سیستمی فێربوونی فنلندیی، سەرسوڕمێنە

قەڵەم

بەدواداچوون و نووسین ئەحمد مشاری

وەرگێڕانی: جیهاد موحەمەد

کەمکردنەوەی وەرزی خوێندن و سەعاتەکانی حەفتانەی خوێندن، نەهێشتنی تاقیکردنەوەکانی بەکالوری، یان  وەزاریی، ڕزگارکردنی منداڵ لە ئەرکەکانی ماڵ و خوێندنە تایبەتەکان، هەروەها .... بە واتای چیی دێت؟

باوکی ڕۆحی فێربوونی فنلندیی: دکتۆر «باسی ساڵبرگ»ە

دکتۆر"باسی ساڵبرگ" یەکەم کەسی دەستپیشخەر بە فێربوون و پەروەردەی نوێ، لە کتێبەکەیدا"Finnis Lessons" ڕەهەندێکی فێربوون و پەروەردەی نوێی دۆزیەوە، کە لە پێش ئەمدا هیچ کەس بیری لێ نەکردۆتەوە. هەندێک لە دەوڵەتانی دنیا سوودیان لە بیرۆکەکانی وەرگرت، لە پەرلەمانەکانیاندا گفتوگۆی لەسەر کرا، وەک دەوڵەتانی ئسکۆتلندا و ئنگلتەرا و ئوسترالیا و نیوزیلندا، هەندیک لە حکومەتەکانیش بمەوە نەوەستان، بەڵکو یەکسەر داواین لە ئیدارەی فێرگەکانیان کرد کە هەرچی لە توانایاندایە ئەم بیرکردنەوە نوێیانەی فێربوون و پەروەردە جێبەجێ بکەن.

بیرۆکەی سەرەکی ئەم زانایە، بزووتنەوەیەکی چاکسازییە لە هەموو ئەو گەندەڵی و خراپیانەی لە پەروەردە نەریتیەکەدا هەیە. 

پێویستە هەمیشە ئەوەمان لە بیر بێت، کە ئامانجی فێربوون بریتیە لە: یەکەم ئابوورییەکی باش، دووەم پاراستن و پارێزگارییکردن لە کولتووری پێشکەوتووی دیموکراسیانە.

یەکەم هەنگاو لە فێربوون و پەروەردەی فینلندەدا بریتی بوو، لە ڕزگارکردنی فێربوون و پەروەردە لە "میکرۆبەکان". دکتۆر ساڵبرگ هەموو گەندەڵی و خراپی پەروەردەی نەریتیی ناونا"میکرۆبەکان".

دکتۆر ساڵبرگ گرنگیەکی زۆری دا بە بزووتنەوەی گەندەڵی و خراپیەکانی فێربوون و پەروەردە، کە بە ناوی چاکسازییەوە دەگوزەرێت، ئەمەشی لە کتێبەکانی و وانەکانیدا بە ناوی لە ناوبردنی میکرۆبەکان کورت و پوخت کردەوە، "میکرۆب" بە واتای ئەو دەردە کوشندەیە دێت کە تووشی فێربوون و پەروەردە بووە و هەموو فێرگەکانی جیهانی گرتۆتەوە. 

بە گوێرەی زانیاریەکان، سیستمی فێربوون و پەروەردە ٩٩٪ لە سەدا نەوەت و نۆی پاکراوەتەوە لە میکرۆبەکان.

ئەم چاکسازیی و پاکسازییەی سیستمی پەروەردەی فینلندا لە سەر ڕێنماییەکانی دکتۆر ساڵبرگ بەم کارانە هەستا: چڕکردنەوەی بابەتەکان، زۆری تاقیکردنەوەکان، درێژکردنەوەی سەعاتی دەوام، پێدانی وەزیفەی ماڵ و ئامادەکردنی دوای تەواوبوونی دەوامی فێرگە، هەروەها پێدانی وانەی تایبەت ئەویش وەک وەزیفەی ماڵ، دکتۆر ساڵبرگ جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەمانە هەموویان میکرۆبن و دەبنە هۆکاری کوشتنی تواناکانی فێربوون و پەروەردە و دەبن بە قورساییەکی زۆر لە سەر منداڵ، چونکە پراکتیکەکردنێکی ئەمانە نا پەروەردەییە و هیچ سوودێکی نییە جگە لە مامۆستا و منداڵ ماندووکردن. 

پێویستە ئەوەمان لە بیر بێت، کە ئامانجەکانی فێربوون: یەکەمیان گەشەپێدان و پێکهێنانی ئابوورییەکی باشە، دووەمیان پاراستنی کولتوری دیموکراسیانە و مرۆڤییانە، سێەمیش لە بیرمان نەچێت، کە ئەمانە بە میتۆدە میکرۆباوییەکە بەدی ناهێنرێن. 

بەراورد بە ئەمەریکا، فنلندە باشترین و گەشەسەندووترین سیستمی فێربوون و پەروەردەیی هەیە. 

ئۆباما، لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، ڕێگەیەیەکی ستراتیژیی لە فێربوون و پەروەردەدا گرتەبەر و ناوی نا"کێبڕکێ بەرەو لوتکە"، پەیمانی دا بە ڕابوون و گەشەی فێربوون لە ئەمەریکادا لە ڕێگەی لێپرسینەوەیەکی ورد، پێوانەیەکی وردی هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستاکان، هەروەها کۆمەڵێک شتی لەم بابەتانە بۆ بەدیهێنانی خواستەکەی.

کەچی فیلمە دۆکۆمێناریەکە Waiting for Superman»  دوای چەندین ساڵ لە جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژیەتە دەریخست، کە ڕێژەی سەرنەکەوتنی فێرخوازەکان و داخستنی فێرگەکان و دەستبەرداربوون لە مامۆساکانی لێ کەوتەوە. ناچار ڕایانگەیاند پلانەکەیان سەرکەوتوو نەبوو.

دکتۆر "ساڵبرگ" دەڵێت، شکست و سەرنەکەوتن لە هەرچ دەوڵەتێکدا فشار بخەنە سەر منداڵ و فێرخواز و مامۆستا چاوەڕوانکراوە، هیچ دەوڵەتێک نییە ئەم میتۆدە میکرۆباوییەی بەکار هێنابێت توانیبێتی چاکسازی بکات و سەرکەوتن بە دەست بێنێت. 

سیستمە ڕەق و تووندەکان، بەرپەرچدانەوەی کار و ڕووداوە مێژوییە کۆن و ڕەق و تووندەکانە، کە لە دێر زەمانەوە بەسەرچوون و نەماون، وەک شۆرشی پیشەسازیی و جەنگی ساردی درێژخایانەی نێوان بلۆکی سۆسیالیستیی و سەرمایەداریی، لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕەقی و تووندووتیژیانە بەسەرچوون، کێشەی گەورە ئەوەیە لەم ڕۆدا و لە ناخی خۆماندا بە هەمان شێوەی کۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، وەک چۆن دەوڵەتەکان لە کاتی خۆیدا و لە پێناوی ململانێکانیاندا مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون. 

پارادۆکسیەکانی فێربوون و پەروەردەی فنلیندیی، کە ڕەنگە خەڵکی دەرەوەی سنوری جوگرافیای فنلندا لەسەری ڕانەهاتبێتن، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین کە گەلی فنلیندیی بە تەواوەتی لەسەری ڕاهاتوون، ئەمەش وای لێکردوون زیاتر لە گەلانی دیکە پێشکەوتووتر بن لە ڕووی فێربوون و پەروەردەوە، ئەویش ئەو پرنیسپی فێربوون و پەروەردەیەیە، کە دەڵێت: 

١ـــ خوێندنی کەمتر = فێربوونی زیاتر، واتا بە خوێندنی کەمتر فێربوونی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، نەک وەک باوە، خوێندنی زۆر فێربوونی زیاتر خوێندنی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. 

تا ئێستا ئەوە نەسەلمێنراوە، کە خوێندنی زیاتر و زیادکردنی کاتی خوێندن، سەرکەوتنی زیاتری لێ بکەوێتەوە، بەڵکو پێچەوانەکەی سەلمێنراوە، لە ڕاستیدا ئەو وڵاتانەی کە کاتەکانی فێربوون و پەروەردە تیایدا زۆرە، ئاستی فێربوون و پەروەردە تیایاندا نزمە. 

"کەمترین سەعاتەکانی خوێندن" ئەو بیرکردنەوە باوە هەڵدەتەکێنێت، کە فێربوون و پەروەردە پێش دەکەوێت بە زیاد کردنی سەعاتەکانی خوێندن و مانەوەی زیاتری منداڵ لە پۆلەکاندا و هەروەها کەمکردنەوەی کاتەکانی پشووی نێوان وانەکان و کەم کردنەوەی دەرفەت بۆ پشووی منداڵ لە ناو ماڵ و خێزاندا و کەم کردنەوەی پشووە فەرمییەکان. 

جێبەجێکردنی ئەم کەمکردنەوانە لە فینلندەدا:

منداڵ و فێرخواز کەمترین کات لە فێرگەدا بەسەر دەبەن

ناو ماڵ و خێزانەکەن خاڵیە لە فێربوونی تایبەتی

مامۆستایانی فینلندیی کەمتر لە فێرگەدا دەمێننەوە بە بەراورد بە مامۆساتیان لە وڵاتانی تردا.

فێرخوازانی فینلندیی کەمتر دڕدۆنگ و پەشۆکاو و سترێسن

فێرگە فنلندییەکان سەرکەوتنی گەورەیان بە دەست هێناوە بەراورد بە فێرگەکانی تر لە جیهاندا

کاتەکانی سەرلەبەیانی بەسە بۆ فێربوون لە فێرگەدا، پێویست بە مانەوەی زۆری فێرخواز ناکات لە ڕۆژەکەدا.

٢ـــ وردەکارییە تایبەتمەندییەکان =  مەعریفەیەکی دابڕاو

دوور لە ئەزبەرکردن و تێترانجن و پێدانی زانین(معریفە)، ساڵبرگ ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی فێرخواز پەیوەست نەکەین و نەیخەینە ژێر ئەرکی لەبەرکردن و مێشک پڕکردن و پێدانی ئەو زانیانەی کە هیچ کەس سوودیان لێ وەرناگرێ و بەکاری ناهێنن جگە لە کەسە تایبەتمەندەکانی بوارەکە خۆی، ساڵبرگ ئەم پێدان و مێشک پرکردنەوەیەی فێرخواز ناو دەنێت"زانینی دابڕاو".

بابەتە کارا و کاریگەرییەکانی خوێندن پێویستە لەسەر فێربوون و پەروەردەی فێرخواز چەق بەستێت، وەک:

١ـــ بیرۆکەی داهێنەرانە

٢ـــ  مۆراڵییە ویژدانییەکان

٣ـــ بەردەوامیی کارامەیی

٤ـــ توانا و بەهرە تایەبەتەکان.

جارێکی تر گرنگە تێبینی بکەیت، کە بابەتەکانی خوێندن پێویستە دوور بێت لە چەمک و زاراوە وشکەکانەوە، هەروەها پێویستە ئەزبەرکردن نەکرێت بە ئەرک بەسەر فێرخوازەوە ، لە کاتێکدا خودی نووسەرەکەی لەبەری نییە و ناتوانێت لەبەر بیڵێتەوە.

پەیوەستکردنی منداڵ بەم "زانینە دابڕاوانە" هۆکارێکە بۆ ڕقلێبوونەوەی منداڵ لە فێرگە و فێرخوازیی و فێربوون، هەروەها توانای فێرخواز بۆ بیر و بیرۆکە نوێکان گرنگترە لە پێدانی زانیاری نوێ، فێربوون و ڕاهێنان لەسەر بیرکردنەوە و داهێنانەی نوێ کەمتر نییە لە گرنگیی و بایەخی فێربوونی نووسین و خوێندنەوە و حساب. 

زانای فیزیایی"میتشیو کاکو" هەستی بە سوکایەتی کرد، کاتێک بینی کچەکەی وەڵامەکانی ئەزبەرکردووە. 

٣ـــ ناوچەیەک بە تاڵ لە تاقیکردنەوە

پلە و پێگەی فێرگە لەوە باڵاترە حوکم لەسەر وەرەقەیەکی تاقیکردنەوەی فێرخواز بدات و فێرخواز لەسەر ئەو وەرەقەیە هەڵبسەنگێنێت، فێربوون و پەروەردە هەڵسەنگاندنی گەرک نییە.

بەم جۆرە ناوی فێرگەکانی فینلندە دەبرێت"ناوچەیەکی بەتاڵ لە تاقیکردنەوە"

دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی پەروەردەیی قایل نین بە گرتنەبەری سیاسەتی تاقیکردنەوەی فێرخوازان، ئەرکی مامۆستا لە ناو پۆلدا هاوکاری و ڕێنماییکردنی هەرچ فێرخوازێکە لە ناو پۆلدا بۆ فێربوون، بێ فشاردانان و ترسانی فێرخواز بە تاقیکردنەوە کتوپڕیەکان و وەرزییەکان.

ئەگەر فێرخواز لە رۆژانەی خوێندنیدا دڵنیابوو، دەتوانێت بۆ خۆی بیربکاتەوە و گەشە بکات، بەڵام فشاردانان و هەڕشەکردن بە تاقیکردنەوە، ئەنجامی ترسناکی لێ دکەوێتەوە، ترس و تۆقاندن بە تاقیکردنەوەکان دوودڵیی و نیگەرانیی و پەشۆکاوی لێوە دروست دەبێت، تا دەگات بە فشار و نەخۆشیی سایکۆلۆجیی، دواتریش دەگات بە جیابوونەوەی فێربوون لە ژیان و ژیانی کۆمەڵایەتیی.

سیستمی پێشکەوتووی فێربوون لە فینلەندەدا، بڕوای نییە بەوەی فێرخواز لە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەک یان چەند تاقیکردنەوەیەک هەڵبسەنگێنێت و پلە و نمرەی بەرز و نزمیان بداتێ، ئەمە قەدەغەیە لەم سیستمە پێشکەوتووەدا.

٤ـــ باشترین فێربوون بە کەمترین تێچوون

پارادۆکسێکی سەیرە، ئەو دەوڵەتانەی دەتوانن بودجەی زەبەلاح دابین بکەن بۆ سیستمی فێربوون و پەروەردە، کەچی فێربوون و پەروەردەیان نزمە، بەڵام ئەو وڵاتانەی ناتوانن ئەو بودجە زەبەلاحە دابین بکەن، وەک فنلندا، بەڵام ئاستی فێربوون و پەروەردە تیایدا لە لوتکەدایە. 

فنلندییەکان سادە و ساکارن، خۆیان هەڵناکێشن و شانازی ناکەن بە پێشکەوتنەکانیانەوە. کاتێک هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی بۆ فێربوون و پەروەردە دەکرێت و فنلندا دەچێتە پلەی یەکەم و دەگات بە لوتکە، فنلندییەکان بە گوێی یەکتریدا دەچپێنن، تۆ بڵێی هەڵەیەک نەکرابێت وا ئێمە گەیشتووین بە پلەی یەکەم و لوتکە؟

لە یەکبوونی فێربوونەوە، بۆ تاکگەرایی فێربوون

هەمیشە لەسەر ئەوە جەختکراوەتەوە، کە یەک پێوەر هەبێت بۆ هەڵسەنگاندن و سەرکەوتنی فێرخواز، ئەو یەک پێوەرییەش لە ڕێگەی: تاقیکردنەوەکان، ئەرک دان بەسەر فێرخوازدا، پڕۆژەکان، ئەمانە هەموویان بۆ هەرچ فێرخوازێک وەک یەک وایە و یەک پێوەرە، ئەو فێرخوازە کوڕە یان کچە ئەبێت پەیوەست بێت بەو تەنها پێوەرەوە بۆ مسۆگەرکردنی پڕۆسەی سەرکەوتنی لە هەرچ قۆناغێک لە قۆناغەکانی خوێندنیدا، ئەمەش بۆیە وا دانراوە، لەسەر ئەو گریمانەیەی کە هەموو کەسێک وەک یەک وایە و هەمان توانا و بەهرەی هەیە، چۆن فێرخوازێک یان چەند فێرخوازێک لەم پێوەرە دەرباز دەبن و سەرکەوتن بەدەست دێنن کەواتە هەرچ فێرخوازێکی دیکە دەبێت دەرباز بێت لێی و سەرکەوتن بەدەست بێنێت، دەنا سەرنەکەوتن و پلە و نمرەی نزم وەردگرێت، ئەمە پێی دەوترێت"یەکبوونی فێربوون"، یان "یەکگرتووی فێربوون".

بەڵام "فێربوونی تاکگەراییانە"، لەسەر ئەو پرنسیپ و بڕوایە دانراوە، کە فێرخوازەکان، منداڵەکان، ئاستی جیاواز و توانای جیاوازیان هەیە، هەرچ منداڵێک بۆ خۆی جۆرێک توانای فێربوونی جیاوازی هەیە لە فێرخواز  منداڵێکی دیکە، توانا و بەهرەی منداڵەکان وەک یەک نییە.

ئەم پرنسیپ و بڕوایەش، ئەوە دەکات بە ئەرکی فێرگە و مامۆستا و ڕاهێنەر، کە پلانی تایبەتی گونجاو و جیاوازیان هەبێت بۆ فێربوونی فێرخوازەکان، هەرچ فێرخوازێک، یان هەرچ کۆمەڵە فێرخوازێک، کە ئاست و بەهرە و توانایان جیاوازە، پلانی تایبەتی و جیاواز دابنرێت بە گوێرەی توانا و بەهرە جیاوزەکان بۆیان، واتا فێربوون لە گشتگیرییەوە بکرێت بە تاکگەرایی. "تاک" لەبەرچاو بگیرێت نەک "گشت".  

سەیر نەبێت بەلامانەوە ئەگەر زانیمان، کە مامۆستای فنلندیی، بەردەوام دەبێت لە مامۆستاییدا لە هەمان پۆل و لەگەڵ هەمان فێرخوازاندا بۆ ماوەی پێنج قۆناغی خوێندن، کەچی فێرخوازەکان زۆر زیاتر لە باو و باپیرانیان فێر دەبن، کە بەم شێوازە نەیانخوێندوە و لەسەری ڕانەهاتوون. 

چۆن ڕێژەی مانەوە و و دواکەوتن و سەرنەکەوتنی فێرخواز لە فنلندەدا نەما؟

توانا و بەهرەی فێرخواز لە چ پلە و ئاستێکدا بێت، مافی خۆیەتی لە پۆلدا هاوکاری و پاڵپشتی و ڕێنمایی لە مامۆستاوە وەربگرێت لە پۆلەکەیدا، بەم جۆرە ڕێژەی مانەوە لە پۆلێکدا گەیشتە دەگمەن و نەمان. 

