و داھاتە ناوخۆییەکان و پرسی بەنھێنیی ھێشتنەوەی گرێبەستە ناڕەواکانی سامانە سروشتییەکان دا لە کوردستان، ئەنجامیان دەدات و سەرەنجام بە کارەسات و ماڵوێرانیی و قەیران بۆ خەڵکی کوردستان شکاونەتەوە.


ئەگەر "پارتی" و "یەکێتیی" دەیانەوێت نەختێک شکۆ بۆ شکۆی برینداری ئەم پەرلەمانە بگەڕێننەوە، دەبێت لەم پرسە ھەستیارەدا، ئەقڵانییانەتر و بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان پیشەییانە و یاساییانە کاری چاودێریکردن و یاسا دەرکردن راببپەرێنێت و پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەکان و چاودێریکردنی دەسەڵات بێت، نەک بکرێتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانی ھەردو حزبی دەسەڵات.



10/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر