لە شامپانزییەوە خۆم بیرکەوتەوە

دلێر محەمەد

لەم وتارەرەدا من نەهاتووم زانستی گەشەی زیندەوەرزانی شی بکەمەوە، یان کتێبەکەی داروین (بنەچەی جۆرەکان-اصل الانواع ١٨٥٩) هەڵاوێر بکەم. بەڵکو هاتووم وەڵامێک بۆ پرسیارێکی نووسەری کتێبی (چۆن دەبیت بە مرۆڤ؟)ی د.شریف عرفە بدەمەوە، کە لە دەسپێکی کتێبەکەیدا و لە کۆتایی گێڕانەوەی تاقیکردنەوەیەکی زانایانی ئاژەڵ ئەیورووژێنێت. د.عرفە لەوێدا نووسیوێتی.

 

‌(لە ڕۆژێکی ڕێک وەکو ڕۆژانی دیکەی ئاسایی، زانایانی ئاژەڵ وەکو پیشەی هەمیشەییان سەرقاڵی چاودێری کردنی هەڵسوکەوتی شامپانزی بوون لە دارستانەکانی تەنزانیادا.

 

تاوەکو شتێکی نائاسایی ڕووی دا.

 

بینییان کە کۆمەڵێک مەیموونی شامپانزی لە سنوری ئەو ناوچەیەی پێی ڕاهاتبوون، دوور دەکەونەوە، وە ڕوو دەکەنە ئەو تاکە شامپانزییەی کە دانیشتووە و بە ئارامی نان دەخوات..لێرەدا بە کۆمەڵ و بە شێوەیەکی رێکخراو دەستدرێژییان کردە سەری. لێدانەکە بە شێوەیەک وەحشیگەرانەبوو تا ئەو ڕادەیەی زاناکان باوەڕیان بەوە هێنا کە ئەم مەیموونە لە پای ئەم لێدانە گیان دەسپێرێت..دوای 10 خولەک لە شەڕکردن بوونەوە و ئەو مەیموونە بریندارەش وەها دوورکەوتەوە کە زانایان بۆ جارێکی دیکە نەیانبینییەوە.

 

ئەمە یەکەم جار بوو کە زانایان هەڵسوکەوتێکی بە کۆمەڵی وەها تۆمار بکەن بۆ دەست درێژی کردنە سەر تاکێک لە هەمان توخم بە بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون و ئاشکرا.

 

بەڵام دواجاربۆیان دەرکەوت کە ئەم هەڵسوکەوتە دەگمەن نیە..بگرە بڵاوە تا ڕادەی باوەڕنەکردن.

 

لە درێژەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە نزیکەی 10 ساڵی پێچوو لە دارستانەکانی ئۆگەندادا، گەیشتنە ئەوەی کە مەیموونەکان بە شێوەی کۆمەڵی جیاجیای وا دەژین کە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی کە ئیرەیی بە یەک دەبەن. دەبینین کە کۆمەلەیەک لەم مەیموونە شامپانزییانە کە پێکهاتوون لە 20 دانە، ئەجوڵێن بە ئاراستەی دەستدرێژی کردنە سەر تاکەکانی کۆمەڵەکانی دیکە..هەربۆیە وتیشیان کە ئەم هەلسوکەوتە دەگمەن و بێجگەلەیی نیە، بگرە زۆر جار ڕوو دەدەن بە هۆی هەندێ هۆکاری پەیوەندی دار بە هەلی خۆ سەپاندن و زاڵ بوون و فراوانخوازییەوە لە ناوچەی قەڵەمڕەو و تەمبێ کردنی بێگانەکان.

 

ئایا ئەمە هەڵسوکەوتی مەخلوقێکت بیرناخاتەوە کە تو بیناسیت؟)

 

بەڵێ من مەخلوقێکی وا ئەناسم، ئەوە منم، ئەو تۆیت، ئەوە هەموومانین ئێمەی مرۆڤ لە تەواوی جیهان بە بێ جیاوازی ڕەنگی پێست وقژ و نەتەوە و ئایین، کەلەکۆمەکێ لە یەک ئەکەین ڕق و کینە لە یەک هەڵئەگرین، ئیرەییەکی کوشندە بە یەک ئەبەین تا ڕادەی یەکتر کوشتن ئامادەیی نیشان دەدەین، ئەوە ئێمەین ئێمەی مرۆڤ کە بیانوو بۆلە ناو بردنی یەکتر و تێکشکاندنی یەکتر دادەتاشین. ئەگەر بۆ دۆزینەوەی وەها هەڵسوکەوتێک لەلای شامپانزی دەساڵی گەرەک بوو بێت، ئەوا بۆ دۆزینەوەی وەها هەڵسوکەوتێک لە لای مرۆڤ دە خولەک بیرکردنەوەی دەوێت لە هەموو ئەو شەڕ و شۆڕو ئاژاوانەی کە لە نێو خێزانەکان و گەڕەک و شارەکان و لە نێوان وڵاتان و نەتەوە جیاجیاکان و لە نێوان خودی مرۆڤایەتی بەگشتی بە درێژایی مێژوو ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن. ئەوە شامپانزییەکان نین کە پێوویستیان بە چاودێرییە و ئەوە مرۆڤەکانن کە بە بەردەوامی پێویستیان بە  گەشەی مرۆیی خۆیانە لە پێناو بە ڕێکردنی ژیانێکی ئاسودە و کامەران.


21/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر