پەنجە ژمێر و کۆڕۆنا

دلێر محەمەد

ڕەنگە هەبن سەیری ئەو ناونیشانە بکەن و بڵێن، ئەرێ ئەوە لە کۆڕۆناکەی تێگەیشتین، ئاخۆ پەنجەژمێر چی بێت!؟ تۆ بڵێی وشەیەکی لێکدراوی تازەی زمانی کوردی بێت؟ بۆنا خۆ کۆڕۆنا زۆر شتی فێر کردین. پەنجەژمێر لە قاموسەکەی مندا بە واتای ئەوە دێت، کاتێ ئیمانت بە حاسیبە و ئامار و ژمارە نامێنێت یان لێی نازانی، هەر وەکو مناڵی قۆناغی باخچەی ساوایان بە پەنجە شتەکان ئەژمێریت. جا ئەم پەنجەژمێرییە یەک دوو سەرگوزشتەی خۆشی لای من هەیە.

کابرایەکی تەمەن مامناوەندی ئاسایی لە مەڕ خۆمان لەم نەرویجە خوا دەروویەکی لێکردووەوە و بوو بە شۆفێری پاس، بەڵام کێشەیەکی هەبوو لە مامتماتیکدا کۆڵەوار بوو، ئەو هێڵەی ئەو لێی ئەخوری بەلای کەمپێکی پەنابەراندا تێئەپەڕی، ڕۆژێک پەنابەرێک سەر ئەکەوێت لە دەرگای لای کابرای شۆفێرەکەوە ١٠٠٠ کڕۆنییەک (کە گەورەترین پارەکاغەزی نەرویجییە) دەردەهێنێ تا پارەی بلیتێکی ٣٠ کڕۆنی بدات، ئەم برادەرەش ڕێک هەردوو دەستی ئەخاتە سەر سوکانەکە و ئەکەوێتە ژماردنی پەنجەکانی، کە ناگاتە نەتیجە نەخێر جار بە جار ملێکیش شۆڕ ئەکاتەوە بۆ پێیەکانی خۆی لە سەر پایدەری کازۆیل و ئیستۆپەکە تا پەنجە پێیەکانیشی کۆمەکی بکەن، هەر ناگاتە نەتیجەی ئەوەی چەندی باقی ئەکەوێتەوە، ئەنجا لە تاوا سەیرێکی دەستەکانی پەنابەرەکەش ئەکات و بە شڵەژاوییەوە ئەڵێ ئەمە هەزارەکەت و بڕۆ دانیشە و پارەی لێ وەرناگرێت، ئیتر لەو ڕۆژە بە دواوە هەر پەنابەرە و هەزار کڕۆنییەکی نەرویجی لە باخەڵدا هەڵئەگرت بۆ ئیحتیات کە پاسەکەی کابرای کوردە دەرکەوتایە، کاتێ سەرئەکەوتن لە دوورەوە ئەیانووت هەزارەکەیە و بە خۆڕایی سەرئەکەوتن.

ئەگێڕنەوە جارێکیان پێشمەرگەیەکی دوای ڕاپەڕینیش لە تاو بێ شەهادەیی چەکداری ئەکات و لە شەڕی ناوخۆ نەگریسەکەدا دوو پەنجەی دەستی ڕاستی فیشەکی وێڵ ئەیبات و پەنجەکانی هەردوو دەستی لە ١٠ ەوە ئەبن ٨ پەنجە. جا چش لەوەی لە ناو هاوڕێکانی بە فڵان ٨ پەنجە ناو دەر ئەکات کێشەیەکی دیکەشی بۆ دروست ئەبێت. مناڵێکی مەکتەبی چەتوونی ئەبێت کە حەز لە خوێندن ناکات، باوکیشی شەوێک بڕیار ئەدات بە زۆر دای بنیشێنێ تا ئەرکەکانی مەکتەبی سەیر بکات. هەر ئەو شەوە سەعاتێک پێش ئەوە باسی بێ شەهادەیی و چەکداری و شەڕی ناوخۆی بۆ دەکات تا خوێندنەکەی لا شیرین بێت. کاتێک دێتە سەر مێژوو ئەڵێت تێی هەڵدە وەکو حیکایەتەکانی نەنە تەماشایان بکە هەموو درۆیە. بەڵام ماتماتیک گرنگە ئەگەر تۆ لە مامتماتیک زیرەک بیت، ئەوە لە ئابوری و کیمیا و فیزیا و زۆر دەرسی دیکەش زیرەک ئەبێت بۆیە ئەبێت لێرەوە دەست پێبکەین. کوڕەکە زۆر تەمەڵ ئەبێت، بۆیە باوکی ناچار ئەبێت لە زائید و ناقیسەوە دەست پێ بکات، حاسیبەشیان نابێت و باوکیشی بیری ٢ پەنجە پەڕیوەکەی نیە و ئەڵێ کوڕم خۆ تەیارە نیە پەنجەکانی دەستم ١٠ نین؟ ئەویش لە چەتوونی خۆیدا ئەڵێت نەخێر بابە گیان ٨ ن، جا باوکەش نازانێت چی لێ بکات و بۆ ئەوەش پلانەکەی تێک نەچێت، خۆی ڕادەگرێ و دوو سێ نەحلەت بۆ شەڕی ناوخۆ ئەنێرێت و ئەمجارەیان ئەڵێت باشە پەنجەکانی دەستێک ٥ نین؟ کوڕەکەش بە دەنگێکی کزەوە ئەڵێت نەوەڵا بابە! هی دەستی ڕاستت ٣ یە، جا لێرە باوکی خۆی پێناگیرێت و شێت ئەبێت و ئەڵێت و هەستە ... هەستە (.....) تۆ بەس بە کەڵکی چەکداری دێی نەک خوێندن.

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس باسی ئاماری تووشبووان و قوربانیانی کۆڕۆنایە ، بە شێوەیەک هەر کەناڵە و ژمارەیەکی جیاوازی لایە، لە تازەترین نووکتەشدا تەلەفزیۆنی وانێک لە خەبەرێکدا تووشبووان بە ١٧ کەس بڵاودەکاتەوە بۆ ئەو ڕۆژە بەڵام کاتێ بە سەر شارەکاندا وردی دەکاتەوە ئەڵێ سلێمانی ١٣ و هەولێر ٤ و دهۆک ٣ واتە کۆی هەموویان ٢٠ کەس ئەکات، جا یان برادەرانی تەندروستی بە پەنجە ئەیانژمێرن یان کابرا شۆفێرەکە گەڕاوەتەوە و بۆ ئەو کارە تەعینیان کردووە، هەر ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەم وڵاتە نە حساب گرنگە و نە ئامار.

ئەرێ بیلموناسەبە ٤٠٠ ملیارەکە کوا؟


11/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر