کاتێ شۆفێرەکان یەکتر دەکوژن!

دلێر محەمەد

کاتێ شۆفێرەکان یەکتر دەکوژن؍ ئێمە چی بکەین باشە؟ ئاشکرایە کە لەم ساڵانەی دواییدا ولە هەرێمی کوردستاندا ژمارەی ئۆتۆمبیل لە هەڵکشانێکی سەیردایە بەرانبەر بە کەمی وخراپی ڕێگەوبان. یەکێ لە دەرئەنجامەکانی ئەمەش هەڵکشانی ژمارەی ئەو ڕووداوانەی هاتووچۆ وژمارەی ئەو ژیانانەیە کە لەم ڕووداوانەدا ڕۆژانە کۆتاییان پێ دێت.

هەڵبەتە دیاردەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ دیاردەیەکی جیهانییە و ساڵانە زۆرترین کەس دەکاتە قوربانی لە چاو ڕێگاکانی تری گواستنەوە. بەڵام سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئەوەی بۆ من ڕوون بووەوە لە ئەنجامی بەراوردکارییەکی بچووک لە نێوان وڵاتی نەرویج وهەرێمی کوردستاندا بۆم دەرکەوت ژمارەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزتردایە لە چاو نەرویج.

بە پێی ئامارەکانی دەزگای ناوەندی ئاماری نەرویجی ودەستەی ئاماری هەرێم بێت ئەوا رێژەی دانیشتوانی ئەم دوو شوێنە زۆر نزیکن لە یەکەوە کە ۵ ملێون کەس تێدەپەڕێنن کەچی ئەگەر ئامارەکانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆ وەربگرین کە دەزگاکانی ئاماری هەردوولا بەردەست بوون دەبینین کە  بۆ نموونە لە ساڵی ۲۰۱۷ دا لە کوردستان ٦۳۰ کەس گیانیان لە دەست داوە و٦٦٦۰ کەسیش بریندار بوون؍ بەڵام لە نەرویج ۱۰۷ کەس گیانی لە دەست داوە و٦۲۰ کەسیش برینداربوون.

ڕەنگە کارێکی هێندە ئەستەم نەبێت هۆکاری ئەم جیاوازییە زۆرە دەستنیشان بکەین لە جیاوازی رێگەوبان وئاستی ووشیاری وپێشێلکاری یاسایی و...هتد. مەبەست لەم کورتە بەراوردکارییە ئامادەکردنێک بوو بۆ بابەتە سەرەکییەکە کە ئەویش ژمارەی ئەو کەسانەێە کە دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ وەک دەرئەنجامی ڕووداوەکان نەک بە هۆی خودی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە. پێم وا بێت کەم نین ئەو هەواڵانەی بەر دیدە وگوێچکەمان دەکەون سەبارەت بە کوشتنی شۆفێر بە دەستی شۆفێر لە دوای پێکدادانی ئوتۆمبیلەکانیان.

ئەم جۆرە لە قوربانی دان کە ئەشێ بە ڕێگەیەکی زۆر سانا ڕێگەی لێ بگیرێت لە بری ئەوەی مرۆڤەکان پەلاماری خوێنی یەکتری برێژن. ئاشکرایە کە کارێکی ئازاربەخش وناپەسەندە کاتێک بە هۆی هەڵەی شۆفێرێکەوە زەرەری مادی گەورە یان بچووک بەر ئۆتۆمبێلەکەت بکەوێت و کاتێکیش ڕووبەڕووی شۆفێرەکە ببیتەوە لە کوردستان یان دەبێت بیبەخشیت یان بە توندوتیژی کۆتایی پێ بێنیت. لە کاتێکدا لێرە لە نەرویج دوو ئوتۆمبیل بە یەکدا بدەن یەکەم کاریک کە شۆفێرەکان ئەیکەین هەواڵی سەلامەتی لە یەکتری ئەپرسن! وە نەبێت لێرە خەڵکی دەربەستی ماشین وزەرەرپێکەوتن نەبن؍ بەڵکو یاسایەک هەیە کە ئەو ململانێیەی بۆ نەهێشتوون بە بێ ئەوەی پێویست بە تۆڵەسەندنەوەو زەرەر بژاردن بکات؍ کە ئەویش یاسای بیمە ئۆتۆمبیلە.

هیچ کەسێک لە نەرویج بۆی نییە ئۆتۆمبیل بئاوژێ بە بێ ئەوەی لە بانکێک یان کۆمپانیایەکی دابینکردنی بیمە ئۆتومبیلەکەی بە بیمە نەکردبێت. بیمەکردن چەند جۆریکی هەیە هەر جۆرەی بە پێی ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیای بیمە پێدەرەکە وڕادە و بڕ وئاستی بژاردنەکە دەگۆڕێت لە کاتی ڕووداوەکانداو هەر بەم پێیەش تێچووەکەی دەگۆڕێت. بۆ نموونە هەرزانترین بیمە لە کاتی ڕووداوەکانی هاتووچۆدا ژیانی سەرنشینانی نێو ئۆتۆمبیلەکەی خۆت وبەرانبەرەکەت وزەرەرەکانی ئوتۆمبلی بەرانبەریشت دەبژێرێت لە کاتێکدا تۆ هۆکاری رووداوەکەش بیت.

لە جۆرەکانی تری بیمە کە تێچووەکەی زیاترە ئەبینی ڕادەی بژاردنەکەشی تێدەپەرێت بۆ بژاردنی ئۆتۆمبیلەکەی خودی خۆشت لە گەڵ ئەوەی تۆ هۆکاری ڕووداوەکەشیت. لە جۆرێکی دیکەی بیمەشدا تەنانەت شووشە شکان ودزینی کەلوپەلی نێو ئۆتۆمبیلیش دەبژێرێت وئۆتۆمبیلیشت بۆ دابین ئەکات تا کاتی چاککردنەوەی ئۆتۆمبیلەکەی خۆت. زۆر وردەکاری دیکەش هەن کە لێرە جێگەی نابێتەوە. لەسودە هەرە سەرکییەکانی ئەم جۆرە لە بیمە ئەوەیە کە ڕێگە لەو ململانێ زیادەیە دەگرێت کە لە ئەنجامی ڕووداوی هاتووچۆدا ڕووبەڕووی شۆفێر ودامودەزگا فەرمییەکان دەبێتەوە و ئەو پەستانە دەروونییەی سەر خاوەن ئۆتۆمبیلەکان ئەڕەوێنێتەوە کە لە ڕووداوی هاتووچۆ بە زەرەری مادی گەورە کۆتایی دێت؍ جووڵەیەکی ئابووری دەخاتە نێوان بانکەکان وهاووڵاتیان و زۆری دیکەش. ئەوەی گرنگە لەم کارەدا ئەوەیە لە بەشی زۆری ڕووداوەکاندا پێویستی بە پۆلیسی هاتووچۆ نامێنێت کە لە شوێنی ڕووداوەکان ئامادەیی فیزیکی هەبێت بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا شۆفێرەکان خۆیان دەگەنە ئەو ئەنجامەی کێ هۆکاری ڕووداوەکەیەو لە بیمەی ئەو زیانەکان دەبژێردرێت.

بە هۆی کڵێشەیەکی فەرمی کە لە هاتووچۆوە دابین کراوەو لە هەر ئۆتۆمبیلێکدا دادەنرێت ولە کاتی ڕووداوی هاتووچۆدا لەلایەن هەردوو شۆفێر پڕدەکرێتەوە بەزانیاری کەسی وناوی شایەتحاڵ و زەرەرەکان ولایەنی سەرپێچی کار ونەخشەیەکی سانا لە وێنەی ڕووداوەکە وناردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ ئەوانیش لە لایەن خۆیانەوە بڕیاری کۆتایی دەدەن وڕەوانەی بانکی دەکەن بۆ چاککردنی ئۆتۆمبیل وبژاردنی زیانەکان بە بێ ئەوەی هیچ کام لە شۆفێرەکان زیانی ماڵی بکەن کە ئەمەیان زۆربەی کات دەبێتە هۆی ململانێ و تەنانەت شەری دەستەویەخە وقوربانی گیانی شۆفێرەکای لێ دەکەوێتەوە. لە بارودۆخی ناکۆکی نێوان شۆفێرەکان لە سەر دەستنیشان کردنی لایەنی خەتابار ئەوا پۆلیسی هاتووچۆ ئەکەوێتە بەینەوە وداوەری دەکات لە دەستنیشان کردنی خەتابار لە شوێنی ڕووداوەکە.

ماوەتەوە بڵێم پێدانی بڕێک پارەی ساڵانە بە بیمەی ئۆتۆمبیل کارێکی گەورەمان بۆ دەستەبەر دەکات بەوەی ڕێگە لە چەندین تاوان وململانێی لابەلا و خوێنڕشتن دەگرین و پەستانێکی زۆر لە سەر خاوەن ئۆتومبیلەکان هەڵدەگرین بەوەی کە ڕووداوی هاتووچۆ بە زیانی گەورە ناشکێتەوە. هیوام وایە دەزگا پەیوەندی دارەکان لە پارلەمان وەزارەتی ناوخۆ ودەزگاکانی هاتووچۆ بیرێک لەم لایەنە بکەنەوە لە بەر ئەوەی پێم وایە ئەمە کەلەبەرێکی رێکنەخراوە لە ژیانی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە وبە بیمەی ئۆتۆمبیل رێگە لە ململانێ وکوشتاری نێوان شۆفێرەکان وزیانی مادی گەورەیان دەگرین؍ لە جیاتی ئەوە ئاشتی وئارامی دەخەینە نێوانیان لە کاتی ڕووداوی هاتووچۆدا.


24/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر