بەلاڕێدابرنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم

عەبدولآ ئەحمەد
فەزای سیاسی كوردستان بەجۆرێك شێواوە تەواوی پرسە سیاسییە نیشتمانیی‌و چارەنوسسازەكان بە دۆسیەو بابەتی سەرپێی بەلاڕێدابردن‌و بەلاوەكی دەكرێن‌و شێواوییەكە بەجۆرێكە فەزاكەو پرسە نیشتیمانی و چارەنوسسازەكان تەحویلی سۆشیال میدیا دەكرێن‌و لە جەوهەری خۆیان دووردەخرێنەوە.

حزبە دەسەڵاتدارەكان و گۆڕانی ئێستاش كە ئێستا بەشداری‌و پاشكۆیەتی ئەوانی قبوڵكردووە‌و بوەتە بەشێك لەم گەمە ناشیرینە كە دەیەوێت ئەو پرسانەی نیشتمانی و چارەنوسسازن لەناو ڕای گشتیدا بەلاڕێدابەرێت‌و  لەبەرچاوی ڕای گشتی بیانشارێتەوەو لەبەرامبەردا خاڵی لاوازو لاوەكی زەقبكاتەوە.

 دیارترین ئەو بەلاڕێدابردنەی پرسە نیشتیمانی وچارەنوسسازەكان پەیوەست بەژیانی سیاسی كۆمەڵگای كوردستانەوە, هێنانە كایەی مەسەلەی بڕوانامەی سەرۆكی هەرێم بوو, كە لەم خولەی پەرلەمانەوە بەمەبەست‌و بەرنامە بۆ داڕێژراو تۆخكرایەوە، بەداخەوە لەمەشدا كۆمەڵێك ئەكادیمیست‌و سیاسی‌و لێكۆڵەر كەوتنە دوای هەراو هوریای بەلاڕێدابردن‌و ونكرنی تەواوی ئەو خاڵ و بڕگانەی كە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی لەسەر كارا كراوەتەوەو لە بۆسەی بون‌و نەبونی بڕوانامەی سەرۆكی هەرێمدا گوتاری ڕەخنەیی خۆیان ونكرد.
مەسعود بارزانی دوانزە ساڵ سەرۆكی هەرێم بوو هیچ كات بە وجودی مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفا قسە لەسەربون و نەبونی بڕوانامەكەی نەكراوە، بەڵكو قسە لەسەر دەسەڵاتەكانی‌و شێوازی حكومڕانییەكەی كراوە, كە ئایا هاوشێوەی بەغداد پەرلەمانی بێت‌و سەرۆك لەژێر چاودێری پەرلەماندا بێت؟ یان هاوشێوەی ئەو وڵاتانە بێت كە پەرلەمان دامەزراوەیەكی كارتۆنییەو سەرۆك لەسەروو پەرلەمان و دامەزراوەی تەشریعیەوەیە.

قسە‌و باسەكان و تێڕوانینە یاساییەكان بە تایبەتی لەناوخۆی گۆڕان بە ئاڕاستەی سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و بە تەشریفاتیكردن‌و بێدەسەڵاتكردنی دامەزاوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوە, بەجۆرێك كە پەرلەمان تونای لێپرسینەوە‌و لێپێچینەوەو بانگهێشكردنی سەرۆكی هەبێت.

ئەمەی ڕوودەدات‌و ئەوەی ڕویدا بۆ ئێمە‌و تەواوی ئەوانەی لەناو گۆڕان‌و دەرەوەی گۆڕان دان‌و ئاگایان لە كێشەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و دیدی نەوشیروان مستەفا‌و هاوڕێیانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان هەیە بۆ ئەم پرسە توشی شۆك بووین, ئەوانەی دیزەبەدەرخۆنەی بیروڕاكانی نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕانیان كردووە لە مەسەلەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانیدا بە شێوەیەك دەیانەوێ مەسەلەی بڕوانامە تۆخ بكەنەوە وەك ئەوەی نێچیرڤان بارزانی شانزەساڵ بێت بڕوانامەی هەبوو بێت, لە كاتێكدا بەڕێزیان لەو ماوەیەدا كەمترین قسە لەسەرمەسەلەی بڕوانامەكەی كراوە كە بەتەوەقوعی من مەسەلەی بڕوانامە بایەخی نیە, چونكە لە وڵاتێكی پێشكەتوو زلهێزی وەك ئەمریكا سەرۆك تەنها تەمەنی لە۳٥ساڵ كەمتر نەبێت و ۱٤ساڵ بێت لە ئەمریكا بژی و هاونیشتمانی ئەوێ بێت بۆی هەیە خۆی بۆ سەرۆكی ئەمریكا كاندید بكات, بۆیە ئەم مەسەلەیە بۆ ڕاگشتی و نوخبەی سیاسییش بایەخی نیە‌و وەك باسمكرد مەسەلەكە بەلاڕێدابردن و ونكرنی بڕگەو بابەتەكانی تری ناو پڕۆژە یاساكەیە كە پێدەچێت لە مانگی شەشی ساڵی ۲٠۱۸وە گۆڕان و پارتی لەسەری ڕێككەوتبن, بەپێی هەندێك سەرچاوەش بەڕێزان دكتۆر یوسف‌و عەلی حەمەساڵح ئەندازیاری ئەم ڕێككەوتنە‌و ئەو پڕۆژەیە یاسایەبن كە بوەتە مەخرەجێك بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان هەم لە مەسەلەی سەرۆكایەتی حكومەت‌و هەم لە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمدا، لەبەرامبەریشدا پارتی پشكی گۆڕانی بە شێوەیەك زیادكردوە لە حكومەتدا كە سەنگی 12 كورسییەكە هەمان سەنگی 24 كورسیەكەی خولی پێشووی هەبێت.

ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات ڕویدا
لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا ئەوەی كە ببوە گرێكوێرەو كێشمەكێشی نێوان پارتی‌و گۆڕان مەسەلەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و درێژكرنەوەی ماوەی ویلایەتەكانی سەرۆك بوو لە ۲٠۱۳_۲٠۱٥كە لە هەردوو ماوەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان هەم لە ئاستی جەماوەری‌و هەم لە ئاستی سیاسی براوە بوو، یەكێتیش باجی درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی دابوو كە بەدیاریكراوی لە۲٠۱٤ دا ژمارەی كورسییەكانی لە ۲۹كورسیەو بۆ ۱۸ كورسی دابەزیبوو، لە هەموو حاڵەتەكاندا كۆ دەنگییەك لە نێوان گۆڕان, یەكێتی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم و سنورداركرنی دەسەڵاتەكانی هاتبوە سەرمێزی گفتوگۆی واقیعی‌و بابەتییانەی ئەو چوار لایەنە, ئاڕاستەی گفتگۆكان و نزیكبونەوەكان بەجۆرێك بوون كە پارتی لە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمدا لە گۆشەگیری سیاسیی و پەرلەمانییدا قەتیس مابوو، تا ئەوكاتە كە خودی بارزانی پەنای بۆ ئەنجومەنی دادوەریی برد بۆ درێژكرنەوە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی, هەرچەندە لە ویلایەتی درێژكراوەی پێشودا كە پارتی و یەكێتی كردیان ئاماژە بەوە دراو كە یارای درێژكرنەوەی نیە.

ئەوەی ڕویدا لەڕاستیدا نەدەبوو ڕوو بدا لە مەسەلەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆك بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە بەجۆرێك كە بوە  شۆكێك لە پرۆسەی سیاسی كوردستاندا‌و بەداخەوە ئەمجارە گۆڕان بوە بەشێكی دیارو پارتی رزگاركرد لەم پرسەدا, ئەمەش لە ڕوانگەی منەوە باجەكەی قورس دەبێت بۆ هێزێكی وەك گۆڕان, كە بە حزبی دەنگدەر‌و پەرلەمانی ناسراوەو هەر لە ئێستاشەوە سەرەتایەكی گەورەو كاریگەر هەم لە ناوخۆی گۆڕان و هەم لە دەرەوە, بەڕازی و ناڕازییەوە دەركەوتوەو مەدێكی بەهێز دژی ئەوانە بەڕێوەیە كە كەواسوری كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوون بەهەمان دەسەڵاتەكانی پێشوو بگرە بە زیاتریشەوە، بۆیە باجی ئەمە لەناو شەقام‌و ڕای گشتی كوردستاندا بە سانایی تێپەڕنابێت بەسەریانداو ناتوانن بە مەسەلەی لاوەكی وەك بون‌و نەبونی بڕوانامە بەری خۆر بە بێژنگ بگرن، هەرلێرەشەوە بەئەركی نوسەران‌و میدیاكارانی ئازاد‌و هاونیشتمانیانی ناڕازی لە گۆڕان‌و لایەنەكانی ترو تەواوی هاونیشتمانیانی دەزانم هۆشیاربین بەرامبەر بەو كارەساتەی كە دەستڕۆیشتوەكانی ناو گۆڕانی ئێستاو بەدیاریكراویش یوسف محەمەد‌و عەلی حەمەساڵح، لە پرسی كاراكردنەوەو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا كردویانە، خەباتی دەیان ساڵەی نەوشیروان مستەفا‌و هاوڕێ ڕاستەقینەكانی‌و هەموو ئەو پڕۆژەو تێڕوانینەی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دەسەڵاتەكانی هەیانبوو، لەسەردەستی ئەمانە بەڕێككەوتنێكی گوماناوی ژێربەژێر‌و دوو لە هەموو بەها‌و مۆراڵە سیاسییەكان بەهەدەریاندا.

ئەبێت ڕای گشتی و خەڵكی بەئاگابن لەوەی لەسەردەستی ئەمانە چ ناپاكییەك بەرامبەر بە ویژدانی زیندووی هاونیشتمانیان‌و دەنگدەرانی گۆڕان‌و بەشی هەرەزۆری دەنگدەرو قاعیدەی یەكێتی‌و لایەنەكانی تریش كراوە، بۆیە وای دەبینم بێدەنگی لەم دیمەنە تراژیدییە, جگە لە ڕازیبون بە مردنی دەنگ‌و سەنگی هاونیشتمانیان ئاكامێكی تری نابێت.


20/05/2019