خوای گەورە و میهرەبان کە خالقی کەون و کائیناتە باوەڕ ناکەم چاوی لە تۆڵە سەندنەوە بێت لەو مەخلوقە بچووکەی کە ناوی بنیادەمە یان بۆ ئەوەی برادەران گلەیی نەکەن بنی ێدم، هەر لەم سۆنگەیەوە ناونیشانەکەش ئەگۆڕم بە ارحم الراحمین و اشد العقاب.
دیاردەیەکی سەیر و سەمەرە و نا مەنتیقی لە نێو ئەو برادەرانەی لای خۆمان ئەبینم ئەویش ئەوەیە هەر کات بەڵایەک، لافاوێک، بوومەلەرزەیەک یان نەخۆشییەکی وەک کۆڕۆنا لە هەر وڵات و قەومێک قەوما، ئەوە ئەمان بێ یەک و دوو تەفسیرێکی گونجاو بە بیرکردنەوەی خۆیانی بۆ ئەکەن. جا ئەگەر ئەو میللەتە یان ئەو وڵاتە کەمە موسڵمانی تیابێت ئەوە ئەڵێن خوای موسوڵمانانە وای لێ بەسەرهێنان. خۆ ئەگەر وڵاتەکە سڕف کافر بێت (غەیرە موسوڵمان بێت) ئەوا ئەڵێن خوای گەورە شەدیدولعیقابە لەگەڵ کافران، ئیتر بە بێ ئەوەی ئەو میللەتە کافرە عەرەبی بزانن! قورئانی پیرۆزیان دیبێ! پەیامبەریان نازداریشیان ناسی بێت!
خۆ ئەگەر ئەم بەڵایانە خوانەخواستە گوێی شەیتان کەڕ بێت لە ڕۆژئاوای کوردستان یان لە شارێکی وەکو سلێمانی بدات، ئەوە ئەڵێن عیقابی خوایە لە پای بەرەڵایی و بێدینی، ئەی چۆن!! ئەوانە بە ئاشکرا لە سەر جادەکان ئەخۆنەوە! خۆ ئەگەر دیسانەوە و خوانەخواستە و گوێی شەیتان جارێکی دیکەش تەپ کەڕ بێت لە سعودیە یان فەلەستین یان دوبەی بقەومێت، ئەوە بێ یەک و دوو ئەڵێن ئەمە ئیمتیحانە بۆ موسوڵمانان.
بیرمە لە هەشتاکان نەنکم هەزار ڕەحمەتی لێ بێ و یادی بەخێر وەکو هەر دایکێکی دیکەی جەرگ سوتاو و داخ لە دڵ دوای نوێژ بە سەر بەرماڵەکەوە ڕووی لە ئاسمان ئەکرد و ئەیووت خوایە گیان ئەوە ئاگات لەم زووحاکەیە واتا سەددام چی بە ئێمە ئەکات؟ منیش مناڵ بووم سەیری ئاسمانم ئەکرد بزانم نەنکم لەگەڵ کێیەتی!! ئەویش هەر وەک ئەوەی جوابەکەی پێ گەیشتبێ، پرسیارێکی تری لە حیوارە تاک لایەنەکەی دائەبەزاند ...ئەی بۆ شەقێکی تێهەڵنادەی؟ ناهەقی نەبوو نەنکم ئەو بە مەنتیقی عەدالەتی یەزدانی پرسیاری لە خوای خۆی ئەکرد.
هەر ئەم عەدالەتی یەزدانییە شتێکی دیکەی برادەرانی بیر خستمەوە، جارێکیان ئیسلامییەک پێی ووتم ئەزانی یەزیدییەکان بۆ وایان بەسەرهات؟ وتم بۆ؟ وام زانی باسی هەڵە و پیلانی سەربازی و شتی وام بۆ ئەکات کەچی وتی ئەوە سزای خوای گەورە بوو لە پای ئەوەی دوعایان بە ئازارەوە کوشت! وتم ئەی نەدەکرا خوای میهرەبان دوعا ڕزگار بکات و پێنج شەش هەزار ئێزیدیش ئازار نەدات؟ ئەمە چۆن سزایەکە یەزیدییەکان دوعایەک ئەکووژن کەچی خوای ئەرحەمولراحمین پێنج شەش هەزار دوعا و نادیە و گوڵیزاری نۆ ساڵ و دە ساڵ باوک وبرا مردە وخۆشیان ئەخاتە ژێر هەوەسی سێکسی چیچانی و عەرەب و کێ وکێی ترەوە!؟
هەر لەم سەروبەندەدا سەلەفییەک لە فەیس بووکەکەی نووسیبووی کۆڕۆنا سزای خوای گەورەیە بۆ چیننیەکان کە ئازاری موسوڵمانان دەدەن و ناهێڵن نوێژ و عیبادەتی خۆیان بکەن. منیش زۆرم بیر لەم قسەیە کردەوە و نەگەشتمە ئەنجام! ئاخر چینی ئازاری موسوڵمان ئەدات ڤێتنامی و یابانی و( ئەوە گەیشتە ئێران و دوبەییش) ئەمان گووناهیان چییە؟ ئێ باشە ئەمە ڤایرۆسە ڤایرۆس خۆ ئامێرێکی پێ نیە چینی موسوڵمان و کافر لە یەک جیا بکاتەوە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی موسوڵمانەکانیش ئەکوژێت تۆ بۆ وا شاگەشکە بووی لە خۆشیدا!!
ئەوە باش بوو بیرم نەچووەوە خۆ ئەم برادەرانە ئەوەندەیان بەزم هەیە هەر مەپرسە، ئا لەو کاتەدا کە جمهوری ئیسلامی ئێران فڕۆکە کرواتییەکەی خستەخوارەوە و تا چەند ڕۆژێکیش شەرمی لە خوا نەدەکرد و ئەیووت بە ئەولیا ئێمە نەبووین خۆی کەوتووە. سەرگوزشتەی پیاوێک بڵاوبووەوە کە گوایە بلیتی بڕیوە و بە خێرایی بە سەیارەکەی بەرەوفڕۆکەخانە ڕۆیشتووە تا بگاتە ئەو فڕۆکەیەی کە کەوتە خوارەوە، بەڵام لە ڕێگە پۆلیس ڕایئەگرێ و غەرامەی ئەکات بەم هۆیەشەوە فڕۆکەکەی لە کیس ئەچێ. کاتێک ئەبیستێ کە کەوتۆتە خوارەوە کابرای پۆلیس ئەدۆزێتەوە و گەلێ سوپاسی ئەکات، ئەم بە سەرهاتە لە فەیس بووک بڵاوبووەوە و منیش بە ناخێری گیانم کۆمێنتی برادەرێکم خوێندەوە لە جەماعەت بوو نووسی بووی ئەی بۆ سوپاسی خوای گەورە ناکات کە ئەو پۆلیسەی بۆ کردبوو بە سەبەب؟! کەچی لە خوار ئەوەوە کۆمێنتێکی دیکەی جەماعەتی ئەم بەر نووسی بووی ئەی ئەوانەی لە تەیارەکەدا بوون و مردن جنێوی پێ بدەن؟! ئەم قسانە بەدەر لە هەر شتێک پەیوەندی بە لۆژیکەوە هەیە. بۆیە تۆ نابێت وەکو شاعیر ریقنەیەک لە عاسمان بەربووەوە و خێرا هۆکارێکی خەیاڵی و خورافی بۆ بدۆزیتەوە دواتر ئەبیت بە گاڵتەچی و خوای گەورەش خۆی بێ بەری ئەکا لێت.
من وا ئەزانم خوا بە تەنها ئەرحەمولراحمینە و بەس، بەڵام ئەوە مرۆڤەکانن تووشی ڤایرۆسی ڕق و کینە بوون دەنا جیهان یەک ماڵە و مرۆڤایەتیش یەک تووخمە. هەرچ بەڵا و ئافات و رووداوێکی سروشتی و سەربازی و مرۆیی کە ڕوو دەدەن لە هەر جێگەیەکی ئەم سەرزەمینە هۆ و هۆکاری زانستی و لۆژیکی هەیە بە دۆزینەوە و لێکۆلینەوە ڕێگاچارە و دەرمانیش ئەکرێت، ئیتر پێویست بە دۆزینەوەی هۆکاری خوڕافی و پڕکردنی مێشکی مرۆڤەکان ناکات بە ڤایرۆسی ڕک و کینە. مرۆڤی هەر کۆمەڵگاو و میللەتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان کێشە و دەرد و نەخۆشی هەیە. خوای میهرەبان بە یەک مەسافە لە هەمووانەوە دوورە، ئەوە مرۆڤەکان خۆیان یان سروشتی دەوروبەریان هۆکارە بۆ کارەساتەکان نەک خودا.
هەر لە سەر ئەم فەقەرەیەی کۆتاییش جارێکیان لەم وڵاتی کوفر و بەر نەحلەت کەوتووە بە حیسابی جەماعەت، لە ڕێستورانتێکدا ئەفغانییەک و ئەفریقییەک نان ئەخۆن. رێک لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئێبوولا بوو. ئەفغانییەکە بە دەم نانخواردنەوە ڕووی کردە ئەفریقییەکە وتی: ئەگەر ئێوە موسوڵمان بوونایە، پاک و خاوێن ئەبوون و تووشی ئەو هەموو نەخۆشییانە نەدەبوون کە لە ئەفریقیاوە سەر هەڵدەدەن لە وێنەی ئێبوولا و ئایدز. ئەفریقییەکەش زۆر لە سەر خۆ وەڵامی دایەوە وتی: ئەگەر ئێوەش کەمێک بیرتان بکردایەتەوە و عاقڵ بوونایە ئەو هەموو تیرۆرستانەتان بەرهەم نەدەهێنا لە وێنەی ئوسامە بن لادن و زەواهیری و تاڵیبان. بۆیە دەڵێم ئەگەر ئێبولاکەی ئەفریقیا و کۆرۆناکەی چین غەزەب و ئینتیقامی خوا بێت ئەبێت وێرانەکەی یەمەن و جەهەنەمەکەی عێراق و برسییەتییەکەی سۆماڵ و شەلالی خوێنی سوریا چارەنووسی نووستووی فەلەستین ڕەحمەت بێت؟