وەجاخ کوێرو تاقانەی سیاسی

دلێر محەمەد


هەمووان ئەزانین وەجاخ کوێر بەواتای ئەو کەسە دێت کە نەوەی نەخستۆتەوە یان بۆی ناخرێتەوە بە هۆی هەڵەیەکی تەندروستییەوە. تاقانەش ئەو کەسەیە کە تاکە مناڵی دایک و باوکی خۆیەتی. ئەگەر کەسێک وەجاخ کوێر بێت و چەندین براو خوشکی هەبێت یان کەسێک چەندین کوڕ و کچی هەبێت و بەڵام تاقانە بێت ئەوە کێشەکە زۆر گەورە نییە. بەڵام گەر کەسێک وەجاخ کوێر بێت و تاقانەش لە هەمان کاتدا ئەوە کەمێک خەمناک و خەفەت هێنە.

هێندەی خەمباری ئەم جۆرە مرۆڤانە دوو هێندە دەبووە مایەی خۆشحاڵی کورد لە هەرێمی کوردستان گەر لەم جۆرە کەسە وەجاخ کور و تاقانەش لە هەمان کاتدا بووبوونایە بە:-

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پارلەمان و هەموو جێگرەکانیان و هەرچی وەزیر و گوزیر و جێگرەکانیان و پارلەمانتاران هەیە. هەرچی بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی دەستە و لیژنە و دام و دەزگاکانی دیکە و جێگرەکانیان هەیە.

 

هەر لەم کەسە وەجاخ کوێر و تاقانەش لە هەمان کاتدا بکرانایە بە :-

 

 سەرۆک و سکرتێر و ڕێکخەر و ئەمین و مەئموونی حزب و جێگرەکانیان هەیە. هەرچی سەرکردایەتی و بنکردایەتی و سەرۆکی دامودەزگاکانی حزب و جێگرەکانیان هەیە.

بەدەر لەمانەش بە گشتی بووبوونایە بە:-

 هەر سەرۆک یان بەڕێوەبەری هەر جێگەیەکی حزبی و حکومی هەیە، کە چەوربێ و پارە فڕێ بدات...

هەرچی سەرانی ئەم پلەو پایانە هەیە گەر هەم وەجاخ کوێر و هەم تاقانەش بوونایە، ئەوە بۆ هەتا هەتایە ئەم میللەتە لە کۆڵ میراتی و میراتگری کورسی و دەسەڵات دەبووەوە. بۆ هەتا هەتایە لە کۆڵ بنەماڵە و بنەخێڵ و بنەخێزان و بنەعەشیرەتی دەسەڵاتدار دەبووینەوە. وای لێ دەهات ئەوەی دەسەڵاتی ئەگرتە دەست دوای چوار ساڵەکەی خۆی یان مردنی بۆ هەتا هەتایە لە بیر ئەکرا و کەس نەدەبوو فرمێسکێکی بۆ بڕێژێ، مەگەر لە دووتوێی کتێبە مێژووییەکاندا چاومان بە ناوەکانیان بکەوتایە.
ئیتر سەرۆک و سکرتێر و بەڕێوەبەر و وەزیرەکانمان بە ناوی سیانییەوە دەبوو بە بێ هیچ پاشناو و لەقەب و نەسەب و ناوی عەشیرەت و تیرەوە نەدەبوو. چونکە نەبوونی ناوی عەشیرەت و بنەماڵە لە سەرێشەی هەڵتۆقینی کەسی پلە یەک و دوو و سێی هەمان بنەماڵە و عەشیرەتیش رزگاری دەکردین.

ئاخ بۆ پڕۆژە یاسایەک بۆ خۆپاڵاوتن بۆ ئەم هەموو دەسەڵات و کورسییە حکومییانە، کە ڕێگەی لە میراتی دەسەڵات بگرتایە. ئاخ بۆ پەیڕە و پڕۆگرامێک بۆ خۆپاڵاوتن بۆ ئەو هەموو دەسەڵات و کورسییە حزبییانە، کە ڕێگە نەدەدا بە کەس خۆی بپاڵێوێت بۆ هیچ دەسەڵات و کوسییەک ئەگەر پێشمەرجی وەجاخ کوێری و تاقانەیی پڕ نەکاتەوە، وابێت بە دۆکومێنت و قەسامی شەرعی بیسەلمێنێ، هەر بۆ دڵنیاییش چەند شایەتێکی سەرڕاستیش هەتیوی و وەجاخ کوێری و تاقانەیی کەسی خۆپاڵاوتوو دووپات بکەنەوە لەلای نووسەری داد. نەوەک لە پڕ خوارێ یان خوارزایەکی بۆ پەیا بێت.

 مەڵێن ئەم پیاوە شێت بووە. وەرن با تەماشا بکەین چیمان بە سەر هاتووە. جاران یەک و دوو سێ سەرکردەمان هەبوو، بەڵام ئێستا کار لە نەوەی یەکەم و دووەم نەماوە و نەوەی سێهەمیشیان لە مەیدانە. ئێستا جگە لە نەوەکانی یەک خێزان ئامۆزا و خاڵۆزا و خوارزا و خزم زای وەها پەیابوون کە بە زەحمەت شێوە و ناوەکانیانمان بۆ جیادەکرێنەوە. ئەوەی سەردانی قوتابخانە دەکات و ئەوەی قردێلەی پڕۆژە دەبڕێت و ئەوەی بە تەنەکەیەک داڵ و نەجمەوە لە بەرەکانی شەڕ سێڵڤی ئەگرێت و ئەوەشی کە بە ۱۸ ساڵی دەکرێتە سەرۆکی زانکۆوبانگێشتی گۆرانی بیژ و سەماکەری جیهانی دەکات و کەناڵی ئاسمانی ئەکاتەوە و هەشە لەم ڤێرژنە نوێیەی مەسئوول تا ۱۰ ساڵ بەر لە ئێستا کوردییەکەی دووکەڵی کردووە کەچی ئێستا موڕەشەحی سکرتێری و سەرکردایەتییە. 

وەرەسە یان میراتی سیاسی زۆر خۆشە بۆ میراتگر چونکە تۆ ئەبیت بە خاوەنی پلە و پایەیەککی مفت و بەلاش کە هەقی تۆ نییە و هەوڵت بۆ نەداوە و هیلاک نەبووی پێوەی. دوو هێندەش ناخۆشە بۆ میللەت چونکە دەرفەتی گۆڕانکاری و چاکسازی و پێشکەوتن ئەکوژیت، بە شێوەیەک هەر هەمان پاشەڵە و بە ڤێرژنێکی تازەوە لە سەر هەمان کورسی دادەنیشێت و گەرمی ئەکا بۆ نەوەی دوای خۆی،هەر هەمان دەستەو کەمێک کورتر یان درێژتر دەست لە ناو هەمان گیرفان و خەزینەی دەوڵەتدا وەردەدات و هەر هەمان پەنجەی ڕاوەشاندنە و کەمێک توندتر هەڕەشە ئەکات و هەر هەمان مێشکی بیرکردنەوەشە بەڵام  لە ژێر جامانەیەک یان عەمامەک یان کڵاوێکی نوێوە یان مۆدیلێکی تری قاتلەبەرە یاخود ڕیشێکی تەنکتر و هەلگیراوی هەیە و هەر هەمان تاس هەر هەمان تاس و هەر هەمان حەمامە بە کوردییەکەی.
بیرمە ئەیانگووت تەنها حزبە دەرەبەگ و عەشایەرەکان خولیای دەسەڵاتی میراتگرین، بەڵام ئێستا ئەم نەخۆشییە وەکو پەتا حزبە چەپ و سۆشیال دیموکرات و بزوتنەوە جەماوەری و ئیسلامییەکانیشی گرتۆتەوە، چ دەردێک و چ ئافاتێکە بۆ میللەتێک خۆی دەردەدار دەردی میراتی دەسەڵاتیشی هاتە بان. 

 

10/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر