ئاڵا پەڕۆیە یان ناسنامە؟

دلێر محەمەد
ئەگەر تەماشای ئاڵای هەر وڵاتێک بکەین دەبینین لە چەند ڕەنگ و هێما و شێوەیەک پێک هاتووە و هەر یەک لەمانەش بۆ خۆی واتایەکی هەیە. هیندییەکان و چینییەکان بۆ یەکەم جار ئاڵایان بەکار هێناوە و فارسەکانیش لە ۵۰۰ بۆ ۳۳۰ پ.ز ئاڵایان بەکارهێناوە کە ناوی (دەرفش کاڤیان)بووە. بەم شێوەیە زۆر میللەت و نەتەوە  ئاڵا بووە بە هێمایەک بۆ گوزارشت کردن لە بەهاکانیان لە نیو ئاڵاکەدا جا بە هۆی ڕەنگەوە بێت یان هێما یاخود هەر بەهۆی هەر شتێکی دیکەوە بێت. کوردیش وەک هەر گەلێک ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە پێی دەوترێت ئاڵای کوردستان. ئەم ئاڵایەش بۆ یەکەم جار لە لایەن بزوتنەوەی خۆییبوونەوە لە باکوری کوردستان داهێنراو و بەکارهات و دواتر لە سەردەمی کۆماری مهابات و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا هەرێمی کوردستان ئەم پارچە پەڕۆ نەخشێنراوە بە ئاڵاو شانازی خۆی دەزانێت. ئەگەر چی سەردەمێک لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتداران دژی ئەم ئاڵایە بوون؍ وەلی ئێستا کوردایەتی بە ژمارەی ئەو ئاڵایانە ئەپێورێت کە لە سەر بارەگای حیزب هەڵدەکرێت و لە پشتی سەرۆکەکان و بە سنگی سیاسییەکانەوە هەڵدەواسرێت؍ نەک ژمارەی دەستکەوتە نەتەوەیی و دارایی و هتد یە دابینکراوەکان. ئەمە لەوەش بگەڕێ کاتێ لە بەر خاتری وەفد و کەسایەتی ئەقلیمی ئەم پێوەرانە بیر دەچنەوە و ئاڵاکان کۆدەکرێنەوە. جا بۆیە ئەڵێم ئەگەر ئاڵای ئەوانی دیکە تەنها لە ئەنجامی شەڕ و داگیرکاری دابگیرێت ئەوا ئاڵاکەی لە مەڕ خۆمان هەر بە دەست و بڕیاری خۆمان دەمێ یاساغە و دەمێ یاسایە؍ دەمێ خیانەت و دەمێ کوردایەتییە! هەر بە وێنەی هەموو شتەکانی دی ئاڵاکەشمان هەندێ جار وون و هەندێ جار شەکاوەیە. پرسیارێکی جەوهەری هەیە هەق وایە بیرێکی لێ بکەینەوە ئاڵایەک کە لە پارچەیەک پەڕۆ پێکهاتبێت؍ کە لەوانەیە هەر بە ڕێکەوت هونەرمەندێک یان بیرمەندێک یاخود سیاسییەک نەخشەی کێشابێت؍ ئاخۆ ئەم قودسییەت وپیرۆزییەی لە کوێوە بە دەستهێنابێت.؟ دەستی کام شێخی سەرکردە و سەییدی نەژادپەرست ئەم هێزی تەفڕکی پێدابێت؟ کەس هێندەی نەرویجییەک شانازی بە خاک و وڵات و سەروەرییەکانی خۆیەوە ناکات؍ بەڵام لێرە پێڵاوی وەرزشی و گۆرەوی و جلی ژێرەوە و تەنانەت دەستەسڕی تەوالێتیشم بینیوە کە بە ئاڵای نەرویجی نەخشێنراوە جا بۆ یادگارییەک بێت یان بۆ بەکارهێنان بێت. تۆ سەروەری و خۆشگوزەرانی دابین بکە ؍ ئاڵاکەت خۆ بە خۆ پیرۆز ئەبێت!

لە جیهاندا ئاڵا زۆرن؍ زۆرینەی زۆریشیان لە گۆڕەپانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە یەک بەرزی و بە یەک ئەندازە ئەشەکێنەوە؍ بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز وڵاتەکانیان بە هەمان قەبارە باڵای سەروەری و بەخشندەییان بۆ میللەتی خۆیان وبۆ مرۆڤایەتی وەک یەک بەرز نین و ئەندازەی پەیامدارییان بۆ ژیان و بۆ جیهان وەکو یەک مەزن نین. لە کوێ ئاڵای هۆڵەندا کە خۆشگوزرانی کەم وێنەی بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابین کردووە یەکسانە بە ئاڵای بوروندی کە تەنها بووە بە مایەی برسێتی و هەژاری بۆ هاوڵاتییانی خۆی ؟ ئەبێ دانیمارکییەک ئاڵاکەی بە ناسنامە و شانازی بۆ خۆی بزانێ کە بە وڵاتی کەمترین ڕێژەی گەندەڵی دەستنیشان کراوە یان سۆماڵییەک کە لە وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهانە؟ ئەگەر ئاڵا هەر بۆ شانازی لە سەر باڵەخانەکان و لە مەرزەکاندا هەڵبدرێت ئەوا ئەمریکا لە ۱۹٦۹ ەوە وەک شانازییەک ئاڵاکەی لە سەر ڕووی مانگدا هەڵکردووە و ئەشەکێتەوە. جگە لە شانازی هەندێ جار چارەنووسی ئاڵا سووتاندنە وەک کاردانەوە. لە دانیمارک لە ژێر چەتری ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرێک ئەبێتە هۆی سووتاندنی ئاڵاکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا سەددان هەزار پەنابەری ئەو ناوچانەی لە ژێر سێبەری هەمان ئاڵای سووتێنراو دەحەوێنەوە. لە ۱۹٤۸ ەوە عەرەب ئاڵای ئیسرائیل ئەسووتێنێ کەچی زەڕڕەیەک لەو پرشنگە دیمکراتییەی تەلئەبیبی خەففە نەکرد لە کاتێکدا سەددان هەزار عەرەبی ئیسرائیلی لە ژێر سایەی ئاڵای خۆشگوزەرانیی زۆر لە براکانیان لە غەززە باشتر دەژین. لە نێو هەموو ئەو نموونانە ئاخۆئاڵای کوردستان چۆن پێناسە بکەین و لە ڕیزی کام ئاڵا و لە پۆلێنی کام لەو میللەتانە دای بنێین؟ ئایە ئاڵای سەرکەوتنە؟ ئاڵای کام شانازی و کام سەروەرییە؟

ماوەتەوە بڵێم گەر پایە بەرز شێرکۆ بێکەس ڕوو بکاتە نشتیمان و پێی بڵێ" من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانم یان نەیخەم؍ چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێ چی؟!" مەگەر ئێمەش ڕوو بکەینە ئاڵاکەمان و پێی بڵێین " ئێمە تۆ لە دڵماندا هەڵبکەین یان هەڵنەکەین چی لە خاکی دابڕاو و ئابوری سەرخوراو و دادگای سەربڕاومان ئەگۆڕێ چی؟!"


30/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر