سوڕی باج و ژیان..لە سلێمانی باجی تابلۆ بە مەترە!

دلێر محەمەد


باجی تابلۆ بە کوردییە پەتییەکەی (تابلۆیانە یان قیتعانە) بۆ ئەوەی لە پەراوێزدا ڕوونی نەکەمەوە. ئەمە ئەو داهێنانە تازەیەی شاری ڕۆشنبیرییە بۆ کاسبکاران و پیشەوەرانی شار.

 

کاسبکارێک وتی لە هەموو دونیا کاسب حەبیبی خوایە کەچی لێرە دوژمنی شارەوانی و حکومەتە. لە پەیوەندییەکدا لە گەڵ هاوڕێیەکدا کە کاسبی ناو ئەو بازاڕەیە، ئا ئەم بابەتە ورووژا. من وتم تابلۆیانە چییە خوا قەزا؟ بۆ ڕوونکردنەوە هەندێ وێنەی تابلۆی سەر فرۆشگاو دوکانی نێو بازاڕی سلێمانی نیشاندام کە بە لەزگە داپۆشرابوون. من لەبەر خۆمەوە وتم ڕەنگە ئەمە جۆرێک بێت لە مانگرتن بەڕاستی هەندێ جار خەڵکیش داهێنان ئەکەن لە شێوازی مانگرتن دا. ئەو وتی نا هاوڕێ ئەمە نە مانگرتنە و نە تەڕە فاسوڵیایە، ئەمە داپۆشینی تابلۆکانە لە ڕقی ئەوەی پارەی تابلۆیانەیە واتا باجی دانانی تابلۆ لە سەر فرۆشگاکان نەدەن. جا بە مەترە، هەرچەندە لە ماتماتیکیشا تەممەڵن بەڵام زەرب و تەقسیمی ئەکەن و بڕی باجەکەت بۆ دیاری ئەکەن. ئەنجا بە گاڵتەوە وتم جا کاکە بیدەن چار چییە، دوای ئەوە خێریشە حکومەت لە کوێ بێنێ فەقیرە، ئاخر بیرە نەوتەکەی، گومرکەکەی، داهاتەکەی لە کوێ بێنێ!! ئەوە سەرەڕای کارەبا و ئاوو خزمەتگووزاری و بەنزین و جادە و بانی بەلاش...من ئەمانەم هەر بۆ گاڵتە وت، دوای تاوێ بێ دەنگی وامزانی دایخستۆتەوە، لە پڕ قریشکەیەکی کرد بە جۆرێک ئێستاش پەردەی گوێم ئەلەرێتەوە، خەریک بوو لە تەلەفونەکەوە بۆم بێتە ژوورەوە. وتی ئەوە تۆ بەڕاستتە یان بە سوعبەت؟!

 

بەخوا ئەمە تازەترین داهێنانی ئەم حکومەتە داهێنەرەیە. ئێمە جگە لە پارەی ئاو کە تا ئێستاش سەرە ئاو هەیە و جگە لە پارەی کارەبای سەرە محاویلە کە بە قیمەتی پێنج بەرامبەرە بۆ کاسبکار ئەوە ئێستا پارەی زبڵانە و هەندێ وردە باجی دیکەش وەکو ئەوەی هەموو ساڵێ هەر بە بێ هۆ ئەبێت ئیجازەی کارەکەت نوێ بکەیتەوە بە مشتێ پارە و پارەی زەمانی کارمەند و شاگرد و زۆری دیکەش کەچی قیتعانەشی هاتە سەر. وتم ئەی باشە ئێستا نابەڵەدێک بە دوای دوکانێکا بگە ڕێت چۆن بیدۆزێتەوە؟ ووتی ئەبێت لە مزگەوتی گەورە بانگەوازی بۆ بکات یان لە یەکەم دوکانەوە یەک یەک لەزگەکان هەڵگرێ و سەیری ژێریان بکات! ووتم ئەی بۆ فاڵی بۆ نەگرێتەوە باشتر نییە؟ کەمێ پێکەنین و کەمێکیش مۆڕە. وتم تۆ بوەستە بیرم کەوتەوە بەڕاستیمە لە ناو چەقی ستۆکهۆڵم دا رێستورانتەکان زەلامێک بە کرێ ئەگرن و لافیتەیەک بە ملیدا هەڵئەواسن، ئیتر بە بەردەمی ئەو رێستورانتە هەر بە ئاماژە نەفەر ئەکەن بە ژوورا و تابلۆیانەش نادەن. بۆچی لە جیاتی تابلۆ ئەم فیعلە ناهێننە کوردستان خۆ ئەگەر برادەرانی لیژنەکەش هاتن ئەوە بە ئاسانی بۆی دەردەچن....جا قسە قسە ڕائەکێشێت وتم دە واز لەو مەوزووعە بهێنە با نوکتەی بەرازەکەت بۆ بکەم ...قسەکەی پێ بڕیم وتی ئێستا تۆ لە نەرویج ئەژیت وەرە بەرازێکی حزبی ببورە لە گەڵ نوکتەکە تێکەڵم کرد مەبەستم بوو بڵێم برادەرێکی حزبیم هەیە بە تەحەداوە ئەڵێت لە ئەوروپاش هەموو ئەو باجانە و تەنانەت پارەی ئەو جادەیەش ئەدەیت کە بە سەریا ئەڕۆیت، ئەوە ڕاست ئەکات؟ وتم وەڵا درۆ ناکات وایە بەڵام تا ئێستا بیریان لە قیتعانە یان باجی سەر تابلۆ نەکردۆتەوە، ئەوان کاتێ باجی تابلۆت لێ وەردەگرن ئەگەر بە عەموود و دار و دیواری گشتیدا هەڵیواسیت، وەک ئەو تابلۆیانەی دکتۆرەکانی جادەی گۆران هەر ئەڵێی لیستی تەخەڕووجی کۆلێژی پزیشکییە و بە پلێت دروستکراوە!! بەڵام دیواری دوکانەکەی خۆت ئارەزووی خۆتە حەز ئەکەی وێنەی بایعەکەتانی لە سەر دانبنێ. لێرە زەمانی کرێکارت لێ وەرئەگرن، بەڵام کرێکارێک ئیشەکەی لە دەست بدات ٦٥% داهاتەکەی دەدەنێ مانگانە تا ئیش ئەدۆزێتەوە، خۆ ئەگەر نینۆکێکی بشکێ لە کاتی ئیشدا بە پارەی پەنجەیەک بۆی تەعویز دەکەنەوە! هەر کەسێک هەر کاسبییەک بکات تەنانەت دەستگێرەکانیش خانەنشینی ئەیانگرێتەوە!! بۆ دەستگێر لای ئێوەش هەیە؟ نا نا تەنها مەبەستم لە قسەیە قسە.

ژن و پیاوێک ئەناسم کە لە تەمەنی خانەنشینیدا هاتوون بۆ ئێرە، یەکسەرە هەردووکیان خانەنشین کراون. پیاوەکە وتی پرسیارم لە فەرمانبەرێک کرد بۆ من خانەنشین ئەکەن خۆ من لە تەمەنمدا فەرمانبەر نەبووم و تەنها دووکانداریم کردووە ئەویش لە وڵاتی خۆم، خۆ من  لێرە دوو ڕکات نوێژیشم بۆ ئەم وڵاتە کافرە نەخوێندووە!! ئەویش هەر بە زمانە شیرینەکەی خۆی وتبووی ئاخر خاڵە حاجی تۆ خزمەتی مرۆڤ و ژیانت کردووە لە وڵاتی خۆت بۆیە ئەبێت بای ئەوە خزمەت بکرێیت ئێستا. خاڵە حاجی وتی لە بەر خۆمەوە وتم ئاخر باوکی من ئەترسم خوا بمگرێ. لێرە کار ئەکەیت و کات بە فیڕۆ نادەیت لە تەمەنی گەنجی و هێز و تینتدا و جۆرەها باجت دەخرێتە سەر و دەتگووشن و ئەو پارانە ئەخەنە خزمەتی مناڵەکەت و خۆت کە پیر بوویت. هەر چینێکیش لەمانە مناڵ و گەورە و پەککەوتە پێویستی بە خزمەتگووزاری تەندروستی یان کۆمەڵایەتی بوو ئەوە ئامادەن بە هەزاران دۆلاری تیا سەرف بکەن. من خۆم نەخۆشییەکی درێژخایەنم هەیە تەنها نرخی مانگانەی ئەو دەرمانەی وەریدەگرم پێنج هەزار دۆلاری تێدەچێت...

 

ئا ئەم سیستمە من ناوم ناوە (سوڕی باج و ژیان) واتە تۆ باج بدە و ژیانی مناڵەکەت و داپیرە و باپیرەکەت زامن بکە و سبەی مناڵەکەت هەمان شت ئەکات بۆ تۆ کە پیر بوویت...دیسانەوە قسەکەی پێ بڕیم ...بوەستە هاوڕێ ئەوەی تۆ ئەیڵێیت لە کوردستان سوڕ نییە تیرە واتا (تیری باج و ژیان) چونکە ئێمە باج دەدەین و بە تیرێکی رێک و ڕاست ئەچێتە گیرفانی حزب و حکومەتەوە و ئاو بێنە و دەست بشۆ.  





03/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر