دێگەڵەی سیاسییەکان و فرمێسکی مناڵەکان

دلێر محەمەد

دەمێکە ئەم دەسەڵاتە یاری له سەر وەتەرێکی هەستاری جیاخوازی ئەکات.

 

یاری کردن بە دەمارێك کە هەرگیز دوژمنان بە سەددان ساڵ نەیانتووانیوە هێندەی 30 ساڵی حوکمڕانی کوردی ئەو دەماری خێڵەکی و دووبەرەکی و جیاخوازییە خوێن بدەن.  شاری من و شاری تۆ، ناوچەی من و ناوچەی تۆ، زۆن و زەلکاوی من و زۆن و زەلکاوی تۆ. بۆیە وشەی زەلکاو لە پاڵ زۆن بەکاردێنم چونکە سیاسەتی چەوتی ناوچەگەری ئیدی ئەو ناوچەیە ئەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی نا تەندروست بۆ  کۆی خەڵکەکە. چونکە ئیتر تۆ دێی له سەر‌ ئەم بنچینەیە بە خەڵکەکە ئەڵێی یان زەردی یان ناژیت یان سەوزی یان ناژیت.  لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆوە ئەم سنور و خەڵك لێك جیاکردکردنەوەیە درێژەی هەیە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان. ئەوێ ڕۆژێ بەعس ئاسا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ پرۆسەی تەرحیل کردنی خێزان و بنەماڵە پێشمەرگەی زۆنی ئەولا بۆ لای خۆی و هی ئەملاش بۆ لای خۆی، دەستی پێکرد. هەر ئەم پڕۆسەیەش بوو هەولێری ئاوارەی سلێمانی و سلێمانی ئاوارەی هەولێر کرد. ئیتر لێرەوە پرۆسەی یەك ڕەنگ ڕێژکردن و بە یەك حزب کردن و بە یەك ئایدیا و یەك فیکر و...هتدی شارەکان دەستی پێکرد. ئەم سیاسەتی بە یەکانە کردنی شارەکان لە پێناو مانەوەی حزب و لە ناوبردنی یەکپارچەیی خاك و دەسەڵات بوو. ئەوەی ئێوەی حزب ئەیڵێن سەرۆکی هیچ لایەك دەسەڵاتی دانانی کارگوزارێکی لاکەی دیکەی نیە، هەر ئەوەیە کە ئێمەش ئەیڵێین. بەڵام وەڵامی پرسیارەکە لای ئێوەیە لە پای چی ئەم لەت و پەتییە، لە کاتێکدا میللەت خۆی یەکە و ناکرێ بە دوو؟!

 

هەر لە پێناوی ئەوەی کەمێك لە بیرۆکەکەم نزیك ببمەوە پێویستم بە پێناسەی گشتی وشەی نەتەوە یان نەتەوایەتی (Nationality) یە. لە پێناوی ئەوەیش کە نەچمە ناو ئاڵۆزی پێناسە جۆراوجۆرەکان لە سایتی (Store Norske Leksikon) کە وەکو فەرهەنگ یان مەوسوعەیەکی فەرمی گەورەی نەرویجی وایە، پێناسەیەکی کورت و چڕی ناسیونالیزمم هێناوە بەوەی (هەم هەبوونی هەستی سەربەیەك بوونی مرۆڤەکانە، وە هەم ئایدیایەکی سیاسیشە. ئاشکراشە کە ئەم دووانە گرێدراوی یەکن).
وەك ئاشکراشە کە ئەوانەی لە خزمەت ئەم دوو لەت بوونی کوردانی ئەم سێ و چوار شارەی هەرێم بوون، لە پێناوی بیر و بەرژەوەندی تەسکی حزبیی بوووە. پارتی بە ڕادەیەکی زۆر و بە پلەی ئیمتیاز و بە ویستێکی پێش وەختە و یەکێتیش بە ڕادەیەکی کەمتر و بە ویستێکی ناچاری لە خزمەت ئەم پرۆسەیەدا بوون.

 

باوەڕ ناکەم ئەمەم بە لایەنگیری بۆ ئەژمار بکەن بۆ یەکێتی چونکە کە ئەم دوو زۆنە کتومت لە یەك ناچن، لە زۆنێکیان حزبی‌ ڕاستەقینە دروست نابێت، دەنگی ناڕەزایی نابیسترێت، خۆپیشاندان ناکرێت، دوولەت بوونی حزب ڕوو نادات، ڕۆژنامەگەر ئازاد نابینرێ. بەڵام لە زۆنی سەوز کە دواتر بوونیشی بە زۆنی سەوز-نیلی شاهیدییەکی باشی ئەم وتەیەیە بە هەموو کەم و کوڕی و هەڵکشان و داکشانێکیشەوە. شتێکی دیکەش گەواهی ئەوەمان پێ دەدات کاتێ بە درێژایی ئەم ساڵانە دەبینین تەنها پارتییە ڕێگە نادات تەوژمی کاریگەری زۆنی سەوز نیلی بگاتە هەولێر لە ژێر بیانووی پاراستنی ئارامی پایتەخت و تۆمەت خستنەپاڵ خەڵکی زۆنەکەی دیکە بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر.

 

ڕەنگە تا ڕادەیەك و بۆ چەندین ساڵ حزب و دەسەڵات توانیبێتی خەڵکەکە لە یەك داببڕێ و دەیان زاڵگەی وەك دێگەڵە و سنور لە نێوان ئەم بەر و ئەو بەر دابنێت.
بەڵام هەرگیز نەیانەتوانیوە روحی کوردایەتی و هەستی نەتەوەیی و گیانی سەربەیەک بوونی خەڵکی ناوچەی بادینان و سۆران لە یەک بکەن،هەر وەک ئەوەی لە پێناسەکەدا ڕوون کراوەتەوە. دەسەڵات بیری ئەو پەندەی ببووایە کە (کاسە پڕ بوو لێی ئەڕژێ)، هەرگیز‌ کاری خۆسەپێنی و زەبروزەنگی بەرانبەر بە خەڵکی خۆی نەدەکرد.

 

هەمووان گریانی بە کوڵی ئەو دوو مناڵەی گیراوانی بە ناهەقی بادینانمان بینی لە بەردەم دادگای هەولێردا، کە چۆن بوون بە هەوێنی تووڕە بوونی زۆربەی زۆری خەڵکی جوگرافیای سۆرانییەکان. ئەگەر ئەمڕۆ چاوێک بە فیس بووک و سۆشیال میدیادا بخشێنیت دەبینی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە دەیان هەزار پۆست بە نووسن و بە کلیپ و بە لایڤ لە بارەی ئەو گریانە بە کوڵەی ئەو دوو مناڵە بووە. وێنەی ڕوخسار و چاوی پڕ فرمێسکیان بووە هاشتاگ و لۆگۆ و باکگراونی پڕۆفایلەکان. ئەمە جگە لە باسکرد و ئاماژەبۆکردنیان لە سەدان بەرنامە و نووسین و دانیشتندا. ئەوەی جێگەی سەرنج و دڵخۆشییە بۆ من کە پەرچەکدانەوانە زۆربەی هەر زۆری لە خەڵکانی سەر بە زۆنەکەی یەکێتی و گۆڕان و کوردانی ئەوروپا بوون. کە ئەمەش ئەو ئەگەیێنێت ساڵانی دابڕانی خەڵکی ئەم دوو زۆنە نەیتوانیوە تۆسقاڵێک لەم یەك گیان و یەك هەستی ویەك خوێنیان کاڵ بکاتەوە. جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەین کە وە نەبێت خەڵکی هەوڵێر و بادینان هەست و هەڵچوون و توڕەییان لەم مەسەلەیەدا کەمتر بێت لە خەڵکی زۆنەکەی ئەودیو، بەڵام گرتنی بە ناهەق و دادگایی کردنی ناڕەوای ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەی بادینان و زیندانیکردنی نامرۆڤانەیان بەو شێوەیە، کە دڵنیام زۆر شتی شاراوەی تری تێدایە کە تەنها شیروان و هاوڕێکانی دەتوانن پێمانی بڵێن لە داهاتوودا. هەموو ئەمانە هۆکاری بێدەنگ بوون و ماتی خەڵکی هەولێر و بادینانە، نەك ڕازی بوون و لە گەڵ بوونی ئەو ستەمە.

 

لە کۆتاییشدا ئەکرێ کەیسی دادگایی شیروان و هاوڕێکانی و فرمێسکی چاوی مناڵەکانیان بکرێن بە هەوێنی فشارێکی جەماوەری بۆ تێکەڵبوونی زۆنەکان و هەڵگرتنی تەواوی سنور و دێگەڵەکان لە نێوان ئەم دوو زۆنەدا لە داهاتوو.


21/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر