بە سێ دەسەڵاتەوە دژ بە چوارەم

دلێر محەمەد

ئەگەر لە دونیای دیموکراسی ڕاستەقینەدا ڕۆژنامەگەری دەسەڵاتی چوارەم بێت و بتۆانێ کاریگەری لە سەر هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکار و دادوەری دابنێ و سانسۆر بێت بە سەریانەوە، ئەوا لە سایەی دونیایەکی ساختەی دیموکراسی وەکو هەرێم  هەرسێ دەسەڵات لە بۆسەیەکی هەمیشەییدان بۆ ڕۆژنامەگەری ئازاد و ئازادی ڕادەربڕین و خودی دیموکراسی خۆیشی.

 

 
ڕۆژنامەگەری ئازاد و ئەهلی کوردستان بە سەلیقە و بەهرە و توانا کەسییەکان تاکە ئاوێنەی ڕاستەقینەی گواستتنەوەی هەواڵ بووە بە بێ کەت و سانسۆر و فلتەرکردن، بەرانبەر بە لێشاوێک لە تەکنەلۆژیای ڕۆژنامەگەری حزبی و حکومی بۆ بەخشینی هە واڵ و زانیاری سوواو و دووبارە و چەواشەکار. هەر بۆیە ڕۆژنامەگەری ئازاد و ئەهلی بووە بە چرا بۆ ڕووناکی چاوی خەڵک و هەمیشە لە پێناو کوێر کردنەوەی ئەو چرایە تیرۆری جەستەیی و بەرجەستەیی کراون و زیانی مادی گەورەیان بەرکەووتووە.

 

 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڕۆژنامەگەری ئازاد بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕیوە و هەر بەردەوامیش بووە. بەڵام لەم ساڵانی دواییدا لە پەنا یاسای دژەتیرۆر و یاسای ڕۆژنامەگەری لە گەمارۆدانێکی دەسەڵاتی یاسادانان کەوتنە داڕشتنەوەی یاساگەلێک بۆ بە کێش کردنی ڕۆژنامەنووسی ئازاد و سایت و بڵاوکراوە ئەهلییەکان بۆ بەردەمی دادگا و سەرباری کەمی دەرامەتیان سزای ملیۆنەها دیناریان بەسەردا سەپێنرا. هەموو ئەمانەش لە ژێر بیانووی لێدانیان لە پیرۆزییەکانی حزب و سیاسیەت و پیاوانی پیرۆزی حکومەت و ئایین بەرانبەر بە دانانی کەمترین بەها بۆ بیری ئازاد و گەیاندنی زانیاری درووست.

 

 
گرنگە لێرەدا ئاماژە بە شتێک بدەین کە ئەگەر سیستەمێک خۆی بە دیموکراسی ئەژمارد بکات، دەبێت ئازادی بیرو ڕا و گەیاندنی زانیاری درووست بە شکۆوە سەیر بکات و بە کارێکی پۆزێتیڤی بزانێت بۆ پێشخستنی خۆی نەک بە پێچەوانەوە. لەم سۆنگەیەشەوە نموونەیەکی زیندوی وڵاتی نەرویج دەهێنمەوە:

 

 
لە مارسی ۲۰۱۷ دا کلیپێکی ڤیدیۆیی کەسی دووەمی پارتی کاری نەرویجی (TROND GISKE 1966 ) دەگیرێت کە لە مەیخانەیەکی ئۆسلۆ بە شێوەیەکی نەشیاو لە گەڵ کیژێک سەما دەکات. دواتر ئەم کلیپە و هەواڵەکە لە بڵاوکراوە وسایتی VGی نەرویجی بۆ یەکەم جار بڵاو دەکرێتەوە و دواتریش دەبێت بە مانشێتی سەرجەم کەناڵ و بڵاوکراوە حکومی و ناحکومییەکانیش. گەر درێژەی نەدەمێ کۆتایی ئەم مەسەلەیە بەوە هات کە:- ۱-تا کۆتایی ساڵ مەسەلەی گەرمی ڕۆژنامەوانی بوو. ۲-ترۆند یسکە چەندین جار داوای لێبووردنی کرد و دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت. ۳-پارتی کار چەندین لیژنەی لێکۆڵینەوە و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بۆ ئەم مەسەلەیە ئەنجام دا و ئیدانەی کرد و کەسی یەکەمی حزبیش بە کارێکی مەترسیداری لە قەڵەم دا. ٤- گەر هاوڵاتییەکی ئاسایی ئەو کارەی بکردایە هیچ کەسێک بۆی نەبوو وێنەی بگرێت و بڵاوی بکاتەوە، بەڵام کەسێکی بەرجەستە و سیاسی ئەم کارەی کرد بۆیە وەهاش کۆتایی هات، ٥-ئەو ڕۆژنامەنووسەی ئەم ڤیدیۆیەی بڵاو کردەوە کەس لە گووڵێک کاڵتڕی لە سەر ئەم مەسەلەیە پێ نەووت بەڵام دواتر کیژە هاوڵاتیە ئاساییەکە شکاتی لە بڵاوکراوەکە کرد نەک سیاسییەکە. کە ئەمەش نیشانەی پیرۆز سەیرکردنی هاوڵاتی ئاسایی و ئاسایی سەیرکردنی کەسی دووهەمی گەورەترین پارتی سیاسی وڵاتە.

 

 
گەر ئێوە دەرگای حزب یان پەرستگا بۆ خەڵک ئەخەنە سەر پشت، یان پیاوی سیاسی یان ئایینین و ڕێگە بە خۆتان دەدەن پێش کۆمەڵگا بکەون و چاوساغیان بن. بە بڕیارێکتان شەڕ هەڵگیرسێ و قوربانی بدرێت یان بە فەتوایەکتان مل بپەڕێنرێت و حەرام و حەڵاڵ جیابکرێتەوە یاخود بە بڕیارێکتان خاک بە دەستەوە بدرێ و شەڕ ڕاگیرێت. ئێوە کە ڕێگە بە خۆتان بدەن سامان و سەروەت دەربهێنن و بیفڕۆشن و بە فیڕۆی بدەن و داهاتەکەشی وونبکەن...! ئەوا بزانن کە ئێوە ئیتر ئازاد نین لەوەی ناپاکی بکەن یان حەرام بخۆن ئێوە ئەبێت هەمیشە نشتیمان پەروەر و پاک و بێگەردی خوا بن. وە ئەگەر نا دەبێت بارتەقای پیاهەڵدان چاوەڕوانی ڕەخنەش بن، قسەکانتان بۆ تۆمار بکرێت و هەنگاوەکانتان بۆ بژمێردرێت، ئێوە لە ئەمڕۆوە پیرۆز نین، ئێوە وەکو ترۆند یسکەی نەرویجن نەوەکو هاوڵاتیەکی ئاسایی پیرۆز.

 

 
ئەگەر ئێوەش خۆتان بە دیمکرات و ئازاد ئەزانن لێگەڕێن هاوڵاتی و ئاوێنە و ئەوانی دیکە ڕۆژنامەی ئازادی وڵات بن و شوانەکانیش شوانی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەوانی ئازاد بن. وە ئەگەر ئەمانەی سەرەوەش ناکەن و ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەگەری ئازادتان بۆ هەرس ناکرێت ناو لە خۆتان نەنێن دیموکراسی و ناوی ئازادیش لەکەدار مەکەن.


30/09/2019



وتارەکانی تری نوسەر