مانەوەی فێرخواز، بەم شێوەیە دروست دەبێت: فێرخوازێک وانەگەلێکی چڕوپڕی پێ دەدرێت و دەبێت بە ئەرک و قورساییەکی زۆرەوە بەسەر مێشکیەوە، واتا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکا وانەگلێکی تاقەتپڕوکێنی پێ دەدرێت. لەم حاڵەتەدا، فێرخواز بە یەک جار توانای حەوت وانە و حەوت مامۆستا و حەوت داواکاری نابێت، ناچار ڕوو دەکاتە هاوکاری و یارمەتی دەرەوەی فێرگە و پەنا بۆ مامۆستای تایبەت دەبات(مامۆستای تایبەت، هاوڕێی تایبەت، دایکی زیرەک، بەرتیل دان، دزیکردن و گەندەڵی، ساختەکردن و .. هەتا دوایی) بۆ ئەوەی توانای بەسەر ئەو هەموو ئەرکەدا بشکێت و فێریان بێت، خۆ ئەگەر پەنا بۆ ئەمانە نەبات ئەوە لەسەر کورسیە ڕەق و تەقەکەی خۆی بۆ ماوەی ساڵێکی تریش دەمێنێتەوە و چارەی گران دەبێت، بەوەی کە فێرخوازێکی تەمەڵ و دواکەوتووە. 

مامۆستا و ڕاهێنەرە فنلندییەکان، وا سەیری مانەوەی فێرخواز دەکەن لە هەمان پۆلدا بۆ ساڵێکی تر، کە زوڵم و ستەمێکی گەورەیە لێیان دەکرێت چونکە ئەوە خراپی و گەندەڵی و فەشەلی ئیدارەی فێرگە و پەیڕەو و پڕۆگرام و میتۆدی وانە وتنەوە و مامۆستایە کە دەدرێت بەسەر فێرەخوازدا. فێرخوازی ستەملێکراو تێدەشکێت و دەناڵێنێت بە دەست ئەم مانەوەیە لە پۆلەکەیدا، فێرگە و پەیڕە و پڕۆگرام و مامۆستای فاشیل و گەندەڵیش پارێزراون و بە حساب سەرکەوتوو و سەربەرزن، وەلێ مەسەلەکە پێچەوانەیە، ئەمان فەشەلی خۆیان دەسەپێنن بەسەر فێرخوازدا.

ئێمەی فنلیندیی: "گەل و کۆمەڵگەیەکی بچکۆلەین، بۆیە فێرخوازەکانمان پشتگوێ ناخەین و بەردەوام لەگەڵیانداین بۆ پێشکەوتنیان"

چیرۆکی فێرخوازێک، لەسەردەمی قەیران و وەستانی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن

فێرخوازی فنلندیی لەگەڵ ئاراستەیەکدا گەورە دەبێت، کە بتوانێت وڵاتەکەی دەربازی بکات لەو قەیرانە ئابوورییانەی کە تووشی دەبێت.

لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستدا، فنلندا تووشی قەیریانێکی ئابووریی قووڵ بوو، کە لەوە پێش بە خۆیەوە نەیدیبوو. بێکاری گەیشتە ئاستێکی بەرزی ترسناک، بەرهەمی ناوخۆیی وڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم، قەرزاریی گەیشتە پلەیەکی زۆر بەرز، بانکەکان داڕمان و مایەپووچ بوون، چۆن حکومەت لەم قەیرانە قووڵەدا بتوانیت پاڵپشت بێت بۆ فێرخواز؟

لە ماوەی ئەم قەیرانە قووڵەدا، منداڵی فنلندیی لەماڵەکی خۆیدا پاڵی لێ دەدایەوە و دەنووست و خەریکی یاریکردن بوو، نەیدەتوانی بچێتە دایانگا و باخچەی ساوایان، بەڵکو تا تەمەنی حەوت ساڵی لە ماڵی خۆیدا دەیخوارد و دەنوست و خەریکی یاریکردن بوو.

کاتێکیش دەگەیشتە تەمەنی حەوت ساڵی پەیوەندی دەکرد بە نزیکترین فێرگەی گەڕەک و ماڵەکەیەوە، مامۆستاکەی پێشوازی لێ دەکرد و پێی ڕادەگەیاند، کە لەم ڕۆوە هاوکاری و یارمەتی دەدرێت و ڕێنمایی وەردەگرێت بۆ فێربوون، لەم دەستپێک و سەرەتایەوە یەکەم وانەی ماندووحەسانەوە بوو.

منداڵ لەم قەیرانە قووڵ و گەورەیەدا، لەم دەستپێکەیەوە بە تەواوەتی فێری ماندووحەسانەوە دەبوو، نەدەخرایە ژێر فشاری وەرەقەی تاقیکردنەوەو و ئاڵانگاری کۆکردنەوەی زانیاری لای خۆی، هیچ جۆرە وەرەقەیەکی پێ نەدەدرا کە هەڵسەنگاندنی زیرەکیی لەسەر تۆمارکرابێت، هیچ مامۆستا و ڕاهێنەرێک هەڕەشەی مانەوەی لە پۆلەکەیدا لێ نەدەکرد. پێیان دەگوت فێرگەکەت فێرگەیەکی بەرز و باشی خۆتە، بەیانیان فێری ئەوە دەبوون کە ڕۆژەکەیان لە فێرگەدا چۆن بەخۆشی بەسەربەرن.  کە زەنگی تەواوبوونی کاتی فێرگە لێ دەدرا، دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ لای دایک و باوکی، بێ ئەوەی هیچ ئەرکێکی بەسەردا درابێت، کە ئامادەی کات بۆ ڕۆژی دواتری فێرگەکەی، بۆیە بە خۆشییەوە هاوبەشی ژیانی لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکرد.

ئەم وانەی پشوودانە، لە هەموو قۆناغاغەکانی فێرگەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، منداڵ لەگەڵ پشووەکانیدا گەورە بوو، فێری ئەوە بوو بیر بکاتەوە لە دەرچوونی کۆمەڵگاکەی لە قەیرانە قووڵەکان.

ئەوەی لە فێرگەی فنلندییدا دەگوزەرێت، ئەم پرسیارەیە: چیمان دەوێت لە فێرگەدا؟

دەڵێن، لە فنلندەدا:"ئێمەن نە ئاڵتوونمان هەیە و نە وزەی نەوتمان هەیە، بەڵام فێربوونمان هەیە" 

دوای چەند ساڵێک لەم قەیرانە قووڵە، فنلندا بوو بە بەهێزترین دەوڵەت و وڵات لە ناو نزیکی بیست لەو وڵاتانەی کە کێبڕکێیانە، فێرخوازەکانی گەیشتن بە پلەیەکی زۆر بەرزی زانستیی. 

ژاوەژاوی قەیرانە قووڵەکەی فنلندا نەدەدار بە گوێی فێرخوازەکاندا و باس و خواسی لە فێرگەدا نەبوو. لەم سەردەمی قەیرانە قووڵەدا، فێرگەکانی فنلندا میتۆدە میکرۆباوییەکەیان ئەفەرۆز دەکرد، بە هیچ جۆرێک قبووڵیان نەبوو. بە پێچەوانەی داوکارییە بازرگانییە دەستبەجێکانەوە، فێرخواز فێری داهێنان و چارەسەر و پلانڕێژیی بوون بۆ پاشەڕۆژ. بەم شێویە فێرخوازان بوون بە فریادڕەسی پاشەڕۆژ.  

وەک فنلندییەکان دەڵێن:"ئێمە خاوەنی ئاڵتون نین، وزەی نەوتیشمان نییە، بەڵام فێربوونمان هەیە"

"Teach like Finland" (وەک فنلندا فێربن)، ئەو کتێبەی مامۆستایەکی ئەمەریکیی"تیموپی ووکر" نووسیوێتی، لەسەر ئەزموونی فێربوون لە فنلندەدا، میتۆد و بیری و ئامڕازەکانی فێربوون لە فنلندەدا باس دەکات. 

پێش چونی ئەم مامۆستایە و هەرچ شاندێکی پەروەردەیی بۆ وڵاتی فنلاندا، واین وێنا دەکرد کە لە وڵاتەدا پەروەردە و فێربوون، شتێکی زۆر سەیر و سەمەرە و دەگمەنی کردووە، کە ڕەنگە لە وڵاتانی دیکەدا چنگ نەکەون لەبەر ئاڵۆزییان، وەک موچەی بەرزی مامۆستاکان؛ تەلار ی قەشەنگ و بەرزی فێرگەکان، یان وەک کۆمەڵە فاکتەرێکی زۆر ئاڵۆز، ئامڕازگەلێکی فێربوونی تایبەت، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو شاندەکان بۆیان دەرکەوت، فێربوون لە فنلندەدا زۆر ئاساییە و بەڵکو لە وڵاتنی تر ئەوەندە ئاسانکارییش بۆ نەکراوە، بەڵام میتۆدێکی سەردەمیانەی بۆ دۆزراوەتەوە، کە فێرخواز بێ ئەوەی ماندوو بکرێت، یان بێ ئەوەی مامۆستا و ڕاهێنەران و فێرخوازن تووشی دڵەڕاوکێ و ئالۆزیی بن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە یەکتریەوە فێربن و سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن. 

"تیمۆپی ووکر" دوای چەند ساڵێک لە وانەگوتنەوە و فێربوون لە فنلندەدا، بۆی دەرکەوت، کە پەیڕە و پرۆگرامی فێرگەکان بۆ فێربوون و پەروەردە زۆر ئاسان و ساکارە(SIMPLE)،  زۆر پەسەندە(Sensible)، سەربەخۆیە(Independent)، خاکەڕاییە(Modest)، خۆشییە(Playful)، بێ دڵەڕاوکێیە(Law-sress)، یەکسانە(Equitbale).

پوختەی پەیڕەو و پرۆگرامی فنلندا:

١/ پەسەندە: پەیڕە و پرۆگرامێکی پڕ لە پشوودانە، ١٥ خولەک پشوو دوای هەرچ وانەیەکی ٤٥ خولەکیی، ئەم پەیڕەو پڕۆگرامە لای فێرخوازان و پەروەردەناسانیش پەسەندکراوە.

٢/  سەربەخۆیە: تا ئاستێکی بەرز فێرخواز لە جوڵەکانی و گفتوگۆکانیدا لەگەڵ مامۆستادا سەربەخۆیە، فێرخوازان پێکەوە بە کۆمەڵ کۆمەڵ تیبپی تایبەتی بۆ خۆیان دروست دەکەن. 

٣/ سادە و ساکارە: پەیڕە و پرۆگرامی قورس و تەکنیکی ئاڵۆز و بودجەی بەرز نەکراوە بە مەرج بۆ فێربوون، چونکە لە میانەی پەیڕە و پرۆگرامێکی سادە و ساکارەوە دەتوانرێت ئاستی فێربوونی فێرخواز بەرزبکرێتەوە، بۆیە پەیڕەو و پرۆگرامی خوێندن و پەروەردە لە فنلندەدا، سادە و سکارە.

٤/ شادیی و خۆشییە: منداڵی فنلندیی، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەست دەکات بە خوێندن، بۆ ئەوەی تا ئەو تەمەنە شادمان و دڵخۆش بێت بە یاریکردن و بەزم و ڕەزمی تایبەتی منداڵانەی خۆی. کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پەیەوەندی بە فێرگەوە دەکات، سێ سەعات بە خوێندن و فێربوونەوە سەرقاڵە، ماوەی پشوو و یاریرکردن لە فێرگەدا زۆرە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە هیچ ئەرکێکی فێرگە و فێربوونی بەسەردا نادرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خەریکی یاریکردن و بەزم و ڕەزم و جێبەجێ کردنی حەزەکانی خۆی بێت، ئەمەش پڕ لە شادیی و خۆشییە بۆ منداڵ و فێرخواز.

٥/ نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی نییە: ناو فێرگە و دەروەی فێرگە ئەبێت ژینگەیەکی ئارام بێت بۆ فێرخواز، تا بتوانێت بە خۆشیی بژی، پشوودان و ئارامیی بۆ فێرخواز و مامۆستا زۆر گرنگ و بە بایەخە، بۆیە ئەم پەیڕەو و پڕۆگرامە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی تیا نییە.  

٦/ دادپەروەیی و یەکسانیی: تۆ لە هەرچ کوێیەکی وڵاتدا دەژیت و دانیشتووی هەرچ ناوچە و گەڕەکێکیت یان لادێیەکیت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە مافی منداڵەکەت بچێتە فێرگە و فێر بێت، ئەمە مافێکی دادپەروەرانە و یەکسانانەیە بۆ هەموو کەس وەک یەک، ئەم پرنسیپە پەڕوەردەییە بە تەواوەتی لە خوێندن و فێربوون و پەروەردەی فنلندەدا جێبەجێ کراوە. 


بنەمای فێربوون لە فنلندادا، فێرخواز پێویستە بجوڵێت و یاری بکات و لە ناو پۆلدا قسە بکات و بدوێت، پەیڕەو و پرۆگرامی فێرگەی فنلندیی ئاسانکاریی کردووە بۆ ڕێزگرتن لە جوڵەی منداڵ، وەڵامدەرەوەی جوڵە خۆڕسکیەکانی منداڵە بە زەوینەخۆشکردن بۆ جوڵەکانی و یاریکردن و گفتوگۆ و گەڕانی سەربەخۆ لە گۆڕەپانی فێرگەدا و دەربڕین و گوزارشت لە هەست و نەستی خۆی بەرمابەر بە فێربوون و مامۆستا و فێرگە و بەڕێوەبەرێتیی فێرگە. 

ئەم بنەمای فێربوونە، کە خۆی لە یاریکردن و جوڵە و گفتوگۆی سەربەستانەی فێرخوازدا دەبینێتەوە، کۆمپانیای«Angry Birds» کە کۆمپانیایەکی فنلندیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە یارییەکان بە شێوازێکی زانستیانە و کۆمەڵایەتیانە و سەرچڵیانەی منداڵ کە ئەو پەڕی خۆشیی پێ دەگەیەنن،وەرزانە و ساڵانە ئامادە بکات و داهێنانی نوێی تیادا بکات. 

ئەم ئاراستەکردنە، ئەم جۆرە لە فێربوون، ئەم جۆرە لە بنەمای خۆشیدان بە فێرخواز، کاریگەریی ئەرێنیی گەیاندووە و فێرخوازەکان گەیشتوون بە پلەی زۆر بەرزی فێربوون.

بەردوام ڕێنمایی و ئامۆژگاریی و ئاگادارییەکان دەگاتەوە بە بەڕیوەبەری فێرگە، دەربارەی گفتوگۆی فێرخوازان و هەست و نەستیان و داواکاریەکانیان و خواستەکانیان.

فێرخواز:

١/ مەرج نییە هەموو شت لە تەمەنێکی زوودا فێربێت. ئەرکی مامۆسا و ڕاهێنەر پاراستنی هەوڵ و خواستەکانێتی بۆ فێربوون هەتا خودی خۆی گەورە دەبێت و دەتوانێت تایبەتمەندێتی خۆی دیاربکات و چی گونجاوە بۆی ئەوە بکات. 

٢/ گوێگرتن لە هەموو ڕا و بۆچوونەکانی. هاندانی بۆ دۆزینەوەی کێشەکانی خودی خۆی و چارەسەرکردنی لە لایەن خودی خۆیەوە.

٣/ نیشاندان و دەرخستنی بەهرە و کارامەییە تایبەتە بەرزەکانی لە فێرخوازانی دیکە. 

مامۆستا:

١/ ئەبێت ئەرکی مامۆستایەتیی و وانەبێژیی سوک و ئاسان بکرێت. فشاری زۆری وانەبێژیی و قورسکردن لەسەری توانای داهێنانی مامۆستایەتیی کەم دەکاتەوە، هەروەها پەیوەندیەکانی لەگەڵ فێرخوازدا لاواز دەکات.

٢/ مامۆسا دەبێت کەمترین قسە بکات. پۆلی نموونەیی و فێرگەی نموونەیی ئەو پۆل و فێرگەیەیە، کە فێرخواز سەربەستانە گوزارشت لە هەموو ڕا و بۆچوونێکی خۆی دەکات و لەگەڵ یەکترییدا بەو پەڕی ئازادیەوە گفتوگۆ دەکەن، زیاتر لەوەی لەگەڵ مامۆستادا گفتوگۆ بکەن(ئەمە فەلسەفەی جۆن دێوی بوو) بۆ فێربوون و پەروەردەی نوێ.

٣/ بڕوا و متمانەی پێ بدە، هەروەها دەسەڵاتی فراوانی پێ بدە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژانەی، بێ ئەوەی پێویست بکات بگەڕێتەوە بۆ لای بەڕێوەبەر و ئیدارەی فێرگە. 

پەیڕەو و پرۆگرام:

١/ پەیڕەو  و پرۆگرام ئاسان بێت بۆ جێبەجێکردن، چەقبەستێت لەسەر کارامەیی و بەهرە کۆمەلایەتیی و ئیدارییەکان، جیاوازیی تاک و تاکگەریی نێوان فێرخوازەکان قبووڵ بکات. 

٢/ هەموو پەیڕە و و پرۆگرامێک دەبێت بە جۆرێک داڕێژرابێت، هەموو جۆرەکانی خۆشیی و خۆشەویستیی تیادا مسۆگەر کرابێت.

٣/ پەیڕەو و پرۆگارم، دەبێت بە جۆرێک بێت، خولی کێبڕکێ و هەوڵەکانی فێرخوازن بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزی کۆمەلایەتیی و فێرگەیی تیادا مسۆگەر کرابیت.

«كین روبنسون»ی گەورە ڕاوێژکاری بەریتانیی و یەکێک لە ڕابەرە گەورەکانی فێربوون و پەروەردەی بەریتانیی، کە خاوەنی زۆرترین گوتاری بە ناوبانگ و کۆڕ و کۆبوونەوە دیارەکانە لەسەر فێربوون و پەروەردە، دەربارەی فێرگەی داهێنەرانە و پێشکەوتوو لە جیهاندا، دەڵێت: ئەگەر لێم بپرسن کام دەوڵەت لە دنیادا توانیوێتی باشترین و پێشکەوتووترین فێرگەی هەبێت بۆ فێربوون و پەروەردە، دەڵێم دەوڵەتی فنلاندا.

 نەرویج

١٧/٤/٢٠١٩



 



11/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر